کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فەرهاد پیرباڵ دڵی بە31ی ئاب دەكرێتەوە

Thursday, 17/03/2011, 12:00




پێشتریش زۆر كەس هەبوون بەرگرییان لەم فەرهاد پیرباڵ دەكرد، بەڵام من هەمیشە بەنمایشكارێكم دادەنا لەبەردەم گەنجاندا، ساڵانێك كە لەهەولێر بووم كاتێك گۆڤاری (وێران)م دەخوێندەوە لەناخەوە زۆر دەیهێنام و دەیبردم كە ئەم برادەرە لە نمایشێكی پارتیانە هیچی تری نابینێ، لەیەكێ لەژمارەكاندا ژمارە3 بوو یان نا لەبەرگی دواوە وێنەیەكی هەولێر دانرابوو لەسەری نووسی بوو هەولێر پایتەختی دواكەوتن و نائومێدی ، ئەو كات بۆ گەنجێكی خوێن گەرمی وەك من ئەم رستەیە چەندین لێكدانەوەی جودای هەبوو كە سەر بە هیچ حیزبێكی سیاسی نەبووم، ئەوێ رۆژێ هاوڕێ كۆمۆنیستەكانم دەیانگوت فەرهاد پیرباڵ مەبەستییەتی كە لەسایەی دەسەڵاتی كوردیدا ئەم شارە نائومێدی بەسەردا دەبارێ... هاوڕێ یەكێتیەكانم وایان لێكدەدایەوە كە مەبەستی دواكەوتن لەژیاری شارستانییە لەچاو سلێمانی دا، من هەموو راكانم بۆ هەڵدەوەشاندنەوە و پێموتن ئەم پیاوە ئەوە 4 ساڵە شەڕی ناوخۆیە هەڵوێستێكی بەجێی نەبووە بۆیە ئەو نارەحەتە بەرامبەر دەسەڵاتی یەكێتی لەهەولێر و پایتەختی دواكەوتن و نائومێدی مەبەستی لەوەیە كە لەسایەی یەكێتی دا ئەم پایتەختە نائومێدی رووی تێكردووە و ئەم قسەیەشم رۆژێك راست دەردەچێ، ئەوەتا دوای 15ساڵ فەرهاد پیرباڵ دەڵێ: مێژووی هەولێر لەدوای 31ی ئابەوە دەست پێدەكا.

ئەم قسەیە زۆر هەڵدەگرێ بەڵام لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە كە ئەو شانۆگەریانەی كە فەرهاد پیرباڵ لەبەردەم كامێرەدا نمایشی دەكردن ئەو راستیەی سەلماند كە دەیویست لەنێوان خۆشەویستی بۆ دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بوندا خۆی بهێڵێتەوە لەكاتێكدا تا 25-7 هێزێكی ئۆپۆزیسیۆن بون لەكوردستان دا بونی نەبوو، هەر بۆیە لەوكاتەی كە بزوتنەوەی گۆڕان دروست بوو نەك قسەیەكی خێری بۆ ئۆپۆزیسیۆن نەكرد بەڵكو كەوتە دژایەتیەكی راستەوخۆی ئەو بزوتنەوەیە.

لەوانە بوو لەوكاتەدا بۆ نوسەرێكی وەك فەرهاد پیرباڵ ئاسایی وەرگیرایە لەلایەن هەندێ لەوانەی كە بەنوسینەكانی كاریگەر بون بەڵام لەكاتێكدا لایەكی سلێمانی خۆپیشان دەكا نەك بۆ پیرباڵ قورس دەكەوێتەوە، بەڵكو دەكەوێتە بەر هێرشێكی رەخنەی قورس كە خۆپیشاندانەكانی سلێمانی وا بێ بایەخ سەیر بكا.

تەنیا پرسیارێك لە پیرباڵ دەكەم گریمان بە قسەی ئەو ژیان لەهەولێر لەدوای 31ی ئابەوە دەست پێدەكات و خۆپیشاندانەكانی سلێمانی نەوشیروان مستەفاو گۆڕانی لەپشتە، دە ئەگەر ئەو كەرامەتی ئۆپۆزیسیۆن بونی تێدایە لەسایەی ئەو دەسەڵاتەی كە لەدوای 31ی ئابەوە دیموكراتی و ژیانی بۆ خەڵكی هەولێر هێناوە 50 گەنج كۆكاتەوەو حۆپیشاندان بكا و داوای چاكسازی و نەمانی گەندەڵی بكا.

جارێ باسی ئەو مەرگەساتە ناكەم كە لای ئەو ژیان لەدوای خیانەتەوە دەست پێ دەكا، بەڵكو لەسەر ئەوە قسەم هەیە پیرباڵ ئێستا ئەیەوێت خۆی وا نیشان بدات ئەم پشتگیری دەسەڵات دەكا بەڵام ئەوەی كەمێك لەو 10ساڵەی پیرباڵ ورد بێتەوە بۆی دەردەكەوێ كە ئەو پیاوە هەمیشە لەرەمزی یەكێتی داوە و پشتگیری پارتی كردووە ، كاتێك پەرلەمان و سەرۆكی پەرلەمان پارتی بوو ئەوپەری سوكایەتی بەپەرلەمان دەكرد ، بەپێچەوانەوە كە سەرۆكی حكومەت هاتەوە دەست یەكێتی سوكایەتی بەحكومەت دەكرد، ئێستا بۆ ئەوەی وا نیشان نەدا پشتگیری تەواوی دەسەڵات دەكا.

لەوە سەرسوڕهێنەر تر ئەو شانازی كردنەی پیرباڵە بە 31ی ئاب، ئێستا پارتیەكان خۆشیان كە هەندێ مێژویان دێـتەوە یاد هەر ئەوە ماوە بڵێن شتێك نیە لەرۆژمێری وڵاتدا بەو ژمارانەوە ، پارتی بەم ژمارانە ژیانی تالأ دەبێت 75 و 31ی ئاب و 17ی شوبات، ئیتر ئەبێ ئەو دنیا بینیە جیاوازەی فەرهاد پیرباڵ چی بێت بۆ 31ی ئاب كە لەدوای هێنانی دەبابەی بەعس بۆ سەر پەرلەمان لەلایەن پارتیەوە ژیان لەهەولێر بو بێ بە نمونەیەك لەو ژیانەی كە ئەو بینیویەتی لە فەرەنسا، دیارە ئەو زانستە نوێیەی لە مێژوی فەرەنسا وەریگرتوە سەدان خیانەتی حزبەكانی وەك پارتی تێدایە كە خیانەتكردن ببێتە خۆشی بۆ میلەت و مێژو لەو رۆژەوە دانرا بێ، ئەگەر ئەمە عەقڵی رۆشنبیر و كەسە هۆشیارەكانی ئەم كۆمەڵگەیە بێت ئیتر بۆ گلەی لەو چەكدارە بكەین كە تەقە لە گەنجێك دەكات كە مشتی پڕە لەبەرد و داوای چاكسازی و نەمانی گەندەڵی و جیاكردنەوەی حزب لەحكومەت دەكا.

راستە مێژووی هەولێر لە31ی ئابەوە لای پیرباڵ دەست پێدەكا چونكە چونكە 31ی ئاب نمونەی وەك ئەوی فێر كرد كە خیانەت لەمیلەت كەن و پشتی تێبكەن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە