ئیخوان موسلیمین بوو دواتر خۆی بەبارزانیدا تەقاندەوە یەكگرتوو، وەك شەرمنترین گروپ لە شۆرشی بارزانەوە! *
Sunday, 08/03/2009, 12:00
بابەتێكی دیراسی رەخنەیی شیكارییە لەسەر شێوازی كاری یەكگرتووی ئیسلامی لە رابردوودا. ئەگەر ئیسلام وەك دینێكی سەماوی بەپێی میتۆدە رۆحانی و زانستییە قورئانیەكە بەجێ نەهێنرێت ئەوا ترس و ماڵوێرانی و كوشتنی بەدوا دێت وەك چۆن بینیمان لە ساڵانی رابردووی سەدەی بیستەمدا و بە ناوی ئاین و ئیسلامەتیەوە كۆمەلێك خەڵك و گروپ دروست بوون كە بلیتی بەهەشت و دۆزەخیان بڵاو ئەكردەوەو باوەریان بەو ئایەتە قورئانیە هەبوو كە ئەوەی بە حوكمەكانی خوای گەورەو دەقە نەگۆرەكان حوكم نەكات كافرە (ۆمَن ڵم ێحكم بِما اَنزل الله فَاُولئِكَ هُم الكافرون) بەڵام دواترو لە دەرەنجامی مۆدێرنەو واقیعی نوێ و كاریگەری هەندێ بیریار گۆرانی قوڵ و ریشەیی رویدا، تاك لەم كۆمەڵگایانەدا هەڵكێشراون لە تقوسی ئاینی و بگرە لەدایك بووی دۆخی كولتوریانەی دیانەتە كۆنەكانن وەك ئیسلام،جوو،مەسیحی، زەردەشتی و یەزیدی، سابیئی و مەزاهیبەكانی دیكە، تا ئەگات بە مەزهەبی شیعە كە ئەمرۆ وەك دیارترین دینی سیاسی سەربەخۆ تەماشای ئەكرێت و لە هەریەك لە عیراق و ئێران و چەند ووڵاتێكی دیكەدا قورساییان هەیە، ئەبێت دیالۆگی كراوەو لۆجیكیانە بكرێت لە نێوان هەریەك لەم ئاین و ئاینزاو مەزاهیبانە و تێگەشتنێكی قوڵیان لا دروست بكرێت كە دیالۆگ بۆچی و ئاین چییەو ئەی سیاسەتی ئاینی چییەو ئایا حیزبی ئاینی یان ئیسلامی بۆچی؟ حیزب هەر بۆ وەرگرتنی پۆستە یان بۆ هەڵوێست نواندن و خزمەتكردن و هۆشیاری گشتی خەڵكیشە،، بۆ ئەوەی كە مرۆڤی رۆژهەڵاتی و ئیسلامی بەو شێوەیە سەیری مرۆڤی رۆژئاوایی نەكەن كە لە ژیر چەتری عەلمانیەتدا لە تراژیدیاو كارەساتێكی نەفسی و جۆرەها نەخۆشیدا ئەژین و مادە بووە بە هەموو شتێك لە ژیانیانداو وێڵ و سەرگەردانن و ئەیچوێنن بەو ئایەتە قورئانیەی كە ئەو عەبدانەی لە دونیادا خوای گەورە لە بیر ئەكەن ئەوا لە رۆژی مەحشەرو قیامەتدا خوای گەورەش بە كوێری حەشریان ئەكات (ۆمَنْ أَعْرَچَ عَنْ ژِكْڕی فَإِنَّ ڵهُ مَعِیشَەً چَنْكَا ۆنَحشرهُ ێومَ القِیامەِ أَعمى) وە ئەم تێزو بیركردنەوەیەش ئەگوازنەوە بۆ كۆمەڵگا بچوكەكانی وەك ئێمەو ساغی ئەكەنەوە بەسەر مێشكی رەش و رووت و رەشۆكەكاندا، بێگومان ئەم جۆرە خوێندنەوانە ئەگەرچی بازاری خۆی هەیەو كۆمەڵێك خوێنەری سەلەفی و تەقلیدیش بە دەوری خۆیدا دروست ئەكات بەڵام ئەوەی كە ناتوانێ دروستی بكات دیالۆگە بە شێوە مەدەنی و مەعریفیەكەی، بگرە راسیستانە دەیەوێت تێمان بگەیەنێت كە عەلمانیەت كوفرەو كوفرێكی گەورەو پێویستەو بۆ ئەوەی كە عەلمانی نەبین ئەوا رێگەی سێهەم نییەو پێویستە دووەم هەڵبژێرین و راستەو راست ئیسلامی بین و دەنگ بە حیزبی ئیسلامی بدەین، وەك چۆن لەم ساڵانەی پێشوودا ئەم جەدەلە بازاری گەرم بوو لە نێوان ئیسلامی و عەلمانیەكاندا تا ئەوكاتەی كە ئیسلامیەكان باوەشیان بۆ پۆستە ئیداری و حكومیەكان كردەوەو وای لێهات ئەو جەدەلە نەماو بووە سەراب و ئەوەش كە ئەو دیالۆگ و جەدەلەی نەهێشت بەشێكی لاوازی ئیسلامیەكان و پێگە ناجێگیرەكەیان بوو بەشەكەی دیكەش زیرەكی حیزبە دەسەڵاتدارەكانی باشوری كوردستان بوو كە توانیان رۆحی جەدەل و دەعوەو بەرەنگاری و رەخنەی شۆرشگێرانە لای ئیسلامیەكان بەو چەند پۆستە بكوژن، مەبەستی ئەم راپۆرتەش ئەوەیە ئایا ئەو دیالۆگە شۆرشگێرانەیە بۆچی نەماو بوویە قوربانی كام بەرژەوەندی حیزبیانە؟ بۆ ئەم مەبەستە یەكگرتوو وەك نمونەیەكی شیكاری وەرئەگرین كە خواستی ئەوەیە بەو نەرمی و بێدەنگی و شەرمنیە و بە تێزەكەی ئۆردوگان بێتە سەر حوكم و حوكمداری بكات.
یەكگرتوو، تەمەن و مێژوو؟ تەوژمی ئیسلامی سیاسی میانرەو كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێشرەوایەتی دەكات لەناو بەرگی ئیخواندا لە 6/2/1994 خۆی راگەیاند لە كوردستان و كاری ئاشكرای دەستپێكردو لە شوراكانی رێكخراوی رابیتەی ئیسلامی كوردەوە هاتەدەر ئەو رێكخراوەی كە پرۆفیسۆر عەلی قەرەداغی دانیشتووی ووڵاتی قەتەر سەرۆكایەتی ئەكات، كە ئەوكات ئەوەی ئەم رێكخراوە وەك تەبلیغاتی حیزبی هەیبوو تەنها گۆڤاری هەڵەبجەبوو لەگەڵ هەندێ مەنشوراتی گیرفان، وەك یەكێك لە مەكتەب سیاسیەكانی یەكگرتوو ووتی هەموو یەكگرتووی ئیسلامی بە سەركردایەتی و مەكتەب سیاسیەوە لە ناو بارەگای رابیتەی ئیسلامیدا بووین لە سلێمانی، ئەم قۆناغە واتە قۆناغی گواستنەوەی خەباتی نهێنی و مزگەوت وحوجرەو ژوورە تاریكەكان و كۆمەڵەی نوسەران و كاری خێرخوازی بۆ سەردەمی پارتایەتی و كاری رێكخراوەیی و ژیانی مەدەنی و میدیایی یەكگرتوو كە ئێستا هەنگاو بۆ كەناڵی ئاسمانی ئەهاوێت،
ئەم گواستنەوەو خۆ ئاشكراكردنەی یەكگرتوو دیارە بەسوود وەرگرتن بوو لە دوو فاكتەری بنچینەیی و رادیكاڵی: یەكەمیان شكستهێنان و هیلاكبوونی بزوتنەوەی ئیسلامی بوو بەدەست شەڕی ناوخۆو دروستبوونی بۆشایی كاری ئیسلامی لە كوردستان و قۆستنەوەی ئەم دۆخە لەلایەن برایانی ئیخوانەوە لە كوردستان كە ئیخوان لەم بوارەدا باشترین گروپی قۆستنەوەی بارودۆخە نالەبارەكانن چ لە عیراق و چ لە ووڵاتە عەرەبیەكان، دووەم سوود وەرگرتن لە یاسای پارتەكان كە پەرلەمانی كوردستان بریاری لەسەردابوو بۆ ژیانی حیزبایەتی و فرە حیزبی و یەكگرتووش بە هەلی زانی بێتە ئەم مەیدانەو جڵەوی ئەو هەستە ئیمانی و ئیسلامەتیەی خەڵك بگرێتە ئەستۆو وەك میراتێك بیكات بە موڵكی خۆی كە ماوەیەكی زۆر بوو بێ وەرەسە مابویەوە.
لەیەكەم هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان و شەڕە پەرۆی حیزبە كوردیەكاندا یەكگرتوو وەكو حیزب و ئۆرگانی سیاسی بوونی نەبوو تەنها خاوەنی هەست و سۆزێكی ئاینی جەماوەری پەرژوبڵاو بوون و ئەویشیان بەخشی بە بزوتنەوەی ئیسلامی و مامۆستا عوسمان عبدولعەزیز كە بۆ رابەریی كورد خۆی پاڵاوتبوو، لەوكاتەشدا كە بارزانی و تاڵەبانی و مەحمود سۆرانی و مامۆستا لە كێبركێدابوون بەوحاڵەشەوە حیزبی ئیسلامی كە بزوتنەوە پێشرەوایەتی ئەكرد كەمترین دەنگ %3 شیان نەهێنا بۆئەوەی بچنە پەرلەمان، بۆیە ناكرێت ئەو مێژووە بە مێژووی دروستبوونی یەكگرتوو تەماشا بكەین كە تیایدا خۆی راگەیاندو ئەمساڵ مەراسیم و ئاهەنگی پانزە ساڵەیانمان بینی و یادیان ئەكردەوە كە ئەم مێژووە مێژوویەكی هەڵەیەو گرنگە یەكگرتوو تەمەنە راستەقینەكەی خۆی بۆ خەڵكی بخاتە روو، یەكگرتوو قوڵایەكی تەنزیمی و فیكری و هەیكەلی لە ژیانی رێكخستنی نهێنیدا هەبوو لەكوردستاندا بە درێژایی 50 ساڵی رابردوو كە بە مێژووی نەهامەتی و شكست و قوربانیانی كورد دەژمێردرێت و یەكگرتوو ریشاڵە فیكری و سیاسی و دەعەویەكەی لەوێدایە نەك نەوەدەكان، هەندێك ئەڵێن بۆیە یەكگرتوو باسی ئەو تەمەنە رابردووەی خۆی ناكات بۆ ئەوەی نەكەوێتە ژێر بەرپرسیاریەتی مێژوویی كارەسات و نەهامەتی و ئەنفال و دەردیسەریەكانی كوردەوەو بەم كارە خۆی ئەرەتێنێت لەو مێژووەو بەرائەتی خۆی ئەسەنێتەوە!
بە گەرانەوەیەك بۆ مێژووی یەكگرتووی ئیسلامی و پیاوە دینیەكانی ناو یەكگرتوو دەگەینە ئەو راستیەی یەكگرتووی ئیسلامی مێژوویەكی كۆنی هەیەو خاوەنی چەندین پیاوی زاناو تێگەشتوو شێخ و مەلایە، كەلەپورێكی كۆنی هەیەو پێویست بە شاردنەوەو شەرم ناكات، رەحمەتی مامۆستا عوسمان عبدولعەزیز و مەلا ساڵحی گەورە و مامۆستا عومەر رێشاوی لە دامەزرێنەرای ئەم رەوتەن و باشترین بەڵگەن كە ئەم پیاوانە نەوەی پەنجاكان بوون نەك نەوەدەكان و بزوێنەری كاری ئیخوانیش بوون لە كوردستان و هەڵەبجە، ئەم رەوتە لەگەڵ دەستپێكی شۆرشی بارزاندا هاتونەتە عیراق و بەغداو سەرەتا بە دەركردنی گۆڤاری (لیواو الاخوە الاسلامیە) و بڵاوكردنەوەی كتێبی بچوكی گیرفان بەناوی (الی الشباب المسلم) و پاشان كۆمەڵەی رزگاری فەلەستین خۆیان نمایش كردو پەنجەو قامكە سیاسیەكانی خۆیان قایم كردو ئینجا هاتنە كوردستان و لە هەڵەبجەوە دەستیان پێكرد، بەڵام بەهۆی سروشتی ئەو تۆوەی كە ئەو برایانە چاندیان و یەكگرتووی لێ سەوز بوو، كە شەرمنی و نەبوونی هەستی شۆرشگێڕی و حەماس و بریاردانە نەیانتوانیوە تا ئێستا گۆرانكاریەكی رادیكاڵی بخوڵقێنن و بەشداری هیچ شۆرشێكیش بكەن بە شۆرشی بارزانیەكان و ئەیلولەوە كە تاقە شۆرشێكی كوردی بوو لەوكاتەداو نەشیانتوانی خۆیان شۆرش هەڵگیرسێنن و ببنە حیزب و جوڵانەوەی رەسمی، ئەگەرچی حیزبیش هەبوون لەو سەروەختەدا وەك حیزبی ژیانەوەی كوردستان "ژێ.ك و هیواو پاشتر پارتی" بەڵام بۆچی خۆیان رانەگەیاندو نەبوونە حیزب؟
مێژووی ئەم دەم و چاوە پیرو موحافیزكارانەی یەكگرتوو هەرگیز 15 ساڵ نییەو لە سەروبەندی پاش كۆتاییهاتنی جەنگی دوەمی جیهانی، ئیخوان خۆی خزاندە عیراق و كوردستان و ویستیان ئەو بۆشاییە فیكریی سیاسییە پڕبكەنەوەو ناسیۆنالیزمی كوردی بەرەو لاوازی بەرن و ئەزموونێكی مەترسیدار لە مۆدێلی شۆرشی میسری و فەلەستینی و عەرەبی بهێننە كوردستان بەڵام نەك بۆیان نەكرا بەڵكو نەشیانتوانی پشتیوانی لە شۆرشی كوردی بكەن و خۆیان خستە سوڕی متبوون و بە بانگەوازو رێكخستن و بازنە خێزانیەكانەوە خۆیان سەرگەرمكرد دوور لە كاری سیاسی و تەنانەت باوەریان بە خۆپیشاندانێكی جەماوەریش نەبوو، یەكێك لەو برا كۆنانەی ناو یەكگرتوو ئەم لاوازی و سستیەی برا كوردەكانی لەوكاتەدا بۆفاكتەری عەرەبی و بریاری برایانی عەرەبی میسر گەراندەوە.
یەكێك لە دارێژەرانی بیری ئیخوان لە هەڵەبجە، ئەو مەلایەی خۆی بەبارزانیدا تەقاندەوە.
مامۆستا عەبدوللەتیف بامۆكی پەرلەمانتاری خانەنشین و نوسەر لەم بارەیەوە ئەڵێت: من ئەوكاتە لەمزگەوتی ئەحمەدی ئەمخوێند وەك فەقێ لە ساڵی 1954 دا كاتێكم زانی بانگیانكردین و كۆیانكردینەوە كە چەند میوانێكی بەغداد هاتوون بمانبینن ئەوانیش "ئەمجەد زەهاوی و محمد محمود سەواف و عبدالوهاب ئەعزەمی" بوون كە ئەمەی سێهەمیان پاشتر پیاوی عەبدولسەلام عارف و خێروڵا تولفاح بوو ئەومەلا بەكرێگیراوەبوو كەلەگەڵ كۆمەڵێك مەلای دیكە بە جلی مەلایەتییەوە خۆیان "تی ئێن تی" رێژ كردو خۆیان تەقاندەوە لەناو بارەگای مەلا مستەفا بارزانی رەحمەتی و ویستیان بارزانی لە 1973 لە حاجی ئۆمەران تیرۆر بكەن، بەڵام خۆشبەختانە كارەكەیان سەری نەگرت و تەنها بە كوشتنی خۆیان كۆتایی هات، ئیخوانەكانی عیراق كە هاتن بۆ هەڵەبجە خەڵكی وەهاشیان تێدابوو، كە توندرەوو رەگەزپەرست، كە لەژێر ناوو پەرچەمی كۆمەڵەی رزگاری فەلەستین و تەوعیەی ئاینی و ئیرشادات و تەنزیمات لە مزگەوتی پاشاو كانی عاشقان فەقێ و پیاوە ئاینیەكانیان كۆكردەوە تاوەكو كۆنترۆڵ و تەنزیمیان بكەن بەرەو رەوتێكی تەنزیمی فیكری ئیخوانی لە هەڵەبجە كە یەكگرتوو بەرهەمی ئەو رەوتەیە، چونكە ئەو وەختە جگە لە هەڵەبجە لە هیچ شارێكی دیكە پێشوازیان لێ نەكرا، ئەوانەی كە ئامادە بوون لە مەلاكانی هەڵەبجە وەك (مەلا ساڵحی تریفە و مەلا عوسمان عەبدولعەزیزو مەلا عومەری برای و مەلا محمد بهادین باوكی مامۆستا سەلاحەدین محمد بهائەدین كە ئێستا ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامیە) لە فەقێكانیش (شێخ عزیز پارەزانی و عومەر ریشاویی و مستەفا پێنجوێنی و عەلی كۆكۆیی و عەلی عەبدولعەزیزو سدیق عەبدولعەزیزی برای) پاشان ساڵی 1959 بەدواوە هەندێ مامۆستاو روناكبیریشیان هاتەناوو هاتنە ریزی تەنزیم وەك مامۆستا جەعفەرو لە خەڵكە سادەو فەلاحەكەش خەڵكیان كۆكردەوە وەك (عەبدوڵای هەسەن لە پریس و حەمەی ئاخەوەیس و میر عەبدوڵا لە كانی توو)
شۆرش و هەستی شۆرشگێڕی لای یەكگرتوو؟ دیارە پێشتر لەم بەروارەو لە سەرەتای چلەكاندا ئیخوان وەك بزوتنەوەیەكی رادیكاڵی دەعەوی و پەروەردەیی هاتبونە عیراق كە م.ئەمجەد زەهاوی وەك رابەرو م محمدسەواف جێگری رابەر دەستنیشانكراون بۆ كار، لە پەنجاكانیشدا بیرو فەلسەفەی ئیخوان لەژێرناوی (جمعیە الانقاژ فلسگین) هێنرا بۆ كوردستان بەتایبەتی ناوچەی هەڵەبجەو هەندێ رەمزی ئاینییان بۆ ئەو ئەركە دەستنیشانكرد وەك مەلا ساڵحی گەورەو م. عوسمان عەبدولعەزیز، كە بە حەقیقەت دەیانتوانی شۆرشێكی چەكدارو بە دیسپلین بۆ كورد دروست بكەن و هاوشانی شۆرشی كوردی بجەنگن، وەك چۆن شۆرشەكانی شێخ سەعیدی پیران و عوبەیدوڵڵای نەهری و قازی محمد و سمكۆی شكاك و شێخ مەحمودی حەفید و شێخ عەبدولسەلامی بارزان و چەندین شۆرشی دیكە نەتەوەیی و ئاینی بوون، بەڵام بۆچی ئیخوانەكانی كوردستان شۆرشیان نەكرد، دیارە وەڵامەكەی ئەگەرێتەوە بۆ بیركردنەوەی ئیخوان و بەرگە ناسیۆنالیستیە عەرەبیەكە كە زاڵبوو بەسەر ئەم برایانەداو ترسی لا دروست كردن كە كارێكی وەها مەحاڵەو هێشتا ئەو دەوڵەتە زاڵم و تاغوتە دروست نەبووە تاوەكو جیهاد و شۆرشی لە دژ بگیرێتەبەر، خاڵێك كە زۆر جەوهەرییە لەم رەوتە فیكری و تەنزیمیەی ئیخوان و دواتریش یەكگرتوو، مەسەلەی خۆخواردنەوەیە بۆ كورسی دەسەڵات لەرێگەی جەماوەرەوە نەك چەك، دیارە ئەمەش لەوەهم و خەیاڵ ئەچێت زیاتر نەك واقیع، چونكە وەك "عەلی وەردی" كۆمەڵناسی عیراقی دەڵێ كۆمەڵگاو جەماوەر مەحاڵە بتوانن خۆیان بخەنە بەر ئەو ماندوبوونە و رەوش بگۆرن ئەگەر هێز نەبێت،
ئەم رەوتە دینی و بزاوتە نەرمبڕە گەر بیویستایە لە سەروبەندی عەهدی مەلەكیەت و دەوری قەومیەكان و دەسەڵاتی عارفەكان و سەدام دەیتوانی بە هێزە شاراوەكەیان گۆرانێك بخوڵقێنن، بەڵام شەرم و ترسی برایان نەیهێشت و رێگەیان نەدا ئەم بزاوتە بروسكە بدات و چالاكی بنوێنێ تا ئەوكاتەی وەرچەرخان بەلای شۆرشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979 و چوونە شارەكانی كوردستانی ئێران و ئۆردوگاكان و كاری ئیخوان و بزوتنەوەی جیهادی و چەكداریان لەیەك جوداكردەوەو خۆیان ئۆرگەنایزكرد، تا لە 6/2/1994 و لە سەردەمی ئازادی و نەمانی ترسەكاندا هاتنەوە كوردستان و خۆیان راگەیاند، ئەگەرچی لەودەمەدا ئیخوان هیچ شەرعیەتێكیان نەهێشتەوە بۆ رابەرانی پێشووی رابونە كوردیەكە وەك مامۆستا عوسمان عەبدولعەزیزو براكانی كە دەستیاندایە چەك و بزوتنەوەی چەكداری ئیسلامیان دروستكرد و تا رادەیەك لە پێش راپەریندا ئەم بزوتنەوەیە نەخش و كاریگەرییان گێڕاو تەنانەت لە كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا باشترین رۆڵی راگەیاندنیان گێڕا لە چاو حیزبە كوردیەكانی دیكەو ئیخوانیشدا كە هیچ هەڵوێستێكیان نەبوو، وە بگرە خەریكی كاری دیكە بوون، ئەو نەهج و رەوت و قوتابخانەیەی كە یەكگرتوو كاری لەسەر ئەكرد لە نەهامەتیەكانی كوردیشدا بەحوكمی ئەو مەددە عەرەبیە زاڵە دژ بە كورد خۆیان خستە سووری مت بوون تا هیچ هاوكاریەكی شۆرشی مەلا مستەفای بارزانیش نەكەن لەكاتێكدا دەیانتوانی باشترین هاوكارو پشتیوانی ئەو شۆرشە بن بەتایبەتی لە سەردەمی شۆرشی ئەیلولدا كە ئیتر ئیخوان كادرو مامۆستاو جەماوەری خۆی پەیداكرد، چونكە شۆرشی بارزانیش شۆرشێكی تێكەڵ بوو لە ناسیۆنالیست و ئاینی و سیاسی و دوور بوو لەهەر ئیلحاد و چەپگەرایەك كە دژ بوەستێتەوە لەگەڵ دین و ئاین و ئەخلاقدا، كە هەندێك كەس ئەو دوورە پەرێزییە بۆ ئەو خاڵە ئەگەرێننەوە كە بە رەنگە خاڵێكی لاوازبێت، بۆیە شەرمنی و بێدەنگی یەكگرتوو لەوساوە تا ئێستا هەر جێگای پرسیارە كە قاچێكی ئەوەتا لەناو دامەزراوەكانی حكومەت و قاچەكەی تری بە حساب ئۆپۆزسیۆن، كە ئەم بێدەنگ بوونە خەونی سەدان كادیرو ئەندامی ئەم حیزبەی لە گۆڕناوە، ئەگەرچی یەكگرتووی ئیسلامی هەندێك جار تاكتیكیانە هەوڵ ئەدات توند مامەڵە بكات و چاو ببرێتە دەسەڵات بەڵام بۆی ناكرێت چونكە زەمینەی ئۆپۆزسیۆن لای یەكگرتوو نییەو ئاسەواری كۆنیش لە جەستەی ئەم حیزبەدا هێشتا یاری ئەكات و سایكۆلۆژیاو ئەدەبیاتی ئەم حیزبەى داگیركردووە، لەماوەی ئەو 15 ساڵەش كە یەكگرتوو ناوی لێناوە " ئیعلان" دەیانجار لە لایەن یەكێتی و پارتیەوە روشكێنكراون و خەڵك و ئەندامیان زیندانی كراوەو شەهیدیان داوەو مزگەوتیان بەروودا قوفڵكراوە و بارەگاو تیڤییان داخراوەو سوتێنراوە كەچی نەك هەڵوێستی ستراتیجیان وەرنەگرتووە دواجار بە زەردەخەنەیەكی پارتی و یەكێتی هاوسەنگییان بۆ گەراندونەتەوەو دواجار قبوڵیشیان بووە، دواترین هەوڵی ئیهانەكردنیش ئەو هەوڵكوتانە مەترسیدارەی ئاسایش بوو كە چەند مانگێك لەمەوبەر كردیە سەر ماڵی بەرپرسێكی لقی یەكگرتووی ئیسلامی لە سلێمانی و گرتیان تەنها لەبەر ئەوەی كە لە ماڵەكەیدا دەرس و دەوری قورئان هەبووەو یەكگرتووش پەردەپۆشی كرد!؟
لە عیراقیش بەعس چەندین ماڵوێرانی و سوكایەتی و گرتن و راوەدونانی بەسەر عەرەبە سوننە ئیخوانەكاندا هێناوەو نەیانتوانیوە بچوكترین هەڵوێست دەربڕن، تا حیزبی ئیسلامی عیراقی بە سەرۆكایەتی موحسین عەبدولحەمید و تاریق هاشمی دروست بوو كە ئەوانیش نەیانتوانی گۆرانكاریەكی ئەوتۆ یان كارتەكانی فشاری خۆیان دژی بەعس بەكاربهێنن و تەنها(حوار الفنادق) یان لە ووڵاتانی دەوروبەر هەڵبژارد لە بری (حرب البنادق) ئێستاش یەكێتی و پارتی بەپێدانی چەند ئیمتیازێكی فریودەر توانیویانە رۆحی دەعەوی و جیهاد لە یەكگرتوودا هەر بە پرەنسیپی ئیمتیازدان و (حوار الفنادق) بكوژن و كوێری بكەنەوەو ئەو چەمكەش كە ناوی ریفۆرم و ئۆپۆزسیۆنە لای یەكگرتوو هەڵوەشێننەوە، یەكگرتوو لەو 15 ساڵەدا كە هەمیشە خۆی بە ئۆپۆزسیۆن و نەهێشتنی گەندەڵی ئەزانی بە چەند كورسیەك لە خاچیاندان و ئێستا زۆرێك لە ئەندامانی سەركردایەتی یەكگرتوو نەك هەر بیریان ناچێ بەلای كاری ریفۆرم و نەهێشتنی گەندەڵیدا بەڵكو خۆیان بوونەتە بەشێك لەوگەندەڵیەو لەبری دەرخستنی راستیەكان سەرگەرمی ژیان و بازرگانی خۆیانن و توند دەستیانگرتووە بە گوریسی ئەو حیزبایەتیە بێ كێشەو سەرئێشەیەی كە لەسەری راهاتوون و تەنانەت وازیان لە مەوعیزە ئاگرینەكانی جارانیش هێناوەو لە وەرگرتنی هەڵوێستیشدا یەكگرتوو بەرەو لاوازی چووەو خۆپارێزی زۆر ئەكات لەم بارەیەوە، بۆ نمونە رەمزێكی ئاینی و ووتاربێژێكی كاریگەری وەك مامۆستا مەلا عوزێر ئەگەر ساڵانی پێش بارگاوی بوونی یەكگرتوو بە حكومەت و وەرگرتنی وەزیر، یەكێتی و ئەوقافیەكان دەریان بكردایەو نانبراویان بكردایە، ئەوا بۆ تەبلیغات و ریكلامی حیزبی و خۆ نواندن ئەیانكرد بە هەڵاو دنیایان تێ ئەگەیاند كە ئەها عەلمانیەكان غەدر لە ئیسلامیەكان ئەكەن؟! بەڵام چونكە یەكگرتوو ئێستا خۆی حكومەتەو ئیمتیازو وەزیری هەیە ناتوانێ هیچ هەڵوێستێك دەرببڕێت تەنانەت لە داخستنی مزگەوتەكان و گرتنی كادیرانیشیان لە ماڵەكانیاندا، ئاخر ساڵ بەساڵ ئەم رۆحی بەرگری و خۆرەتاندنە لای یەكگرتوو كاڵ دەبێتەوە تا ئەگات بە دۆخی سفر، (ئارام، ع) پێشتر كادرو ئەندامی لقێكی یەكگرتوو بووەو ئێستا وازی هێناوە ئەڵێت، " من بەرپرسێكی حیزبیم هەبوو كە سەری زمان و بنی زمانی جیهادی نەرم و ئیێلاح و بۆ خواسوڵحان و نەفرەتكردن بوو لەحكومەت و دامەزراوەكان و یەكێتی و پارتی، كەچی ئێستا بە سەیارەی رەقەم شینی وەزارەتی ناوخۆوە ئەسوڕێتەوە، دەعوەو مەوعیزەو ململانێی ئەسڵەن بیرنەماوە؟!
پاش رووداوەكەی دهۆك و زاخۆش كە پارتی دیموكراتی كوردستان هێنای بەسەر یەكگرتووی ئیسلامیداو مەڵبەندیان سوتاندن و چەند كادرێكیان شەهیدكردن، دیارە دەبوو یەكگرتوو بۆ ئەمە هەڵوێستی جەسورانەو ئازایانەی هەبێت نەك جارێكی دیكە باوەشكردنەوە بۆ وەرگرتنی هەندێ پۆستی لاوازی حكومی و دەمچەوركەر و بە پۆلیسكردنی كادران و ئەندامانی یەكگرتوو لە حكومەت، تەنانەت دوای ئەو كارەساتەش فازیل میرانی سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان هەرەشەی لەم حیزبە كرد و پاش دەركردنی بەیاننامەی نارەزایەتی یەكگرتوو بەرانبەر بەو كارەساتە، ووتی ئومێدەوارین بەیاننامەكەی یەكگرتوو لەسەر رووداوەكەی دهۆك پەرچەكردار بێت نەك هەڵوێستگرتن!؟ كە ئەم قسەیە بۆ ئەوكاتە ناسكە جۆرێكی تری هەرەشەی پارتیانە بوو لە برایانی یەكگرتوو، كاتی خۆی هەندێ چاودێر ووتیان ئەم هەرەشانە بایی ئەوەندە سەنگی هەیە كە یەكگرتوو پاشەكشە لە كابینە حكومیەكەی پارتی بكات و بەڵام نەیكرد كە ئەمە جەوهەری گۆرانكاریەكی رادیكاڵیانەو شۆرشگێرانەی مەدەنیانە بوو دژی پارتی و هەر حیزبێك گەر بیەوێت بە چەك دەمكوتی نەیارەكانی بكات بەڵام یەكگرتوو نەیكردو خۆشی پێ لاواز كرد، یەكگرتوو دیارە ئەیزانی كە زەرەرمەندو دۆراوەو نەیدەویست لەوە زیاتر بكەوێت، كە ئەمە بۆ خۆی سیاسەت بوو وەلێ سیاسەتێكی ترسئامێزانەی شەرمنانە لەسەر حسابی گوشینی تورەیی و لەباربردنی هەستی ركابەری و بەرگری لە ناخی كادرەكانی یەكگرتوودا بەرانبەر هێزە عەلمانیەكان.
كۆنگرە بۆ مانەوەی حیزب وەك خۆی نەك بۆ گۆرانكاری؟
لە كۆنگرەی پێنجەمی یەكگرتوو لە 2008 باس لە گۆرانكاری گوتارو رەخنەو ئۆپۆزسیۆن و ململانێ ئەكرێت بێ ئەوەی پەیرەوی لێ بكرێت، دیارە یەكگرتوو ئێستا نایەوێت قسەیەك لە گوڵ كاڵتر بە حیزبە دەسەڵاتدارەكان بوترێت، ئەمەش هەڵوێستێكی لەرزۆكە بۆ مانەوەی سەنگی یەكگرتوو لە حكومەت و پەرلەمان نەك بیرتیژی و ئایندەبینی و حیكمەتی حیزبی؟! ئیدی كێش بریندارو شەهید ئەبێت و ئەگیرێت ئەوە قەدەری خواییەو بەداخەوە پاش ئەو كارەساتەی دهۆك یەكگرتوو دەست پان ئەكاتەوە بۆ چەند ملیۆن دۆلارێ لە حەقی خوێنی برایانی شەهیدی بادینان، ئائەمەیە كە یەكگرتوو لە حیزبەوە ئەكاتە كۆیلەی دەسەڵات و لە بەرهەڵستكاریشەوە ئەیكاتە شەریك حوكم!! ئەگەری ئۆپۆزیسۆنیش تابێت كاڵتر ئەبێتەوە لەم حیزبەدا و پێش ئەوەی ببێتە ئەو هێزە ئومێدبەخشەی وەك ئۆپۆزسیۆن و لە بەرەی خەڵكی رەش و رووت دەربكەوێت كەچی ئۆپۆزسیۆن بوون و خەسڵەتی شۆرشگێری وون دەكات و دەچێتە پەنای دەسەڵات و پەرلەمانی گوێرایەڵی حیزب، شتێكیش بدۆرێت و وون بێت بە بڕوای من نایەتەوەو مەحاڵە، یەكێك لە كادرە كۆنەكانی ئیخوان لە سلێمانی ئەوەی ووت "یەكگرتووش خاڵی نییە لە تەكەتول و ناعەدالەتی و دەیان ئەندام بە تەوسیات ئەبنە ئەندام كۆنگرەو دەنگیش ئەهێنن بۆ ئەندام شورا، دەیان ئەندامی هەژاریش لە مەڵبەندو لقەكان تێناپەرن و رێگەی ئەوەشیان پێ نادرێ بچنە كۆنگرەوەو باجی كۆنگرە بكەن بە سنگیانەوە تا گۆرانكاری لەو بێدەنگی و شەرمنیەی حیزب بكرێ و حیزب بێتە گۆ بەرانبەر بەو هەموو سوكایەتیەی كە دەسەڵات ئەیكات بەرانبەر ئیسلام و موسوڵمانان" ئەم قسەیە راستی زۆری تێدایە چونكە بۆ دوا كۆنگرەی یەكگرتوو، زۆرێك لەو كادرانەی كە بێبەشكراون لە مەڵبەندەكانەوە بپاڵێورێن بۆ كۆنگرە كادری پێشكەوتوی رۆشنبیرو نوسەر بوون و هەر لەبەر ئەوەی خاوەنی زمانی رەخنەو قسەی خۆیان بوون یان هەڵگری خەونی گۆرانكاری بوون بۆ یەكگرتوو بایكۆتكراون لە ئەندامێتی كۆنگرە نەبا لە كۆنگرە قسەیەك بكەن بە دڵی سەركردایەتی و ئەمیندار نەبێ، دیارە ئەمەش شوراو دیموكراسیەتی ئەم حیزبەی لە خاچداوە تا ئاستی توورەبونی زۆرێك لە ئەندامانی "دەرنەچوو، نەپالێوراو، نارازی، سەركەش ، یاخی" و كەسیش خۆی ناكاتە بەر پرس هەروەك ئەو دیاردەیەی كە چەند ساڵێكە ئەیبینین لێشاوێك لە كادری رۆژنامەوان و رۆشنبیری ئەم حیزبە لە ئۆرگانەكانی دەرەوەی یەكگرتوو تەنانەت لە حیزبەكانی دیكە كار ئەكەن و تۆراون لە یەكگرتوو كەچی یەكگرتوو باكی نیە، ئەوەندەی فەقێیەكی بێ پرسیارو بێدەنگ و موتیعی لا پەسەندە ئەوەندە بە خەمی رۆشنبیرەكانیەوە نیە، باشە حیزبێك لەخەمی رۆشنبیرەكانی خۆیدا نەبێت و گوێ نەدات بە وازهێنانیان و تورەبوون و رەخنەكانیان بكاتە تەنەكەی زبڵی مەكتەب سیاسیەوە، ئیدی ئەبێ چ چاوەروانیەك لە خۆشنودی و بەڵێنەكانی هەڵبژاردنی ئەم حیزبە بكەین و خۆیان وەك نەوەی ئۆردوغانی كوردی بناسێنن بۆ هەڵبژاردنی ئایندە كە نزیكە، باشە ئیدی كێ ریفۆرم ئەكات و كێ ئەبێتە دارێژەری سكێچی گۆرانكاری حیزبی ئەگەر ئەم رۆشنبیرانە نەبن؟ تەنانەت لە كۆنگرەی پێنجەمی یەكگرتوو كەسێكی وەك "عەبدولرەحمان سدیق" هەڵگری خەمی گۆران وازی لە ئەندامی م س هێناو پاشەی كرد؟ ئایا پاشەكشەی ئەم كاراكتەرە گەنجە سیاسیە بەراست مایەی گومان و پرسیار نییە؟ دیارە فەزاو ژینگەی ئیشكردن لە ئێستادا لەناو یەكگرتوودا تێك چوەو رەنگە بەكەڵكی رۆشنبیران نەیەت، ئەوە باسی برادەرانی ژیار ناكەم كە چۆن و بە چ شێوەیەك وازیان هێنا لە یەكگرتووی ئیسلامی، مەبەستم نوسەرانی وەك "عەبدولكەریم فەتاح و بەهمەن تاهیر نەریمان و عەلی مستەفاو عەلی زەلمی و ئەكرەم عەنەبی رەحمەتی و ئومێد قەرەداخی كە ئێستا كۆڵەكەیەكی پتەوە لە كوردستانی نوێ و كوردسات، وای لێ هاتووە ئەوەندەی مەلایەك و ئەندام مەڵبەندێكی داعی ئەتوانێ لەو ژینگەیەدا كار بكات و بچێتە كۆنگرەكان و خەونی وەزیری و بە قایمقام بوون و پەرلەمانتاری ببینێ و بە بێدەنگی و شەرمنیشەوە سیاسەت بكات و قسە بكات رۆشنبیرێك و رۆژنامەنوسێكی رەخنەگر ناتوانێت و رێگەی پێ نادرێت بۆ ئەم بوارەو بۆ وەرگرتنی هیچ پۆستێكی حیزبی و سیاسی و پارلەمانی، تەنانەت ئەگەر مەلاش بیت و وەزیفەی رۆشنبیرێك بەجێ بهێنیت و رەخنەگر بیت ئەوا هەر حەرامەو هەر جێت نابێتەوە لە یەكگرتوودا.
[email protected] تێبینی/ ئەم بابەتە شیكارییە لە ژمارە 9 ی گۆڤاری "رێگا" دا بڵاو بۆتەوە. بەهیوام بتوانم لە داهاتوودا لەسەر هەندێ رەهەندی دیكەو هەندێ بەڵگەنامەی مێژوویی درێژە بەم باسە بدەم
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست