کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەنگ بدەن بە جولەكە؟!

Tuesday, 05/05/2009, 12:00


هەندێ رۆژنامەنوس و روناكبیر لە پەراوێزی ململانێ سیاسیەكاندا بوونەتە ستوننوس بەدەست پیاوە پیرەكانەوە و حیزب چی بڵێت ئەمان بە زیادەوە ئەیهۆننەوەو دەرخواردی خوێنەری كوردی ئەدەن، هەر تەفسیرێك ناشیرین بێت دای ئەتاشن بۆ لیستە سەربەخۆكان، ئەم تایپە وەك چۆن كاتی خۆی هەزاران گەنجیان بەرەو تونی مەرگ برد لە شەری ناوخۆداو ناویشیان نا شەری پیرۆزو رقی پیرۆز و هەرچی زاراوەی فاشیانەو قێزەون بوو خستیانە قاموسی رۆژنامەگەری كوردی و ئێستاش دەستیان داوەتەوە هەمان كاسپی، هەر ئەم تایپە لە رۆژنامەنوس لە هەڵبژاردنەكانی 2005 یشدا كە ئەوكات لیستێكی ركابەری سەربەخۆ نەبوو جگە لە لیستی یەكگرتووی ئیسلامی نەبێ هاتن بەسەروگوێلاكی ئەم حیزبەشداو خستنیانە بەر رێژنەی تۆمەت، وەك چۆن ئێستاش ئەیانەوێت خەڵكی سڵ لە لیستی گۆران و ئیسلامی و هیواو ئەوانی دی بكاتەوە، پێیان وایە كاراكتەرێكی وەكو "نەوشیروان مستەفا" خۆی حاكمی دوێنێ بووبێت لە حیزبدا چۆن ریفۆرم و گۆرانی پێدەكرێ؟ سەیرە.. ئەی باشە حاكمەكانی پێرێ كە هەر لەناو دۆخە وەستاوەكەدا ماونەتەوە چۆن گۆران ئەكەن؟ ئەی كێ گۆران ئەكات بۆ پێمان ناڵێن؟ ئەی باشە خەڵك باوەر بە كێ بكات ئێوە دێن هاورێ و دۆستەكانی خۆتان و مونەزیرو دامەزرێنەری حیزب ئەكەنە دوژمن لە ئێمە، ئیسلامیەكان ئەكەن بە پیاوی بێگانە، پەكەكە بە تیرۆریست، پەژاك و پارتی چارەسەری بە نۆكەر، كۆمەڵ بە رەجعی، میدیای سەربەخۆ بە جاسوس، تو ویژدانتان ئەمە شەڕی بەرژەوەندییە یان خەڵك چەواشەكردن؟ دەباشە دەنگ بدەین بە لیستی جولەكە پێتان خۆشە؟ بەڵام با بزانین كێ جولەكەو كێ حەماسە پێمان بڵێن؟ ئەم تایپە لە رۆژنامەنوسی ئایدۆلۆژی "جگە لە هەندێكیان كە نایانەوێت كێبركێكە سەربكێشێت بەرەو توندوتیژی خوێناوی" بەداخەوە بە جۆرێكی تاریك كار ئەكەن و تەنانەت هەندێكیان كە كاراكتەری حكومین بوونەتە دەهۆڵكوتی ئەم دۆخە، حیزب هەڵگری چ جۆرە رقێك بێت خێرا ناوی ئەنێن رقی پیرۆز، حیزب گەندەڵی ئەكات ئاسایی ئەكەنەوە لە بەرچاومان و بە دیاردەیەكی كۆسمۆپلیتی دەناسێنن، قۆرخكاری 18 ساڵ بۆ دوو حیزب ئەشوبهێنن بە دوو حیزبی كۆماری و دیموكراتی لە ئەمریكا بەبێ ئەوەی بزانن لەوێندەر وەزیر هەیە هەژارە و سەرۆكەكان حساب بۆ خواردنی گەورەو بچوكی پیتزایەك ئەكەن، لێرەش هەڵە ئەكەن و نەتەوەیەك لە لێواری مەرگ نزیك ئەكەنەوە كەچی بۆیان ئەپۆشن بە سیاسەت و تاكتیكی مەرحەلی، ئێستا دەنگدەری كوردی گەشتۆتە حاڵەتێكی هۆشیار كە هەموو سیناریۆكان شارەزا بووە ئەوەی دەیەوێت ئەو شەڕە جنێوو تەشهیرو زمانە نالۆژیكیە نییە، بەڵكو خوازیاری گۆرانكارییە لە سیستمی حوكم و بەهەدەرنەدانی سامانی گشتی و شەفافیەت لە داهاتەكانداو چاككردنی بارودۆخی كارەباو ئاوو خزمەتگوزاری جادەو پارك و ئازادی رۆژنامەگەری و یەكەی نیشتەنی و هاوردەكردنی خواردنی پڕكوالیتی نەك ئێكسپایەر، دەنگدەری ئێستا دەنگدەرەكانی رابردوو نین كە بە شۆرش و سەروەری شاخ و میلۆدیەكانی جەنگ سەرمەستیان بكەن و دواجار هیچیان بۆ نەكەن، دەنگدەری كورد نایەوێت بە ڕقەوە مێژووی خەڵك هەڵبدەنەوەو ئەوانی تریان بۆ پێناسە بكەن، خۆتان پێناسە بكەن خۆتان، چین و چی تازەتان پێیە، چونكە خەڵكیش مێژووی ئێوەی لە بەردەستە؟!
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە