کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەم چەن دێڕەم لە قەندیل نوسی

Tuesday, 24/03/2009, 12:00


زیاد لە جارێك بۆنی رۆحی پاكی شۆرشم كردو هەستم بەر هەستێكی دیكە دەكەوت، لە 22/3/2009 لە هەرێمی میدیاو قەندیل، لە نزیك پردەشاڵ نەورۆزمان پیرۆزكردو لە ئاهەنگێكی ئازادانەو لە ژێر چاودێری ئاسایشی پەكەكەو بێ مۆڵەتخواستن لە یەكێتی و پارتی پەیمان بۆ خاك و نیشتیمان نوێكرایەوە، ئەگەرچی تا ئێستاش یەكێتی و پارتی لە بازگەی رەسمیەوە ناهێڵن رۆژنامەنوسانی كورد بچنە قەندیل، بەڵام عەرەب و فارس و تورك قەیناكات !؟ تا ئێوارەیەكی درەنگ ئەو هەموو كوڕو كچە مەردو رەندانە بە چەند شێوەزارێكی جیاوازی كوردیانەوە میوانی قەندیل بوون، گۆرانی و سرودو نەشئەی سەركەوتن بۆ قەندیل و گەریلاو شۆڕشی كورد وەك كۆرس ئەوترایەوە، كێ هەیە كوردبێ و دڵی بەو هەرێمە خۆش نەبێ و كوردبێ و شانازی بە داستانەكانی زاپ و ئۆرامارەوە نەكات؟ كێ هەیە تەوارەكانی گەریلای كچ و شۆرشڤانەكانی ئەو كوێستانە ببینێ و هەستی كورد بوون و گریان دای نەگرێ؟ ئەوان زۆربەیان خاكی و كوری كوردو چەلەنگی شاخ بوون، خۆیان جیانەدەكردەوە لە ئێمەی باشووری، جیاوازی بەدی نەئەكرا لە نێوان هیچ پارچەیەكدا، بەدڵ بۆیەكەم جار نەورۆزم لە هەر چوار پارچەی كوردستان پیرۆزكرد، میوانی پارتی چارەسەری بووم و لەگەڵ ستافێك رۆژنامەوان و رێكخراوی چاودێری كوردۆساید "چاك" بەشداربووم، بە راستی كوردانی هەر چوارپارچە لە وێ بوون، بە دوكتۆرە میدیاشەوە ناسراو بە میدیا ئەڵمان كە بە رەگەز ئەڵمانیەو پیشەی پزیشكەو رۆح سووكانە نزیكەی 10 ساڵە خزمەتی گەریلاو بریندارانی ئەو دەڤەرە كوردییە ئەكات و دەیان بیانی وەك ئەو لە بوارە جوابەجۆرەكاندا میوانی قەندیلن و تێكەڵ بە شۆرشی كوردی بوون،
ئەوەی كە زۆر مایەی خۆشنودی ئێمە بوو كە لە باشووری كوردستان نییەو نەمان بینیوە ئەوەبوو كە هەندێ لە گەریلا بەرپرسەكانی كۆماجڤاكێن كوردستان(pkk) و ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی بەبێ پاسەوان و پرسگە زۆر خاكیانە ئەبینران و وێنەیان لەگەڵدا ئەگیراو هاتووچۆیان بوو بەناو میوانەكاندا و بە ئاسانی قسەیان لەتەكدا ئەكراو لێدوان و زانیاری و ژمارەی مۆبایلیان لێ وەردەگیرا كە ئەمە بۆ ئێمەی رۆژنامەنووس گرنگ بوو من دەستكەوتم 3 ژمارە مۆبایل بوو كە بۆ راپۆرتەكانم گەلێ گرنگە، ئەوێ بەراستی شیرینە و پرە لە رۆحی گەریلا و هەستی كوردبوون و دەورە دراوە بە پاسداری ئێرانی و جەندرمەو ژیتەمی تورك و پاسەوانی سنور و پێشمەرگەكانی باشوور، نەتەوەی كوردو شۆڕشگێرەكانی هەر چوارپارچە نزیكەی 30 ساڵە لەوێندەر ناسنامەی كوردی ئەچنن و بەرگری ئەكەن، قەندیل گەلێ گوزارشتی چێژدارو رۆحانی و سلوكیانەی هەیە بۆ نەتەوەیەكی بێ كیان و بێدەوڵەتی وەكو كورد بەڵام دیارترین گوزارشت رەنگە ئەوەبێت كە قەندیل كۆماری سەربەخۆی كوردەو هەر شۆرشگێرێك سەرەك كۆمارە لەوێ و خەونی دەوڵەتی كوردیش تاڵەبانی گوتەنی خەونی شاعیرانە نیە بەڵكو خەونی شاخ و نیشتیمان و خەونی راستەقینەی هەموو كوردە، من ئەم چەند دێرەم لە قەندیل لەو كوێستانەو لای تاوەرە بەردە سەركەشەكان نوسی بۆ پیرۆزكردنی نەورۆزو خەباتی گەریلایی و شۆرشی باكور، با یەكێتی و پارتیش هەر نەهێڵن رۆژنامەنوسان بچنە قەندیل!
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە