کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەردۆغان ئەتاتوركی ئیسلامی

Sunday, 11/03/2012, 12:00








ئەردۆغان: لە توركیادا یەك نەتەوەو یەك ئاڵا ویەك زمان و یەك دەوڵەت هەیە و ئەوەی قبوڵی ئەمە ناكات با بچێتە دەرەوە
 

ئەردۆغان ئەو پیاوەی كە لە بانگەشەكاندا خۆی بە ریفۆرمخوازێكی میانرەو دەدایە قەڵەم، بۆچی لە ماوەیەكی كورتدا گۆرانكاریەكی زۆر لە دیدو بۆچونەكانی بەدیكرا، ئایا قسەكانی بانگەشە هەڵبژاردنەكان دیدی راستەقینەی خۆی بوون، یان كردەوەكانی دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی، كە بوە بە كەمالیزمێكی سەرسەخت بۆ توركەكان.
پارتی دادو گەشەپێدان
بەراورد لەگەڵ پارتە كاریگەرەكانی توركیا، دادو گەشەپێدان مێژوویەكی زۆركەمی هەیە، كە تەمەنی چەند ساڵێكی كەم تێپەر ناكات و پێكهێنانی پارتەكە بەستراوە بەسێ كەسایەتی دیاری توركیا كە ئەوانیش (ئەردۆغان، گویل، ئەجەوی) بە پاڵپشتی و پشتگیری وڵاتانی رۆژئاوا توانیان پارتێكی نوێ لە توركیا بە ناوی دادوگەشەپێدان پێكبهێن و دواتریش لە لایەن ئەمریكاوە یارمەتی بدرێن، بەدەستهێنانی پشتگیری رۆژئاوا بەتایبەت بەریتانیا بۆ دادوگەشەپێدان، بەو پشتگیریە مسۆگەر بوو كە گویل توركێكی نیشتەجێی بەریتانیا بوە، هەر زوو توانی سەرنجی بەریتانیا بۆ پارتەكەی ڕابكێشێت، ئەو پارتە ئەگەر چی مێژوویەكی دوورو درێژی نیە لە توركیادا، بەڵام بەشداریكردن لە یەكەم هەڵبژاردن دوای چەند ساڵێك لە دامەزراندن، توانی زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمان بەدەستبهێنێت و كۆتایی بە گەمەی پارتە سیاسیە كاریگەرەكانی توركیا بهێنێت، ئەوەی دوای سەركەوتنی پارتی دادو گەشەپێدان لە هەڵبژاردنی ساڵی (2002) توركیادا بوە مایەی لەسەر وەستانی چاودێرە سیاسیەكان ئەو هۆكارانە بوون كە پارتێك بە بەشداریكردن لە یەكەم هەڵبژاردندا بتوانێت گەورەترین سەركەوتن بەدەست بهێنێت، سەركەوتنی پارتی دادوگەشەپێدان لە توركیادا زیاتر وەك مەتەڵێك دەركەوت، چونكە تەنها سەركەوتنی پارتێكی تازە دامەزراوە نەبوو، بەڵكو دوورخستنەوەی پارتە سەرەكییەكانی توركیاش بوو لە گۆرەپانە سیاسیەكەدا، ئەو پارتانەی كە نیو سەدە یان زیاتر پاڵەوانی سەرەكی بون لە گۆرەپانی سیاسی توركیادا، بەوەی كە پارتی دادوگەشەپێدان توانی زۆربەی كورسیەكانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت و تەنها رێژەیەكی كەم لە كورسیەكان بە پارتە سیاسییەكانی تر بكەوێت.

ئەردۆغان و خۆرئاوا
دادوگەشەپێدان ئەو پارتەی كە لە ماوەیەكی كەم دوای دامەزراندنی زۆربەی هەرە زۆری كورسیەكانی پەرلەمان مسۆگەر كرد، زۆربەی چاودێرانی سیاسی لەسەر ئەوە كۆكن كە سەركەوتنی ئەردۆغان و پارتەكەی دەگەرێتەوە بۆ پشتگیریكردنی لە لایەن بەریتانیا و ئەمریكاوە، پارتەكە سەركەوتو دەبێت لەوەی سەرنجی بەریتانیاو ئەمریكا بەرەو خۆی ڕابكێشێت و ناچاریان بكات لە پێكهێنانی پارتەكەیدا پشتگیری بكەن، ئادەم بایدەمیر نوسەرو چاودێری سیاسی لە دیاربەكر جەخت لەسەر ئەو پەیوەندییەی ئەردۆغان بە بەریتانیا و ئەمریكا دەكاتەوە و باس لەوە دەكات كاتێك ئەردۆغان لەگەڵ بەریتانی و ئەمریكییەكان رێكدەكەوێت، لە بەرامبەر ئەوەی كە ئەگەر ئەو وڵاتە زلهێزانە پشتگیری بكەن، دەرگاكان بۆ بەگەرخستنی سەرمایەی رۆژئاوا لە توركیادا دەكاتەوە، لەمەشدا سەركەتوو دەبێت و دوای ئەوەی بەریتانیا و ئەمریكا پشتگیری لە پارتەكەی دەكەن، ئەمیش بە پێی رێكەوتنەكەی دەرگاكانی توركیا بۆ سەرمایەداری رۆژئاوا دەخاتە سەرپشت، بایدەمیر جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كە ئەوەی ئەردۆغان بۆ خۆرئاواییەكانی لە توركیا مسۆگەر كردوە، هەر تەنها روویەكی سەرمایەداری نیە، بەڵكو لەلایەكی دیكەشەوە ئەردۆغان پارتێك پێك دەهێنێت كە رۆژئاواییەكان دەیانەوێت ئەو پارتە ئیسلامیە میانرەوە، كاریگەری پارتە ئیسلامیە توندرەوەكان لە ناوچەكە كەم بكاتەوە، چونكە سیاسەتی رۆژئاوا بە جۆرێكە كە ئەگەر لە هەر وڵاتێكدا پارتێكی ئیسلامی میانرەو یان بە وتەی بایدەمیر "ئیسلامی دەستەمۆكراو" دروست نەكات مەترسی دروست بونی ئیسلامییە توندرەوەكان دێتە ئاراوە، پارتێك لەشێوەی دادوگەشەپێدان ئەمەش وای كرد مەترسی لەسەر رۆژئاوا كەم بكرێتەوە، لە لایەن پارتە ئیسلامییە توندرەوەكانەوە.


ژەنەراڵەكان لە چاوەروانی ئەردۆغاندا
هێزی سەربازی یان ژەنەراڵەكانی توركیا ئەو لایەن كە پشتیوانی هەر لایەن و پارتێكیان كرد، ئەوا ئەو پارتە لە توركیادا دەبێتە پارتی دەسەڵاتدار، لەو بارەوە چاودێرە سیاسیەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە هیچ پارتێكی سیاسی لە توركیادا دەرفەتی گەشەكردنی نیە، ئەگەر دڵی ئەرتەش و ژەنەراڵەكان خۆش نەكات، لەبەر ئەوە هەر پارتێك نیازی سەركەوتن و دەسەڵات گرتنە دەستی هەبێت، پێویستە لەسەرەتادا ئەرتەش لەخۆ رازی بكات، ئەرتەشی توركیا ئەو هێزەیە كە بەهۆی ئەوەی ئابوریەكی سەربەخۆی هەیە و كۆمپانیای زەبەلاحی لەناوەوە و دەرەوەی توركیادا هەیە و سەرچاوە دارایەكەی لەحكومەت و پەرلەمان یان دەسەڵاتەكانی دیكەی توركیاوە نیە، لەبەر ئەوە دەتوانێت بەردەوام بێ باكییەك بەرامبەر كۆی دەسەڵاتەكانی توكیا بنوێنێت، بەڵكو تەواوی دەسەڵاتەكان ناچار بكات و بەردەوام بێت بەرژەوەنییەكانی ئەرتەش لەبەرچاو بگرێت، ئەمەش وا دەكات كە ئاڕاستەی بریارەكانی حكومەت و پەرلەمان بەو ئاراستەیە بێت كە ئەرتەش گەرەكیەتی، ئەگەر پارتە پێكهێنەرەكانی حكومەت و پەرلەمانی توركیا بە پێچەوانەی ئەمەوە رەفتار بكەن، بە دڵنیایەوە تورەبونی ژەنەراڵەكان پێشوازیان دەكات، ئەمەش وای كردوە كە توركیا ئەو وڵاتە بێت كە ژەنەراڵەكان حوكمی بكەن، هەربۆیە لەگەڵ سەركەوتنی ئەردۆغان و پارتەكەی ژەنەراڵەكان چاوەروانی بریاری ئەردۆغان بوون بۆ هێرشكردنە سەر پەكەكە، ئەمەش ئەوە روندەكاتەوە كە ئەردۆغان لەسەر هەمان رێرەوی ئەرتەشە بەڵام بە دیدێكی ئیسلامیانە.

ئەرتەش و ئەردۆغان یەك ئامانجیان هەیە
دوای ئەوەی پارتەكەی ئەردۆغان بە پاڵپشتی ئەرتەش و رۆژئاوا زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمانی بەدەست هێنا، وەرزی جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی ئەردۆغان دەستی پێكرد، پارتەكەی بۆ ئەوەی بیسەلمێنی چەند ملكەچی فەرمانەكانی ئەرتەشە و چەند بەرژەوەندی ژەنەراڵە توركەكان لەبەرچاو دەگرێت، لە رێكەوتنی (17-10-2007) دا تەواوی پەرلەمانتارەكانی دادوگەشە پێدان بە (بەڵێ) دەنگیان دا بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، بەو هۆیەوە "507" ئەندام پەرلەمان بە (بەڵێ) دەگیاندا، جگە لە "19" پەرلەمانتاری دەتەپە كە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنیان رەتكردەوە، ئەم بوە سەرتایەك لەو دەركەوتنە دەمامكدرانەی ئەردۆغان و پارتەكەی كە پێشتر بە شێوەی دیكە لەبارەی دۆزی كوردەوە قسەیان دەكرد، بەتەواوەتی روون بویەوە كە بە شتیوانی ئەرتەش و درێژەپێدەری رێرەوەكەی ئەوان زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانی توركیای بەدەست هێناوە نەك بانگەشە رووگەشەكانی ئەردۆغان، بۆیە چاودێرە سیاسیەكوردەكان وای بۆ دەچن دروستكردنی پارتەكەی ئۆردوغان بۆ دووبارەكردنەوەی مێژوو بێ بۆ سەردەمی ئەتاتورك.

دادوگەشەپێدان و كورد
لەگەڵ دروستبونی دادوگەشەپێدان لە توركیادا، بەرپرسەكوردەكان و بەشێك لەچاودێرە سیاسیەكان كەوتنە پیاهەڵدان بەو پارتەدا و بەگەرمی پێشوازیان لێكرد، ئەمە تەنها بەرپرسەوردەكانی توركیای نەگرتەوە بەڵكوبەرپرسەكانی هەرێمی كوردستانیش بونە بەشێك لە گەمە سیاسیەكانی دادوگەشەپێدان، زەواهیر بەندەر ئەندامی پەلەمانی توركیا لەسەر لیستی دەتەپە " ئەوەی یارمەتی دادوگەشە پێدانی دا ئەوەبو لەلایەكەوە پارتێكی ئیسلامی بوو، لەلایەكی تریشەوە بانگەشەی ئەوەی دەكرد كێشەی كورد بە رێگەچارەی سیاسی چارەسەر دەكات، ئەمەش وای كرد كوردەكانی باكور پێشوازی لێبكەن و بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیش هانی كورد لە باكور بدەن دەنگ بدەن بە پارتەكەی ئەردۆغان". بە وتەی كەمال خەیری یەكێك لە پلانەكانی ئەرتەش و دادوگەشەپێدان ئەوەبو كە ئەرتەش بەردەوام هەوڵی ئەوەی دەدا كە دادوگەشەپێدان وەك پارتێكی غەدرلێكراو پیشانبدات، پارتێك تەنانەت ئەرتەش خۆشی زوڵمی لێدەكات، چونكە هەر پارتێكی غەدرلێكراو لە توركیا وەك پارتی خەڵك تەماشا دەكرێت، بەتایبەت كوردەكان وا هەست دەكەن ئەو پارتە ناكۆكی لەگەڵ ئەرتەش هەیە و دۆستی كوردە، چونكە ئەرتەش بە هیچ جۆرێك لەگەڵ بزاڤی رزگاری خوازی كودا نیە، ئەمەش سەرەتای پلانەكانی دادوگەشەپێدان بوو بۆ لێدان سەركوتكردنی بزاڤی ئازادی كوردانی توركیا، بەڵام كوردەكان بەتەواوەتی لەو كاتەوە هەستیان بە خراپەكارەیكانی ئەردۆغان كرد كە لە كۆنگرەی جولەمێرگ ووتی" لە توركیادا یەك نەتەوەو یەك ئاڵا ویەك زمان و یەك دەوڵەت هەیە و ئەوەی قبوڵی ئەمە ناكات با بچێتە دەرەوە" لە دوای ئەوەوە چاودێرانی سیاسی كورد دەركیان بەوە كرد كە دادوگەشەپێدان هەمان سیاسەتی ئەرتەش پیادەدەكات و هەمان هەڵوێستی پارتی رەگەزپەرستی توركی هەیە بەرامبەر مەسەلەی كورد، ئەردۆغان ئەتاتوركێكی ئیسلامیە بەرامبەر كورد لە توركیادا.

ئەردۆغان لەگەڵ ئەرتەشە نەك كورد
بەم دوایانە گۆرانی ریشەی لە هەلوێستەكانی ئەردۆغاندا بەدیدەكرا لە كەسێكی ریفۆرمخوازەوە بۆ كەسێكی رەگەز پەرستی كەمالیزمی سوپای سەركوتكەر، یان كەسێكی دژە ریفۆرم وەك هەندێك چاودێری سیاسی وای وەسف دەكەن، رۆژنامەنوسی فەرنسی و مێژوو نوسی كورد كریس كۆچێرا لە دیدارێكیدا ووتیەتی" گومان دەكەم ئەكەپە كارێكی لێ بوەشێتەوەن ئەگەر گۆرانكاریش بكات تەنها لە رووی ئابوریەوە بێ نەك سیاسی" ئینجا لە بارەی دۆزی كوردوە ووتویەتی" جیاوازی بەدی ناكەم لە نێوان ئەكەپەو حزبە عەلمانیە ناسیۆنالیستەكانی تردا".

هەر بۆیە دوای هاتنە سەر دەسەڵات ئەردۆغان یەكەمین دۆزی هەستیار كە تەرحی كرد پرسی حجاب بوو، ئەم پرسەش پارتەكەی تا لێواری مەرگ برد، ئەردۆغان پرسی حجابی بەلاوە گرنكتر بوو لە پرسی كورد، هەر بۆیە لە دوای پرسی حجابەوە پرۆژەی ئۆپراسیۆنی جێبەجێكرد بەرامبەر پەكەكە، رۆژنامەیەكی ئەلمانی راپۆرتێكی لەسەر كرد بە ناونیشانی "ئەردۆغان هەستی ناسیۆنالیستی زیاد دەكات" كە چەندین پرسیاری لێ دەكات لەسەر هەڵویستەكانی دوای هاتنو سەر دەسەڵات و ئەو گۆرانكاریە خێرایانە لە گفتاروكردەوەكانیدا، دواین پرسیاری پەیوەندی بە دۆزی كوردوەیە كە چارەسەری دەكات رۆژنامەكە وەڵامی دەداتەوە دەلێت نەخێر، چونكە نەیتوانی ئەو پرسە بەرێتەوە.
ئومیت فیرات روناكبیر كورد لە توركیا بە تودەیس زەمان دەلیت" ئەردۆغان لە 2002 بردیەوە و دەسەڵاتی گرتە دەست، بەڵێنی دا كە سیاسەتی ریفۆرمخوازانە بگرێتە بەر بە بەردەوامی تەحەدای وەزعی راهل (كۆنزەرڤاتیزم) دەكرد، بەڵام ئەو ئێستا بوە بە یەكێك لە سیاسیەكانی دەوڵەت، لە بارەی بەڵینەكانیەوە خەڵكی نائومێد بون، هیچ هەنگاوێكی پراكتیكی بەدی نەكراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە