کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خەڵات و موجامەلە.. پەتای نزیك بوونەوە لە دەسەڵات *

Tuesday, 04/05/2010, 12:00


هیچ ئەوەندە مەرگەسات نییە كە رۆحی قوربانی، بكرێتە شێوەیەك لە موزایەداتی سیاسی و موجامەلەی شەخسی، دەسەڵات و حیزبی سیاسی ئەم كارە بكات وەكو بانگەشەیەكی سیاسی تەماشا ئەكرێ و دواجار میدیای ئەهلی ئەم سیناریۆیە هەڵدەوەشێنێتەوە، لێ ئەگەر میدیای ئەهلی ئەم كارە بكات كێ هەڵیبوەشێنێتەوە؟
بەداخەوە بۆ لڤین و ئاوێنەو هاوڵاتی كە خەڵاتی سۆرانی مامەحەمە "یان بەخشییە "عیماد ئەحمەد" ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و دەزگای سەردەم" شێركۆ بێكەس" و سەندیكای رۆژنامەنوسان، كە موجامەلەیەكی زۆر سادەو هەرزان بوو بۆ دەسەڵات بەتایبەتی یەكێتی، كە گوایە كاریگەریان هەبووە لە پێشخستنی میدیای ئازاد لە كوردستان بەڵام پێمان ناڵێن كام كاریگەری و كام پێشخستنی میدیا؟! بەڵام لە خەڵاتەكاندا چەندین سەنتەری وەكو میترۆو چاك و رۆژنامەنوسانی بوێرو قەڵەم زبر لەبیردەكەن بەبیانوی ناپرۆفیشناڵیەوە خۆیان ووتەنی.
بەرێز كاك عیماد نەرۆژنامەنوسەو نە داكۆكی مەبدەئیانەشی لە رۆژنامەنوسان كردووە، تەنها بەرپرسێكە باشتر لە بەرپرسەكانی دیكە دەرگای واڵاتر بووە بۆ رۆژنامەنوسان و گفتوگۆ رۆژنامەنوسیەكان، لەكاتێكدا بەردەوام لڤین و ئەو میدیا ئەهلیانە یەكێتی و پارتی بەوە تاوانبار دەكەن كە نەیانتوانیوە بكوژی "سۆرانی مامە حەمە" بدۆزنەوەو بیاندەن بە دادگا، هەمیشە یەكێتی و پارتیش بەو كارە تێوە دەگلێنن، ئاخر ناكرێت لە سەرەوە خەڵاتیان بكەن و كێك و قەنادی بخۆن لەگەڵیان و لە ژێرەوەش شەقام و گۆڤار بوروژێنین لە دژیان، ئایا ئەم میدیایانە بەتایبەتی گۆڤاری لڤین دەیانەوێت دەسەڵات بێ بەری بكەن لەو كوشتنە؟ یان تەنها موجامەلەیەكی سادەیە، یان ئەوەتا ئەم خەڵاتانە ئیرادەی خۆیانی تێدا نەبووەو كەسی دیكەو ئایدۆلۆژیای دیكە وەك مۆتیڤ لە لیژنەكەدا فەرزی كردووەو دەخوازن حیزبێك بكەنە فریشتەو حیزبێكیش بەشەیتان؟ ئەگەر مەسەلەكە پرسی دیالۆگ و سادەیی بەرپرسانە، یان ئەو تۆزە بەرگریە سیناریۆ ئامێزەی بەرپرسانە لە رۆژنامەنووسان ئەوا خۆ لەناو پارتیشدا چەندین بەرپرس هەبوون كە شایان بەو خەڵاتەن و كەچی خەڵاتیش نەكران؟ خۆ ئەوە "نێچیرڤان بارزانی" بوو لەكاتی هەوڵە تیرۆریەكەی "ئەحمەد میرە" راستەوخۆ وەك سەرۆك وەزیران خاكیانە تەلەفۆنی لەشساغی بۆ ناوبراوكردو ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەش لە هیچ سوچێكی لڤینەوە باس نەكرا.
ئەم خەڵاتانە وایكرد ئێمە گومان لە زۆر پرسی میدیای ئەهلی بكەین و بە ئاسانی ئامین بۆ دوعاكانیان نەكەین، كە بەناوی رۆژنامەگەری ئازادو تێكۆشان و شەونخونی و ئەشكەنجەی رۆژنامەنوسە بوێرەكانەوە خەڵات بەخواستی خۆیان ببەخشنەوە بە دەسەڵات و ناوەندەكانی سەربەدەسەڵات، بەتایبەتی خەڵاتی سۆرانی مامە حەمەو دواجاریش بڵێن ئەوە پێوەری ستانداردی جیهانیەو ئایرێكس لێی بەرپرسیارە!
ئەم كارە هیچ نییە جگە لە قۆرخكردنی ناوەندی میدیای ئەهلی بۆ بیرو هزری تۆتالیتاریانەی چەند رۆژنامەنوسێك و گۆڤارێك كە لە زۆرباردا بازرگانی بەمانشێت و مەرگەوە ئەكەن و رۆحی هیچ رۆژنامەنوسێكیان لا گرنگ نیە، ئەگەر مەسەلەكە خەڵاتە خۆ لە چەند ساڵی رابردوودا كەس هێندەی "نەبەز گۆران و سۆران عومەرو رەحمان غەریب و یەحیا بەرزنجی و دڵشاد ئەنوەرو ناسیح عەبدولرەحیم و سەباح عەلی قارەمان و چەندینی تر" ئەشكەنجەو گیرانیان نەبینیوە ئەی بۆ خەڵات نەكران؟ ئایا ئەم رۆژنامەنوسانە ئەوەندەی ئەو كەسایەتیانەی سەربەدەسەڵات خزمەتیان بە رەوشی میدیای ئازاد نەكردووە، یان ئێوەش وەك دەسەڵات دەتانەوێت بیانبوغزێنن.
ئەو یەك دوو خەڵاتە لەناو ئەو 16 خەڵاتەی كە ئەو میدیا ئەهلیانە لە 22/4 ی ئەمساڵدا دایان بە رۆژنامەنوسان، ئەگەرچی ئەرزشەكەی ماددی نییەو رەمزییەو رێزم بۆ خاوەنەكانیان هەیە، بەڵام كارێكی پڕ موجامەلەو نالۆژیكی بوو، پوازو هەوڵێكی خەتەرناك بوو بۆ لاوازكردنی كەیسی تیرۆركردنەكەی "سۆرانی مامە حەمە" و سوكایەتیش بوو بە یادی رۆژنامەگەری كوردی.

* لە گۆڤاری رێگا مەگەزینەوە..


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە