كۆسرەت رەسوڵ، تۆمەتبار كرا
Monday, 10/05/2010, 12:00
بەپێی ئەو ژمارە سەرسوڕهێنەرەی مەكتەبی رێكخستن بێت كە لەكەناڵەكانەوە بڵاوی كردەوە، ئەوا لەهەڵبژاردنی ئەندامی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان كە لەبەرواری 8/5 بۆ ئەندامانی كۆمیتەی سەر بەمەڵبەندەكانی یەكێتی كرا، یەكێتی 448هەزار ئەندام دەیتوانی دەنگ بدات.
هاوڕێیەكم لەمەكتەبی رێكخستن لەگەڵی كەوتمە گفتوگۆ دەربارەی ئەو بێ بەرنامەیەی یەكێتی كە هەر لەسەرەتای پرۆسەی هەڵبژاردنەوە چۆن تێی كەوتووەو كۆنگرەی لەو رۆژەی هەڵبژاردنی نوێنەرەكانی بۆ كۆنفرانسی مەڵبەندەكان خراپتر دەبێت، ئەو هاوڕێیەم وتی: لە هەموو كۆمیتەكانی سەر بەمەڵبەندەكان هەر كەس لیستێكی دروستكردووەو كەوتوونەتە تەكەتول و تەكەتولكاری هەر یەك لەباڵی جەلال و باڵی كۆسرەت تەنانەت لەهێندێ بنكەی دەنگدان لە هەولێر و سۆران شەڕ و جنێودان بەیەكتر و هێرشكردنە سەر كۆسرەت رەسوڵ رویداوە.
ئەو برادەرەم لەمەكتەبی رێكخستن وتی: ئەوەی ئێمەی تووشی نائومێدی كرد و بۆمان دەركەوت كە ئەم حزبە ئاگای لەهیچ شت نەمایە، هەر كۆمیتە و مەڵبەندێكی سنووری هەولێر و سلێمانی مان وەرگرتووە كە 30مەڵبەند پتری تێدانە بەهەزاران كەس ناویان هاتۆتەوە كە گۆڕانن یان ئێستا لەدەرەوەی یەكێتین و لەگەڵ گۆڕاندا كاردەكەن و بەموافەقەتی لێپرسراوی مەڵبەندەكان و كردنی نووسراو بۆ بنكەكان خەڵكی تریان هێناوەو پارەیان دراوەتێ لەبری ئەو ناوانەی كە ئێستا لەناو گۆڕاندان دەنگیان بەباڵی جەلال داوە، لەموقابیلی ئەو هەموو ناوانەی گۆڕان، بەتایبەتی لەسلێمانی و هەولێر و كەلار، ناوی سەدان كەس نەهاتوونەتەوە كە ئەندامی یەكێتین و بەر لەهەڵبژاردنی25/7فۆرمی ئەندامێتیان پڕكردویتەوە، بۆیە ئەندامان و تەكەتولچی یەكانی باڵی جەلال لەنێو بنكەكانی دەنگدان دا پرۆپاگەندەی ئەوەیان كرد كە باڵی كۆسرەت لەمەكتەبی رێكخستن ەوە ئەو ناوانەیان كوژاندۆتەوە بۆئەوەی ئێمە(باڵی جەلال) سەوت نەیەنن.
هاوڕێكەم لەمەكتەب رێكخستن، وتیشی: ئەم سیناریۆ سەقەتەی باڵەكەی جەلال بەوە نەوەستایەو تەنانەت لەئێوارەو بەتایبەتی دوای سەعات 5 تا 6 بەئاشكرا وەرەقەی مۆركراوی زیادەیان بۆ تەكەتولەكانی خۆیان پڕكردۆتەوە.
هاوڕیكەی مەكتەبی رێكخستن وتی: لەهەمووی عەجیب تر لەدوای سەعات 4ی دوانیۆڕۆ نووسراوێكی بەپەلەمان بۆ هات لەمەڵبەندی سلێمانی یەوە كە ئیدانەی زۆری عیماد ئەحمەدی تێدا بوو بەوەی كە لەو ناوانەی كە گەڕاونەتەوە بۆ دەنگدان ناوی وای تێدا بووە كە هەڵسوڕاوی بەرزی گۆڕانە لەوانە مەجید ساڵح كە ئێستا لێپرسراوی سەنتەری راپرسییە لەكۆمپانیای وشە و سەردار عەبدوڵڵا كە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عیراقە لەسەر لیستی كۆڕان و هۆشیار عەبدوڵڵا كە ئێستا بەرپرسە لەكەناڵی KNNو محەمەد عەبدولكەریم كە ئێستا پەیامنێری سویدی KNNە، جگە لەچەند ناوێكی تر كە ناسراو نین و كارمەندی ئاسایی رادیۆی گۆڕانن یان كادری ترن وەك عەبدوڵڵا عارف كە ناسراوە بەعەبەی شەهیدان كە پێشتر لەكۆمیتەی هەوارە بەرزە بووەو ئەمجارەش لەهەمان كۆمیتە ناوی هاتۆتەوە بەمەرجێ لە25/7یشدا ئەو هەڵسوڕاوێكی بارزی گۆڕان بوو.
یەكێتی بەم سەرلێشێواوی یەوە بچێتە ناو كۆنگرەوە تووشی قەیرانێك دەبێت بە دوو كۆنگرەی تر لێی دەرناچێت و تۆمەتباركردنی كۆسرەت یش هەر لەسەرەتای هەڵبژاردنەوە نیشانەی شكستی كۆسرەتە لەم كۆنگرەیەدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست