بەرهەم ساڵح بەشداری كۆنگرە ناكات
Thursday, 22/04/2010, 12:00
مەرگی یەكێتی تەنیا مانگێك و چەند رۆژێكی ماوە و هەر ئەمەشە وای لەو حزبە كردووە كە تەواوی داراییەكانی خۆی توند بكاتەوەو تەنانەت پێدانی مووچە بەكارمەندانی دەزگاكانی ئەو حزبە هێندە ئاڵۆزە كە زەحمەتە مەكتەبی دارایی یەكێتی خۆشی پێی چارەسەرببێت، هەربۆیە هەموو حزبێك كاتێك بەرەو كۆنگرە دەڕوات بیر لەوەدەكاتەوە چۆن ئایندەو گەشەپێدانی ئەو حزبە لەكۆنگرەدا رێكبخات، بەڵام لەناو یەكێتیدا پێچەوانە بۆتەوە هێندەی كۆسرەت بیر لەوە دەكاتەوە كە لەكۆنگرەدا سەركەوێت هێندە بیر لەئایندەی یەكێتی ناكاتەوە، هێندەی بەرهەم ساڵح تموحیەتی لەكۆنگرە سەركەوتوو بێت هێندە بیر لەوە ناكاتەوە كە یەكێتی بكاتە حزبێكی موئەسەساتی، ئەوەندەی مەلا بەختیار دەیەوێت پۆستی جێگری سكرتێری گشتی مسۆگەر بكات و هێزێكی بنەماڵەیی لەناو یەكێتیدا دروست بكات هێندە بیر لەوە ناكاتەوە كە یەكێتی ببێتە حزبێك كە خەڵك لێی بڕوانێت.
شەوی 21/4 لەگەڵ ئەندامێكی سەركردایەتی و چەند هاوڕێیەكی دیكەدا كەوتینە گفتوگۆ دەربارەی كۆنگرەی یەكێتی، بێئەوەی هیچ ئەملاو ئەولایەك بكات ئەوەی لەناو دڵی بوو بۆی خستینە سەر سفرەو هیچ نهێنییەكی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی نەهێشت كە ئەو بیزتنێت و ئێمە و خەڵك نەیزانێت.
ئەو ئەندامی سەركردایەتیە وتی: لەسەرەتاوە لەوەوە دەست پێدەكەم كە كەسانێكیان داناوە بۆ داڕشتن و نوسینەوەی پرۆژەی پەیڕەو پڕۆگرامی ناوخۆ كە نەك پێشینەیەكی سیاسیان نییە بەڵكو تا ئێستا نازانن برینەكانی یەكێتی لەكوێدایە، جا بۆئەوەی زۆر هیلاكتان نەكەم بەو بابەتەوە واز لەو پرۆژەیەی پەیڕەو و پرۆگرام بێنە كە ئەوە دەخرێتە موناقەشەوە، با چیرۆكی سەیرو سەمەرەی سەركردەو مەكتەبی سیاسی ئەم حزبەتان بۆ باس بكەم، كۆنگرە هەر دەبێت ببەسترێت، چونكە مەكتەبی سیاسی یەكێتی كەوتووە بەقسەی خۆیداو بەشیمان بوونەوە هێندەی تر لەبەردەم خەڵكدا سوكی دەكات، چونكە ئەوان لەپلینیۆمدا وەعدیان بەخەڵكداوە ئەگەر لە1/6 كۆنگرە نەبەستن ئەوە ئەو سەركردایەتیە شەرعیەتی نامێنێت.
باسی ئەوەی بۆدەكردین كە ئێستا لەمەڵبەندەكانی یەكێتی و بەتایبەتی باڵی كۆسرەت و ئەوانەی لایەنگری بەرهەم ساڵح-ن كار بۆ ئەوە دەكەن كە مەلا بەختیار بخەن و نەیەڵن سەركەوێت لەكۆنگرەدا، ئەمە لەئان وساتدایە كە بەرهەم ساڵح نە باوەڕی بەكۆنگرەیەو نە پێی باشە كۆنگرە ببەسترێت و تەنانەت لەچەند شوێنێك وتویەتی كە بەشداری كۆنگرە ناكات و مەگەر بەزۆر بەلكێشی كۆنگرەی بكەن و لەوەش دڵنیا بۆتەوە كە باڵی جەلال پشتگیری ناكەن و دژ ئەو كاردەكەن.
بەدڵنیای ئەو لێدوانەی بەرهەم ساڵح لەكەناڵی KNNكە سەلماندی نابڕین بووە و هەوڵ بۆ چارەسەركردنی دەدەن و هەندێكیشیان چارەسەركردووە، باڵەكەی جەلال-ی هێندە توڕەكردووە و دواتریش باڵەكەی جەلال پێیان وایە كە بەرهەم نەرمە بەرامبەر بە بزوتنەوەی گۆڕان و ئایندەی یەكێتی بەرەو خراپ دەبات و لەو كۆبوونەوەیەی كە جەلال رۆژی 20/4لەگەڵ ژمارەیەك لەنووسەرانی سلێمانی كۆبووەتەوە بەئاشكرا دژی بەرهەم قسەی كردو بەناچالاكی لەقەڵەمداو تەنانەت دژی كردنەوەی ئەو هەموو زانكۆیە بوو كە لەم ماوەیەدا بەردی بناغەی داناوەو بەكارێكی نازانستی لەقەڵەمدا.
ئەو ئەندامی سەركردایەتییە كاتێك درێژەی بەقسەكانیدا وتی: تەنانەت هەندێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی گەیشتوونەتە ئەو راستییەی كە مام جەلال دەیەوێت حكومەت تەسلیم بەپارتی بكاتەوە، یان ماوەیەك لەمەوبەر كاتێك كە لەگەڵ مام جەلال دانیشتین بەئاشكرا ئەوەی پێوتوین (كەئێمەی یەكێتی توانای حكومەت بەڕێوە بردنمان نییە و پێشم باشە لەدوای كۆنگرە بەرهەم تەنیا خەریكی كاری حكومەت بێت و واز لەحزب بێنێت، چونكە ناكرێت كاری حزب و حكومەت پێكەوە).
ئەو ئەندامی سەركردایەتیە وتی: ئێستا هێرۆ برایم ئەحمەد و مەلا بەختیار لەهەموو كەس زیاتر حەز دەكەن كۆنگرە ببەسترێت، چونكە بەهەموو پێشبینی خۆیان دەبنە سكرتێر و جێگری سكرتێر و وەك لەپرۆژەی پەیرەویشدا هاتووە یەكێتی سەرۆكی دەبێت، جەلال خۆی دەكات بەسەرۆكی یەكێتی.
ئەندامەكەی مەكتەبی سەركردایەتی وتی: ئێستا ئەمشەو (شەوی 21/4)، كۆسرەت خۆی گەیاندۆتە لای جەلال، تەنیا یەك مەبەستیش لەو سەرانەیدایە ئەوەیە كە دەیەوێت قەناعەت بەجەلال بكات كۆنگرە نەكرێت، چونكە هیچ كاتێك بەقەدەر ئێستا كۆسرەت لەلاوازیدا نەبووە و پێشناچێت لەكۆنگرەدا سەركەوتووبێت.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی لەكۆتایی وتی: دەتوخوا پێم بڵێن حزبێك ئەمە حاڵ و وەزعی بێت دەتوانێت كۆنگرە بەڕێوە بەرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست