کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا دوو ساڵ به‌س نیه‌ بۆ ئاشکراکردنی تیرۆریستان ؟ له دووهه‌مین‌ساڵیادی تیرۆرکردنی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌دا

Sunday, 18/07/2010, 12:00


چه‌ند ڕۆژێکیتر دوو ساڵ تێده‌په‌ڕیت به‌سه‌ر تیرۆرکردنی (سۆرانی مامه‌ حه‌مه) ‌دا به‌ڵام قسه‌یه‌ک له‌سه‌ر تیرۆریستان و تاوانباران نیه‌ ، دوو ساڵه‌ قه‌ڵه‌مێکی دیاری ناو ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی تیرۆرکراوه‌و هه‌تا ئێستا سه‌ره‌تایترین هانگاو دیار نیه‌ بۆ ئاشکراکردنی تاوانباران .
له‌یادی دوو ساڵه‌ی تیرۆرکردنی (سۆرانی مامه‌ حه‌مه) ‌دا ئه‌م پرسیاره‌ گرنگه‌ ڕووبه‌ڕوی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان ده‌بێته‌وه‌ (ئایا دوو ساڵ به‌س نیه‌ بۆ ئاشکراکردنی تیرۆریستان ؟)
که‌یسی تیرۆرکردنی (سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌) هه‌موومانی فێرکرد که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان ئاماده‌نین به‌ گرنگیه‌وه‌ بڕواننه‌ ژیان و ئه‌منیه‌تی خه‌ڵک به‌ گشتی و ڕۆژنامه‌نوسان به‌تایبه‌تی ، ئه‌وتا دوو ساڵ به‌سه‌ر تیرۆرکردنی (سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌) دا تێده‌په‌ڕێت و ئه‌گه‌ر نوسه‌ران و ڕۆشنبیران و ئازادیخوازان یه‌خه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران نه‌گرن ، ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتداران خۆیان ئاماده‌نین یه‌ک وشه‌ له‌مباره‌وه‌ بدرکێنن .
ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان رێگاناده‌ن به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان ساده‌ترین که‌لێنی تێبکه‌وێت ، بۆ هه‌ر ئامانجێکی خۆیان ده‌یان پرۆژه‌ و پیلان داده‌ڕێژن و تابه‌سه‌ر ئه‌نجامگه‌یاندنی هه‌وڵه‌کانیان ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ ، به‌ڵام زۆر ده‌سته‌وه‌ستانن له‌ به‌رانبه‌ر پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و ڕۆژنامه‌نوسان له‌ده‌ستی تیرۆر و تیرۆریستان .
له‌ تیرۆرکردنی (سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌وه‌) فێربووین که‌ بۆ ئاشکراکردنی بکوژانی (سه‌رده‌شت عوسمان) پێویسته‌ ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانمان یه‌کبخه‌ین و گوشار بهێنین بۆ ده‌سه‌ڵاتداران و به‌به‌ڵێن و کات به‌فیڕۆدان چاوبه‌ستمان لێنه‌که‌ن .
ڕفاندن و تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان زه‌نگێکی ترسناک بوو بۆ کۆمه‌ڵگای کوردستان ، به‌ڵام ها تنه‌ مه‌یدانی جه‌ماوه‌ری ناڕازی کوردستان ده‌سه‌ڵاتدارانی له‌خه‌وێکی قوڵ ڕاچڵه‌کاند و توشی شۆکی کردن ، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان هه‌وڵده‌ده‌ن هه‌موو کاره‌ تیرۆریستیه‌کان وه‌ک تیرۆری (سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌) خۆیانی لێ ده‌ربازبکه‌ن و شانی خۆیانی لێ خاڵی بکه‌نه‌وه‌ .
گوڕوتینی خرۆشانی جه‌ماوه‌ری ئازادیخوازی کوردستان له‌ دژی تیرۆری (سه‌رده‌شت عوسمان) ده‌بێت بیکه‌ین به‌ کاره‌کته‌ری زیندوو کردنه‌وه‌ی که‌یسی تیرۆرکردنی (سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌) و بێده‌نگ نه‌بوون له‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ .

ئێمه‌ له‌ که‌مپینی به‌رگری له‌ ئازادی _ دانیمارک جارێکیتر به‌توندی ڕسوای تیرۆرکردنی (سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌) و (سه‌رده‌شت عوسمان) ده‌که‌ین و بانگه‌وازی سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کوردستان ، ته‌واوی نوسه‌ران ، ڕۆشنبیران ، ئینساندۆستان و ئازادیخوازان ده‌که‌ین که‌ به‌ره‌ی به‌رگری له‌ ئازادی بیروڕاو ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ کوردستان به‌هێز بکه‌ن ، ئه‌مه‌ ته‌نها ڕێگا چاره‌یه‌ بۆ به‌رگری له‌ گیانی ڕۆژنامه‌نوسان و ناچارکردنی ده‌سه‌ڵاتداران بۆ ئاشکراکردنی تیرۆریستان .
که‌مپینی به‌رگری له‌ ئازادی _ دانیمارک
[email protected]



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە