بەیاننامەى كەمپینى (شەهید سەردەشت عوسمان بۆ ئازادى رۆژنامەنووسان) سەبارەت بە رووداوى تیرۆركردنى رۆژنامەنووس و خوێندكار (سەردەشت عوسمان)
Sunday, 13/06/2010, 12:00
ئێمە وەك چەند رۆژنامەنووسێكى شارى هەولێر لە ساتەوەختى نزیكبوونەوەى چلەى شەهیدبوونى رۆژنامەنووسى لاو)سەردەشت عوسمان(، ویستمان بە شێوەیەكى مەدەنیانە چالاكییەكى رۆژنامەوانى و هونەرى لە چوارچێوەى گردبوونەوەیەكى رۆژنامەوانى و خوێندكارى لە رۆژى 14 ئەم مانگە لە شوێنى رفاندنى شەهید سەردەشتى جوانەمەرگ لەبەردەم)كۆلیژى ئادابى زانكۆى سەڵاحەدین(ئەنجامبدەین. لە سۆنگەى جێبەجێكردنى ئەركى سەرشانمان و هاوخەمیمان بۆ لە دەستدانى گیانى گەنجێكى خێر لەخۆنەدیوى وڵاتەكەمان و خاوەن قەڵەم و خوێندكارى دوا قۆناغى زانكۆ، بۆیە بۆ ئەم مەبەستە داواى مۆڵەتى یاساییمان لە (پارێزگاى هەولێر) كرد بۆئەوەى رێوڕەسم و ناڕەزاییە مەدەنییەكەمان لە چوارچێوەیەكى یاسایى دابێت، بەڵام بەداخەوە پارێزگاى هەولێر بەبێ هیچ هۆكارێكى دیاریكراو داواكارییەكەى ئێمەى رەتكردەوەو رێگەى پێنەداین چالاكیەكە ئەنجام بدەین...لەبەرئەوە ئێمە لێرەدا دڵگرانى خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بە رێگنەدان بە ئەنجامدانى ناڕەزاییەكى مەدەنى لە چوارچێوەیەكى یاساییدا.
بۆیە هاووڵاتیان و و هێز و لایەن و كەسایەتییە دیموكراتخوازەكانى ناوخۆ و دەرەوەى وڵات لەوە ئاگاداردەكەینەوە، كە ئامانج لە گردبوونەوەكەى ئێمە پەیوەست بووە بە دووبارە دەربڕینى نیگەرانى خۆمان لە بەرامبەر رووداوى رفاندن و تیرۆركردنى رۆژنامەنووس و خوێندكارى لاو (سەردەشت عوسمان) لە دووتوێى خوێندنەوەى یاداشتنامەیەكى ناڕەزایى لە درەنگ كەوتنی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە و بەئەنجام نەگەیشتنی دوای تێپەڕبوونی چل رۆژ بەسەر تیرۆركردنی رۆژنامەنووس(سەردەشت عوسمان). هەروەها ویستمان چەند چالاكییەكى هونەرى ئەنجام بدەین بە داگیرساندنى بیست و سێ مۆم لە بەردەم كۆلیژى ئاداب و فڕاندنى بیست و سێ كۆترى سپى بە ئاسمانى شاری هەولێردا و ئەنجامدانی چەند نواندنێكی هونەری ... دەستنیشانكردنى شوێنى رفاندنى شەهید سەردەشتیش بەو مەبەستە بوو لە وێدا بڵێین "ئەگەر هەر پانتاییەك زەوى لەم وڵاتە بكرێتە شوێنى رفاندن و كوشتن، ئەوا لە هەمان كاتدا دەتوانرێ هەر ئەو شوێنە بكرێتە دەروازەییەك بۆ گەیاندنى پەیامى مرۆڤدۆستانە و شیاوى پەیام و كارى هونەرى جوان بێت". هەروەها مەبەستمان بوو نیگەرانبوونى خۆمان لە بەرامبەر هەوڵەكانى لیژنەى لێكۆڵینەوەى ئەمنى لە دۆسیەى تیرۆركردنى سەردەشت عوسمان و ئەوەى كە تا ئێستا ئەنجامێكى وایان بە دەستەوە نەداوە كە جێگاى دەستخۆشى و باس بێت، ئەمەش دواى ئەوەى زیاتر لە مانگێك بەسەر ئەم رووداوە دڵتەزێنە تێپەڕدەبێت. ئێمە لێرەدا جەخت لەسەر كراوەیى دۆسیەى رووداوى تیرۆركردنى رۆژنامەنووس و خوێندكار سەردەشت عوسمان دەكەینەوە.
ناوی رۆژنامەنووسانی رێكخەری كەمپین:
1- دیار عەزیز شەریف
2- هەڵگورد سەمەد
3- ئیبراهیم عەلى
4- كامەران محەمەد
5- نیاز عەبدوڵڵا
6- دەشتى سەباح
7- عەلى سدیق
8- بەهزاد موحسین
9- چیمەن ساڵح
10- لەنجە عەبدوڵڵا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست