وەهمی یەكڕیزی نەتەوەیی
Saturday, 08/09/2012, 12:00
د.یاسین سەردەشتیی
ماوەیەكە هێندێك لەبەرپرسە حیزبییەكانی كوردستان و بەشێكی زۆر لە قەڵەمبەدەست و میدیاكانیان، كەوتوونەتە چەندبارەكردنەوەی بەردەوامی چەمكی "یەكڕیزی نەتەوەیی"و بەراست و چەپدا باس لە پێویستیی راوەستانی تێكڕای نەتەوەی كورد لەیەكڕیزدا دەكەن وەك ئەوەی یەكڕیزی نەتەوەیی سەرەی ریزی نانەوخانە یان وەستان لەپشت پەنجەرە ژەنگاوییەكانی دائیرەكانەوە بێت!! بێئەوەی هیچ ئاگایەكیان لە ساكارترین مانای ئەو چەمكە بێتو تاكە هەنگاوێكیان بۆ بەدیهێنانی هاویشتبێت.
ئاشكرایە كە سەرەتای جووڵانەوەی چەكدارانەی كورد وەك كاردانەوەیەك دژی ستەمی داگیركەران بۆ زیاتر لەسەدەیەك لەمەوبەر دەگەڕێتەوەو كە هێشتا كۆمەڵگای كوردیی لەقۆناغی پێش مۆدێرنەو سەرمایەداریی بوو، هێزو وزەی بەرەنگارییشی لەنێو دواكەوتووترین خێڵە رەوەندو كۆچەرییە شوانكارەییەكانی كوردی وەك شكاكو جەلالیو هەمەوەندو پشدەرییەكان وەردەگرت.
پاشتریش كە رێكخراوە سیاسییەكانی كوردو رەگەزە مەدەنییەكان ئاڵای نەتەوایەتیی كوردیان گرتە دەست نەیانتوانی تا كۆتای سەدەی بیستو بەئێستاشەوە سیاسەتی خێڵەگەرایی فەرامۆش بكەن. حیزب رۆڵی خێڵو مەكتەب سیاسیەكانیش رۆڵی دیوەخانو سەركردەكانیش رۆڵی ئاغایان بینی. شایەنی باسە ناتوانرێت پێش دروستبوونی پرۆسەی بەنەتەوەییبوون باس لەیەكڕیزی نەتەوەیی بكرێت، نەتەوەسازیش پرۆسەیەكە تەنیا خۆی لەدروستبوونی رێكخراوی سیاسییو تەیاركردنی كۆمەڵانی خەڵك لەسایەی دروشمی قەبەدا نابینێتەوە، ئەوەندەی پشت بە ئاراستەكردنێكی سەركەوتووانەی جووڵانەوەیەكی نەتەوەییو نیشتیمانیو كاركردن بە میكانیزمێكی هاوچەرخ دەبەستێت بۆ هەڵكردنی بالأو رەوتە جیاوازەكانی نێو خودی جووڵانەوەكە لەسایەی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەو هەڵسوڕانی سیاسیی لەچوارچێوەی سیستمێكی هاوچەرخی دامەزراوەیی دیموكراتی نیشتیمانییدا.
هەربۆیە زێدەڕۆیی ناكەین گەر بڵێن بەدرێژایی مێژووی كوردو جووڵانەوە بەرگرییخوازانەكەی نە لەسەر ئاستی تەواوی كوردستانو نە لەسەر ئاستی بەشەكانی كوردستانیش یەكڕیزییەكی نەتەوەیی راستینەی پتەو نەبینراوە، نەك هەر ئەوە بەڵكو لەئاكامی پەرتەوازەییو دابەشبوونی قووڵی جیۆگرافییو كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگەی كوردییو ناكۆكییو دوژمنایەتیی شەخسییو حیزبی لەنێو هێزە سیاسییەكانیدا لەجیاتی یەكڕیزیی نەتەوەیی هەمیشە دابڕانو چەند دەستەییو یەكتر سڕینەوە هەژمونی خۆی بەسەر جووڵانەوەكەدا سەپاندووەو زەقترین نموونەكانیشی دەستخستنە خوێنی كوردانی پارچەكانی دیكەی كوردستانو خولە زۆرو زەوەندەكانی شەڕی ناوخۆی حیزبەكان، نەك هەرئەوە بەڵكو كارگەیشتە پێشێلكردنی هەموو حەرامكراوەكانو بەزاندنی هەموو ستاندەرێكی تاوانو گرتنی دەستی بێگانەو هێنانی سوپای داگیركەرانی بێگانە، بە ئەنفالكەرانی بەعسیشەوە لە 31ی ئابدا، بۆ نێو خاكی كوردستان، كە هێندێك لە پاشماوەی ئەو سوپایانە هێشتا "میوانی شكۆمەندی" نیشتیمانە رەنگینەكەمانن!!
بەهەر حالأ، لە مێژووی جووڵانەوەی چەكدارانەی گەلی كورددا چەند ساتێكی كەمی مێژوویی هەن كە جۆرە لێكئاڵانێكی سۆزەكیی رێژەیی نەتەوەیی دەبینرێت لەبەشێك یان لەنێوان چەند بەشێكی كوردستاندا، نموونەش بۆ ئەمە: گەڕانەوەی شێخ مەحموود لەهیندستانەوە بۆ سلێمانی ، هاتنی سمكۆ بۆ سلێمانی ، دامەزراندنی كۆماری كوردستان لەمەهابادو بەشداریی كوردەكانی باشوور لەو كۆمارە، گەڕانەوەی مەلامستەفا لە شورەوییەوە بۆ كوردستان،بەشداری كوردانی رۆژهەڵات لەسەرەتای جووڵانەوەكەی ئەیلولدا، راپەڕینی ساڵی 1991..هتد. هەر لێرەدا دەبێت ئاماژە بەو رەگەزە بنەڕەتییانە بدرێت كە زەمینەی هەڵگیرسانو بەردەوامیی جووڵانەوەی كوردیان رەخساندووە، گرنگترینیان:
1- داگیركردنی كوردستانو ستەمو زۆداری دەوڵەتە بێگانەكان كە كاردانەوەی دەخولقاندو خەڵكی ناچار دەكرد راپەڕێتو بەرەنگاربێتەوە، ئەوەی سەرگوزشتەی زۆری راپەڕینەكانی سەدەی نۆزدەو بیستە.
2- بوونی نایەكسانییو جیاوازییەكی گەورەی شێوەی ژیان لەنێوان كوردستانو ناوچە عەرەبییەكان لەعێراق، ئەوەی پێی دەوترێت(uneven development/ پەرەسەندنی ناهاوتا) {كاتێك لەساڵی 1987دا خوێندكاری زانكۆ بووم لەبەغدا سەرنجی باڵەخانە بەئاسمانداچووەكانو پاسی دووقاتو شانۆی گەورەو شەقامەپانەكانی بەغدام دەداو گڕمدەگرتو پێموابوو هەمووی بەپارەی كوردستانو نەوتی كەركوك كراوەو لەگەلأ دواكەوتووی شارەكانی كوردستان بەراوردم دەكرد}،
3- رۆڵی وڵاتانی هەرێمییو ململانێیان بۆ بەكارهێنانی كارتی كوردیی (لەسەردەمی كۆمەڵەی خۆیبوونو كۆمەڵەی زردەشتەوە ئێران دەستی لەجووڵانەوەی كوردییدا هەیەو دواتریش لەجووڵانەوەی ئەیلولو هەروەها پاش جەنگی عێراق- ئێران، ساواكو ئیتلاعاتو قەرارگاكانی رەمەزانو حەمزە سەرقاڵبوون پێمانەوە!، توركەكانیش هەر لەسەرەتاوە لە جووڵانەوەكەی شێخ عوبەیدوڵڵاوە دەستیانپێكردووەو لەدوای راپەڕینی 1991كیشەوە راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ، لەرێگەی بەكرێگیراوەكانیانەوە كارمان لەسەر دەكەن
.4-نەبوونی دابەشبوونی چینایەتییەكی قوولأ لەنێو كۆمەڵگای سوننەتیی كوردییو بوونی هاوبەستەگییەكی ساكاری خزمایەتییو خێڵەكیی لەگوندەكانو ساكاریی شێوەی ژیانو نەبوونی جیاوازیی چینایەتیی بەرین لەشارەكان. هۆكارگەلێكی بەوچەشنە كەوایكردبوو وێڕای هەموو ناكۆكییو پەرتەوازەییەكان جۆرێك لە سۆزو جۆشی نەتەوەیی لای تاكو كۆمەڵگە لەو ساتەوەختانەی ئاماژەمان پێدا هەستیان پێبكرێت.
هەربۆیە لێرەدا جێگەی خۆیەتی بپرسین كە پاش راپەڕینو دامەزراندنی كارگێڕیی كوردیی لەباشووری كوردستان چی قەوما وا بەجارێك كێرڤی سۆزی نەتەوەیی بەتوندیی داكشاوە بەچەشنێك ئەو هەموو دەهۆڵكوتانە بۆ یەكڕیزی نەتەوەیی بێهودە بێتو بەجۆرێك مایەی سەرسوڕمانی هێندێك لە سەركردەكانیش ببێت؟
لەڕاستییدا، دوای راپەڕینو رزگاربوونی باشووری كوردستانو رۆیشتنی دەزگا سەركوتكەرەكانی بەعس، فاكتەری یەكەم لەنێودا نەماو كۆمەڵانی خەڵك لەجیاتی بەعس خۆیان لەبەردەم دەسەڵاتی پارتیو یەكێتیدا بینیەوە، لەدوای 2003شەوە كە رژێمی بەعس رووخاو سەدام لەسێدارەدراو لەرێگەی دەنگدان بەدەستووری عێراق كە پرۆسەی پارتی ویەكێتی بوو، ئیدی ئێستا سوپاس بۆ خوا هەموو كوردی باشوور بەویستی خۆی عێراقییەكی سەربەرزەو پاش ئەوەی سەرۆكی كۆمارو جێگری سەرۆك وەزیرانو سەرۆكی پارلەمانو پۆستە هەرە باڵاكان بەدەست كوردەوەیە، چی وای لێدەكات بڕوای بە عێراقی ئاشتییو برایەتی كوردو عەرەب نەبێتو شوناسی عێراقییبوون شوێن بە شوناسی كوردبوونو كوردایەتیی لەق نەكات!! هەروەها پێویستە بووترێت كە لەئاكامی لابردنی گەمارۆی ئابوورییو وەرگرتنی 17% بودجەوە لەپاش 2003 پەرەگرتنێكی ئابووریی ناهاوسەنگی خێرای بێبەرنامە لەكوردستاندا دەستیپێكردو بەهۆی وێرانكاری جەنگی عێراقو ئەمریكاو هەڵگیرساندنی شەڕی تائیفی لەعێراق، چیدی ناوچە عەرەبییەكان ئەو ناوچە گەشەسەندووە پێشكەوتووە نەبوون كە تاكی كورد لەكاتی بەراوردكردندا ئیرەییان پێبەرێت، بەڵكو جەنگی تایفی ئەو ناوچانەی كردە هەرێمێكی مەنكوبو مایەی بەزەیی. ئەوەش وایكرد فاكتەری دووەمیش فت بێت.
ئەگەر فاكتەری سێیەم بەدرێژایی مێژووی جووڵانەوەی چەكدارانەی كوردیی هۆكارێكی هاندەر بووبێت بۆ خۆڕاگرییو وزەی دابێت بە جووڵانەوەكە، ئەوە بەدڵنیاییەوە لەهەمانكاتدا گورزێكی كوشندەش بووە لە مەسەلەی یەكڕیزیو هاوبەستەگیی نەتەوەیی. نەهاوكارییەكانی ساواكی ئێران بۆ جووڵانەوەكەی ئەیلول، نە هاوكارییەكانی قەزافیو ئەسەدو كۆماری ئیسلامیو سوپای توركیا بۆ هێزە سیاسییە كوردییەكان لەهەشتاكانو نەوەتەكاندا لەپێناو كوردو یەكڕیزیی نەتەوەییدا بووە، بەڵكو لەپێناو بەكارهێنانی ئەو هێزانەبووە وەك كارتێكی فشار دژی دوژمنە نێوخۆییو هەرێمییەكانیانو هێندێك لەو هێزانەش تاڕادەی نۆكەرایەتیی بەدەم ئەو وڵاتو لایەنە دەرەكییانەوە چوونو مێژووش دەیان نموونەی جۆراوجۆری تێدایە بۆ هەركەس بیەوێت پەندی لێوەربگرێت.
سەبارەت بە فاكتەری چوارەم، دەتوانم بڵێم لەپاش راپەڕینی خەڵكی كوردستان لەساڵی 1991 بەگشتی، و پاش كەوتنی رژێمی بەعسو هاتنی سوپای ئەمریكا بەتایبەتی، كۆمەڵگەی سونتەتیی كوردیی لەسایەی دەسەڵاتێكی ناشایستەی بێباكی حیزبە میلیشیاییە ناكۆكەكاندا رێگەی هەورازێكی سەختو قۆناغێكی راگوزەری پڕ مەترسییداری گرتۆتەبەر، كە لەجیاتی هاوسۆزیی كۆمەڵایەتیی، رقو لەبری هاوبەستەگیی نەتەوەیی، چەند دەستەگیی زیاتری هێناوەتەئارا. شایەنی باسە، پرۆسەی نەتەوەسازییو یەكڕیزی نەتەوەیی تەنیا بەرزگاربوونی خاكی نەتەوەیی ناگاتە دواقۆناغ، تەنانەت دامەزراندنی دەوڵەتیش زامنی ئەو یەكریزییە ناكات، هەروەك لەوڵاتانی وەك چیكسلۆڤاكیاو سودانو یەكێتی شورەوی پێشوو چەندین دەوڵەتی دیكە بینراوە. یەكڕیزی نەتەوەیی زادەی هێنانەئاراو گرتنەبەرو ئاراستەكردنی شێوەژیانێكی هاوسەنگی ئابوورییو كۆمەڵایەتییە لەكۆمەڵگایەكی هۆشیارو لەسایەی سەركردایەتییەكی رۆشنبیری یەكگرتووی دڵسۆزو سیستمێكی سیاسیی هاوچەرخدا كەلەچوارچێوەی مافەكانی هاوڵاتیو بەرژەوەندیی نیشتیمانییدا هەڵسوڕێت. شایەنی باسە، دابەشبوونی قوڵی چینایەتییو نایەكسانییەكی مەزنی مادییو نادادپەروەریی كۆمەڵایەتیی كە سەرچاوەكەی لەگەندەڵكاری سیاسییەو كارگێڕییو داراییەوە هەڵدەقوڵێت، مەزنترین لەمپەرو دوژمنی سەختی مەسەلەی یەكڕیزی نەتەوەییە، باشترین نموونە لەمێژوودا شكستی رابەرانی نەتەوەیی چین(سەن یات سنو چیان كای شیك) بوو لەهێنانەكایەی یەكڕیزی نەتەوەیی لەكۆمەڵگایەكی دابەشبووی چینایەتیی كشتوكاڵی لە چین(پێچەوانەكەشی شكستی كۆمەڵە بوو لە گوندو نێو كۆمەڵگەی لادێنشینی ناپەرەسەندووی كوردستانی هەشتاكاندا)، هەربۆیە ئەوە ماوسیتۆنگ بوو، لەرێگەی ئایدیۆلۆجییە رادیكاڵە چینایەتییەكەوە گوندنشینانی تەیاركردو رێكیخستنو بەرەو سەركەوتن ئاراستەی كردن. لەباشووری كوردستاندا، لە ماوەی 21 ساڵی پاش راپەڕین، هەلومەرجی ئابوورییو كۆمەڵایەتییو پەروەردەییو فەرهەنگیی لەسایەی دەسەڵاتداریی حیزبە میلیشیاییەكان بە ئاقارێكی فرە مەترسیداردا گوزەری كردووە. سەركردایەتیی ئەو حیزبانە پەرتەوازەیی كۆمەڵگەی كوردییان بۆ بەدیهێنانی دەسەڵاتو بەرژەوەندی شەخسیی بۆ خۆیان قۆزتەوەو هێندەی دیكە هێزو توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگەیان بەگژ یەكدا كرد، بەقۆرخكردنی سامانو داهاتی ئەم وڵاتەو بەخشینەوەی بەسەر دەستوپێوەندەكانیانو دەرپەڕاندنی ئەوانەی بەخزمەتكارییو ملكەچیی رازیی نەبوون، هەزاران لاوانی وڵاتیان ناچاركرد سەری خۆی هەڵگرێتو رێگای هاتونەهات بگرێتەبەر، هەزارانیان لەشەڕی براكوژیدا رەوانەی مەرگ كردو جارێكی دیكە چینو توێژە دابەشبووەكانی شارو گەندەكانیان لەسەر بنەمای هاوكێشەیەكی هێزە سیاسییە پەرتەوازەكاندا دابەشكردەوە . نادادپەروەریی سیاسییو ئابوورییو كۆمەڵایەتیی لەسایەی دەسەڵاتە حیزبییەكاندا بەجۆرێكە چینی ناوەڕاست بەرەو داتەپێنێكی خێرا دەڕوات، كەمینەیەكی هەلپەرستو خودخوا سەریان لەبنمیچی ئاسمان توندكردووەو دەستیان بەسەر سامانی سەرزەوی و بن زەویدا گرتووە. ئەوانەی لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا بوونەتە یەك شەوەو دەرفەتی هەڵتۆقینیان بۆ رەخساوە لەمپەری راستیینەی بەردەم یەكڕیزی نەتەوەیینو ئەگەر بیانەوێت یەكڕیزییەك دروستكەن ئەوا تەنیا دەتوانن لە دەستەكانی وەك (پیاوەكانی رژێمی پێشووی بەعس، ئاودیوكەرانی كەمپاینو شۆفلأو عەمودو محاویلە كارەباییەكان، قاچاخچییەكانی نەوت، بازرگانانی دەرمانی بەسەرچوو، ساغكەرەوانی خۆراكی ئێكسپایەر، دۆنمفرۆشە بێقەواڵەكان، تۆڕەكانی فڕاندنو هەڵكوتانە سەر رۆژنامەنووسو رۆشنبیرە ئازادیخوازەكان، سووتێنەرانی بارەگا حیزبییەكان، ژماریەكی باشیش لە پیرەمێردو پیرێژنە لەگوێی گادا نووستووەكان..هتد) كەژمارەیەكی كەم نین لەكۆمەڵگاداو بەرژەوەندی هاوبەشیش كۆیاندەكاتەوە، یەكڕیزییەكی پتەو پێكبهێنن.
دەشێت لەپرۆسەی جووڵانەوەی رزگارییخوازی گەلاندا سەركردەگەلێك ببنە كارێزماو هۆكارێك بۆ هێنانەكایەی یەكڕیزی نەتەوەیی، بەڵام ئەوە ئاكاری ئەو سەركردانەیە دوای رزگاریی كە رۆڵیان لەیەكڕیزی نەتەوەییدا دەنەخشێتو بەوەش دەبنە سیمبول، نموونەش وەك گاندیو ماندێلاو ماوسیتۆنگ..هتد، ئەوانەی كە بەداخەوە نموونەیان زۆر نین لەچاو ئەو سەركردانەی كە پاش سەركەوتنی شۆڕشەكان بەپەیژەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕانەدا هەڵئەزنێنو دەبنە دیكتاتۆرو لەرێگەی تۆقاندنو ئیرهابی دەوڵەتو لەسایەی حوكمی بنەماڵەییو هەڵگرتنی دروشمی قەبەو هاشوهوشی میدیا بەردەستەكانیەوە لەجیاتی یەكڕیزی نەتەوەیی، بێدەنگی نەتەوەیی دەسەپێنن.
راستییەكی زۆر گرنگ هەیە كە دەبێت لەم بارەیەوە ئاماژەی بۆ بكەین، ئەویش ئەوەیە كە لەبەرئەوەی هەرێمە جیاوازەكانی كوردستان پەرەسەندنی جیاوازی ئابووریان تەیكردووە، هەربۆیە نەتەوایەتیی كوردیی بەگوێرەی هەرێمە جیاوازەكانی كوردستان دیدو بڕوای جیاوازی گرتۆتەبەر. رادەی فراوانبوونو پەرەسەندنی كشتوكالأو پیشەسازیی، هەروەها پەیوەندییەكانی بازاڕ لەنێو كۆمەڵگەدا هانی پەیوەندییگەلێكی كۆمەڵایەتییو سیاسیی دەدات لەنێو كۆمەڵگەدا. شیكارییەكی رێكخراوەی سیاسییە كوردییەكان لەهەرێمە جیاوازەكاندا بەڵگەو نیشانەی ئەوەن كە چۆن ئابوورییو ئاكاری سیاسیی پێكەوە دوو رووی تەریب بەیەكن. هەربۆیە دەتوانین بڵێین تێڕوانینی هێزێكی سیاسیی بنەماڵەچیی كۆنسێرڤات كەپێی وایە نەتەوەی كورد تاكە چینێكەو هەركات بیەوێت دەتوانێت لەپشتی حیزبی قائیدو سەرۆكی فەرماندەوە بەفیكەیەك ریزیان بكات، جیاوازە لەهێزێكی نەتەوەیی لیبرالأ رادیكالأ یان هێزێكی سۆشیالیستی كە نەتەوایەتیی "چینی چەوساوە"ی بەبنەما گرتووەو پێی وایە چارەسەركردنی نادادپەروەریی كۆمەڵایەتییو هەڵگرتنی ستەمی نێوخۆو كۆتاییهێنان بەشێوازی فەرمانڕەوایەتیی كۆلۆنیالیزمی بنەماڵەییو بیرۆسترۆیكای خێڵەكیی،هەروەها دابەشكردنەوەی دەسەڵاتی سیاسییو ئابوورییو كۆمەڵایەتیی خولقێنەری یەكڕیزی نەتەوەییە. هەربۆیە پێم وایە تائەو كاتەی پرۆسەی پەرەپێدانی ئابوورییو كۆمەڵایەتیی بەقازانجو بەرژەوەندیی توێژێكی بەرتەسكدا ببرێت، تا ئەوكاتەی گەندەڵیی وەك گانگرین تەواوی بوارەكانی سیاسییو ئابوورییو كارگێڕییو فەرهەنگییو جومگە سەرەكییەكانی ژیانی گرتبێتەوە ، تائەو كاتەی چاكسازییەكی ریشەیی بۆ هێنایەكایەی سیستمێكی دامەزراوەیی دیموكراتی راستینەی هاوچەرخ ئەنجام نەدرێت، تائەوكاتەی پەروەردەیەكی نیشتیمانی مرۆڤدۆستانە نەكرێتەبنەما، تائەوكاتەی دابەشبوونی چینایەتیی روو لە قووڵبوونەوە بێتو ستەمی كۆمەڵایەتیی پەرەبگرێت، تائەو كاتەی وەفاداریی بۆ نیشتیمان شوێنی وەفاداری بۆ شەخسو بنەماڵەو حیزب نەگرێتەوە، بەهاو ئاكاری نیشتیمانپەروەرییەكی مرۆڤدۆستانە لەنێو تاكو كۆمەڵگادا نەچەسپێنرێت، تائەو كاتەی پرنسیپی " هەركەس بۆ خۆی راكێشێ چۆنی بۆ هات پیاكێشێ" باڵادەست بێت، یەكڕیزی نەتەوەیی لەباشووری كوردستان جگە لەوەهمو تراویلكە هیچ شتێكی دیكە نییە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست