فێمینیزم و پرسی نەتەوە
Friday, 30/11/2012, 12:00
پرسی نەتەوە، یەکێکە لەو پرسانەی، کە تاکو ئێستاش لە گەلێک شوێنی دوونیادا گرنگی بەر چاوی خۆی هەیە، بە تایبەت بۆ ئەو گەل و نەتەوانەی کە لە ڕووبەرێکی جووگرافی دیاریکراودا دەژین، بەڵام نە خاوەنی سیادەی سیاسین و نە خاوەنی کەمترین پرانسیپی دیمووکراسی، مافی مرۆڤ و سێکیۆلارن. بەڵام نابێت ئەوەشمان بیربچێت، کە زۆر ڕووبەری جووگرافیمان هەن خاوەنی سیادەی سیاسی سەربەخۆی خۆیانن، بە ڵام لەو وڵاتانەدا مرۆڤی ئازادو کامەران ناژیین. نموونەی ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە دەکرێت بڵێن زۆرن لە دوونیایی خۆرهەڵاتدا. کە سی دکتاتۆر ڕاستەو خۆ لەو جۆرە کۆمەلگایانەدا مۆنۆپۆڵی هەموو جۆرە دسەڵاتێک دەکات. ئازادیی وکەرامەتی مرۆڤەکان بەندە بە میزاج و دوونیابینی و مۆڕاڵی کەسی سەرۆکەوە. لێرەوە، دکتاتۆری تاکەکەسی ئازادی و ماف و بژێوی مرۆڤەکانی ئەو کۆمەڵگایە دیاری دەکات. مرۆڤەکان لەو کۆمەڵگایانەدا درک بەمە دەکەن، لە گەڵ ئەمەشدا، زۆر جار لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا مرۆڤەکان خۆیان لە بەهاو گرنگی ئازادی تێناگەن، لە بەر ئەوەی بە درێژایی ژیانیان ئازاد نە بوون. ئەو گەل و نەتەوانە لە ئازادی دەترسن و ناتوانن پراکتیزەی ژیانی ئازادانە بکەن، بۆ یە دەبینی لە و کۆمڵگایانەدا ڕاپەڕین ڕوودەدات و کەسی سەرکردەو پارتی سیاسی گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام شۆڕش ڕوونادات، چوونکە ئەو ڕاپەڕینانە زیاترژیانی کۆمەڵایەتی، ئازادی مرۆڤەکان بە تایبەتیش وەزعیەتی ژنان کەلەپچە دەکات بە دیسپلینەکانی ئاین و بیری پاتریارکی.
پرسی نەتەوە هیچ مانایەکی نابێت ئەگەر نەتەوایەتی بوون بە مانا هەرە بەرفراوان و قووڵەکەی نەبووبێت بە بەشێك لە دونیابینی، مۆڕاڵ و کردارو ڕەفتاری ئێمە. جێگەی نیگەرانییە، کە دوای ئەو ماوە دڕیژە لە حووکمکردنی کورد بۆ کورد نەمان توانی نەتەویەتی بوون بکەینە بەشێک لە مۆراڵ و دونیابینی مرۆڤی کورد، بەپێجەوانەوە کوردبوون لەلای مرۆڤی کورد لەوماوەیەدا لە جەستەی سەرۆکو پارتە سیاسیەکاندا کورتکرایەوە.
کوردایەتیەک، گەر نەتوانێت دەستی مرۆڤەکانی ئەم کۆمەڵگایە لە فرێدانی پاشماوەو دەبەی بەتاڵی ئاو بوەستێنیت، کوردایەتیەک، گەر نەتوانێت مرۆڤەکانی فێری گرتنەوەی بەلووعەکان بکات، کوردایەتیەک گەر نەتوانێت ساڵانە ژمارەیەک دار لە شاخەکان بروێنێت، کوردایەتیەک گەر نەتوانیت لە بری ئەم هەموو جەنگەڵە لە کۆنکریت چەند یاریگاو پارکێک بۆ منداڵان و مرۆڤەکان درووست بکات، کوردایەتیەک، گەر نەتوانێت ژمارەی قووتابیان لە پۆلێکدا لە 50 قوتابیەوە بکاتە 20 قوتابی، کوردایەتیەک، گەر نەتوانێت ڕێگە چارەیەک بۆ سەگوو پشیلە بەرەڵاکانی شار بدۆزێتەوە، کوردایەتیەک، گەر نەتوانێت نەک بە 4 ساڵ جارێک، بەڵکو بە 20 ساڵ جارێک دەمووچاوی سەرکردەکانمان بگۆڕێت، کوردایەک گەر نەتوانێت سامانی ئەم وڵاتە لە گیرفانی چەند کەسێکەوە بگەڕێنێتەوە بۆ سەرجەم گیرفانەکان، کوردایەتیەک، گەر نەتوانێت لە بیرۆکراتیەت و ڕۆتینی فەرمانگەکان کەم بکاتەوە. کوردایەتیەک گەر نەتوانێت پەناگەیەک بۆ ئەو مرۆڤانەی کە لە ڕووی ئەقڵیەوە ناتەواون دابێن بکات، کووردایەتیەک، گەر مرۆڤەکان لە دەست پان کردنهوه نەجات نەدات، کوردایەتیەک، گەر نەتوانێت ئەو هەمو گەنجانە لە بەڵای بێکاری و گیرفان بە تاڵی نەجات بدات، کوردایەتیەک، گەر نەتوانێت منداڵانی شار لە کاری بەردەستی و سووکایەتی پێکردن بپاریزێت، کوردایەتیەک گەر نەتوانیت جۆرێک لە پاس و شێوەیەک لە شەقام و جۆرێک لە گۆچان بۆ پیرو کەم ئەندامان فراهەم بکات، کوردایەتیەک، گەر نەتوانێت کچانی وڵاتەکەم لە گرفتی هەڵاواردەی ڕەگەزی نەجات بدات، کوردایەتیەک، گەر نەتوانێت ژنانی وڵاتەکەم لە پاشکۆیەتی و سەروەری پیاو ڕزگار بکات، کوردایەتیک، گەر نەتوانێت، ژنانی کۆمەڵگاکەم لە بەڵای شەرەف قووتار بکات، کوردایەتیەک، گەرنەتوانێت مۆڕاڵی پاتریاری لە بار ببات و لەشوێنی مرۆی بوون و ڕیزو ماف بۆ مرۆڤەکان بکاتە دونیابینی کوردایەتی نیە، گەرچی ساڵانێکی درێژە کۆمەڵگای کوردی خاوەنی سەرۆکی کوردیە، بەڵام خاوەنی مۆڕاڵ و دونیابینی کوردبون نیە.
درووست بونی بزووتنەوەیەکی فێمینیستی سیاسی لە ئێستادا، کە لەتوانای دابێت مامەڵەی جدی لە گەڵ ئەو کێشانەدا بکات، زۆر گرنگە، فێمینیزم بوون لە ئەمرۆدا زۆر بەر فرراوانە و بیرەکانی فێمینیزم تەنها دەر گیر نین لە گەڵ ئەو گرفتانەدا کە پیوەستن بە وەزعیەتی ژن و کارە کۆمەڵایەتیەکانی تر، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەمڕۆ فێمینیستەکان دەرگیرن لە گەڵ ئەو کارە دزێوانەدا کەلە کۆمەڵگادا دەگوزەرێن و دەسەڵاتی سیاسی ئاینی پاتریارکی ئامادەنیە چاکسازیان تێدا بکات، چوونکە پاتریارکییەت یەکێک لە ئامانجەکانی کۆکردنەوەی زۆرترین سەرماییەی مادییە، نەک بە کاربردنی بۆ خزمەتگووزارییەکان و باشترکردنی وەزعییەت و ژیانی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا. لە بەرانبەر دەسەڵات و دەزگا پاتریارکەکاندا، ئەمڕۆ لە کوردستان چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندن و بگرە چەند پارتێکی بە ناو ئۆپۆزیسیۆن بوونیان هەیە، لە گەڵ خووڵقاندن وسازدانی سیناریۆ جۆراو جۆرەکانی ، کۆی بڕگە وبابەتی بەرنامەکانیان و ڕووپەڕی ڕۆژنامەکاینان پڕ دەبن لە هەواڵ وقسەو باس لە سەر ئەو کەیۆسانەی کە (chaos) کە پاتریارکیەتی ئاینی سیاسی لە کۆمەڵگادا دەیان خووڵقێنیت. سێکسستەکان و بیری سێکسیزم بێ خووڵقاندنی دووژمنی دەرەکی ناژین، لێرەوە هەموو گوتووبێژیەک سەبارەت بە فێمینیزم و بچوکردنەوەی ژنان (Women Subordinate) لە بەرانبەر هەیمەنەی پیاواندا(Men Domination) دا و هەموو ئەو گرفتانەی تر، جەدەلێکی بێمانان، باسکردن لە فێمینیزم بوون هەم وەک فەلسەفە و هەم وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی، دەبێت تەنها لە 8 مارس و 25 نۆڤێمبەردا باسیبکرێت، خانمە فێمینیستی ئەمریکی (Bell Hooks)، پێی وایە کە دەبێت لە هەموو ئانو ساتێکدا باس لە بیری ماسکولینیتی بکرێت، چوونکە پاتریارکی فۆرمێکی یونیڤێرساڵی هەیە و بە تایبەتێس لە کۆمڵگای ئاینی پاتریارکی ئێمەدا لە پشتی هەمووکردارەکانماندا و لە دوونیابینی هەمووماندا وەستاوە بە ژن و پیاوەوە.هەر هەمان خانم پێی وایە هەر بیرێک یان وتەیەک کە دەربارەی بیرەکانی فێمینیزم دەنووسرێن، لە زۆرترین شوێن، لە ناو مارکێتەکان، جێشتخانەکان، ڕێگاگشتی و سەبوەیەکان، تەلەفیزۆن وڕادیۆو ڕۆژنامەکان، خوێندنگاو سەردیوارو پاسەکان وماڵەکان، لە هەموشوێنێک بڵاوبکرێنەوە، تا هەلومەرجی ژیان و ماڵەکانمان خٶشتربن ومرۆڤەکان ئاسودەتربن.بەڵام پاتریارکیەت سەر قاڵی یادی پیاوانەی ساڵانەی سڵێمانیی و خەریکی یادی پیاوانەی گەلاوێژن، فێمێنیزم بوون و فێمینستی سیاسی کاری ژنانە و تایبەتن بە ڕێکخراوە ماسکوولینیەکانی ژنان. بە ڕاست ئەوە من دەڵێم چی؟ ئێمە دووژمن لە بەر دەرگاکانمان وەستاوە. ئەوانە کەی گرفتن تا خۆمانی پێوە سەرقاڵ بکەین.
گەر ئـێمە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا نەمان توانبێت هاوکاری مرۆڤەکان بکەین بۆ خۆڕزگار کردن لە ڕەقیبە ناوەکیەکان (مەبەستم هەموو ئەو کۆتوو بەندانیە کە بوونەتە بەشێک لە دونیا بێنی مرۆڤی کۆمەڵگایی ئێمە وئازادی ویەکسانی مرۆڤەکانی خستۆتە ژیر پرسیارەوە)، چۆن دەتوانین ڕووبە ڕووی ڕەقیبە دیارەکانمان ببینەوە لە دەرەوە. کاتێک پیاوەکان باوەڕیان بە ئازدی ژن، منداڵ، جیاوازی ئاینی وئائدۆلۆژی نەبێت قسەکردن لە سەر ئازادکردنی نەتەوەیەک درۆیەکی گەورەیە. مرۆڤەکانی کۆمەڵگای عەرەبی ئیسلامی گەر نەک بەهاری عەرەبی، بەڵکو زستان و پایزو هاوینی ڕاپەڕینی عەرەبی بکەن، ناتوانن دوونیابینیەکی یونیڤەرساڵ سەبارەت بە ئازادی هەم وەک چەمک، هەم وەک کردەیکی مۆڕاڵی یاسایی پراکتیکی بۆ مرۆڤ لە کۆمڵگادا فراهەم بکەن، چونکە ئەوان تاوەکو ئێستاش بە تووندی بەرگری لە دونیابینی عەرەبی ئاینی ماسکوولینیتی دەکەن، کە ئەم دوونیابینیە ئاستەنگی سەرەکی بەردەم ئازادی مرۆڤە بە گشتی وئازادی ژن بە تایبەتی. بۆ نموونە، لە میسردا لە پاڵ ئەو هەموو پلاکات و وتافانەدا، ووتافێکمان نە بینی بۆئیدانەکردنی خەتەنە لە مسر، لە کاتێکدا لە مسر98% ژنان خەتەنە دەکرێن. گەر ئێمە شەڕی ئازادی لە ناو ماڵەکانی خۆماندا نەکەین، شەڕکردن بۆ ئازادی لە دەرەوەی ماڵەکان درۆیەکی گەورەیە، چونکە لە بنەماوە نازانین بۆ چی شەڕ دەکەین. دەکرێت بڵین پرسی نەتەوە، پرسی ئازادی بە بێ پرسی ژن و منداڵ وکۆی گرفتەکانی تری کۆمەڵگا، پرسێکن هێشتا تەواو نەبوون و لە سەرەتادان، گەرچی نەتەوەکان خاوەنی جوخرافیاوسیادەی سەربەخۆی خۆیان بن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست