کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاتڵیساس و ئابوری هەرێم

Wednesday, 28/07/2010, 12:00


وێنای یەكەم/
شەڕی ناوخۆی یەكێتی و پارتی، 1995 تا رێككەوتننامەی 17 ی ئەیلولی 1998 ی واشنتن، كوشتارگەیەكی زۆر، وێرانسازیەكی بێ وێنە، ئابوریەكی لاوازو كەمخوێن، سوكایەتی بە لاوانی كوردو چوونیان بۆ توركیاو سنورداشكردنەوەو برسێتی و نەبوونی كارو هاتنە ناوەوەی سوپای میلیتاریزمی پڕ تفاقی تورك و لێدان لە بارەگاكانی پەكەكەو پیرۆزیەكانی كورد، ئەگێڕنەوە كە جەنراڵی تورك هەبووە رێنمایی داوە كە هەر كوردێكتان بینی بیكوژن بەبێ جیاوازی پەكەكەو ئاپۆ یان حیزبەكەی بارزانی و تاڵەبانی، وێنایەكی سەختە، تورك بەو سیستمە بیری ئەكردەوە كە كورد بیرنەكاتەوەو ویلایەتی موسڵ و كەركوكمان لە بیر بباتەوە، تەماعێكی شۆڤێنسیتانەی پەرگیری لەرادە بەدەر، هەستێكی مەغرورانە ئامادەیی هەبوو لای توركان بەرانبەر بەو ئیدارە دەڵەمەیەی كورد، كەڵبەگەلێك گیر بوو لە خاكێكی بێ ئاڵاو بێ ووڵات و دەوڵەت، لێ ئەوكات خۆشترین هۆشیاری نەتەوەیی هاتە بەرگوێ و زیهنیەتمان و بۆیەكەمجار وەڵامدانەوەیەكی پۆزەتیڤمان نواند و میدیاكانمان موزیكی توركییان ماوەیەك بایكۆت كردو خەڵكیش رووی نەبوو وەك جاران گوێبیستی تاتڵیساس و ماڤی و بێریڤان و ئێرسۆی و ئیمرا بێت، ئایا ئەوكات تاتڵیساسی هونەرمەندی تورك و یارمەتیدەری هەژاران لە كوێ بوو بۆ راوەستانی دەنگی تفەنگ و تۆپ و تانكە لەیزەریەكانی تورك؟ تاتڵیساسی كوردی ئورفەی باكوری كوردستان كە هەرگیز شانازی بە كوردبونی خۆیەوە ناكات ئەو كات چۆن لەم وێنەیەی باشووری كوردستانی ئەروانی؟
وێنای دووەم/
كوردستانێكی ئارام و ئابوریەكی تارادەیەك باش و هاوسەنگ و بوونی ئاسایش و ئارامی، بوونی حكومەت و پەرلەمان و وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریەكی خێرا، تاتڵیساس وەك تورك نەك كورد دێت و بەهەشتێكمان بۆ دروست دەكات و شمەك و پێداویستی كارەبایی ئەباتە گوند گەلێك كە رەنگە هەر كارەباشیان نەبێ یان بایی ئەوەندە ژووریان نەبێ تاوەكو ئەو كەرەستانە دابنێن تیایدا، ئێمە ئەم وێنای دووەمە ئەبینین، بیر ئەكەینەوە تا وێنای یەكەمیش ببینین، نابێ وێناكانی رابردوو فەرامۆش بكەین، ئەم وێنایە راستە وێنای جەنگ و خوێن نییە و هەڵگری بەرگی ئاشتەواییە، لێ وێنایەكی سەختە بۆ بە فریشتەكردنی تورك و سیاسەتی عوسمانیە نوێكان و ئاكەپەییەكان"دادو گەشەپێدان" وێنای دروێنەی ئابوورییەكی بەلاشە لەسەر خاكی ئەو كوردستانەی كە بەردەوام لەبەردەم نەشتەری جەنراڵەكانی توركیادایە، وێنایەكە بۆ تەقەدان لە دڵی تاك و مرۆڤی سادەی كورد وەك ریكلام تا شەرعیەت بدات بە ماشینەوەی ئەو پارەیەی كە لە دروستكردنی باڵەخانەكانی بەهەشتی تاتڵیساسدا وەچنگ دەكەوێ، بیزنس عەیب نییە بەڵام پرسیاریش رەوایەتی خۆی هەیە، ئایا رەوشی ژیانی شارو لادێ باكوریەكانی لای تاتڵیساس، نمونەی ئورفەو جەزیرەو بۆتان و ماردین و گوندەكانی دەوروبەری باشترن لە كوردستانی باشوور؟ ئەرێ خێرە ئەو هەموو دڵسۆزیە بۆ ئێمەو لەم كاتەدا؟ چما ئەو خێرو سەدەقەیە ئەوان ناگرێتەوە كە هاونیشتیمانی خۆشیانن، خۆ ئەوانیش هەر كوردن و هەژارن و پێویستیان بە یارمەتی و دروستكردنی دەشتی بەهەشت هەیە؟ یان بیزنسمان و هونەرمەندێكی ئێمە ئەتوانێ لە ئورفە یان ماردین هەمان كاری تاتڵیساس بكات؟
بەهیواین هەموو دەستێكی وەبەرهێن و تەلارسازو بیزنسمان، بێن لە كوردستان سەرمایە گوزاری خۆیان بكەن و بەخێربێن و رق بە ئەڤین ئەگۆڕینەوە، لێ گرنگە حكومەت ئاگای لە كەرتی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی خۆی و هەست و كولتوری نشتیمانپەروەری و پیرۆزیەكانی نەتەوەو تاكەكانی بێت و بە كۆمەڵێك ریكلام هەستمان بریندار نەكەن كە گوایە خێرمان پێدەكەن، چونكە بیزنس بیزنسە و هیچی تر.
[email protected]

* لە رۆژنامەی هاوڵاتی ژمارە 649 دا بڵاو بۆتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە