کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بیست و دوو ساڵ كەیسێك بێدەنگی لێدەكرێت

Tuesday, 16/03/2010, 12:00


تا ئێستا هەڵەبجە لە رووی نێودەوڵەتیەوە وەك ناسنامەو سومبولی قوربانیەكی ترسناك رەوایەتی هەیە و وەك دۆسیەیەكی ناسراوو كەیسێكی جیهانیش گەرمایی خۆی لەدەست نەداوە، گرفتەكە ئەوەیە لای حكومەتی هەرێم و خودی دەسەڵاتی كوردی رۆژی كارەساتەكە سادەو ساكار ئەگوزەرێت و نەكراوەتە رۆژێكی فەرمی و سەرمایەیەكی رەمزی نەتەوەیی، كەواتە هەڵەبجە لە گوتاری سیاسیماندا وەكو دروشم ئامادەیی هەیە و لە رووی واقیعی سیاسیەوە هەڵەبجە بێكەسەو هەركەسیش خۆی بە كەسی هەڵەبجە ئەزانێت ئەوە وەهمێكی گەورەیەو لەهەمووكەس زیاتر كەسایەتی هەڵەبجەی شێواندووە بۆ مەرامی ئابوری ئایدۆلۆژیانەی بەرتەسكی خۆی.
هەڵەبجە وەكو دروشمێك بەندە بە هەڵكشانی ئابوری دەسەڵات و حیزبی كوردیەوە كە ئەمە خراپترین دەردی كوشندەی دەسەڵاتە، هەركات ئابوری حیزب و دەسەڵات لە داخزان و كەساسی و لاوازیدا بوو دەسەڵات پەنا ئەبات بۆ سەروەری و شەهید و كۆی كارەساتە میللیەكان و جینۆسایدەكانی نەتەوە، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ئابوریەكە لە هەڵكشاندا بوو وەك ئێستا، ئەوا قەدرزان نابین بۆ هیچ كارەساتێكی گەورەی وەكو 16/3/1988 هەربۆیە بەبەرنامە ئەخوازین لە زیهنیەتی تاكی كوردیدا كۆی كارەساتەكان كاڵ بكەینەوە، وابزانم گۆرینی قایمقامێكی حیزبی راكردوو!! بە قایمقامێكی حیزبی دیكەو كردنەوەی زانكۆیەك وەك زانكۆی شارەكانی تر هیچ لەو پرسە ناگۆرێت كە هەڵەبجە بۆچی بەرەو كاڵبوونەوە ئەبرێت؟!
ئەوەی دەسەڵات بۆ هەڵەبجەی كردووە هەر ئەوەیە كە بۆ شارەكانی دیكەی كردووەو پێویست ناكات حكومەت منەت بكات بەسەرماندا، ئەمە ووتەی مامۆستایەكی خانەنشینی هەڵەبجەیە كە 27 ساڵ وانەبێژی كردووە لە هەڵەبجەدا 7 ساڵ لەسەردەمی بەعس و 20 ساڵیش لە سەردەمی دەسەڵاتی خۆماڵیداو ئەم 20 ساڵە بە بیست ساڵ نائومێدی ناوئەبات!
دەسەڵات بۆچی ناخوازێت لەوە زیاتر خزمەتی هەڵەبجە بكات؟ ئەمە بەشێكی پەیوەست بوو بەوەی كە هەڵەبجە رەسمیەتی یاسایی نەبوو وەك جینۆساید، بەڵام لە 1/3/2010 ی ئەمساڵدا رەسمیەتی یاسایی و دەوڵەتی وەرگرت لەلایەن دادگای تەمیزی عێراقیەوە، كەچی رووداوەكە هەروا بە سانایی گوزەردەكات بەبێ ئەوەی دەسەڵات بیر لەوە بكاتەوە كۆنفرانسێكی گەورەی جیهانی لەبارەوە ببەستێ تا بە جیهان و شۆڤێنیەتی عەرەبی بڵێت جینۆسایدی شارێك یانی چی؟
دەیان پرسی نەشیاو كرانە رۆژەڤ و كۆنفرانسی گەورە گەورەیان بۆ ئەنجامدراو دەیان بۆنەی نیشتیمانی و نانیشتیمانیش لە عیراق كرانە پشووی فەرمی، وەلێ هەڵەبجە ناكرێتە پشووی رەسمی كە هێشتا برینێكی قوڵەو گەورەترین بەڵگەی تاوانی جینۆسایدی نەتەوەیەكە وەلێ مۆزەخانەیەكی نیشتیمانی نیەو لەناو ئەوهەموو پەرلەمانتارەشدا، شارێكی جینۆسایدكراو پەرلەمانتارێكی نییە لە بەغداد، ئایا ئەمە بێدەنگی كردن و سستی نواندن نییە بۆ كەیسی هەڵەبجە لە 22 ساڵی رابردوودا؟
[email protected]




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە