ئوتورون لوتفەن؟
Tuesday, 15/12/2009, 12:00
ئەنكەرە حیزبێكی كوردی خاوەن دەنگ و قورسایی و خاوەن 98 شارەوانی بە بڕیارێكی دادگای دەستوری دادەخات، بەغداش هێزو سەنگی كوردانی باشوور بەتایبەتی حیزبە دەسەڵاتدارە كوردیەكان كەم ئەكاتەوە، ئەو سیاسەتەی ئەنكەرە ئەمریكاو رۆژئاوا پشتگیری لێئەكەن" چونی ئۆردوگان بۆ ئەمریكا لەمانگی 11/2009 زیندوە لەبەردەستماندا" ئەوەی بەغدای پایتەختیش بێگومان هەر ئەمریكا پشتگیری دەكات " تەلەفۆنەكانی ئۆباماو جۆبایدن بۆ سەركردەكانی كوردو هاتنی رۆبەرت گەیتس وەزیری بەرگری ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان لە مانگی 12/2009 هەمان نمونەی زیندوێتی ئەو پرسەن" كەواتە موئامەرەیەكی هاوشێوەی 74 بۆكورد لەئارادایە یان دووبارە بوونەوەی پەیماننامەی شومی جەزائیر، بەڵام كورد هێشتا واز لە بەرهەمهێنانی گوتاری خۆشنودی و خۆهەڵواسین بەو بەڵێنانەوە ناهێنێ كە نایەنەدی،جیاوازی باكور لەگەڵ باشوور لەوەدایە حیزبەكانی باشوور "یەكێتی و پارتی" خۆیان بە پارێزەری سیستم و حوكمرانی و سەروەری عیراق ئەزانن و خۆشیان لە حوكمدا بە پلەی ئیمتیاز تا سەرۆك كۆمار پشكدارن، بەو حاڵەشەوە گۆڵەكە بە ئۆفسایدیش بێت لەكوردی ئەكەن و رێژەی كورسیەكانی كەم ئەكەنەوە تا لە بریاردا بێكاریگەربن، وەلێ لە باكور پارتی كۆمەڵگای دیموكراتیمان هەیە و ئەحمەد تورك رێبەرایەتی ئەكات،حیزبێكی رەسمی بێچەك كە لە ساڵی 2005 ەوە بەرەسمی دروست بووە، سەیركەن نە لە حوكمدان، نە وەزارەتێكیان هەیە، نە سەرۆك كۆمار، نە بودجەی خەیاڵی، نە خۆشیان بە پارێزەری توركیای كەمالیزم و عوسمانلی ئەزانن، كەچی توركیایان تۆقاندووە، توركیا بە مەنتیقێكی زۆر خراپ دەتەپەی داخست و دەیەوێت كاری مەدەنی نەكەن و گەرەكیەتی چەكیان پێ هەڵبگرێت بەرەو قەندیل و شۆرشی خوێناوی بەردەوام بێت، كەواتە داواكاری بۆ چەكدانانی پەكەكەش سیناریۆیەكی چەوتە، بەوشێوەیەبێت پرۆژەی كرانەوەی دیموكراتی توركیا بۆ دۆزی كوردو تەلەفزیۆنی كوردی لە توركیاو كۆنفرانسی پلاتفۆرمی هاوبەشی نوسەرانی (توركی كوردی)یش 15 بۆ 16 /2/2009 كەلە هەولێر بەسترا، لە چوارچێوەی هەمان سیناریۆی عەسكەرو سیستمی كەمالیزمی توركیدان، كەواتە گشت هەوڵەكان سیناریۆن بۆ كەمكردنەوەو لەناوبردنی كوردو سرینەوەی شوناسی كوردی و پاكتاوی رەگەزی، پێویستە لەمەودوا كورد بزانێت چۆن سیاسەت ئەكات و بە هەموو ئاوازێك هەڵنەپەرێت، ئاخۆ ئێستا ئەو قەڵەمچی و موحەللیلزادانەی بە شان و باڵی كۆنفرانسەكەی هەولێرو كەناڵی تەرەتە شەش و پرۆژەی كرانەوەی دیموكراتی توركیاو نەرم و نیانی ئۆردوگان و پارتی دادو گەشەپێدان "ئاكەپە"دا هەڵیانئەدا حەق نیە بە توركی پێیان بڵێین دانیشن "ئوتورون لوتفەن" چونكە ئەوە كاری ئێوە نیە؟! بەڵام گرنگ ئەوەیە پەیوەندیەكی رۆحی و مۆراڵی بەهێز لەنێوان كوردانی هەردولادا هەیە كە نەبە تورك و نەبەعەرەب و فارس كەچ نابێت و كوردان پێكەوە هەست بە ئازارەكانی یەكتر ئەكەن نمونەی ئەوەش كۆبوونەوەی ئەو هەموو كوردە بوو لە دەروازەی خاپور لە 19/10/2009 بۆ پێشوازی و بەرێكردنی گروپەكانی ئاشتی كۆما جڤاكێن كوردستان"پەكەكە" و ئەو كۆدەنگیە بەرفراوانەش كە دژی داخستنی دەتەپە گیراوەتەبەر رەنگە دەیانجار دەتەپەو خەباتی باكورو پەكەكەش گەورەتر بكاتەوە لە جاران.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست