کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داواكاری‌ گشتی‌ كێ ده‌باته‌ به‌رده‌م دادگا؟ پرسیار له‌ ده‌سه‌‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ له‌كفریدا

Saturday, 25/06/2011, 12:00


بۆ به‌ڕێزان
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم
سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری
سه‌رۆكایه‌تی داواكاری‌ گشتی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان
فه‌رمانگه‌ی‌ داواكاری‌ گشتی له‌سلێمانی‌و گه‌رمیان

ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ ئێمه‌ی‌ ڕۆژنامه‌نوسان‌و ڕۆشنبیران‌و كه‌سایه‌تییه‌ كۆمه‌‌ڵایه‌تیه‌كان‌و هه‌ندێ‌ له‌چینه‌كانی‌ تری‌ ئه‌م قه‌زایه‌, سكا‌ڵا‌و بێدادیمانه‌ له‌ده‌ست كێشه‌كانمان (بێخزمه‌تگوزاری‌ له‌زۆربه‌ی‌ بواره‌كانی‌ ژیاندا, هه‌بونی‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ له‌م شاره‌دا, نایه‌كسانی‌‌و ناعه‌داله‌تی‌ له‌ئیش‌و ئه‌ركی‌ هه‌ندێ‌ له‌ده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت به‌تایبه‌ت قایمقامییه‌ت‌و شاره‌وانی‌، روودانی‌ هه‌ندێ‌ كێشه‌ی‌ جێی‌ پرسیارو گومان...تاد) ئه‌مانه‌و ده‌یان شتی‌ تر له‌م قه‌زایه‌ ڕویانداوه‌و ئێمه‌ لای‌ خۆمانه‌وه‌ هه‌ڵوێستمان به‌ پێی‌ بیروباوه‌ڕمان ده‌ربڕیوه‌ چ به‌ ب‌ڵاوكردنه‌وه‌ی‌ له‌راگه‌یاندنه‌كاندا, یان موناسه‌به‌‌و شوینه‌ گشتییه‌كان یاخود گه‌یاندنیان به‌ڕاسته‌خۆ بۆ لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدار, به‌‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ نه‌مانبینیوه‌ تائێستا هه‌ڵویستێكی‌ روونی‌ داواكاری‌ گشتییه‌, له‌كاتێكدا زۆربه‌مان خه‌ڵكی‌ ئه‌م شاره‌ بێ حساباتی‌ ئایدۆلۆژی‌‌و حزبی‌ به‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و كێشانه‌ نیگه‌ران‌و بێتاقه‌تین‌و وه‌ك یه‌ك كاریگه‌ری‌ بۆ سه‌رمان هه‌یه‌.
سه‌رباری ئه‌و كێشانه‌ نه‌مانبینی‌ داواكارێكی‌ گشتی‌ ڕۆژێك له‌رۆژان ئه‌وانه‌ی‌ هۆكارن بۆ پشێوی‌ ‌و به‌رپابونی‌ ناعه‌داله‌تی‌ كۆمه‌‌ڵایه‌تی‌, گه‌نده‌ڵی‌ ...تاد بباته‌ به‌رده‌م دادگاو لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدابكات‌و ئومێدێكیش به‌ ئێمه‌ بدات‌و وا هه‌ستبكه‌ین كه‌ دادگا به‌رگریكارمانه‌و بێباكین له‌ئاست ئه‌و كێشانه‌ی‌ كه‌ بۆمان دروستده‌كرێت وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ مرۆڤێك كه‌ له‌م قه‌زایه‌دا ده‌ژین, به‌‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ده‌یبنین پێچه‌وانه‌یه‌, كێشه‌كان وه‌كخۆیانن‌و بگره‌ زۆرتربوونه‌, كۆچكردن خه‌ریكه‌ ده‌گاته‌ ڕاده‌ی‌ چۆڵكردن, به‌پێی خزمه‌تگوازری‌ شارۆچكه‌كانی‌ تر كفری‌ كه‌وتۆته‌ بازنه‌یه‌كه‌وه‌ ته‌نانه‌ت له‌بودجه‌ی‌ ئه‌م ساڵیشدا شۆكهێنه‌ره‌ بۆ ئێمه‌, بۆ ئه‌م كێشانه‌و پێشوتر زیاتر رووی‌ پرسیارمان كردووه‌ته‌ ده‌زگاو به‌رپرسه‌ حكومیه‌كان.
له‌ڕاستیدا وامانزانیوه‌ بۆ ته‌واوی كێشه‌و نه‌هامه‌تییه‌كان ته‌نها ده‌زگاو به‌رپرسه‌ ئیدارییه‌كان هۆكارن, به‌‌ڵام كاتێك بینیومانه‌ لێپرسینه‌وه‌ نیه‌و كه‌سێك نییه‌ به‌دوای‌ داواكانی‌ خه‌ڵكدا بگه‌ڕێت له‌دادگا, ئه‌وكات گه‌یشتینه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی‌ پرسیاره‌كان ئاراسته‌ی‌ داواكاری‌ گشتی‌ بكه‌ین, به‌تایبه‌ت دوای‌ چه‌ند روداوێك له‌م ڕۆژانه‌دا، بۆ نموونه‌ هه‌ر له‌م ڕۆژانه‌دا ڕۆژنامه‌نوسێك ده‌برێته‌ به‌رده‌م دادگا ده‌ركه‌وت داواكاری‌ گشتی‌ بۆ چه‌نده‌مین جاره‌ له‌پشت بانگهێشتكردنه‌وه‌كه‌یه‌تی، ئه‌مجاره‌ له‌سه‌ر داوای‌ قایمقام‌و جاری پێشووش له‌سه‌ر داوای‌ ده‌زگایه‌كی‌ حزبی‌ له‌شاره‌كه‌دا, پێشوتریش دوو ڕۆژنامه‌نوسی‌ تر به‌بیانوی‌ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ دادگا ئه‌وه‌ نزیكه‌ی‌ دوو ساڵه‌ له‌دادگا ئه‌م سه‌رو ئه‌وسه‌ریان پێده‌كرێت به‌بێی‌ ئه‌وه‌ی‌ بزانن كێ‌ خاوه‌ن سكا‌ڵاكه‌یه‌, ئه‌وه‌ی‌ له‌م ڕۆژانه‌دا زیاتر تووشی‌ شۆكی‌ كردین بانگهێشكردنی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ كفرییه‌, له‌سه‌ر لیدوانێكی ته‌له‌فزیۆنی بۆ ئاشكراكردنی‌ بڕوانامه‌ی‌ ته‌زویر كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ له‌هه‌وڵدابووه‌ ئه‌وانه‌ی‌ بڕوانامه‌ی‌ ته‌زویریان هه‌یه‌ بباته‌ دادگاو سزای‌ یاسایی‌ وه‌ربگرن بۆئه‌وه‌ی‌ مافیی‌ گشتی‌ پێشێلنه‌كرێت هه‌رچه‌نده‌ خۆشمان گله‌ی‌‌و ڕه‌خنه‌مان له‌ چه‌ند حاڵه‌ت‌و دیارده‌یه‌كی‌ په‌روه‌رده‌یش هه‌یه‌.,به‌‌ڵام ده‌زانین ته‌زویرات له‌كایه‌ی‌ په‌روه‌رده‌و كایه‌كانی‌ تردا جگه‌ له‌كاره‌ساتی‌ زیاتر هیچی‌ تر به‌رهه‌م ناهێنن بۆ كۆمه‌ڵگه‌, كه‌چی‌ خودی‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ بۆ دادگا بانگده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ یاسا ڕێگه‌ی‌ لێبگرن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ (هه‌یبه‌ت‌و سه‌روه‌ری‌ بۆ یاسا) له‌وه‌ش كاره‌ساتتر به‌لای‌ ئێمه‌وه‌ وه‌ك له‌ لیدوانی‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ ئاشكرابووه‌ دوو كاتژمێر له‌نێوان ئاسایش‌و دادگا هێڵراوه‌ته‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ پۆلیسیی‌ له‌گه‌ڵدا كراوه‌.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ بڕوامانوایه‌ ئه‌مه‌ له‌هیچ شوێنێكی‌ تری‌ كوردستاندا ڕێگه‌ی‌ پێنادرێت‌و روینه‌داوه‌, ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین نیشانه‌ی‌ پرسیار ده‌خاته‌ به‌رده‌م سه‌روه‌ری‌ یاساو بێلایه‌نی‌ داواكاری‌ گشتی‌ شاره‌كه‌, به‌چ بنه‌مایه‌كی‌ یاسایی‌ به‌ڕێوه‌به‌رێك بانگبكرێته‌ ئاسایش له‌كاتێكدا داواكاری‌ گشتی‌ جگه‌ له‌دادگا‌و ژیانی‌ خه‌ڵكی‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی‌ به‌و ده‌زگایه‌وه‌ نیه‌, ئێمه‌ ئومێد ده‌كه‌ین خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ پشتیوانمان بن بۆ ناسینی‌ ئه‌م كه‌یسانه‌, بۆ خستنه‌ به‌رده‌می‌ ده‌سه‌‌ڵاته‌كانی‌ هه‌رێم له‌كوردستاندا, بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی‌ تر كێشه‌ی‌ وا رونه‌داته‌وه‌و لیكۆڵینه‌وه‌ش له‌م كێشه‌یه‌دا بكرێت, ئێمه‌به‌رده‌وام ده‌بین له‌ كه‌مپینه‌كه‌مان تا گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ سه‌روه‌ری‌ بۆ یاساو بۆ كاره‌كانی‌ داواكاری‌ گشتی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ به‌رپرسن له‌پاراستنی‌ ژیان‌و خۆشكوزه‌رانی‌ خه‌ڵك‌و ئه‌و ڕۆڵه‌ نابینن داواكاری‌ گشتی‌ بیانباته‌ به‌رده‌م دادگا, نه‌ك كه‌سانێك ئه‌گه‌ر هه‌وڵێكی‌ بچوك بده‌ن بۆ نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ یان ڕۆژنامه‌نوس‌و كه‌سێكی‌ ئازاد به‌رگرییه‌ك بكات له‌حه‌قیكی‌ گشتی‌ یان چینێكی‌ تایبه‌تی‌، خێرا له‌لایه‌ن داواكاری‌ گشتیه‌وه‌ سكا‌ڵای‌ له‌سه‌ر بكرێت.

بۆ ناردنی پشتگیری‌و واژۆكانتان په‌یوه‌ند به‌م ئیمیله‌وه‌ بكه‌ن ([email protected])
ناوه‌كان
1. عه‌بدوڵ‌ڵا سابیر مامۆستا/ كفری‌
2. سامان كه‌ریم ڕۆژنامه‌نوس/ كفری‌
3. خالید عه‌بدولكریم توێژه‌ر‌و ڕۆژنامه‌نوس/ كفری‌
4. شێركۆ قادر محمد پارێزه‌ر/ كفری‌
5. ئیحسان مه‌لافوئاد ڕۆژنامه‌نوس/ كفری‌
6. قادر قه‌ره‌داغی‌ مامۆستاو ڕۆژنامه‌نوس/ كفری‌
7. حه‌یده‌ر ئه‌حمه‌د ڕۆژنامه‌نوس/ كفری‌
8. چالاك عه‌بدولباقی‌ مامۆستاو ڕۆژنامه‌نوس/ كفری‌
9. زانیار حمه‌ غه‌ریب مامۆستا / كفری‌
10. ئه‌ركان ئیبراهیم مامۆستا / كفری‌
11. شه‌ماڵ ڕه‌ئوف مامۆستا ‌و سه‌رنوسه‌ر/ كفری‌
12. دیار جه‌مال ڕۆژنامه‌نوس/ كفری‌
13. شوان جه‌لال مامۆستا‌و ڕۆژنامه‌نوس/ كفری‌
14. نه‌هرۆ ئیبراهیم مامۆستا/ كفری‌
15. هێمن عه‌دنان خوێنكاری‌ زانكۆ‌و ڕۆژنامه‌نوس/ كفری‌
16. ئاری‌ عوسمان خه‌یات مامۆستا/ كفری‌
17. پشتیوان حسێن مامۆستاو ڕۆژنامه‌نوس/ كفری‌
18. سه‌باح عه‌لی‌ قاره‌مان ڕۆژنامه‌نوس/ كفری‌
19. قادر سابیر مامۆستاو ڕۆژنامه‌نوس/ كفری‌
20. ڕێبوار عه‌زیز مامۆستا / كفری‌
21. دانا محمد عبدالله‌ خوێندكار / كفری

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە