ئاغای مسكێن..
Tuesday, 08/12/2009, 12:00
عاشقانی حەقیقەت عاشقانی ئازادیشن كەواتە رۆشتن بەرەو ئازادی رێزگرتنە لەحەقیقەت.
دەشێت زۆرترین ستەم و نادادیی هەڵگرانی بیروباوەری چەواشەو بەناو نوسەران رچەشكێنی بن، بەناوی ووشەو قەڵەم و فیكرەوە تیرۆرت ئەكاو بەراپۆرتەكەی هەڵت ئەواسێ و بەخۆشت نازانیت، ئاغایەو خۆی كردووە بە مسكێن و لەكەمپین و چالاكیە مەدەنیەكان و هەڵوێستە نیشتیمانیەكان هاوكوف و هاوپۆل و هاورێتەو لەپشتەوەش پۆلیسی دەسەڵات و پیاوی رژێمە، بە تیلەی چاو ستایشی دەسەڵات و رەمزە دیارەكان ئەكات وەلێ ئەوە سیاسەتی گۆڤارەكەیەو دیبلۆماسیەتە ناڵێ "پارەوەرگرتنە لە پەناو پاسارەوە" وەلێ بۆیەكێكی تر كوفرو جەریمەیە عەریزەیەك بۆ تەعینات پێشكەش بكات و ئەتكا بە كەژا، من چەند قەڵەمی جاف و سۆفتم هەیە لەماڵەوە ئەو ئەوەندە دەمانچەی تاریق و میكارۆڤی هەیەو پێی دراوە بە هەدیە كەچی ئەو ئێستا نوسەرەو بە ئێمە ئەڵێت كاسب !؟
كەسی تۆتالیتارو دیكتاتۆر لە بنەرەتدا كەسی هۆشیارو دیموكراسخوازو لیبراڵەو دیكتاتۆریش بە دیكتاتۆری لەدایك نەبووە بگرە مەدەنیانەو هێمنانە ژیانی كردووە وەك هیتلەر كە بەرێگەی هەڵبژاردن و دیموكراسی هات و بە دیكتاتۆریەتی سەختەوە بەجێی هێشتین و فیدڵ كاسترۆی هاورێ و هاوسەنگەری گیڤاراش بە شۆرشگێڕی هات و بە دیكتاتۆریەتێكی پیرو نەخۆشەوە ژیان تەواو ئەكات! هیتلەر تاكتیكیانە خزمەتی شیعری ئەكردو لەلایەكیش هەزاران فەیلەسوف و نوخبەی روناكبیری دە كوشت و دەكرد بە مەقسەڵەداو ملیۆنان كتێبیشی سوتاند، سیخورەكانی رۆژنامەگەری كوردیش زۆرن و باش بۆ دەسەڵات كار ئەكەن و ئەبێ بزانن ئەوان چەند لە سجن و جەللادخانە نهێنیەكان شارەزان ئێمەش ئەوەندە شارەزاین كە سیخورن و دەستەكانیان كەشفەو پیاهەڵدانەكانیان بۆ سەرۆكەكان لەهەندێ ووتاردا بەباشی ئەناسرێتەوە كە بۆچی ئەم كارە ئەكەن و لە پێناو چیدا ئەیكەن و كردیشیان، هەندێ نوسەر كە رۆژنامەگەریان وەكو سیاسەتی حیزب و تیجارەت خوێندووە ئەگەر سەدان ووتار بهۆننەوە بەباڵای ئازادی و عەقڵ و رەخنەو حەقیقەتدا بایی قروشێ تەوفیری نیە، عەبدولكەریم سروش ووتەنی عاشقانی حەقیقەت عاشقانی ئازادیشن وەلێ عاشقانی حەقیقەت و پاكی كێن و كێ عاشقی ئازادی و پاكییە، ئایا كەسێك عاشقی شكۆی خۆی و ئیمتیازو كورسی و پلەبێت چۆن ئەتوانێت عاشقی حەقیقەت بێت و بانگەشەی میدیای ئازاد بكات؟ ئەوەی بانگەشەی پاكی و بەرائەتی خۆی ئەكات و خۆی ئەكاتە لیبرالیست و دژە دەسەڵات و لەناو میدیای ئەهلی و سەربەخۆشدا "وكر"و هێلانەی كردووەو كارئەكات رەنگە هەزاران جار خۆی دۆراندبێ و خۆی فرۆشتبێ بە دەسەڵات، بەڵام لێمان تێك نەچێت دوو جۆرخۆفرۆشی هەیە: یەكێكیان خۆفرۆشی بیرو هزرەو لە ژوورە تاریكەكاندا ئەنجام ئەدرێ لەبەرانبەربڕێ پارەو دەستكەوت، ئەوی دیكەش خۆفرۆشیی ئاشكرایە بۆ شكاندنی هەیبەتی رەخنەی جددی و بێبایەخكردنی ئازادی و لێدان لە شكۆی خەڵك و بێئیرادەكردنی نوسەرانی حەقیقەتخواز، ئەمانە هەم عاشقی ساختەن و هەم كەسانێكن دژی بەهاو مۆراڵ و ئازادی، كاریان پشت شكاندن و لەكەداركردنی كەسایەتی هاورێیانی خۆیانن و بەهیچ جۆرێك نابنە رۆژنامەنووس و ئەوانە سیخوڕٍن،مسكێن نین ئاغاو فیوداڵن، ووتارێك یان لێدوانێكی ئەو تایپەش لە شێوەی ئینشادا ناتوانێ شەفاعەتی ئەوەیان بۆ بكات كە سیخوڕ نین تەنها لەبەر ئەوەی كە دژ بە دەسەڵات ئەنوسن، ئاخر دژ بەدەسەڵات نوسینیش هەم لۆژیكی ئەوێت هەم هونەر.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست