كێشه‌كانی قوتابیان

Wednesday, 24/02/2010, 12:00



بێگومان له‌ عێڕاق و له‌ كوردستان قوتابیانیش وه‌كو سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی تری كۆمه‌ڵگه‌ كۆمه‌ڵێ‌ خه‌م و كێشه‌ و گیرو گرفتی خوێندن و ژیانیان هه‌یه‌، كه‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌لات لێ‌ ی به‌رپرسیاره‌ و پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵ و كاریگه‌ری خۆیان له‌ حكومه‌ت و ووڵاتدا ببینن، وێرای ئه‌وه‌ی قوتابیان به‌ كوڕ و كچه‌وه‌ چین و توێژێكی زۆر گرنگ و كاریگه‌رن و پانتایه‌كی فراوانیان له‌ هه‌موو ناوچه‌ و ناوه‌ندو قۆناغه‌كان دا گرتووه‌، كه‌ چی هه‌قی خۆیان پێ‌ نادرێ‌ و، زۆر جار ده‌نگی ناڕه‌زایی خۆیان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌، قوتابیان له‌ هه‌موو ماڵ و شوێنێك هه‌ن، هه‌موو مالێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ قوتابی هه‌یه‌، قوتابیان نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ و دوا ڕۆژن، قوتابی ئه‌مڕۆ و مامۆستا و سه‌ركرده‌ی به‌یانین، ڕۆلی قوتابیان قه‌ت له‌ كار ناكه‌وێ‌‌و ده‌سته‌ پاچه‌ نابێت، قوتابیان ئاوێته‌ی هه‌موو دامو ده‌زگا و ناوه‌ندو ده‌سه‌ڵاتێك ده‌بن، هه‌موو به‌رپرس و به‌ڕێوه‌به‌ران قوتابی بوونه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ گرنگی زۆریان پێ‌ بدرێ‌ و كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكرێن كه‌ بریتین له‌:-
1)په‌روه‌ردو و فێر كردن و پێگه‌یاندن: حیكمه‌ت له‌ خوێندنی قوتابی په‌روه‌رده‌بوون و فێربون و پێگه‌یشتن یه‌تی، قوتابی بۆ ئه‌وه‌ ده‌خوێنێ‌ تا زانست و زانیاری فێر بێ‌ و كردار و گوفتاری بگوڕێ‌ و په‌روه‌رده‌ یه‌كی باش بێ‌، بۆ ئه‌وه‌ی دروست بێ‌ و پێ‌ بگا و ببێته‌ سه‌ركرده‌ و ڕێبه‌ری دوا رۆژ، نه‌ك بۆ كات و ژیان به‌ سه‌ر بردن، حه‌یفێ‌ هه‌ندێ‌ له‌ قوتابیان ده‌رده‌چن، هێشتا شتێكی ئه‌وتۆ فێرنه‌بونه‌، یا په‌روه‌رده‌ نه‌بونه‌، ئه‌ی چۆن ڕۆڵه‌ی خه‌ڵك فێری زانست و زانیاری و ماریفه‌ت ده‌كه‌ن و خه‌ڵك په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ن، خه‌ڵك پێ‌ ده‌گه‌ێنن، كه‌سێك چی پێ‌ نه‌بێ‌ چۆن ده‌یداته‌ خه‌ڵك، گه‌وره‌ترین كێشه‌ی قوتابی په‌روه‌رده‌ و فێر نه‌بونیه‌تی، بۆیه‌ ده‌بێ‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌ نه‌خشه‌ و پڕۆگرامه‌وه‌ قوتابیان په‌روه‌رده‌ بكرێن، تا خه‌ڵكێكی به‌ كه‌لك بن بۆ میلله‌ته‌كه‌مان، تا كردار و گوفتار و ئاكار و ڕه‌وشت و هه‌ڵسوكه‌وتیان باش و جوان بێ‌ تا سود به‌ خه‌ڵك بگێنن، تا چیكه‌ مناڵی خه‌لك به‌ هه‌ڵه‌ و به‌ سه‌قه‌ت فێرنه‌كه‌ن.
2)دارایی: كێشه‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌یی قوتابیان سه‌باره‌ت به‌ خوێندن مه‌سه‌لی پاره‌ و پول و دارایی یه‌، هه‌ژار و نه‌دارن، ناتوانن وه‌كو پێویست بخوێنن، هه‌یه‌ له‌ به‌ر هه‌ژاری و نه‌بونی خوێندن واز ده‌هێنێ‌، كار و كه‌سابه‌ت ده‌كا، پڕۆگرام و پێداویستی یه‌كانی خوێندنیان پێ‌ ناكرێ‌، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت هاوكاری ماددی و مانه‌وه‌یان بكا، ده‌رماڵه‌یان بۆ دابین بكات، ساڵانه‌ جل و به‌رگ و سه‌رجه‌م پێداویستیه‌كانیان بۆ بكڕێت.
3)ڕێ‌ و جێ‌: له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی قوتابیان له‌ شاره‌كان هی ده‌ره‌وه‌ن، هه‌مووشیان وه‌كو پێویست ڕێ‌ و شوێنی خوێندن و حه‌وانه‌وه‌یان بۆ دابین ناكرێ‌ تووشی گرفتی زۆر ده‌بن، خۆشیان ناتوانن ئه‌م كاره‌ بكه‌ن، وێرای ئه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ هه‌له‌یه‌ كه‌ قوتابی به‌ ناچاری نه‌قلی شاره‌كانی تر ده‌كرێ‌، دیاره‌ ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا كۆمه‌ڵێ‌ گرفت دروست ده‌كات وه‌ك دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌، له‌ ده‌ستدانی كات، توشی رودا و بوون، خه‌رجی زۆر بۆ قوتابی و حكومه‌ت، په‌وه‌ندی نا شه‌رعی به‌ستن له‌ نێوان كوڕان و كچان كه‌ كاره‌سات و گوناهو دوژمنداری و كێشه‌ی زۆری لێ‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ وا بكرێ‌ له‌ شاری خۆیان و وه‌ربگێرێن، یا شوێنی تایبه‌ تیات بۆ دابین بكرێت یا شوقه‌ و پۆڵ و قوتابخانه‌یان جیا بێت.
4)پڕۆگرام و وانه‌ بێژی خوێندن: كێشه‌یه‌كی زۆر له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ندێ‌ قوتابی كتێب و و محازه‌ره‌ی خوێندن یان ده‌ست ناكه‌وێ‌، پێ‌ ی نادرێ‌، ده‌بێ‌ له‌ بازاڕ له‌ گیرفانی خۆی بیكڕێت، یان پِڕۆگرامه‌كه‌ لاواز و بێ‌ هێز و خراپه‌، ئه‌فكاری خراپی تێدایه‌، قوتابی فێری شتی پڕو پوچ و خراپ ده‌كا یا وانه‌ و وێژه‌كه‌ مامۆستایه‌كی بێ‌ توانایه‌، به‌ واسته‌ بڕوانامه‌ی ده‌ست هێناوه‌، ناتوانێ‌ قوتابی فێر بكا و تێ‌ بگێنێ‌، ئه‌وه‌ ئاینده‌یه‌كی ترسناك و خراپ بۆ قوتابی دروست ده‌كات، به‌ تایبه‌تی دورخستنه‌وه‌ی ئایین له‌ پڕۆگرامی خوێندن.
5)ته‌زكیه‌ی حیزبی، زۆرێك له‌ قوتابیان و مامۆستایان به‌ ته‌زكیه‌ی حیزبی وه‌رده‌گیرێن، كار به‌ كه‌فائه‌تی عیلمی ناكرێ‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ حیزبی ده‌سه‌ڵاتدارن له‌ هه‌موو شوێن و ئاستێك وه‌رده‌گیرێن، خوێندنی باڵا ته‌واو ده‌كه‌ن، كه‌چی ڕێ‌ له‌ قوتابی و مامۆستای به‌ توانا و شایسته‌ ده‌گیرێ‌ به‌ هه‌قی خۆیان له‌ شوێنی خۆیان ده‌وام بكه‌ن.
6)دابه‌زینی ئاستی زانستی: ئیستا له‌ كوردستان و له‌ عێڕاق ئاستی خوێندن و فێربوون و زانستی زۆر خراپ به‌ره‌و دواوه‌یه‌، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ تر بچێت، دیاره‌ ئه‌وه‌ش هۆكاری زۆرن بۆ وێنه‌، له‌ سه‌ر ئه‌ساسی حیزبی مامۆستا و به‌ڕێوه‌به‌ر و قوتابی داده‌نرێن، پڕۆگرامێكی به‌ هێز نی یه‌، سه‌ركه‌وتنی نا شایسته‌ زۆره‌، محاسه‌به‌ نی یه‌، وه‌ هه‌روه‌ها.....هتد، بۆیه‌ نه‌ك قوتابی هه‌ندێ‌ له‌ مامۆستایانیش ئاستی وایان نی یه‌، خوێند بۆته‌ شتێكی كرچ و كاڵ و لاوه‌كی، ساڵ ده‌ڕوا قوتابی خوێندن ته‌ووا ده‌كات به‌ تایبه‌ت ئاستی زمانی عه‌ره‌بی هه‌ر زۆر خراپه‌، پێشتر قوتابی كۆلێژی ته‌واو ده‌كرد زمانی عه‌ره‌بی ده‌زانی به‌ نوسین و قسه‌ كردن، ئێستا مامۆستاش هه‌یه‌ نازانێت.
7)وه‌رنه‌گرتنی پسپۆری: پێویسته‌ له‌ خوێندن و فێربون خواستی قوتابی له‌ به‌ر چاو بگیرێ‌، ئه‌وسا سه‌رده‌كه‌وێ‌، به‌ ناڕه‌زامه‌ندی خۆی نه‌خرێته‌ شوێن و به‌شێك كه‌ حه‌زی پێ‌ ناكات و نایه‌وێ‌، به‌ نا ڕه‌زامه‌ندی خوێ‌ له‌م شوێنه‌ بخوێنێ‌، به‌ڵكو پێویسته‌ قوتابی به‌ پێ‌ ی نمره‌ و زیره‌كی له‌م بواره‌ بخوێنێ‌ كه‌ ئاره‌زووی لێ‌ یه‌تی، ده‌نا فێرنابێ‌، یا هه‌ر له‌ ئاماده‌یی جورێك له‌ پسپۆری هه‌بێت تا بۆ خوێندنی باڵا ببێته‌ بناغه‌یه‌ك.
8- هه‌ندێ‌ له‌ كه‌م و كوڕی و گه‌نده‌لی تری خوێندن و قوتابی ئه‌مانه‌ن :
زه‌بت و ره‌بت و موتابه‌عه‌ و موحاسه‌به‌ نی یه‌، دادپه‌روه‌ری نی یه‌ و فه‌رق‌و جیاوازی هه‌یه‌، پێداویسته‌كانی قوتابی و خوێندن كه‌من، ئهمالی زۆره‌، حزب به‌ سه‌ر خوێندن دا زاڵه‌، تێكه‌لای كوڕ و كچ ئاستی خوێندنی زۆر به‌ره‌و دواوه‌ بردوه‌ ‌وكاره‌ستای زۆر خراپی به‌ سه‌ر قوتابیاندا هێناوه‌، ئازادی بۆ قوتابیان و مامۆستا نی یه‌، سانسۆر و چاو سوركردنه‌وه‌‌و هه‌ڕه‌شه‌ زۆره‌...هتد.
بۆیه‌ ده‌بێ‌ هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ ده‌بێ‌ به‌ یاسا و ده‌ستور چاره‌سه‌ر بكرێن و مافی قوتابیان دابین بكرێت.
 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە