کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئافەرین وەفدی كوردی، 10 لە10

Monday, 22/10/2012, 12:00






ئبراهیم جەعفەری سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسی دا رۆژی 21-10 رایگەیان وەفدی كورد و هاوپەیمانی نیشتمانی رێكەوتن.
ئەم راگەیاندنە بۆ یەكێتی و پارتی هێندە دڵخۆشكەر بو كەمێكی مابو هێزە چەكدارەكانیان تەقەی خۆشی بكەن.
بە ڕاستی من بم لە بری مسغود بارزانی سەرۆكی هەرێم 10 لە10 بۆ هەمویان دادەنێم، چونكە وەفدێك ئەوەندە زیرەك و بەتوانا بێ بەیەك رۆژ دوای چونە بەغدا قەناعەت بەهاوپەیمانی نیشتمانی بكا ئەوە هەقی تەكریمێكی گەورەی هەیە ، نزیكەی 7مانگە پارتی مێشكی سەری كوردی هێناوەتە خوارەوە كە دانیشتن لەگەڵ مالكی بێ ئەنجامە ، مالكی لە ئێمە كردبو بەو بەشەرەی كە ئیتر نەك بەكەڵكی ئەوە نایەت كورد قسەی لەگەڵ بكا بەڵكو هەر رۆژێ بێ بەF16 كوردستان وێران دەكا ، مسعود بارزانی خەریكبوو هەموومان لەخشتە بەرێ و برژێینە سەر جادە داوای دەوڵەتی كوردی بكەین ، كەچی وا دەرنەچو ئەو مالیكیەی كە ئاوا باسیان كرد بەیەك دانیشتنی وەفدە كوردیەكە هەموو شتێكی بڕانەوە و لەمیدیاكانەوە وتیان تەواو كورد كێشەی نەما لەگەڵ بەغداد ، وەفدەكە سەركەوتو بو ئەوەی كورد لەدوای 2003ەوە شەڕی بۆ دەكا چارەسەریان كردوە و چەند رۆژی داهاتو بەسەركەوتووی دەگەڕێنەوە لای مسعود بارزانی.... بارەكەڵڵا لەو وەفدەكە كوردیە كە لەسەر شەش خاڵ رێككەوتوون كە هەر شەشیان ئەوەندە لاستیكین 10 حكومەتی تر بگۆڕێ و 6 جۆر مالكی تر بێتە سەر حوكم ئەتوانێ چارەسەری بكا، یەك لەوانە بەردەوامبون لەسەر ئەنجامدانی ئەو كۆبونەوانە بەتایبەت لەدوای جەژنی قوربان، دووەم: هێوركردنەوەی شەڕی راگەیاندن.
كورد تائێستا نازانێ كامەیە شەڕی راگەیاندن؟؟؟...
سێەم: دەستنیشان كردنی ئەولەویەتی كاری ئەم قۆناغە، بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتن زیاتر بن.
جا كێ هەیە نەوانێ كاری ئەم قۆناغە چیە؟ گرێبەستە نەوتیەكان...
چوارەم: دەستنیشانكردنی ئالیەتی گونجاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.... جا خەڵكینە لەوانەیە ئالیەتی گونجاو لای مەسعود ئیمزاكردنی 50گرێبەستی تر بێ، بەڵام لای مالكی ئۆپەراسیۆنی فورات بێ لەهەولێر.
پێنجەم: جەختكردن لەسەر گەڕانەوە بۆ دەستور.
ئەم خاڵە جێگەی پێكەنینە، لەدوای داڕشتنەوەی دەستور لەساڵی 2005ەوە كورد دەڵێ گەڕانەوە بۆ دەستور.
شەشەم: دیاریكردنی ئەو خاڵانەی كە ناكۆكیان لەسەرە.... ئەم خاڵەی كۆتا زۆر سەیر و سەمەرەیە، بۆ مەسعود بارزانی خۆشی دەزانێ كێشەی چی هەیە لەگەڵ مالكی تا
گەلی كورد بزانێ كێشەی لەگەڵ بەغداد چیە؟
بەڕاستی جێگەی نرخاندنە وەفدێك لەماوەی دوو رۆژدا توانی ئەو هەمو دەستكەوتە بۆ ئەم گەلە ستەمدیدەیە بێنێتە دی كە تا ئێستا نازانێ كێشەی لەگەڵ بەغدا چیە؟
لای كورد وەفد دروستكردن ئەوەندە ئاسانە، ئێستا لەبری وەفدێ دو وەفدی لەبەغدایە ، بە ڕاستی ئەوەی یەكێتی و پارتی بۆ كوردی دەیكەن هەر حیزبێكی مۆدێرن لە ئەورپاوە بهێنە ناتوانێ ئەو سیاسەتە بكا و بەو حەكیمانەیە سەركەوتو بێ ، مەسعود بارزانی 7مانگ لەمەوبەر وایلێكردین نەوێرین بەسەردانیش توخنی بەغداد بكەوین كەچی ئێستا دو وەفدی پڕخێر و بەرەكەت لەوێن، یەكێكیان بەسەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح‌ و ئەوی تریان بەسەرۆكایەتی عماد ئەحمەد.
هەردوو وەفدەكە یەك ئامانجیان هەیە كە سەرەتا و كۆتایەكەی دەستكەوتی مادییە ، ئەوەی حكومەت بەسەرۆكایەتی عماد ئەحمەد كە وەزیری دارای و پلاندانان و سامانە سروشتی یەكانی لەگەڵ دایە بۆ مەسەلەی دابینكردنی پارەی ئەو كۆمپانیا نەوتیانە كە لەهەرێم دا كاردەكەن.
هەرچی وەفدەكەی دوەمە بەسەرۆكایەتی د.بەرهەم و چەند كەسێكی حزبی لەگەڵە و وەفدێكی حزبیە، دوای راگەیاندنەكەی جەعفەری لەگەڵ وەزیری دارای و پلاندانان لەشاری بەغدا كۆبونەوەیان كردوە و رێكەوتون لەسەر بەشە بودجەی ساڵی 2013 ی هەرێم و رۆژی 22-10ش لەگەڵ نوری مالكیش كۆبونەتەوە، سێ داواكاریان لەبارەی بودجەوە خستۆتە بەردەم مالكی رازی بوە و لە بەرامبەردا 3 مەرجی سەپاندوە بەسەر وەفدەكەدا ، یەكەم ، ئۆپەراسیۆنی دیجلە ئەمری واقیعە بێدەنگەی لێبكەن ، دووەم: چەككڕینی عیراق ئەمری واقیعە و كورد بۆی نیە تەداخول بكا، سێهەم وەستاندنی هەمو پەیوەندیەكی ئابوری لەگەڵ توركیا.
بۆیە خەڵكی كوردستان قەرزاری ئەم وەفدەن و مافی ئەوەیان هەیە هەر لەگەڵ دابەزینیان لەفرۆكەخانەی هەولێر بە چەپكە گوڵ بەرەو رویان بڕۆن و پێیان بڵێن ئافەرین 10 لە10 توانیتان لەماوەی 2رۆژدا هەمو كێشە هەلپەسێراوەكانی نێوان هەرێم و بەغداد چارە بكەن بە مادەی 140 ەو بۆ ئەوەش پێویستە خەڵكی كەركوك لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا 100% دەنگ بدەن بە نوێنەرانی یەكێتی و پارتی چونكە ئەوەی 7 ساڵە خەوی پێوە دەبینن لەماوەی 2 رۆژدا كۆتایان پێهێنا.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە