کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەبێت بکوژەکانی سۆران و ئەوانەی لەپشتەوەی تیرۆری رۆژنامەنوسانن،ئاشکرا و دادگایی بکرێن !

Friday, 19/07/2013, 12:00








راگەیەنراوی رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆداکۆکی لەئازادی،لە پێنجەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سۆران مامەحەمە

٢١-٧-٢٠١٣،پێنج ساڵ به‌سه‌ر تیرۆرکردنی رۆژنامه‌نووس سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ تێپه‌ر ده‌بێت. له‌ ساڵیادی تیرۆرکردنی ئه‌و گه‌نجه‌ رۆژنامه‌نووسه‌دا وێڕای دووپاتکردنەوەی هاوخه‌میمان بۆ خانه‌واده‌ و هاورێیان و رۆژنامه‌وانان و ئازادیخوازانی کوردستان، داوای ئاشکراکردنی بکوژانی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ و سه‌رده‌شت عوسمان ده‌که‌ین ،کە لەبەرامبەر رەخنە و نوسینەکانیان لەدەسەڵاتدارانی کوردستان و گەندەڵی و ناعەدالەتیەکانیان لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرنامە بۆدارێژراو یەک لەدوایی یەک تیرۆرکران و تائێستاش بکوژانیان ئاشکرا نەکراون لەکاتێکدا ئەنجامدەرانیان بۆ زۆرێک لەخەڵکی کوردستان ئاشکرا و روونن، له‌ده‌ستدانی ئه‌و رۆژنامه‌وانانە که‌لێنێکی گه‌وره‌ بوو له‌ بزاڤی رۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد و دەنگی ئازادیخوازانی کوردستان.
سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌، وه‌کو گه‌نجێکی بوێر، خه‌ون و خولیاکانی کۆتایهێنان به‌ده‌سه‌ڵاتی تاکڕه‌وی و بنه‌ماڵه‌یی و هێنانە کایه‌ی سیسته‌میکی بێ زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌ بوو له‌ کوردستان، بۆیه‌ زۆرێک له‌ نووسین و کاره‌ رۆژنامه‌وانییه‌کانی ته‌رخان کردبوو بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌و بێمافی و نایه‌کسانییه‌ی که‌ده‌سه‌لاتدارانی کوردستان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن له‌پیناوی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حزبی و بنه‌ماڵه‌یی و تاکه‌که‌سیدا رۆژانه‌ ده‌یان کاره‌سات و روودای جه‌رگبڕ ده‌که‌نه‌ نسیبی خه‌ڵک .
دوای پێنج ساڵ له‌تیرۆرکردنی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ و تێپه‌ڕبونی سێ سال بەسەر تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمان و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانی جەماوەری ١٧ شوبات بەهێزی سەربازی و چەک. ده‌سه‌لاتی سیاسی هێشتا به‌رده‌وامه‌ له‌ ده‌مکوتکردنی خه‌ڵک و گرتن و ئازاردانی رۆژنامه‌وانان و رۆژانە بەرپرسان داهێنانی تازە لە لێدان و سوکایەتی و ئازاردان بەرهەم دەهێنن!
هێرش و تیرۆری و تۆقاندن لە بەرامبەر رۆژنامه‌وانان و خه‌ڵکی نارازی کوردستان ناتوانێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌به‌رده‌م ناره‌زایی خه‌ڵک ده‌ربهێنێت، رێگای راست و دروست داننانه‌ به‌ ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵک و به‌ره‌سمی ناسینیان. په‌نادانی تاوانباران و بکوژانی رۆژنامه‌وانان و خۆپیشاندەرانی حه‌ڤده‌ی شوباتی ساڵی رابردو‌ ‌گاڵته‌جارییە به‌ده‌سه‌لاتی دادوه‌ری و دادگا و بانگەشەی ئازادی و دیموکراتی.
لە ساڵیادی تیرۆری سۆرانی مامەحەمەدا، وێرای پێداگری شێلگیرانەمان لەسەر ئاشکراکردن و دادگایی کردنی تاوانباران. یادی سۆرانی مامەحەمە بەرز ڕادەگرین. پشتیوانی و هاوکاری هەر کارو چالاکییەکی رۆژنامەوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانین بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی سۆران و داوای ئاشکراکردن و دادگایی تیرۆستان و ئەوانەی لەپشتەوەی ئەو کردەوە تیرۆریستانە وەستاون،دەکەین .

رێکخراوی سه‌رده‌شت عوسمان بۆ داکۆکی له‌ئازادی
١٩-٧-٢٠١٣
http://www.sardasht-osman.org/
https://www.facebook.com/groups/sardasht2010/
[email protected]



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە