ستایشكردنی دەسەڵات ئیشی ئێمە نیە؟
Tuesday, 19/01/2010, 12:00
زۆرجار دەسەڵات لە رێگەی كەناڵەكانی خۆیەوە دەیەوێت بەو شێوەیە تەڵقینمان بدات كە ستایشی حكومەت بكەین و جوانیەكانیش ببینین و هێندە نەوەستین لەسەر رەخنەو گازنداكان، چونكە خۆیان باكیان نیەو لەناو سەڵتەنەت و جوانیەكاندا ژیان ئەگوزەرێنن و هەست بە گەرماو سەرماو بێپارەیی ناكەن ئەخوازن ئێمەش وابین، ئەم حكومەتەی ئێمە هاووڵاتیەكی ئەوێت ستایشی بكات و دەنگی باتێ و بێدەنگ و مات بێت و موچەكەی خۆی وەرگرێت و سەركزبكات، واتە هاووڵاتیەكی پرسیاركەرو رەخنەگری ناوێت، رۆژنامەنوسێكیشی ئەوێت بەردەوام لەپەراوێزی ئایدۆلۆژیاو بەرژەوەندی و غەریزەكانی ئەواندا بنوسێ و ستایش بكات و زمانی چەكوش و رەخنەی جددی بخاتەلاوە، بەردەوام تاوانبارمان ئەكەن بەوەی ئەو جادە قیرو باڵەخانە گەورەو پردو پرۆژانەی ئەوان نابینین كە دروستكراوە لەسەر بودجەی زەبەلاحی هەرێم، كە بە بڕوای ئێمە ئەوە ئەركێكی حكومیەو ناكرێت ئەوەندە بدرێتەوە بەناوچاوی خەڵكدا چونكە ئەگەر جوانیەك هەبێت لەناو هەزاران ناشیرینی و چەوت و چەوێڵی ئەم ووڵاتەدایەو ئەو بەشە تەنها بەشە تەندروست و ساغەكەی جەستەمانەو باسكردنی بۆ دوكتۆرێك هەرگیز لۆژیكی نیە، وەك ئەوە وایە بچینە لای دوكتۆرێك و باسی هیچ نەخۆشیەك نەكەین و پێی بڵێین ساغ و سەلامەتین و لەش ساغیەكەمان بۆ بنوسەو با تۆزێ دەرمان بخۆین ئاخۆ ئەو پزیشكە وەڵامی چی دەبێت بۆمان !؟ ئاخر برادەرینە ئیشی ئەو پزیشكە لێرەدا دەستنیشانكردنی ساغیەكانی جەستە نیە بەڵكو ئیشی ئەو دەستنیشانكردنی ئەو وەرەم و شێرپەنجەو سیل و كەمخوێنی و سەرئێشە بەردەوامانەیە كە جەستەمانی داگیرو كڵۆڵ كردووە، هەزاران روبەر هەیە لەم ووڵاتەدا كە پێویستە كاری لەسەر بكەین بۆ پێشخستن وەك ستراتیجی پەرەپێدانی نیشتیمانی كەچی پەراوێزخراوە، هیچ ووڵاتێك بەقەدەر هەرێمی كوردستان دەوڵەمەند نیە بە كانزا، لێ ئابورییەكەمان وێرانە، ئابووری بەومانایەنا كە بودجەی ساڵانەو قازانجی نەوت و پرۆژە حازربەدەستەكانمان چۆنەو چەندە زۆرەو بانكەكانیان پێ پڕ ئەكەین! یان بە ملیۆنان موچەخۆرمان هەیە لەسەر ئەو بودجەیە كە ئەگەر ئەو بودجەیە نەما ئاخۆ چ هەڵاوسانێكی ئابووری و كارەساتێكی مرۆیی رووئەدات، بەڵكو ئابوری سروشتیانەی كشتوكاڵ و پیشەسازی و كارخانە كە ووڵات لەسەر قاچەكانی خۆی بوەستێنێ و كیلۆیەك گۆشت نەگاتە 15$ لەكاتێكدا لە ووڵاتێكی وەك سۆماڵدا كە ئێمە بەدواكەوتووی ئەزانین تەنها 1دۆلارە، كەواتە بینینی جوانیەكان و ستایشی بێماناو موجامەلەی سەركاغەز، نە ئەم ووڵاتە پێش ئەخات و نە هۆشیاریش دروست دەكات، تەنها ئەتوانێت سیستمێكی دیكتاتۆریانە بخوڵقێنێت كە هێندەی دیكە بەتاڵی و گەندەڵی و نەخۆشیەكانی سەرجەستەمان زیاد بكات و كەسیش نەزانێت بەراست هۆكارەكانی لاوازی و دواكەوتوویی ئەم ووڵاتەی ئێمە بۆچی؟ نەبوونی كارەبا بۆچی؟ هەڵەبجەو سلێمانی قایمقام و پارێزگاریان نیە بۆچی؟ نەمانی چینی ناوەندو گرانی بازاڕو نەبوونی دراوی نیشتیمانی بۆچی؟ قۆرخكردنی بازار بۆ دوسێ سەرمایەدارو هەندێ كۆمپانیای حیزبی بۆچی؟ دواجار بۆچی بەردەوام كێرڤی رەخنەگران بەرەو هەڵكشان دەچێ و كێرڤی ستایشكەرانی دەسەڵاتیش بەرەو داخزان؟
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست