وەهمی چاكسازیی و سازانی هێزەكان یان هەڵكشانی ئەگەری تەقینەوە توندەكان
Friday, 21/09/2012, 12:00
د.یاسین سەردەشتیی
بەدوای هاتنەوەی تاڵەبانی سەرۆك كۆمارو سەردانی دەستە دەستەی سیاسەتكارانی عێراقیی بۆ شاری سلێمانی، جگەلەوەی باس لە كردنەوەی دەرگایەك بەرووی نزیكبوونەوەی لایەنە ناكۆكەكانو دەرفەتێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان گەرمە، قسەش لە گۆڕانی داڕشتنەوەی هاوكێشەی نێوان هێزە سیاسییە سەرەكییەكان دەكرێت، چ لەسەر ئاستی عێراق بەگشتیو چ لەسەر ئاستی كوردستانیش بەتایبەتی، ئەوەش لەڕاستییدا پرسێكی بێ بنەما نییەو پەرەسەندنی زنجیرەیەك لەرووداو هەڵوێستی رابردوو زەمینەیان بۆ پێشبینیكردنی ئەم جۆرە نزیكبوونەوەو گۆڕانانە رەخساندووە، بەڵام پرسیاری سەرەكیی لێرەدا ئەوەیە كە تاچەند ئەم نزیكبوونەوەو گۆڕانی هاوكێشەكان ستراتیژینو پەیوەندییان بە چاكسازییو وەرچەرخانی سیاسییو كۆمەڵایەتییو ئابووریی هەیەو سیستمی سیاسیی لەعێراقو كوردستاندا بەرەو جێگیرییو دامەزراوەیی دەبەنو چاوەڕێی ئەوەیان لێدەكرێت ژیانی هاوڵاتیان بەرەو چاكتر دەبەن؟!
من پێموایە كە كێشەی نێوان هێزە سیاسییو مەزهەبییو نەتەوەییو كۆمەڵایەتییەكانی عێراق هێندە قووڵن نەك هەر ئەم جۆرە سەردانو كۆبوونەوانەو هەروەها داڕشتنەوەی كاتیی هاوكێشەكان ناتوانێت چارەسەری ریشەیی گونجاوی ئەو كێشانەی بكات، بەڵكو ئاكامێكی باشیشی بۆ داڕشتنەوەی سیستمێكی جێگیرو سەركەوتوو لێً چاوەڕوان ناكرێتو بگرە هێندەی تر ئەگەری تەقینەوە توندەكان لەتێكڕای بەشەكانی وڵات بەكوردستانیشەوە لەهەڵكشاندا دەبێت.
لەڕاستییدا، نامەوێت بەدرێژیی ئاماژە بەتێكڕای ئەو هۆكارە بونیادیانە بدەم كە وادەكات ئەگەری تەقینەوەی دۆخەكە لەدەرەوەی هەرێمی كوردستان (واتە بەشە عەرەبییەكەی عێراق) لەهەڵكشاندا بێت، بەتایبەتی خوارییو سەقەتیی مێژوویی بناغەى دەوڵەتی عێراقو ململانێی توندی نێوان هەردوو لیستی دەوڵەتی یاساو عێراقییەو گرێدانی توندی ئەو ململانێیەو كێشمەكێشی مەزهەبیەی عێراق بە هەڵتۆقینی زیاتری ململانێو جەمسەرگیریی هاوكێشە سیاسییو مەزهەبی نێوهەرێمییو ئەو رووداوانەی ئێستا لەسوریا روودەدەنو پریشكو كاریگەری ئاكامەكانی لەرووداوەكانی نێوخۆی عێراق كە هانی زیاتری شیعەكان دەدات كە گورجانەتر دەرفەتەكە بقۆزنەوەو سوربن لەسەر كاركردن بۆ قۆرخكارییو بەدەستەوەگرتنی تەواوی جومگە سیاسییو كارگێڕییو ئابوورییەكانو بەدەستهێنانی باڵادەستیی لەعێراقو ناوچەكەدا، لەم رووەشەوە بێگومان ئێران هاوكارێكی ستراتیژییو جێگەی متمانەیە بۆ ئەوان. لەلایەكی تریشەوە، سوننەكان بەدرێژایی ئەو ماوەیەی دوای روخاندنی سەدام سەلماندویانە كە توانایەكی مەزنی وێرانكارییو بەرێوەبردنی كاری توندوتیژییان هەیەو تادێت كۆمەڵگەی سوننی زیاتر دەبێتە خانەخوێی گروپە تۆقێنەرەكانی وەك قاعیدەو پاشماوەكانی بەعسو كارە خۆكوژییو تەقینەوەكانی ئەم چەند مانگەی پێشوو لەبەغداو ناوچە تێكەڵە عەرەبییەكان بەڵگەیەكی روونی ئەم راستییەن.
هەروەها سەبارەت بە ناوچە دابڕاوەكانیش، بۆ هەركەسێك بەدواداچونێكی ساكاری سەبارەت بەو ناوچانە هەبێت لەو راستییە دەگات كە چۆن ئەو ناوچانە بوونەتە مینێكی كاتیی چێنراوو هێزە سیاسییو نەتەوەییەكانی چەندە لەنێو خۆیاندا ناكۆكنو بەردەوام چەقۆ لەیەكتری تیژ دەكەنەوەو زۆربەی جار ئەو ناوچانە بونەتە چەقی بەتاڵكردنەوەی توندوتیژییو یەكلاكردنەوەی ململانێی هێزەكانی دەرەوەی ئەو ناوچانە. هەربۆیە لەماوەی ئەنجامدانی كارە توندوتیژییەكانی رابردوودا، ئەو ناوچانە، بەتایبەتی كەركوك، نەك هەر بێبەش نەبووە بگرە پشكی شێریشی لەو توندوتیژییانە پێبڕاوە. گەڕانەوەی ئەو ناوچانەش لەڕێگەی مادەی 140وە بۆسەر هەرێمی كوردستان یان وەهمێكە لەسەری دەسەڵاتدارانی ئەو هەرێمە یاخود زیاتر بۆ ئیستیهلاكی محەلی باسی لێوەدەكرێت، وەهمێكی لەوە گەورەتریش بریتیە لەوەی كوردان بتوانن لەبەغدا هاوبەشی پرۆسەی بڕیارسازیی بن، چونكە ئەوە نە لەرابردوودا بووەو نە لەئایندەشدا دەبێت، چونكە عێراق دەوڵەتێكە بەو بونیادەوە هەرگیز نە دیموكراتی بووەو نە دیموكراتیش دەبێت، وەهمی هەرە گەورەش ئەوەیە كە دەسەڵاتدارانی بەغدا ئامادەن لەكاتی تواناییاندا بوونی هەرێمێك لەباشووری كوردستاندا قبوولأ بكەن، دیارە بەشێكی مەزنی ئۆباڵی گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان هەرێمو ناوەندیش لەئەستۆی دەسەڵاتدارانی بەغدادایە، ئەوەش راستییەكی نكۆڵیی لێنەكراوە، چونكە تاكو گۆڕانی ریشەییو وەرچەرخانی گەورە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەبارەت بە دیموكراتیو كێشەی كەمینەكان بەگشتییو سەبارەت بە كێشەی كورد بەتایبەت نەیەتەدی، هەر كاتێك بەغدا خۆی لەپێگەیەكی بەهێزدا ببینێتەوە، لەپەلاماردانی كوردستان دوودڵیی نانوێنێت.
سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش، پێویست ناكات بەدرێژیی قسە لەسەر مێژووی ململانێی توندوتیژی ساڵانَی رابردوو، هەروەها شكستی هێزە سیاسییەكان لەدامەزراندنی حكومەتێكی نیشتیمانی دیموكراتی یەكگرتووی هاوچەرخو سازانی ئەو هێزانە لەدەوری بەرنامەیەكی گشتگیر لەپێناو بەرژەوەندی خەڵكو كۆمەڵگادا بكەین، لەغیابی سەركردایەتییەكی سیاسیی بەرپرسو دڵسۆزدا، نە رێكەوتننامەی واشنتۆنو نە رێكەوتننامەی ستراتیژیی زەمینەیان بۆ چارەسەركردنی كێشە راستیینەكان نەرەخساندو شێوازی كەڵەكەكردنی قەیرانەكانو سڕكردنی گرژییەكان گیرایەبەر، ئەوەش رێگربوو لە هاتنەكایەی حكومەتێك كەبتوانێت بەشێوەیەكی دامەزراوەیی كار بۆ بەڕێوەبەردنی كۆمەڵگاو چارەسەركردنی كێشەكانی بكاتو توانای چاكسازییو نوێبوونەوەی لەخۆیو كۆمەڵگادا هەبێت. حكومەتی هەرێم كە هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە لەسەر داروپەردوی بەجێماوی بەعسو لەلایەن هێزە حیزبیە چەكدارەكانی پارتیو یەكێتییەوە بەشێوەی فیفتی فیفتی قۆرخكرا، نەیتوانی ببێتە دەزگایەكی سەربەخۆ بەپیادەكردنی سەروەریی یاسا، بەڵكو كرایە ئامرازێك بۆ جێبەجێكردنی خواستو بەرژەوەندیی ئابوورییو دەسەڵاتسەپێنی بازنە بەرتەسكەكەی هەردوو حیزب لەهەردوو زۆنە زەردكراو سەوزكراوەكەی هەرێمدا، ئەوەی بەتەواوی حكومەتی لەكاری حكومەتێتی خستو كردیە ئامرازی ئیدارەدانی گەندەڵكاریی كە لەنوكی هەرەمە حیزبییەكەوە دەستپێدەكاتو بەرەو خوارەوە شۆڕبۆتەوە. هەربۆیە خەونی ئەنجامدانی چاكسازیی هەمەلایەنەو گۆڕانكاریی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە وەهمێك بووە لەتێنەگەیشتن لە بونیادی راستینەی خودی حكومەتەوە سەرچاوەی گرتووە. حیزبەكانیش كە بۆخۆیان خاوەن بونیادێكی قۆرخكاریی دواكەوتوونو بەدرێژایی مێژوو نەیانتوانیوە وەرچەرخانو پەرپێدانی دیموكراتی بەخۆیانەوە ببینن هاتاهاتووە زیاتر بازنەی بڕیارسازییو بەرژەوەندییپارێزییەكانیان بەرتەسكبۆتەوەو ئێستا لەحیزبی جەماوەرییەوە بوونەتە كۆمپانیای شەخسییو لەجیاتی بیروباوەڕ، تەنیا بەرژەوەندیی مادییو پارە بە ئەندامەكانیانیەوە بەستوون. دیارە پارتی لەم نێوەدا توانیویەتی لەچەند ساڵی رابردوو بنكەی دەسەڵاتسەپێنی خۆی لەناوچەی زەردكراودا داكوتێتو لاوازیی یەكێتیشی قۆزتۆتەوە بۆئەوەی وای لێبكات دەست بەداوێنی پارتیەوە بگرێتو بیكاتە پردێك بە شەرعیەتدان بەو هەنگاوانەی كەلەپێناو سەپاندنی دەزگا حیزبییەكانی خۆی وەك ستاندەرێك بۆ حوكمڕانی تەواوی كوردستان گرتوێتیەبەر، لەم رووەشەوە ئەرێكردنی بەپەلەپروزێی دەستوورو دواتر یاسای قەدەغەكردنی خۆپیشاندانو هەروەها بەم دواییەش ئەنجومەنی ئاسایش، نموونەیەكی روونن، ئەو ئەنجومەنەی كە لەبنەڕەتدا غورفەی عەمەلیاتە بۆ داپڵۆسینی نەیارانی حیزبیو رووبەڕووبوونەوەی تەقینەوە لەناكاوەكان.
پاش شكستی ریفۆرمی حیزبی نێو یەكێتی و دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان و لەباوەشگرتنی ناڕەزایەتییەكان لەلایەن گۆڕانەوە وەك فشارێك بۆ گۆڕانكاریی، دەنگی ناڕەزایەتیی روونتر خۆی نواندو دیسانەوە پرسەكانی: بەگژداچوونەوەی گەندەڵیی و گەندەڵكاریی، چاكسازیی هەمەلایەنە، كرانەوەی دیموكراتی، فراوانكردنی پانتایی ئازادییەكان، چالاككردنەوەی پارلەمان، برەودان بە كۆمەڵگای مەدەنی، بڕینی دەستی حیزب لەحكومەتو بەدامەزراوەییكردنی، دادپەروەریی كۆمەڵایەتیی، سەربەخۆیی دادگاكانو سەروەریی یاسا..هتد، بەتوندی هاتنەوە بەرباس، بەتایبەتی دوای رووداوەكانی 17ی شوباتو هاتنەسەرشەقامە مێژووییە 62 رۆژییەكەی خەڵكە هۆشیارەكەی شاری سلێمانی بۆ چاكسازییو دیموكراتی، كە سەرەتا لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بەڵینی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی پێدارو دواتر بەپەلامارو فشار رێگەی لێگیرا.
لەراستییدا، رووداوەكانی 17ی شوباتو دواتر، كەڵەكەبوونی قەیرانەكان و ئەو دەلاقە مەزنەی نێوان خەڵكو بەرپرسانی ناشایستەی حیزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستانی دەرخست كە لەماوەی بیست ساڵی حوكمڕانیی نادیموكراتو نادادپەروەیاندا هاتۆتەئارا، خوێنی لاوانی 17ی شوباتو شكستی حكومەت لەسزادانی بكوژانو پاراستنیان لەژێر باڵی بەرپرسە باڵاكان، ئەو دەلاقەیەی هێندەی تر مەزنتركردو متمانەی خەڵك بەدەسەڵاتو سیمبولەكانی بەتەواویی نەما. گۆڕینی كابینەو ئەو بەڵێنە بێ وادانەشی پێشتر بۆ چاكسازیی درابوون نەك نەهاتنەدیو گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی لەچاككردنی ژیانی گشتییو گێڕانەوەی متمانەی دۆڕاوی خەڵك بەدەسەڵات نەكردووە، خەڵكانێكی زۆر پێیانوایە نەك هەر كاری چاكسازییو دیموكراتیزەبوون لەسایەی دەسەڵاتی سێكوچكەی باوكو كوڕو برازا، بەتەواویی لەكارترازا، بەڵكو تادێت بێئومێدی گشتیو ناشایستەیی دەسەڵاتدارانی ستەمكاری ئەم هەرێمە زیاتر لەپێشوو بەرجەستەدەكات، ئەو بێئومێدییەی كە رەشبینییەكی قووڵی لەلای لاوانو توێژە زیندووەكانی كۆمەڵگا سەبارەت بە پەرەسەندنی هێواش دروستكردووە زێدەبوونی بەرچاوی تاوانو توندوتیژییە كۆمەمەڵایەتییەكانی وەك كوشتنی ژنان، خۆكوشتن، تۆڵەسەندنەوە، نەخۆشییە دەرونیە توندەكان، بڵاوبوونەوەی مەوادی هۆشبەر..هتد، بەروونی بەرجەستەی هەڵكشانی كێرڤی توندوتیژییەكان دەكەنو پێم وایە لەئایندەدا بەشێوەی تەقینەوەی لەناكاوی بەكۆمەلأ بەرامبەر دەسەڵاتدارانی هەرێم دەردەكەوێت.
لەڕاستییدا، ئەوەی لەئەلفوبای سیاسەت بزانێ تێدەگات كە مەسەلەكانی: دەركەوتنی ناشایستەیی دەسەڵاتداران، فراوانبوونی دەلاقەی نێوان خەڵكو دەسەڵاتو نەمانی متمانە بە حكومەت، قووڵبوونەوەی رەشبینی لاوان، زێدەبوونی توندوتیژییە كۆمەڵایەتییەكان، شكستی سازانی هێزە سیاسییەكان لەدەوری پلاتفۆرمو نەخشەرێگایەكی نیشتیمانی دەرچوون لە قەیرانەكان، تۆكمەبوونی قۆرخكاریی سیاسییو ئابووریی، زێدەبوونی فشاری دەزگا ئەمنییەكانو هێرشكردنە سەرنەیاران، بە بنبەستگەشتنی چارەسەری ئاشتیانەی لەسەرخۆی ململانێی هێزە سیاسییو كۆمەڵایەتییەكان، قووڵبوونەوەی نادادپەروەرییو ستەمی چینایەتیی ..هتد بەرەو چ ئاقارێك ملدەنێن كە لەهەلومەرجی باشووری كوردستاندا جگەلە تەقینەوەی لەناكاو چاوەڕوانی شتێكی دیكەی لێناكرێت، بەتایبەت لەشاری هەولێر، كە لەئاكامی پەنگخواردنەوەی ناڕەزایەتییەكانو زەبری هێزە ئەمنییەكانو بەهۆی هێندێك هۆكاری بابەتی دیكەشەوە لەپێشترە بۆ ئەم جۆرە تەقینەوانە. زۆر دەگونجێت دەسەڵاتدارانی هەولێر دركیان بەم راستییە كردبێت بۆیە لەكۆبونەوە حیزبییەكانیاندا باس لەخراپی پەیوەندییان بەهێزە سیاسییەكانەوە دەكەنو بەپەلەپروزێ خەریكی پشی پشیو خۆنزیكردنەوەن لە یەكگرتووی ئیسلامیو لەپارەی "بیت المال المسلمین" چەند ملیارێك قەرەبوی خوێنی بەناهەقڕژاوی ئەندامەكانیانو بارەگا سوتێنراوەكانیان كردنەوە!!. لەوانەیە لەبەرامبەر ئەو هێزانەشی نایەنە ژێربار سیاسەتی فشاری زیاتر بگیرێتەبەر، بەڵام ئەم رێبازە تاچەند تەمەنی قۆرخكاریی سیاسییو ئابووریی درێژدەكاتەوەو تاچەندیش رێگردەبێت لەبەردەم تەقینەوەی لەناكاودا؟!، لەئایندەیەكی نزیكدا وەڵامەكەی دەبینین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست