كورت و پوخت بۆ پۆڵا سەعید.
Monday, 12/10/2009, 12:00
سەرسام بوون بە سەركردەیەكی كاریزمی نابێت جەبەروت و تۆتالیتاریەت و كاوبۆیی ووڵاتێكمان بیر بباتەوە كە مۆراڵ تیایدا لە ئاستی پێویسدا نیە، خوێندنەوەی دۆخی ئێستای ووڵاتێكی بەهێزی وەكو ئەمریكاش لە بوونی ئەو سیستمە رەگداكوتراوە پراگماتی و نهێنیەدایە نەك بوونی چەند كەسایەتیەك و سەرخستنیان بۆ سەرۆكایەتی ئەگەرچی كاریگەری ئەو كەسایەتیانەش لەبیر ناكرێ بۆ ئەمریكا، ئەمریكاش ئەوەندەی ووڵاتی سیستم و بیرۆكراسیەتی حوكمە ئەوەندە ووڵاتی سەرۆك نیە وەك ئەوانەی لای خۆمان، گەورەترین پەیكەری ئازادی لە جیهاندا لە ئەمریكادایە لێ خودی چەمكی ئازادی و مومارەسەكردنی لە ئەمریكاش بۆخۆی پەیكەرە؟ سەدام لە عیراقدا كێ كردی بە سەرۆكی ئەفسوناوی عەرەب، كێ كردی بە كاریزما و چۆن كرا؟ كەنعان مەكیە ئەڵێت "ئەوە سەدام نەبوو كە گەلی عیراقی بێدەنگ كردبوو بەڵكو ئەوە بێدەنگی گەلی عیراق بوو سەدامی دروستكرد" دەشێت لە ئەمریكا لەپاش "مارتن لۆسەر كینگ" چەندین كەسایەتی و سەركردەی كاریزمی هەڵكەوتبن وەلێ قەدەر نەیهێشتووە دەربكەون یان ئەو سیستمە رێگربووە لە هەڵتۆقینیان، ئەگەرچی هەندێ كەسایەتیش كە پلەی رۆحی و كاریزمی وەهمیان بەركەوتووە لە جیهاندا هیچ شایەنی ئەو پلەیە نین، بەتایبەتی سەرۆكە رۆژهەڵاتیەكان و دەشێت بە كوتی گلادیۆ یان ماسۆنی یان پۆلیسی نهێنی و پراگماتیزمی سیاسی و ئایدۆلۆژی گەورەكرابن و خەڵكیش هوتاف و چەپڵەیان بۆ لێبدەن و دواجار خەڵاتی نۆبڵیش وەربگرن!! "مەبەستم نۆبڵەكەی ئۆباما نییە" كە ئەم تایپە لە سەركردە و سەرۆك زۆرن و وەك نوسەرێكی ئەمریكی كاتی خۆی بە جۆرج بۆشی ووت چۆن بوویتە سەرۆك كە ناوی چەند پایتەختێكی ئەوروپی نازانیت، ئەم پرسە رامان ئەكێشێت بۆ ئەو پرسیارەی كە ئایا كێ ئەبێتە سەرۆك و شایستەی سەرۆكایەتیە؟! نازانم نوسەرێكی وەكو پۆڵاسەعید سەرسامە بە خودی ئۆباما یان ئەو سیستمەی كە ئۆبامای بەرهەمهێنا، چونكە ئەمریكا ئەو فریادرەسە نیە بۆ خودی خۆی تاوەكو تیۆریزەی بۆ بكەین ببێتە فریادرەسی ووڵاتانی دیكە و رزگاركەری جیهان؟ ئایا سەرسام بوون بە كەسایەتی باراك ئۆباما كە هێشتا نازانرێت كەسایەتیەكەی چ رەهەندێكی سیاسی و سۆسیۆلۆژی هەیە، دەكرێت بیكەینە پێوەری روانینی ووڵاتەكەشی بەهەمان پێودانگ بێگومان نا، راستە باراك ئۆباما كوڕی سەردەمەكەی خۆیەتی و هەڵبژێردراوی گەلی ئەمریكیە و ووتاربێژوو سیاسیەكی زیت و ووریایە، وەلێ خۆ هێشتا زووە بریار لەسەر ئەجندا پراكتیكیەكەی بدەین و بە رزگاركەری ناو بەرین، بەڵێ خەڵاتی نۆبڵیش بۆ ئەو جگە لە موجامەلەیەكی دەوڵەتیانە بۆ ئەمریكا هیچ خوێندنەوەیەكی تری بۆ ناكرێت و بریارێكی پەلەش بوو، چونكە ئۆباما نە جیهانی گۆری نە ئەشی گۆرێت نە زەمینەی گۆرینی جیهانیشی لە بەردەستایە،
پاشان چۆن بزانین تێروانین و ویستی ئۆباما بە پێچەوانەی هەموو سەرۆكەكانی تری ئەمریكاوە بریتیە لە رێكخستنەوەی جیهان و پێدانی هەست و شوناس بە مرۆڤ وەك پۆڵا سەعید ئەڵێ، ئەم پێشبینیە لە چیەوە هاتووە، بەراست ئەركی رزگاركردنی جیهان ئەوەندە پرۆسەیەكی ئاسانە تاوەكو ئۆباما بیگرێتە ئەستۆی خۆی، ئەم هەموو وەهم و خۆشنودی و خۆهەڵواسینە بە كاراكتەری ئۆبامادا بە رای من لۆژیكی نیە و لەكیسدانی ئۆباماش بۆ جیهان گۆرانێكی ئەوتۆ لە هاوكێشەكەدا ناخوڵقێنێ؟ ئەم بیركردنەوەی پۆڵا سەعید كە نوسەرێكی لیبراڵەو نوسینەكانیشی بۆ من مایەی لەسەروەستانە بەڵام نازانم بۆچی ناواخنی ئەم ووتارەی لە نوسەرانی ئەمریكی كۆنزەرڤاتیڤی وەك تۆماس فریدمان و هاورێكانی ئەچێ لە بە سێنتراڵكردن و كەڵەگایەتیكردنی ئەمریكا بۆ جیهان، بەهیوام پۆڵا سەعید ئەم دیالۆگەم قبوڵ بكات و رێزم هەیە بۆ خۆی و بۆ ئۆباما.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست