بۆچی بەرامبەر بزووتنەوەی گۆڕان، بەرهەم ساڵح شكستی هێنا
Saturday, 28/01/2012, 12:00
بززوتنەوەی گۆڕان توانی شكست بەكابینەی شەشەم بهێنێ، ئەو شكست هێنانە ئەگەر لەكارامەیی ئۆپۆزیسیۆنەوە بێ بەتایبەتی گۆڕان لەسەرێكی ترەوە بۆ كەمتوانایی سیاسی بەرهەم گەڕایەوە لەژیانی سیاسیدا ، كاتێك كە خەڵك بەگشتی و ئەو چەند هەزاركەسەی خەڵكی سلێمانی بۆیە دەنگیان بە بەرهەم ، دا ویستیان ئەزمونێكی حوكمڕانی ساڵی 2000یان بۆ دووبارە بكاتەوە، بەڵام ئەم ئەزموونەیان نەبینی ، بەڵكو ئەزموونێكی حوكمڕانی زۆر خراپیان بینی و بووە هۆی شكستی بەرامبەر بەگۆڕان.
ئەم كارەكتەرە سیاسیە كەمتوانایەی یەكێتی لەكەمتوانایی ئیدارییەوە نەبوو كە شكستی هێنا، بەڵكو لەگوێڕایەڵی و فریودانیەوە بوو لەلایەن مام جەلالەوە.
كێشەو ململانێی نێوان هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بەرهەم ساڵح لەناو خۆدا حكومەتی تووشی دابڕان كرد لەخەڵك ، لەبەرامبەر دا مام جەلال پێویستی بەتۆڵەكردنەوە بوو ، بۆ ئەوەش وەك چۆن لە كۆنگرەی یەكێتی لەمانگی 6ی 2010 پێدانەوەی جێگری بەبەرهەم لەلایەن مام جەلال، ەوە كردی بە منەت بەسەریەوە و بەكورتی پێی وت كە دەرناچیت ئەگەر من نەبم لەهەمان كاتدا پێشی وت ئەتوانم لەدنیای سیاسەتیش دادببڕم .
مام جەلال بەوەوە نەوەستا، بەڵكو حكومەتی لەدژی بزوتنەوەی گۆڕان بەدەستی بەرهەم ساڵح تیژكردەوە، ئەوەندەی ئەو وەك سەرۆكی حكومەت دژی گۆڕان وەستا هیچ ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی تری یەكێتی دژی ئەو ئەوەندە نەوەستا لەكاتێكدا ئەو سەرۆكی حكومەت بوو نەدەبوو ئاوا مامەڵە بكا بۆیە ئەوەی مام جەلال بەد. بەرهەم كرد بۆ دژایەتی گۆڕان نەبوو، بەڵكو بۆ تۆڵەسەندنەوە بوو لەد. بەرهەم و شكست پێهێنانی بەرهەم ساڵح كە پێویست بوو لەبەر دڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد وا بكرێ.
كەواتە ئەو دوو ساڵە شكستخواردووەی بەرهەم ساڵح لەبەردەم گۆڕان و لایەنگرانی دا لەبیرچونەوەی نیە و نەیتوانی دڵی گۆڕانەكان بەلای خۆیدا راكێشێ، تەنانەت لەدوو ساڵی حوكمڕانیەكەیدا ئەوەندەی دژی گۆڕان و كادرەكانی گۆڕان ئیشی كرد نیو ئەوەندە دژی حزبە ئیسلامیەكان ئیشی نەكرد، بەپێچەوانەوە ئەوەتانی نێچیرڤان بارزانی لەیەكەم هەنگاویدا كە دەیەوێت حكومەت وەرگرێتەوە سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان دەكا، چونكە نێچیرڤان دەیەوێ بەر لەدەستبەكاربوونی بەپارتییەكان بڵێ پەنجە بردن بۆ ئەو ئاگرە هەروا سادەو ساكار نیە، حیساب نەكردن بۆ 500هەزار دەنگدەر وەك ئەوەی كە بەرهەم كردی شێتییە، بەرهەم حیسابی بۆ نەكرد من حیسابی بۆ دەكەم و لەسلێمانیش بەر لەوەی سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بكات حیساب بۆ گۆڕان دەكا، ئەم حیسابنەكردنەی نێچیر لەسەردانەكەیدا بۆ یەكێتی زۆر شتی بەخەڵكی گۆڕان و هەوادار و لایەنگرانی وت، پێی وتن ئێوە هەن، یەكێتی بوونی نیە لای من، ئەگەر واقیع بینانە بیر بكەینەوە شكستی بەرهەم ساڵح ئەوە بوو كە ئەو رەقەمە گەورەیەی گۆڕەپای كوردستانی نەخوێندەوە وەك كەسێكی نامولتەزیم مامەڵەی لەگەڵ روداوەكاندا كرد و دوو ساڵی شكستخواردووی بەڕێكرد لەبەردەم خەڵكی كوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست