کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پاش ده‌ته‌په‌؟!

Friday, 18/12/2009, 12:00


هه‌م دادگای باڵاو هه‌م جه‌نڕاڵ‌‌و سوپاكه‌ی‌و پارتی دادوگه‌شه‌پێدان‌و حیزبه‌كانی دیكه‌ی توركیا، ناخوازن هیچ هێزو ره‌وتێكی كوردی به‌ موخاتب وه‌ربگرن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد، به‌ موخاتب وه‌رنه‌گرتنی هیچ حیزب‌و گروپێكی كوردی، هه‌م خۆپیشاندان‌و توندوتیژیی‌و كوشت‌و كوشتاری وه‌ك ئێستای شاره‌كانی باكوری لێده‌كه‌وێته‌وه‌، هه‌م خه‌باتی چه‌كداریش درێژه‌ پێده‌دات، خوێنبه‌ربونی توركیاش درێژده‌كاته‌وه‌و بونه‌ ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپاش ده‌كاته‌ مه‌حاڵ‌، توركیا له‌ روی فیزیكییه‌وه‌ پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی "ده‌ته‌په‌"ی داخست، به‌ڵام له‌ روی ئیراده‌و واقیعه‌وه‌ گه‌وره‌تری كردو نازناوه‌كه‌ی پڕماناتر كرد بۆ رای گشتیی.

ئه‌م گورزه‌ كه‌ بۆ كوردو ده‌ته‌په‌ خه‌باته‌و چاوه‌ڕوانكراویش بو، به‌ڵام بۆ خودی دیموكراسییه‌ت‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسی‌و ستراتیژییه‌كانی توركیاو ئابورییه‌كه‌ی مایه‌ی زیانه‌و گورزێكی نالۆژیكییه‌و شه‌رعییه‌ت به‌ په‌كه‌كه‌ ده‌دات بۆ خه‌باتی چه‌كداریی توندتر، تاكه‌ حیزبی مه‌ده‌نی‌و بێچه‌كی كورد له‌ ناو توركیا ده‌ته‌په‌ بو، رێبه‌ره‌كه‌شیان ئه‌حمه‌د تورك بو كه‌ له‌ به‌رده‌ستی خۆیان‌و له‌ په‌رله‌مان بو، كه‌ ده‌توانرا دیالۆگی له‌گه‌ڵ‌ بكرێت جیاواز له‌ په‌كه‌كه‌، كه‌ چه‌كدارن‌و له‌ شاخن‌و رێبه‌ره‌كه‌شیان كه‌ سه‌رۆك ئاپۆیه‌ له‌ زیندانی ئیمرالییه‌و توركیا شه‌رمه‌زاره‌‌و ناخوازێ‌ دیالۆگی له‌گه‌ڵ‌ بكات، ئه‌وه‌ی كه‌ به‌باشی ده‌توانرا به‌ موخاتب وه‌ربگیرێت ده‌ته‌په‌ بو، به‌ڵام توركیا عه‌قڵانییه‌تی به‌كارنه‌هێناو ئه‌و ده‌رفه‌ت‌و كاریته‌ سیاسییه‌ی كه‌ هه‌بو له‌نێوان خۆی‌و كوردا پساندی، ره‌نگه‌ به‌م كاره‌ قه‌باره‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ش زۆر به‌رفراوانتربێت‌و رۆحییه‌تی شۆڕشگێڕیشیان باشتر تاوبستێنێ‌ دژی ئه‌و پاكتاوه‌ سیاسییه‌، خه‌شم‌و رقی تاكی كوردیش بێگومان زیاتر ده‌بێت‌و ئارامیی شاره‌ كوردییه‌كانیش به‌ره‌و خراپیی ده‌ڕۆن، دیاره‌ په‌یوه‌ندییه‌كی سیاسی ئه‌وتۆ نییه‌ له‌نێوان حیزبه‌ كوردییه‌كانی باكورو باشوری كوردستانداو هێشتا به‌ ره‌سمیی حیزبێكی ده‌سه‌ڵاتداری كوردی باشور مواجه‌هه‌ی ره‌سمیی ده‌ته‌په‌یان نه‌كردوه‌ له‌ توركیا، به‌ڵام ئه‌حمه‌د تورك، سه‌رۆكی ده‌ته‌په‌ بۆ دوه‌مجار له‌ (15/9/2009) ئازایانه‌ سه‌ردانی باشوری كوردستانی كرده‌وه‌ تاوه‌كو میانه‌و گه‌رموگوڕیی په‌یوه‌ندیی له‌نێوان دو پارچه‌ی دابه‌شكراوی كوردستاندا بره‌وپێبدات به‌ره‌و مژاركردنی پرسی چاره‌سه‌ریانه‌ی دۆزی كورد، به‌ڵام به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرا.

هه‌مومان ده‌زانین په‌یوه‌ندییه‌كی ساردوسڕی سیاسی له‌سه‌ر ئاستی حیزبیی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ خه‌وشه‌و خه‌وشه‌كه‌ش سیاسه‌تی تۆتالیتاریزمی ده‌وڵه‌تیانه‌ی تورك‌و عێراق دایانڕشتوه‌و نه‌ده‌بو كوردو ده‌سه‌ڵاتدارانی باشور ئه‌وه‌نده‌ چاویان كه‌لا بكه‌ن له‌ئاست ئه‌و ساردیانه‌و ئه‌و كێشه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ قوڵانه‌ی باكور، به‌تایبه‌تی پرسی داخستنی ده‌ته‌په‌، ئه‌وه‌ش رونه‌ كه‌ له‌ ئاستی جه‌ماوه‌ری‌و میللیدا ئێمه‌ خاوه‌نی یه‌ك كێشه‌و دۆزی نیشتیمانین‌و ده‌ته‌په‌ش نازناوێكه‌ بۆ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌، كه‌ مه‌حاڵه‌ بشاردرێته‌وه‌و هه‌ر ده‌بێت سبه‌ی موخاتب‌و نوێنه‌رو چاره‌سه‌ركه‌ری كێشه‌ی كوردی باكور بێت، وه‌ك چۆن كوردو ده‌سه‌ڵاتدارانی باشور نایانه‌وێت له‌ به‌غدا كه‌س به‌ناویانه‌وه‌ گفتوگۆو مشتومڕ بكات، ئاواش ده‌ته‌په‌و په‌كه‌كه‌ ده‌خوازن له‌ ئه‌سته‌نبوڵ‌‌و ئه‌نقه‌ره‌و ماردین‌و ئامه‌د خۆیان بڕیارده‌ری چاره‌نوسی خۆیان بن، نه‌ك ئاكه‌په‌، ده‌ته‌په‌ش دیاره‌ نازناوه‌ بۆ دۆزی میلله‌تێك‌و راسته‌ داخستنه‌كه‌ی زیانێكی گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام كۆتایی كورد نییه‌ وه‌ك چۆن داخستنی "په‌چه‌ده‌كه‌، پارتی چاره‌سه‌ر" له‌ كوردستانی باشور له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌و پارتییه‌وه‌ كۆتایی په‌كه‌كه‌ نه‌بو!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە