په‌یامی کۆمه‌ڵێك ڕۆژنامه‌نووسی ئازاد بۆ ئازادیخوازانی کوردو کوردستان که‌مپه‌ینێك له‌ دژی کپ کردنی میدیا و ده‌نگی ئازاد

Tuesday, 27/04/2010, 12:00


تێنه‌گه‌یشتن له‌ ئازادی و ئازادی بیروڕا، یه‌کێکه‌ له‌و هۆکاره‌ سه‌رکیانه‌ی، مه‌ترسیه‌کی زۆری له‌سه‌ر ئه‌زمونی هه‌رێمی کوردستان و ئاراسته‌ی تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا دروست کردوه‌،به‌ تایبه‌تیش کرده‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ ناوه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و تێنه‌گه‌یشتنه‌ش، ده‌سه‌ڵات ساڵانیکی زۆره‌ ده‌ستی کردوه‌ به‌ پێشێل کردنی ماف و ئازادیه‌کانی تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای کوردی، به‌ جۆره‌ها شێوه‌ی نامرۆڤانه‌ و دور له‌ بنه‌ما سه‌ره‌تاییه‌کانی مافی مرۆڤ، له‌ نێو ئه‌و چین و توێژانه‌ی کۆمه‌ڵگاشدا، ڕوناکبیران و ڕۆژنامه‌نوسان و هه‌ڵگرانی شه‌تڵ کردنه‌وه‌ی بیرو ڕای ئازاد، بونه‌ته‌ ئامانجی سه‌ره‌کی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانه‌وه‌، ڕۆژ نیه‌ ئێمه‌ گوێبیستی ئه‌و پێشێلکاریانه‌ نه‌بین که‌ له‌کوردستاندا دژی ئه‌و چین و توێژه‌ زیندوانه‌ ده‌کرێت، ئێستاش به‌ ئاشکرا دیاره‌ ئه‌و ململانێیه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ نێوخۆی کوردستاندا ده‌رکی پێده‌کرێت، ململانێی نێوان دو ئاراسته‌ی ئه‌قڵی و فیکریه‌، یه‌کێکیان لایه‌نی ده‌سه‌ڵاته‌، که‌ ئه‌وان به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ پێناو مانه‌وه‌ی خۆیان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا، هه‌مو شێوازێک بگرنه‌ به‌ر، له‌ به‌رامبه‌ر هه‌مو ئه‌و ده‌نگه‌ ئازاو ئازادانه‌ی په‌یامی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤایه‌تی و کوردایه‌تی و ئازادی و مافی مرۆڤیان پێیه‌، به‌ره‌ی دوه‌میشیان ئه‌و خۆبه‌خش و ئازادیخوازانه‌ن که‌ ده‌یانه‌وێت، چیدیکه‌ له‌ژێر ناو و دروشمی ساخته‌دا، قه‌ده‌ری کۆمه‌ڵگاو ئه‌زمونه‌که‌مان نه‌بێته‌ قوربانی کۆمه‌ڵێک که‌س و لایه‌نی دیاریکراو، که‌ ئه‌وانیش زۆرینه‌یان بریتین له‌ میدیا ئه‌هلیه‌کان و ڕۆژنامه‌ و ڕۆژنامه‌نوسه‌ سه‌ربه‌خۆکان و هه‌ندێک له‌ ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، هه‌ر بۆیه‌شه‌ به‌رده‌وام به‌ره‌ی خه‌ڵکانی زه‌حمه‌تکێش و ئازادیخواز، به‌ جۆره‌ها شێوه‌ی ناسه‌رده‌میانه‌ ڕوبه‌ڕوی کاردانه‌وه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌بێته‌وه‌، هاوکات له‌گه‌ڵ ناوه‌وه‌ی کوردستانیشدا، کۆمه‌ڵیک له‌ کوردانی تاراوگه‌ نشین، به‌ هه‌وڵی تاکه‌ که‌سی و هه‌ندێکیشیان له‌ ڕیگه‌ی پێگه‌ی تره‌وه‌، وه‌کو رێکخراوه‌کان و ماڵپه‌ڕه‌کان، ده‌نگی خۆیان خستۆته‌ پاڵ ده‌نگی ئه‌و ده‌نگه‌ ئازادانه‌ و چونه‌ته‌ به‌ره‌ی بیرو ڕای ئازاد و به‌رگریکردن له‌ مافه‌ که‌سیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان به‌ گشتی و هێنانه‌دی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد و دادپه‌روه‌ر دور له‌ده‌ست تێوه‌ردانی حیزبی، به‌ جۆریک هه‌موان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌رک و مافدا یه‌کسان بن و دۆخێکیش بێته‌ ئاراوه‌ کۆی گشتی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا، به‌هاکانی مرۆڤایه‌تیان بۆ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان ئێستا له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش که‌وتونه‌ته‌ په‌لاماردانی ئه‌و ده‌نگ و ڕه‌نگه‌ ئازادانه‌ و له‌ڕێ ئه‌و هه‌وڵانه‌شیان ده‌یانه‌وێت که‌س و پێگه‌ ئازاده‌کان کپ بکه‌ن و له‌ کاروانی به‌ره‌ی ئازادیخوازان دایانبڕن.
چه‌ند مانگێک له‌مه‌وپێش سایتی کوردیش میدیا که‌وته‌ به‌ر ئه‌و په‌لاماره‌و له‌ لایه‌ن به‌رپرسی یه‌که‌می یه‌کێتی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات (شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) به‌هۆی بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵێك که‌له‌ ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌وه‌ وه‌رگیرابوو باسی له‌ په‌لامه‌ره‌ به‌ قه‌سدی کوشتنه‌که‌ی (دانا پێنجوێنی ده‌کرد) و له‌ ڕێی پارێزه‌ری تایبه‌ته‌وه‌ داوایان له‌سه‌ر سایته‌که‌ تۆمار کردبو.
ئه‌مساڵیش و له‌ ڕۆژی 22ی ئه‌م مانگه‌، که‌ هاوکات بو له‌گه‌ل یادی 112 ساڵه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی، (شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) داوای له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ڕی پێنوسه‌کان (ساڵح میراوده‌لی) و (هه‌ردی ئه‌حمه‌د) ئه‌ندامی ده‌سته‌ی ستافی ماڵپه‌ڕه‌که‌ تۆمارکردوه‌، له‌سه‌ر بڵاوبونه‌وه‌ی چاوپێکه‌وتنێکی مه‌یدانی له‌ ماڵپه‌ڕی پێنوسه‌کان که‌ له‌لایه‌ن ئاسۆ عوسمانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ موفید عه‌بدوڵا ساز درابوو بۆ هه‌مان پرسه‌.
ئێمه‌ لێره‌وه‌ به‌ هه‌مو لایه‌کی ڕاده‌گه‌یه‌نین، ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان نه‌ک نامان ترسێنیت، به‌ڵکو گوڕو تینی زیاترمان ده‌داتێ بۆ به‌رده‌وامی له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و مانه‌وه‌مان له‌ به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵکی ئازادیخواز، هه‌روه‌ها داوا له‌سه‌رجه‌م ڕۆژنامه‌نوسان و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌که‌ین، که‌وا هه‌ڵوێست وه‌رگرن و له‌به‌رامبه‌ر کارو کرده‌وه‌کانی ده‌سه‌لاتدارانی کوردستان بێده‌نگ نه‌بن.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئێمه‌ وه‌کو ده‌سته‌ی پشتیوانی له‌ ده‌نگی ئازاد و دژی کپ کردنی ئه‌و ده‌نگه‌ بوێرانه‌ ده‌وه‌ستینه‌وه‌ و ئه‌م که‌مپینه‌مان ڕاگه‌یاندووه‌ و داواکارین له‌سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کوردستان به‌ ناردنی ناو و ناونیشان و کاره‌که‌یان و په‌یوه‌ندییه‌کانیان بنێرن بۆ ئه‌م ئیمه‌یڵ ئه‌درێسه‌ی خواره‌وه‌:
[email protected]
ده‌سته‌ی ئاماده‌کاری و ڕاگه‌یاندنی که‌مپینی پشتیوانی له‌ میدیا و ده‌نگی ئازاد و دژ به‌ خه‌فه‌کردن.
26-04-2010

ناوه‌کان:
1. گۆڤاری نێوه‌ند/ گۆڤارێکی مانگانه‌یه‌ له‌ کوردستان ده‌رده‌چێت.
2. ئاسۆ عوسمان/ ڕۆژنامه‌نووس/ سلێمانی
3. ستیڤان شه‌مزینی/ڕۆژنامه‌نووس / سلێمانی
4. ڕۆژنامه‌ی بوچون/ ڕۆژنامه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی ئه‌هلییه‌ له‌ کوردستان ده‌رده‌چێت.
5. ئه‌سعه‌د عه‌لی/ ڕۆژنامه‌نووس
6. لوقمانی حاجی که‌ریم/ ڕۆژنامه‌نووس/ به‌ریتانیا
7. ڕۆشار/ ڕۆژنامه‌نووس/ به‌ریتانیا
8. هیوا ئه‌حمه‌د/ ڕۆژنامه‌نووس/ به‌ریتانیا
9. سارا موکری/ ڕۆژنامه‌نووس/ سلێمانی
10. هه‌نگاو مامه‌/ ڕۆژنامه‌نووس / به‌ریتانیا
11. مسته‌فای حه‌سه‌نه‌ گه‌وره‌/ ڕۆژنامه‌نووس و چالاکوانی بواری مافه‌کانی مرۆڤ/ دانیمارک

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە