کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شۆڕش و دیكتاتۆریی

Wednesday, 11/04/2012, 12:00



 



نووسینی: د. یاسین سەردەشتیی

كاتێك خوێنەری ئازیز چاوی بەم ناونیشانە دەكەوێت، رەنگە دەستبەجێ وای بۆبچێت كە مەبەستی بابەتەكە شۆڕشكردنە دژی دیكتاتۆریی، ئەمەش شتێكی چاوەڕوانكراوە، چونكە هەمیشە بوونی دەسەڵاتێكی ستەمكار یاخود دیكتاتۆر هۆكارێكە بۆ شۆڕش، شۆڕشیش لەپێناوی ئازادییدا دەبێت، ئەوەی وایكردووە زۆر جار دەستەواژەكانی "شۆڕش و ئازادیی" یان "شۆڕش و دیموكراتی" بكرێنەسەرباسو كەمتر ناونیشانێكی وەك ئەوەی سەرەوەمان لەبەردەمدا قوتبێتەوە. بەڵام مەبەستی راستیینەی ئێمە لێرەدا، ئاخاوتنە سەبارەت بەو دیكتاتۆرییەی كە شۆڕش زەمینەی بۆ خۆشدەكات، پرسێكی وا كە لە بەشێكی مەزنی مێژووی شۆڕشو راپەڕینەكانی گەلانی جیهاندا راستییەكی چەسپاوە، باشترین نموونەش شۆڕشی فەرەنسایە (1789)كە پاش ماوەیەكی كەم زەمینەیەك هاتەئارا تێیدا دەسەڵاتەكان كەوتەدەست تاكڕەوێكی وەك رۆپسبێرو لەوێشەوە بۆ ناپلیۆنی دیكتاتۆر، هەروەها شۆڕشی رووسیی (1917) كە تێیدا دەسەڵات لە تاكڕەوێكی وەك لینینەوە كەوتە دەست دیكتاتۆرێكی وەك ستالین، ئەوەی وای لە ترۆتسكی كرد پاشتر كتێبی (شۆڕشی غەدرلێكراو) بنووسێت. تەنانەت لەبەریتانیای لانكی میانەڕەویی و ئازادییخوازییدا كاتێك شۆڕش لە ساڵی 1640دا كرا، سیاسەتكارێكی وەك كراموڵ بۆماوەیەك حوكمێكی دیكتاتۆریی بەڕێوەبرد. دیارە تاكو كۆتاییهاتنی جەنگی ساردو رووخانی بلۆكی كۆمۆنیستی ،لە مێژووی شۆڕشەكاندا بەدەگمەن شۆڕشێك دەبینیتەوە (بۆ نموونە وەك لەشۆڕشی ئەمریكا لە 1787دا روویدا)كە توانیبێتی لەقۆناغی راگواستنو دامەزراندنەوەی سیستمدا خەونەكانی جەماوەر سەبارەت بە ئازادییو وەرچەرخان بەرەو دیموكراتی بێنێتەدیو روو لە ملهوڕییەكی نوێو سەپاندنەوەی دەسەڵاتێكی ستەمكاریی نوێو دیكتاتۆریی نەنێت.
دیارە لەم رووەوە شۆڕشەكانی رۆژهەڵاتە كەنەفتەكەی لەمەڕ خۆشمان نەك هەر حاڵی لەوانەی ئەوروپا باشتر نەبووە، بەڵكو ئەستەمە تا ئەم دواییەش لەمێژووەكەیدا نموونەیەك بدۆزیتەوە كە تێیدا شۆڕش نەبووبێتە پردێك بۆ گواستنەوە لە دەسەڵاتێكی ستەمكارەوە بۆ ستەمكارییەكی گورجترو تۆكمەترو خوێنڕێژتر، كە زۆر جار هەزاران بەرد بە پشتی ستەمكارییەكی پێش شۆڕشدا دەداتو وا لەخەڵكی دەكەن هەمان ئەو پەندە دووبارە بكاتەوە كە دەڵێت "هەزار رەحمەت لە بابی كفن دزى ئەوەڵی"!! ئەگەر لەمبارەیەوە تەنیا چاوێك بەدەوری خوماندا لەمێژووی سەدەی بیستەمدا بگێڕین دەتوانین بڵێین : دیكتاتۆریی رەزاشا هەزار بەردی بەپشتی ستەمكاری ئەحمەدشای قاجار، و ئەتاتورك هەزار بەردی بە پشتی سوڵتان محەمەدی شەشەم، و عەبدولناسڕ پاش شۆڕشی یۆلیۆی 1952ی میسر هەزاربەردی بە ستەمكارییەكەی مەلیك فاروق، عەبدولكەریم قاسمو كودەتاچییەكانی دواتر پاش شۆڕشی 14ی تەموزی 1958 هەزار بەردیان بە پشتی مەلیك فەیسەڵی دووەمدا داوە، هەروەها قەزافیو سەداموخومەینی..هتد بەهەمان شێوەو خراپتریش. هەر ئەمەشە وایكردووە چەمكی "شۆڕش"و "شۆڕشگێڕیی" وێڕای ئەوەی هەڵگری هێماگەلێكە بۆ ئازادییو نوێبونەوەو وەرچەرخانی ئەرێیی، كەچی نەك هەر لای كۆنسێڤاتیزمەكان، بەڵكو لای خەڵكانێكی لیبرالأو میانەڕەویش مایەی نیگەرانییو سڵەمینەوەو تەنانەت بێزراوییش بێت.
لەڕاستییدا، هەوڵگەلێكی جیاواز سەبارەت بە خوێندنەوەو شیكردنەوەو لێكدانەوەو هەروەها تیۆریزەكردنی دیكتاتۆرییەكان لەگۆڕێدان، بەڵام كەمتر كۆڵینەوەیەك لەبەردەستە كە بەوردیی كاری لەسەر هۆكارەكانی شكستی وەرچەخانی دیموكراتیو زەمینەسازیی بۆ دەركەوتنی دیكتاتۆرییەكانی پاش شۆڕشەكان كردبێت. رەنگە بۆ بەئەنجامگەیاندنی كارێكی وا كۆڵەر ناچاربێت پەنا بۆ چەندین تیۆرو بۆچوونی جیاواز لە بەشە جۆراوجۆرەكانی زانستە مرۆڤایەتییەكان بەرێتو دەرئەنجامی جۆراوجۆریان لێوەهەڵهێنجێت. دیارە لەپێناو خوێندنەوەی لایەنی دەروونییو كۆمەڵایەتییو فەرهەنگیی شۆڕشگێڕانو رێبەرایەتیی شۆڕشەكانو ئەو هێزە سیاسییانەی تێكەلأ بە شۆڕشەكە دەبن، گەڕانەوە بۆ تیۆرە سایكۆلۆجی، سۆسیۆلۆجیی،سیاسییەكان پێویستییەكی سەرەكییە. بۆنموونە، زانای دەروونناسیی "فرۆید" قۆناغی منداڵیی و مەسەلەی "حرمان/بێبەشیی"دەكاتە بنەمای دەركەوتنی دەسەڵاتداری دیكتاتۆرو خۆسەپێن، ئەوەی مندالأ كە لەسەرەتادا تامی ئازادیی و چێژگەراییەكی رەهادەكاتو پاشتر بەهۆی ئەو پابەندبوونە توندانەی دوای گەورەبوون بەسەریدا دەسەپێنرێت، وادەكات لە ململانێیەكی دەروونیی توندوتیژدا بژیو چاوەڕێی ئەوە بكات دەرفەتێكی دەستكەوێت تاكو چێژگەراییو ئازادییە رەهاكەی لەسەر حیسابی خەڵك بێنێتەوە كایە، هەروەها پزیشكی نەمساویی دەروونناس "ئەلفرێد ئادلەر" كە لە فرۆێدیزم لایداوە، پێیوایە كە یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی كەسایەتیی دیكتاتۆرو ستەمكارە توندوتیژەكان ئەو هەستە پڕئازارو بێبەشییو خۆبەكەمزانینەیە دەروونییەیە كە لەناخی دیكتاتۆردا هەر لە سەردەمی منداڵییەوە رەگیداكوتاوە، ژیان لەسایەی باوكێكی توندوتیژ، بێبەشیی لە یاریو خۆشییەكانی منداڵیی، ژیانی وشكو برینگی بیابان یاخود چیا سەختەكان، ئازارەكانی هەژارییو برسێتییو ئاوارەیی. دیارە ئادلەر لەمبارەیەوە تێپەڕاندووەو تەنانەت كەموكورتییەكانی رووخساریشی كردۆتە یەكێك لەو بێبەشییانەی ئازار لەناخدا پێكدەهێننو هەوڵدان بۆ قەرەبووكردنەوەیان لەحاڵەتی دەسەڵاتدارییدا وادەكات دەسەڵاتدار بەرەو دیكتاتۆریی پاڵبنێت، ئەو ئاماژە بۆ دیكتاتۆرەكانی وەك قەیسەرو ناپلیۆنو هێتلەرو ستالینو مۆسۆلینیو فرانكۆو..هتد دەكاتو دەڵێت ئەمانە هەموویان كورتەبنەبوونو ئەو كەماسییە جەستەییەش وایكردووە هەر لەمنداڵییەوە لەناخیاندا رۆحێكی شەڕەنگێزیی بخولقێت!!
هەر لەمبارەیەوە "د.كورش عرفانی" لە كتێبێكی زۆر نایابیدا بەناوی " روانشناسی اجتماعی استبدادزدگی/ دەروونناسیی كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگای ستەملێدراو"دا كە دووس سالأ پێش ئێستا لە ئەمەریكا بڵاوبۆتەوە، بەوردیی باس لە كاریگەریی پەروەردەی سەقەتو نادروست دەكات لە خولقاندنی زمینەی كۆمەڵگای ستەمكارو شكستی شۆڕشەكان دەكات. ئەو ئاماژە بەو راستییە دەدات كە شكستی "تربیت/پەروەردە" لە هێنانەئارای نەوەیەكدا كە ناخێكی بەهێزو هزرێكی مرۆڤدۆستانەو ئیرادەیەكی تۆكەمە كە توانای كۆنترۆڵكردن یان رامكردنی ئەرێیی غەریزە ئاژەڵییەكانی خۆیان هەبێتو لەپەیوەندیی نێوان خۆیانو ئەوی دیدا خۆ لەتوندییو شكاندنو كینەتۆزییو خۆخواردنەوە ببوێرنو لەروویەكی مرۆڤدۆستانەو شارستانییەوە مامەڵەیان لەگەلأ بكەن، وایكردووە كەسایەتییەكان(بەشۆڕشگێڕەكانیشەوە) بەسەر سێ گروپدا دابەشبكرێن كە: دەسەڵاتخوازانی خۆسەپێن،و پیاهەڵدەرانی دووڕووی سەرلەقێن،و گۆشەگیرانی خۆچەپێنن. ئەوانەی كە بەگوێرەی بۆچوونی عرفانی هیچیان خاوەنی پەرەوەردیەكی سالم نینو بە كورتییو بەكوردیی "بێتەربێتن". عرفانی لەمبارەیەوە نموونە بە "مەلا حەسەنی" شۆڕشگێ ڕی بەناوبانگیی شۆڕشی ئێرانی دێنێتەوە كە پاش شۆڕش لە شاری ورمێ نوێنەری ئیمامو هەمەكارە بوو، ناوبراو دەیوت: چۆن هەموو ماڵێك پێویستی بە ئاودەستخانەیە، كۆمەڵگاش ئاوا پێویستی بە ژنە"!!!
لەڕاستییدا، كۆڵینەوە لەپێكهاتەی دەروونییو پەروەردەیی وكۆمەڵایەتییو سیاسییو ئایدیۆلۆجیی تاكو گشتی ئەو كۆمەڵگایانەی شۆڕشیان تێدا دەقەومێت فرە گرنگە بۆ تێگەیشتن لە بابەتێكی بەم چەشنە، بەبڕوای ئێمە چەندە ژیانی خێڵایەتییو مێنتەڵینەی خێلأ لەو كۆمەڵگایانەدا پایەدارتربێت، چەندە نەخوێندەروارییو لاوازی فەرهەنگییو خورافاتی ئاینیی لەو كۆمەڵگایانەدا ریشەداكوتاوتربێت، چەندە هەژارییو كەمدەستیی بەربڵاوتر ولایەنی ئابووریی وێرانتربێت، چەندە مێژووی ژیانی ئەو گەلە لەسایەی ستەمكاریی پێش شۆڕش درێژخایەنتر بێت، چەندە شۆڕشەكە دژ بەو ستەمكارییە توندوتیژتر بێت، چەندە ماوەی ئەو توندوتیژییە زۆرخایەنتر بێت، چەندە دەسەڵاتە شۆڕش بەرووداكراوەكە نادامەزراوەتربێت، چەندە هێزە سیاسییەكانی نێو شۆڕش خاوەن ئایدیۆلۆجیی گشتگیرو ئارمانگەراتربێت، چەندە ئەگەری كاری بەرەیی ئەو هێزانە لەكاتی شۆڕشدا لاوازتر بێت، چەندە سازانی ئەو هێزانە بۆ شێوە سیستمێكی ئازادییگەرا لەپاش شۆڕشدا دەستەپاچەتربێت، چەندە ململانێ شەخسییەكان لەنێو رێبەرانی شۆڕشدا دژوارتربێت، چەندە بێدیسپلینی هێزە شۆڕشگێڕەكانو پابەندبوونیان بە پاراستنی ئازادییەكانو بەها بەرزەكانی ژیان بەرچاوتربێت، چەندە دنیابینی رێبەرایەتیی شۆڕش داخراوتربێت، چەندە ئەو رێبەرایەتییە لەرووی زانیارییو قاڵبوونی تیۆرییو ئەزموونداریو لێوەشاوەیی دەوڵەتسازییەوە بێبەهرەتربێت، چەندە چینی ناوەڕاستو دەستە مەدەنییە شارەكییەكان تێكشكاوتربێت، هێندەش ئەگەری هاتنەسەركاری دیكتاتۆرییو ستەمكارییەكی نوێ لەپاش شۆڕشدا لەبارترو چاوەڕوانكراوتر دەبێت.
د. عەزمی بشارە لە كتێبی "سەبارەت بەشۆڕشو شایستەگیی بۆ شۆڕش"دا دەڵێت: " لەراستیدا، ئەگەر شۆڕش شۆڕشێكی گشتگیر بێتو پارتێك بە بەرنامەیەكی گشتگیرو تۆكمەوە رێبەرایەتیی بكات، ئەوا زۆرجار ستەمكارییەك دەگۆڕێت بە ستەمكارییەكی تر، بەقسەی كارل پۆپەر دیزاینێكی كۆمەڵایەتیی گشتیی هاوچەرخ لە بیروباوەڕەكانیەوە بەسەر زۆربەی بوارە ئابوورییو كۆمەڵایەتییو سیاسییەكانی كۆمەڵگەدا دەسەپێنێت، فەزای گشتیی بە چەكی "هیمنویەو مووسسیە/هەژموونگەراییو دامەزراوەیی" هاوچەرخ داگیر دەكات كە دووبارە ستەمكارییە كۆنەكە بە شێویەكی هاوچەرختر بەرهەمدێنێتەوە. گرفتی سەرەكیی لە خواستی پێشنیاركردنی كێشەو هەڵوێستە ئایدۆلۆجییەكانی ئەو پارتە سیاسیانەدایە كە هەست بە بەهێزیی خۆیان دەكەن بە ئامانجی یەكلاكردنەوەیان پێش ئەوەی لە پرەنسیپەكانی سیستەمی دیموكراسیدا بچەسپێنرێت. ئالێرەدا پارتە سیاسییە بێهێزەكان زارەترەك دەبن،و داوای گەرەنتیی دەكەن كە ئایدۆلۆجیای هیچ پارتێك نەگۆڕێت بۆ ئایدۆلۆجیای فەرمیی دەوڵەت، واتە دامودەزگا دەوڵەتییەكان پەیوەست نەبن بە فیكرێكی دیاریكراوەوە، جا ئاینیی بێت یاخود چینایەتیی یان هەر شتێكی تر. لێرە هەست بە خەتەرناكیی دووبارە گەڕانەوەی فۆڕمێكی نوێی ستەمكاریی دەكرێت كە پارتگەلێكی سیاسیی رێبەرایەتیی دەكەن كە ئایدۆلۆجییەتیان دەخەنە سەرووی پرەنسیپەكانی گەمەی دیموكراسییەكەوە، و خۆیان دەخەنە بان دەوڵەتەوەو، شۆڕش بۆ خزمەت بەرژەوەندییە ئایدۆلۆجییەكانی وەبەردێنێت."
هەربۆیە پاش ئەم كورتە سەرنجە، دەتوانین بڵێین كەتێكڕای شۆڕشو راپەڕینە جەماوەرییەكان ناتوانن بەئاسانی خاڵی كۆتایی بۆ ستەمكاریی دابنێنو ئازادییو مافەكانی مرۆڤو دادپەروەریی بێننەدیو دەزگاو دامەزراوەكان بۆ پاراستنی دابمەزرێنن، تێكڕایان ناتوانن وەرچەرخانی دیموكراتیی بێننەدیو لەكاتی گواستنەوە لە شۆڕشەوە بۆ دەوڵەتسازییو سیستمسازیی چەمكی "رزگارییو سەربەستیی" لەستەمكاریی بگۆڕنن بۆ "ئازادیی" بەیاساییكراوو رێزلێگیراو پارێزراو كە رێگە بە گەڕانەوەی ستەمكارییو سەپاندنی دیكتاتۆریی بەناوی "شەرعییەتی شۆڕشگێڕانە"وە نەدات. هەموو ئەو شۆڕشو راپەڕینانەی لەلایەن رابەرو حیزبێكەوە یان سەرۆك و بنەماڵەیەكەوە دەدزرێنو بەناوی وشەی بریقەداری نیشتمانییو نەتەوەییەوە هەژموونی خۆیان بەسەر كۆمەڵگادا دەسەپێننو تائەوپەڕیی قۆرخكاریی دەسەڵاتو سامانی گشتیی دەكەنو لەباتی خەڵكسالاریی، خەڵكسواریی،و لەجیاتی عەدالەتخانە، فەلاقەخانە،و لەبری بورۆكراسییەكی حكومیی هاوچەرخی تەكنۆكرات، بۆریكراسییەكی چەكدارو لەبری مافی مرۆڤو مەدەنییەت، مرۆڤداپاچینو بەربەرییەت بەڕێوەدەبەن، ئەوانەی كە "خوازیاری كارت بڕوا هاوڕەنگی سەوزو زەرد بە" دەكەنە پرەنسیپو گچكە دیكتاتۆریی بە "نیوە دیموكراتی" بەخەڵك دەفرۆشنەوە، گەر بێتو زەمان دەرفەتیان بدات زوو یان درەنگ ستەمكاریی بەفۆرمێكی دیكەو ناشرینتر لەپێشوو دەكەنە دیاری بۆ كۆمەڵگاكەیان، چونكە لە كۆمەڵگایەكدا نەزانیی لە زانین،و خیانەت لە خەبات،و درۆ لەراستیی،و دەستپیسی لە دەستپاكیی،و مرۆڤكوژ لە مرۆڤدۆست شایستەتر بێت، ئەوا دیكتاتۆریی پاش "شۆڕش" بەخششێكی یەزدانییە، هەربۆیە شۆڕشگێڕانیش بەئەندازەی ستەمكارانی پێشوو مەترسییدارن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە