یەكگرتوو، كۆمەڵ و گۆران هەستیارترین دەزگایان بە حیزبیی كرد!
Tuesday, 09/12/2014, 12:00
هاوشانی نوسەران و رۆژنامەنوسان و نوخبەی رۆشنبیری ئەم وڵاتە و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، زۆرترین رەخنەو گازندای هەریەك لە "بزوتنەوەی گۆران و یەكگرتوو كۆمەڵ" لە ساڵانی رابردو بریتی بو لە بەرێوەچونی حیزبیانەی پرۆسەكانی دەنگدان و هەڵبژاردن.
پرسی بە حیزبیكردنی دامودەزگا نیشتیمانیەكانی ئەم وڵاتە لەلایەن یەكێتی و پارتیەوە، ناشاردرێتەوەو یەكێك بووە لە دیاردە نەگەتیڤەكانی بەردەم پرۆسەی ئاوەدانی و مەدەنیەت و دیموكراتیزەكردن، دیارە بە حیزبیكردنی جومگە هەستیارو دەزگاو فەرمانگە رەسمیەكانی ئەم وڵاتە بە پەرلەمان و حكومەت و پێشمەرگەو كەرتی نەوتیشەوە، هەمانكات یەكێك بووە لە گرفتە سەرەكیەكانی خەڵك و رێگربووە لە بەدامەزراوەییكردنی ئەزمونی حوكمرانی كوردیەوە.
زۆرترین رەخنەش بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن ئۆپۆزسیۆن بوو لە رابردو، بەتایبەت قسەكردن لەسەر ساختەكردنی رێكخراو "تەزویری مونەززەم" لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە، ئەم كۆمسیۆنە ئەوەندە قسەی لەبارەوە كرابو، لە قەبارەی لەخۆی گەورەتر و هەندێك جار ئەگەشتە تەخوینی ئەندامانی كۆمسیۆنەكە، نەك لەبەر ئەوەی كاری باشی كردوەو دەستكەوتی باشی هەبووە، بەڵكو بەهۆی ئەو ئەزمونە خراپەی كە هەیبوو لەكاتی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەكاندا و نەیتوانی وەك دامەزراوەیەكی نیشتیمانی چ لە بەغداو شارە عەرەبیەكانی عێراق و چ لە كوردستان و شارە كوردیەكان، ئەدایەكی تەندروست و هاوسەنگ نیشان بدات، ئەمە هۆكارەكەی بریتی بوو لەوەی ئەم كۆمسیۆنە بێلایەن نەبوو، یاساكانی بەدەست حیزبەوە بوو، ئەندامەكانی حیزب داینابوون، كاری ئاشكرای بۆ پارتە سیاسیە باڵادەستەكان ئەكرد.
ئۆپۆزسیۆنیش بە باشی رەخنەی ئەم دیاردەو دەركەوتە خراپەی كرد تا ئاستی جوڵاندنی شەقام و نارەزایەتیەكانی خەڵك، بەتایبەتی "رەشنوسی یاسای كۆمسیۆنەكە لە 2010" زۆر دروشمی بەرزكردەوە تا ئەم وڵاتە بیكەینە وڵاتی دامەزراوەو سەندیكایی، تا كۆمسیۆنێك دروست بكەین سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و بەیەك مەسافە مامەڵە بكات لەگەڵ پارتەكاندا، بەڵێنەكانی پێش هەڵبژاردن، هێشتا زرنگەیان دێ لە گوێماندا، ئەوەندە زۆر بوون بۆ چارەسەری ئەم دۆخە نایەنە هەژماركردن، كەچی" گۆران و یەكگرتوو كۆمەڵ" لە 2/12/2014 بە یاساو لەناو پەرلەمان دەنگیاندا بە كۆمسیۆنێكی حیزبی و بە رەشنوسە كۆنەكە، كە كاتی خۆی رەخنەیان لێی هەبو، لەبری ئەوەی بایكۆتی پەرلەمان بكەن و كار بۆ بە دامەزراوەییكردن و دورخستنەوەی دەستی حیزب بكەن لە كۆمسیۆنەكەدا و هەیمەنەی حیزبی لابەن بەسەر كۆمسیۆنەكەوە خۆشیان بونە شەریكی ساختەكاریەكان و هەیمەنەیان سەپاند بەسەر كۆمسیۆنەكەوە وەك ئەوەی خەڵكی بێلایەن نەبێت لەم وڵاتە پیاوە حیزبیەكانی ئەوان نەبێت؟
ئاخر نەنگی نیە هەر 9 ئەندامەكەی ئەنجومەنی باڵای كۆمسیاری هەڵبژاردنەكان نوێنەری حیزبەكانن، ئەو حیزبانەی كە دوێنی واوەیلایان بوو بۆ دەنگەكانیان و باسی ساختەكاری و بە حیزبیكردنی كۆمسیۆنیان ئەكرد و حیزبیان رەش كرد لەبەرچاومان، ئێستا هەرخۆیان كۆمسیۆنەكە بە حیزبی ئەكەن و كەسیش بۆی نیە قسە بكات، ئیتر چۆن رویان دێت باسی دەوڵەتی دیموكراسی و پارلەمانی و دامەزراوەیی بكەن، یان ئەوانیش فێربون و فێركران ساختەكاری بكە بەڵام بە كەمی و بەپێی قەبارەی دەنگەكانیان و بەپێی رێژەی ئەندامیان لە كۆمسیۆنەكە، ئایا ئەمە دابەشكردنی ساختەكاری نیە بۆ ئایندە.
لەبری ئەوەی ئەم ئۆپۆزسیۆنەی دوێنێ فایلی ساختەكاریەكانیان هەڵدایەتەوەوەو كۆمسیۆنیان بانگێشتی پەرلەمان بكردایە بۆ لێپرسینەوە لە تۆماری هەڵەو ناوی مردوان و دوبارەو ساختەكاری و دزینی دەنگەكانی خەڵك و بە عەسكەركردنی ناوەندەكانی دەنگدان و هەرەشەو چاوسوركردنەوەكان و بێنەو بەردەی حیزب بە سندوقەكانەوە، كەچی خۆیان هاتنە ناو چیرۆكی گەندەڵیەكەوەو سیڤی كاراكتەرە هەرە حیزبیەكانی خۆیان نارد تا ببنە ئەندامی باڵای كۆمسیۆنەكەو ئەمانیش بە باشی كار بكەن بۆ قەڵەوكردنی حیزب، ئەمە رێك هەوڵە بۆ دابەشكاری ساختەكردن بە پلەی ئیمتیاز و بەپێی یاسا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست