کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دوژمنەكانی هەڵەبجە؟!

Monday, 23/11/2009, 12:00


"فەلەك زانی كە ئەشكێ رەونەقی بازاری مانگ و خۆر، شكاندی پەنجەكەم تامن نەنوسم وەسفی روخسارت"

هەڵەبجە وەك مەڵبەندێكی روناكبیری و سیاسی و فەرهەنگی یەكێكە لەو شارانەی كە ناوێكی دیارو پێگەیەكی شایستەی هەیە لە پانتایی سیاسەت و فەرهەنگ و ئەدەبیاتی ناوخۆیی و جیهانیداو حیزبی كوردیش تا ئەوپەری توانا سودی ماددی و مەعنەوی و خۆبادانی لێوەرگرت لە شەقامی نێودەوڵەتیدا، هەڵەبجە لە شیعرو بەرهەمهێنانی شاعیران و سومبولی قوربانیانی چەكی كیمیاییدا توانیویەتی ئەو ناوبانگە رەمزی و شیعرییە بۆ خۆی بپچرێت، لە رابردووشدا ببێتە خاوەنی دەیان سومبول و شاعیری كەڵەگەتی وەك نالی ومەولەوی و گۆران و بێكەس و ئەحمەدبەگی موختاربەگی جاف و تاهیربەگی جاف كە ئیلهامی شیعری و دیدگا ئەدەبیەكانی خۆیان لە شارەزوورو هەڵەبجە رەنگرێژكردووە، ئەم شارە شاری نەبوونی و قات و قڕی و بێ قایمقامی و گەندەڵی و ریزكردنی بەرمیلەنەوت و كەلاوەو فزی و گزی نەبووە، شاری راسگۆیی و شەهامەت بوو، ئێمە بریار بوو پارێزگارمان هەبێت نەك قایمقامیش لەدەست بدەین و وەك ئیدارەیەكی لاوازو پەرپوت و ناتەندروست بمێنینەوە، بریار بوو شار بین نەك شاكەلاوە، ئەمە لەسەر سایكۆلۆژیای تاكی هەڵەبجە گەلێ قورسەو گرنگە باش باش لەسەری بوەستین و بۆیە منیش لەم ووتارەدا ئەوەستم لەسەری،
كێ دوژمنی هەڵەبجەیە؟ شاعیرێكی خۆشەویستی وەك مامۆستا ئەحمەد هەردی كە لە هەڵەبجە مامۆستایی كردووە یەكێك لە شیعرە جوانەكانی خۆی لە هەڵەبجەدا گوتووە بە باڵای شۆخ و شەنگێكی وەكو ست فاتیمەدا بەناوی " فاتیمە دوچاوی مەستت پڕ تەلیسمی جوانیە" وەلێ ئێستا نەفاتیمەو نەمەستی چاوەكان و نەجوانی سروشتی نابینیت، شاعیرانی وەك بێكەس و گۆرانیش ئەو ئیلهام و جوانی و نازكیەی شیعرەكانیان زادەی ئەو سروشتە جوانەی هەڵەبجە بووە، ئەوەتا گۆرانی شاعیر لەبەر نازكی و رۆحانیەت و سروتی جوانی ئەم شارە كە تاساڵی 1932 لە هەڵەبجەدا بووە چەندین دەقی شیعری جوانی لەو شارەدا وتوەو لە هەڵەبجەدا ئەم شیعرە دەڵێت" جادە چۆڵ و سێبەر بوو كاتی بەیانی، بەیانی بوو ئەرۆیشتم خەیاڵاوی ئەمروانی" ئێستا نەجادە چۆڵە لەبەر حیزب و پیاوەكانی حیزب و جاسوسەكانیان نە سێبەرێكیش هەیە لەبەر ئیمتیازو گەندەڵیە زۆرەكان و نەبەیانیەكی نوێشمان هەیە تا خەیاڵ بە دیرۆكی جارانی هەڵەبجەوە بكەین، كەواتە هەڵەبجە باچاوەروانی بەیانی و سبەینێ نەبێ كە دەسەڵات شاری بۆ دروستكاتەوە هەڵەبجە هەر خاوەنی دوێنێ و رابردووە بەبێ سبەینێ، چونكە دوێنێ پیاو دروستی ئەكات و سبەینێش هەروەها!! ئێستا وەك گۆران ووتەنی خەیاڵمان نەماوە ئێستا خەیاڵ بەوەوە ئەكەین ئەوە چۆنە بەرێز تاڵەبانی تازە بەتازە لە پلینۆمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا كارەساتی شانزەی سێ ئەخاتە ئەستۆی هاورێ سەركردەكانی خۆی و بەعس و جەللادانی بەعس و ستراتیجی بەعسیزمیش بۆ پاكتاوی رەگەزی كورد لەبیرئەباتەوە لەپێناوی یەكلاییكردنەوەی كێشەكانی حیزبدا؟ ئەی كاتی خۆی بۆچی بە هەڵەبجەییەكان و رای گشتیتان نەوت ئەو كارەساتە سیناریۆیەكی وایەو لەئەستۆی خۆتاندایە با ئەوەندە بەعس و پیاوەكانی بەعسمان نەكردایە بەدوژمنی خۆمان و بمانزانیایە بەراست كێ دوژمنی هەڵەبجەیە؟ بمانزانیایە شۆرشی كوردی بە هەوانتە شۆرشی كردووەو سیستماتیك و ستراتیجیانە نەیكردوەو بە مەرج و موجامەلە شۆرشی هەڵگیرساندووە لەگەڵ بەعسیەكاندا بە مەرجی "ئەگەر بەعس شكا لەهەڵەبجەو دۆراندی پێشمەرگەو پازدار نەیەنە شارەوەو ئەگەر نەشی دۆراندو بردیەوە با هەموو هەڵەبجەییەكان ببنە قوربانی بۆ عەرەب و چاویان دەرئەهات ئەوە سیاسەتەو شۆرش ئەیخوازێت!؟ چ لۆژیكێكە خودایا كارەساتی كیمیاباران بخرێتە ئەستۆی هەڵەیەكی تەكنیكی كەسێك یان دوان ئەوانیش كورد بن.
كێ دوژمنی هەڵەبجەیە؟ تا ئێستا دەسەڵات بیری لەوە نەكردۆتەوە ڤیستیڤاڵێكی گەورەی روناكبیری لە هەڵەبجە سازبكات؟ یان هەر هیچ نەبێت هۆڵێكی وەك هونەرو تەوارو زەردو سەعدو زوبێرو مەعاز یان هۆڵی شەهید فڵان و فڵان بۆ نیە لە هەڵەبجە؟ لەكاتێكدا جاران لەچەندین شاری وەكو سلێمانی و رواندوزو شەقلاواو هەولێرەوە شانۆكاران هاتوون بۆ هەڵەبجە بۆ نمایشی شانۆگەریەكانیان و وەرگرتنی دەقی شانۆیی و چیرۆك لە شاعیران و ئەدیبانی هەڵەبجەو باخی میر كە ئێستاش هەر ئاسەوارەكەی ماوە لە گەرەكی كانی عاشقان و بەردەوام جمەی هاتووە لە گەشتیاران و عاشقان و روناكبیرانی ئەوسەردەمە، وەلێ ئێستا شاعیرانی هەڵەبجە لە هیچ شارێكدا ئەو ئەرزشەشیان نیە، یان حیزب قۆرخی كردوون یان پەراوێز ئەخرێن وەك فیستیفاڵی ئەمساڵی گەلاوێژ15-11-2009 بەتایبەتی ئەمساڵ كە لیژنەی تەقیمی شیعر غەدرێكی گەورەیان لە شاعیرانی هەڵەبجەكرد!؟ خۆش لەوەدا بوو لەكاتی خوێندنەوەی براوەی خەڵاتەكاندا برادەرێك بە مایكەكە ووتی برادەرانی لیژنەی تەقیمی شیعر رۆشتونەتەوە بۆ هەولێرو یەكێكی تریش ووتی چەند سەعاتێكی كەمە دەستنیشانی یەكەم و دووەمەكان كراوەو یەك هەڵەبجەیی و حەوزەی شارەزوور دەستنیشان نەكران بۆ خەڵاتی گەلاوێژ، لەكاتێكدا شایستەی یەكەم و دووەمیشیان هەبوو بە قسەی چەندین روناكبیرو چاودێری فیستیڤاڵ،
ناوندی روناكبیری هەڵەبجەش هاوزەمانی ڤیستیڤاڵی گەلاوێژ فیستیڤاڵی روناكبیری هەڵەبجە ساز ئەكات لە 16و17-11-2009 هیچ حیزب و حكومەت و وەزارەتێك جورئەت ناكات یارمەتیەكیان بدات وا ئەزانن ڤیستیڤاڵەكە لە مەریوان و پاوەیە، بەڵام بۆ گەلاوێژو ئەوانەی دهۆك و هەولێرو سلێمانی بە سەدان ملیۆن دینار لە بودجەی حكومەت و حیزب خەرج ئەكرێت بۆیان و هەڵەبجەییەكانیش بێ بەری ئەكەن لێیان، هەڵەبجەییەكان ئێستا ئەڵێن هەركات ناوی وەزارەتی رۆشنبیری هات با بنوسرێت ناقس هەڵەبجە چونكە لە جوگرافیای وەزارەتی رۆشنبیریدا هەڵەبجە ئەڵقەیەكی وونە، ئەمە جگە لەوەی چەندین چاپخانە بۆ خۆیان تاپۆیەو كتێبێكی هەڵەبجەییەكان بە هەزار حاڵ روناكی چاپ نابینێت و مافیاكانی رۆشنبیری و قەسابەكانی ووشە بە بیانووی نەبوونی رێنمایی و لاوازیی ئەیخەنە لاوە كەواتە كێ دوژمنی هەڵەبجەیە؟!
هەمانكات هەڵەبجە لە رابردوودا كە ئەوەندە گرنگی هەبووە لە رووی ستراتیجی و عیلم و عیرفان و شیعرو ئەدەبەوە بەشێكی پەیوەندی بەوەوە هەبووە كە خاوەنی چەندین بەرەباب و خانەوادەی وەك جاف و گۆران و شێخانی تەریقەتی نەقشبەندی و مەلازادە گەورەكان و چەندین تەكیەو خانەقاو مەزارگای ئاینی و سادات و جێنزرگەی وەك وەیسی قەرەنی بووە كە یەكێكە لە هاوەڵانی پێغەمبەر(دخ)، بوونی ئەو خانەوادەو رەمزە ئاینیانەش لە هەڵەبجە بۆخۆی هەڵەبجەی كردبووە شارێكی گەرم و گوڕ لە بواری مەعریفەو بازرگانی و ئەم فاكتەرەش هاندەربووە بۆ ئەوەی كە هەڵەبجە خەڵكی زۆر رووی تێبكات بەتایبەتی شاعیرانی ئەوسەردەمە كە وەكو مەڵبەندێكی گرنگ لێی بروانن و شەونشینی و مانەوەی بەردەوامی تێدا بكەن، وەلێ ئێستا بەتەحەدداوە بەرپرسێك ناتوانێ شەوێك شەونشینی هەڵەبجە بكات و بمێنێتەوەو وەفدێك داوەتكات بۆ شارەكە بەهۆی نەبوونی هیچ خزمەتگوزاریەكی وەك باڵەخانەی گەورەو شوقەو ئۆتێلی مانەوە، كەواتە دەسەڵات چی كردوە بۆ هەڵەبجە؟ كەسێكی وەكو دوكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح كە ئێستا سەرۆكی كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە كاتی بانگەشەكانی هەڵبژاردنی 2005 دا بەڵێنی یاریگایەكی نێودەوڵەتی بە هەڵەبجەدا وەلێ تا ئێستاش ئاسەواری نییەو وەرزشكاران هەرچاوەرێن؟ ئەمساڵیش دوكتۆر بەرهەم هاتەوە هەڵەبجە بۆ بەپارێزگاكردنی هەڵەبجەو دەبێت چاوەروان بین تا ئەو خەونە دێتەدی؟
یەكێك لەو بنەماڵەگەورانەی كە لە هەڵەبجەدا هەبوون لە سەرەتای سەدەی بیستەم بنەماڵەی وەسمان پاشای جاف و عادیلە خانمە كە قەڵەمرەوی شارەكەیان كردووە لەسەردەمی مەلیك مەحمود و عادیلەخانمیش كە لە ساڵی 1909 وەفاتی كردووەو لە گوندی عەبابەیلێ نێژراوە لە هەڵەبجە، خێزانی وەسمان پاشا بووە وەك شۆرە ژنێك یەكەمین ژنە قایمقام بووە لە عیراقدا كە كاروباری كارگێری و ئابوری و سیاسی هەڵەبجەی لە ئەستۆگرتووە كە ماڵەكەیان ئێستاش ئاسەوارەكەی ماوە و بە ماڵی پاشا ناسراوەو دایكی دوو رەمزی شیعری سەدەی بیستەمە كە ئەوانیش ئەحمەد موختارو تاهیربەگی جاف، وەك تاهیربەگ لە شیعرێكیدا ئەڵێت"فەلەك زانی كە ئەشكێ رەونەقی بازاری مانگ و خۆر، شكاندی پەنجەكەم تامن نەنوسم وەسفی روخسارت" كەچی ئێستا هەڵەبجە قایمقامی نیەو نوێنەرەكانی پەرلەمانیش نوێنەری حیزبین و كەم و كەسری ژوورەكانی مەڵبەندو لق و گۆرینی سەیارەكانیان لاگرنگترە تا شەقام و كەلاوەو فەرمانگەكان، هەڵەبجە ئیتر گرنگە چاو ببرێتە بەغداد، دەكرێت بپرسین ئیتر گرنگە هەڵەبجەییەكان تۆڵەی خۆیان لەدەسەڵات بكەنەوەو بزانن دەنگ بە كێ ئەدەن بۆ پەرلەمانی عیراق و كێ ئەكەنە نوێنەری خۆیان لە بەغداد، گرنگە سوێندیان بدەن بە شەهیدانی شانزەی سێ كە خیانەت و كەمتەرخەمی نەكەن لە باڵای زراڤ و جوان و موقەددەسی هەڵەبجەو كولتوری دوژمنایەتی هەڵەبجە بگۆرن بە كولتوری دۆستایەتی هەڵەبجە، چونكە هەڵەبجەییەكان ئیدی توڕەن لەهەموو بەڵێن و دەنگدان و پرۆسەیەكی حیزبی و دوژمنەكانی خۆی باش ئەناسێت و ئەخوازێت ئیتر دۆست بناسێت دۆست، ئەگەر عەرەبەكانی بەغداش بن قەیدی نیە تەنها پێوەری هەڵەبجە ئەوەیە دۆستی هەبێت و گەورەترین گرفتی هەڵەبجەش دوژمنە زۆرەكانیەتی.
[email protected]
ئەم ووتارە لە ژمارە 579 ی رۆژنامەی هاوڵاتیدا بڵاوكراوەتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە