عماد ئەحمەد پاركى ئازادى پاك دەكاتەوە !!!
Sunday, 05/06/2011, 12:00
عبۆ / عیماد ئەحمەد ، ئەندامى سەركردایەتى ی.ن.ك
بابەت : تەمسیلێكى سەقەت
بە كراس و پانتۆڵێكى كاوبۆ و كاسكێتێكى سپیەوە و چاویلكەیەكەوە ، وەكو ئەوەى لە یەكێك لە كەنار دەریاكانى ئەوروپادا ، یان لە یەكێك لەسوپەر ماركێتەكانى نەرویجدا و لەگەڵ گێڵفرێندەكەیدا بێ ، بەو جۆرە عیماد ئەحمەدى ئەندامى سەركردایەتى یەكێتى نیشتمانى لە دەزگاكانى ڕاگەیاندنى خۆیاندا دەركەوت ، گوایا خەریكى پاك كردنەوەى پاركى ئازادییە ، دواى ئەوەى لە ڕۆژى پێشتردا ، جەماوەرەكەیان و لە ئاهەنگى یادى 36 ساڵەى یەكێتیدا ، ئەو پاركەیان پیس كردبوو ..بە ڕاستى مەشهەدێكى درامى و هەست بزوێنە ، كاك عیماد .. ئەوە لە كەیەوە ئەوەندە گرنگى بە پاككردنەوەى شوێنە گشتیەكان دەدەن ؟؟لە كەیەوە ئەوەندە دڵتان بۆ كوردستانەكەتان ئەسوتێ ؟ لە كەیەوە ئەوەندە خەمى سامان و موڵكى نەتەوایەتیتانە ؟؟یان ئەمە تەنها درامایەكى كاریكاتێر ئامێزە و مەبەست لێى تەنها هەوڵدانە بۆ ئاشتكردنەوەى جەماوەر ، خۆ نیشاندان لە ژێر دەمامكى خزمەتكار و ڕەنجدەر و كەسایەتیەكى خاكیدا ؟؟
كاك عیماد ..كەسێك ناوەرۆكى سیخناخ بێ لە زبڵ و گەندەڵى و ناتەبایى و ڕق و كینە و ئێرەیى و درۆ و فرت و فێڵ ، هەرگیز ناتوانێت وەكو كارمەندێكى پاكژى ڕاستەقینە هەڵوێست بكات ، خۆڵڕێژێك ئەگەر خودى خۆى پاك نەبێ ، ناتوانێت خۆڵى جێگاكانى تر پاك بكاتەوە ..فڵچەیەكى ددان شوشتن هەتاكو خۆى پاك نەبێ ، ناتوانێ ددانەكان پاك بكاتەوە .. دەرمانێ هەتاكو خۆى لە میكرۆب دانەماڵرابێ ، ناتوانێ هیچ دەردێك چارەسەر بكات .. تۆیش ، هەتاكو ناخى خۆت لەو هەموو خۆڵ و خاشاكە پاك نەكەیتەوە ، ناتوانیت یەك میلیمەتر پاك بكەیتەوە و بە پێچەوانەیشەوە دەست ببەیت بۆ هەر بستە زەمینێك پیسى دەكەیت و .. پەنجەت بەر هەر گەڵایەك بكەوێ ، خۆڵاوى و چڵكنى ئەكەیت ..
كاك عیماد ، كاتێ سەردەشت و سۆران و ڕێژوان و ئەوانى تر بە ناحەق كوژران ، تۆ نەتتوانى یەك وشەى حەق بڵێیت ، وەكو برادەرەكانى ترت ، كە پارە و كورسى و غەریزەكانتان ، كوێر و كەڕ و بێئاگاى كردوون ، بەڵام لە دیكتاتۆریترین وڵاتى وەكو سوریادا ، لەكاتى دڕندایەتیەكى ڕژێمەكانیاندا ، چەندین بەرپرسى باڵا دەست لەكار دەكێشنەوە .. داخى گرانم ئێوە ئەگەر هەموو كوردستانیش وێران بكرێت ، لە گوڵ كاڵتر بە دیكتاتۆرەكانى ئاغاتان ناڵێن ،ئەزانى بۆچى ؟؟ چونكە ناختان مۆڵگەى هەموو سیفەتە ناشیرین و پیس و نەگونجاوەكانە ..ئێوە هەموو زبڵى دنیا و دڕندەیى دنیاتان تێدا جێ دەبێتەوە ..ناخى ئێوە هەموو كردەوەكانى هیتلەر و مۆسۆلینى و ستالینى بە ئاسانى لە ئامێز دەگرێتن ..هێرۆشیما و ناگازاكى و هەڵەبجە و دیلكوشتن و خیانەت و فایلى ژێر بە ژێرى ئیستیخبارى و براكوژى و ئەڵقە لە گوێیی لەناخى ئێوەدا بە ئاسانى ون دەبێتن ..ئێوە هیچ پیناسەیەكى كەڕى و كوێرى و بێباكى و بێشەرمى ناتانگرێتەوە بە هۆى گەورەیى ئەو سیفەتانە تێتاندا ..بە جۆرێك دەیەها ڕاپۆرتى هیومان ڕایتس وۆچ و ڕێكخراوى ڕۆژنامەنوسى جیهانى ، مویەك لە سمێڵ و قژە بۆیاخكراوەكانتان ناجوڵێنێت ..
كاك عیماد ڕەنگە بە جلى كاوبۆیەوە سیناریۆى كرێكارێك بۆ چركەیەك نیشانى گەلى خێر نەدیوى كورد بدەیت .. ڕەنگە بتوانیت بە پارەى دزراوى گەلانى كوردستان پەڵەى دەم و چاوت هەڵبگریت و ڕوخسارت ڕێكبخەیتەوە ، بەڵام دڵنیا بە ، تەنانەت دواكەتوە (دواكەوتوەكانى) خۆیشتان بڕوا بەو جۆرە تەمسیلیانە ناكەن و.. گەڵاى درەختەكانى پاركى ئازادیش ، حەز ئەكەن كوللەیەك بیانخوات نەك پەنجەیەكى تۆ بەریان بكەوێت..بۆ ئاگاداریت تكایە ..
نوسخەیەك بۆ /
-یەكە بە یەكەى ئەندامانى سەركردایەتى ی.ن.ك
-هەموو حیزبەكانى دەورى دەسەڵات : ڕاى ئێوە چیە ؟
-هەموو حیزبەكانى ئۆپۆزیسیۆن : ئاگاتان لە خۆتان بێ
- بۆ درەخت و چیمەنەكانى پاركى ئازادى سلێمانى و هەموو پاركەكانى كوردستان: بۆ ئاگاداریتان تكایە
-بۆ ڕێكخراوە مرۆییە جیهانیەكان : دەسەڵاتى كوردى باكى بە ڕاپۆرتەكانتان نییە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست