کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەحمەد تورك ئەنكەرەی هەژاند، فەتحوڵا گوڵەنیش هەولێر؟!

Sunday, 01/03/2009, 12:00


دیالۆگ و كۆنفرانسی روناكبیری لە نێوان دوو نەتەوەدا، كارێكی باشەو گرنگە بۆ بەرهەمەكانی ئایندەی بگەرێین، یەكێك لە رەهەندە قوڵ و ستراتیجیەكانی هەر كۆنفرەنسێكی نەتەوەییش رەهەندی سیاسی و ئامادەگی فیكری ناسیۆنالیزمە، لێ لە كۆنفرانسەكەی هەولێردا 15/2/2009 كە لە نێوان توركەكان و كوردەكاندا بەسترا مژار نەكرا، مێژووی دەست سوربوونی تورك و ستەمكاریی ئەم دەوڵەتە دژ بە كورد بە كۆنفرانس جوان نابێ و هەوڵێكی فریودەرانەی سیاسی و نمایشێكی خۆخەڵەتێنەرانەیە، ئەگەر بەنجێكی مەوزوعی نەبێ بۆ پرۆسەیەكی مەترسیدار!! چونكە سەرەتای ساڵی نوێ بوو كە گەورەترین بنكەی "توركی ئەمریكی كوردی" لە هەولێر كرایەوە، لێدان لە بارەگاكانی پەكەكەو تۆپباران و لەشكركێشی و گرتنی سەرۆك ئاپۆو تێوەگلانی ئەرگەنەكۆن لە شەری براكوژی و چەندین كاری سیخوڕانەی دیكە ئەجندای ساڵانی رابردووی توركیایە، ئەوە راسیزم و نەژادپەرستی و پاكتاوی رەگەزی با بوەستێ، ئەم دیالۆگەی هەولێر چەند رۆژێ بڕی نەكردو نەك نەبووە دارێژەری كەشی دیموكراسی و مرۆڤپەروەری بۆ كورد لە توركیا بەڵكو مرەكەبی دەرەنجامەكانی ئەو دیالۆگە هێشتا تەڕ بوو، كەچی توركەكان ئەو دیالۆگەیان رەدكردەوەو نەفرەتیان لە زمانی كوردی و ئایندەكەشی كرد وەك لە كۆنفرانس باسكرا، ئەوكاتەی ئەحمەد تورك سەرۆكی پارتی كۆمەڵگەی دیموكراتی كورد DTP لە 24/2/2009 بەبۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایكەوە لە پەرلەمانی توركیا ووتارە بەناو بانگەكەی خوێندەوە بە توركی، پاشتر 11 خولەك بە كوردی درێژەی بە ووتارەكەی داو ووتی " لەبەر ئەوەی كە ئەمرۆ رۆژی زمانەكانی دایكە ترس لە زمانی دایك دیاردەیەكی دروستكراوەو هێشتا ستەم لەسەر زمانی كوردی هەیەو برواشم بە برایەتی و جوانی زمانەكانی دونیا هەیە بۆیە بە كوردی ئەدوێم" لە پڕ تەلەفزیۆنی رەسمی دەوڵەت TRT3 ووتارەكەی بڕی و بە پۆزشەوە هۆكارەكەی بۆ ئەوە گەراندەوە كە زمانی رەسمی پەرلەمان زمانی توركیەو بۆ هیچ زمانێكی تر نیە قسە بكات تیایدا، لەدوای ئەو هەوڵوێستە نەتەوەییەی ئەحمەد تورك، توركە نەژادپەرستەكان و حیزبە توندرەوەكان و سوپاییەكان ئاگر بەربۆتە دڵیان و بەنیازن رووبەرووی دادگاو سزای بكەنەوە لەبەر ئەوەی چەند ووشەیەكی بە كوردی لە زار هاتۆتە دەرەوە، ئا ئەمەیە گەران بۆ ئایندەو پەرەپێدانی ئاسۆی پەیوەندیەكانی كوردو تورك، كە گوڵەن و نوسەرە توركەكانی میوان لە هەولێر تەنزیراتیان بۆ ئەكردو ئەوانەی خۆشمان باوەریان پێكردبوون، كە هەندێك لەو نوسەرە ستون نوسانە شرۆڤەو شیكاری قەبەو جێنتڵمانیان بۆ ئەو كۆنفرانسە ئەكردوو بە سەرەتای دروست بوونی دەوڵەتی كوردیان ئەزانی و داوای چەككردنی پارتی كرێكارانیشیان ئەكردو وەك سەردەمێكی نوێ وەسفیان ئەكرد، هەندێكیش بە سەردەمی تۆركۆت ئۆزال!!
ئاخۆ ئەبێت ئێستا گروپەكەی فەتحوڵا گولەن چۆن بەڵگە بۆ ئەم فەزاحەتە بهێننەوە؟ ئاخر پلاتفۆرمی نوسەرانی كوردو تورك بە دەستپێشخەری گروپی فەتحوڵا گوڵەنی ئیسلامی میانرەو كە سەر بە قوتابخانەی سەعیدی كوردین، بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیەكانی كوردو تورك هەر لەم مانگەدابوو ویستیان بەبەرنامە توركیامان لێ بكەنە فریادرەس و چەتری مافەكانی كورد، گوڵەن و نوسەران لەو كۆنفرانسەدا بەپێی چ تێزو فەلسەفەیەك گۆرانی و موزیكیان هەڵدا بە باڵای توركیادا، كە عەلمانیەكی توندرەوی دۆگمای تۆتالیتارەو كورد وەك توركی ئاژەڵی شاخ سەیر ئەكات، ئەو توركیایەی رازی نەبوو ووشەی كوردی لە زمانی سەركردەی پارتێكی فەرمی رێپێدراوەوە بێتەدەرەوە، وەك چۆن رازیش نابێ فیشەك لە تفەنگی پارتێكی وەكو پەكەكەوە بێتەدەرەوەو گوڵەن و تاقمەكەی تەنزیراتی بۆ ئەكەن، ئاخۆ ئەگەر هاووڵاتیەكی سادە بە كوردی بئاخڤێ و گۆرانی بڵێ چ زیندان و یاسایەكی فاشی چاوەروانی ئەكات؟ بەراست ئایا ئەو هەڵوێستەی ئەحمەد تورك كە ئەنكەرەو دونیای هەژاند بەقەد سەدان كۆنفرانس كاریگەری نەبوو لەسەر كوردو سیاسەتی توركی، بەپێچەوانەی كۆنفرانسەكەی ئابانت توركی فەتحوڵا گوڵەن لە هەولێر كە هۆڵی كۆنفرانسەكەشی نەهەژاندو كاریگەریەكەی هەفتەیەك بڕی نەكردو بەسەرچوو، تەنانەت لە كوالیتی كۆنترۆڵی توركیاوە نەیانهێشت بچێتە ژوورەوە؟!


[email protected]



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە