بەردەم پەروەردەی سلێمانی، بووە بەفەرماندەیی و ئاسایشی گشتی
Tuesday, 20/04/2010, 12:00
تا ئەم ساتەش رژێمی یەكێتی و پارتی هەست بەناڕەزایی خەڵك ناكەن، هەموو پێشبینی خۆیان لەتاكە وشەیەكدا كۆكردۆتەوە كە ئەم ئەزموونە خەباتی زۆری بۆ كراوە پێویستە بیپارێزین، ئیتر بێئەوەی بیر لەوە بكەنەوە كە ئەوە تەنیا بەو هاووڵاتییە دەپارێزرێت كە خۆی ئەو ئازادییەی بەدیهێناوەو هەر خۆشی دەتوانێت بیروخێنێت، كەواتە ئەگەر كەمێك عەقل لەمێشكی سەركردایەتی سیاسی كورددا بێت تێدەگات كە لەمەودوا رژێمی یەكێتی و پارتی بۆیان نییە ئاوا بەئاسانی پێگەی خۆیان بەهێز بكەن و خەڵكیش پەراوێز بخەن، هەر دەنگێكی ناڕازیش بەرز بۆوە بەدەستی لەپشتەوەیە تۆمەتباری بكەن,
خۆپیشاندانەكانی رۆژی 17/4 دەریخست هیچ هێزێك نییە بتوانێت یەك سات لەتووڕەی جەماوەر كەمكاتەوە، خۆپیشاندانیش ئەوكاتە خۆپیشاندانە ئەگەر ئامانجی خۆی پێكاو توانی رژێمی دەسەڵاتدار سەغڵەت بكات، ئەگەر نا هەموو كەسێك دەتوانێت لافیتە بەرزكاتەوەو دروشم هەڵواسێت و یاداشت بداتە بەرپرسەكانی پارتی و یەكێتی و دواتر بیخەنە تەنەكە خۆڵەوە، ئەم سیستمە تەقلیدییە تەنیا لەفەرهەنگۆكەكەی پارتی و یەكێتیدایە كە خۆپیشاندان تەنیا پێویستی بەمۆڵەت وەرگرتنە ئەگەر بەپێی ئەم فەرهەنگۆكەی قادری حەمەجان بجوڵێینەوە كە خەڵك بێ مۆڵەت خۆپیشاندان بكات نایاساییە، ئەوا دەبێت هەموو دانیشین چاوەڕوانی ئەوان بكەین بفەرموون هەواش هەڵمژین.
بەڵێ خۆپیشاندانی خوێندكاران مەهامی خۆی پێكاو توانی دەسەڵاتە لەرزۆكەكەی رژێمی پارتی و یەكێتی بتۆقێنێت، ئاخر چۆن تۆقین نییە بەردەم بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سلێمانی بووە بە بەردەم فەرماندەیی و ئاسایشی گشتی سلێمانی، سەدان چەكدار و میلیشیا و جۆرەها چەكداری سەیرو سەمەرەی لێكۆكراوەتەوە، هەمان سەردەمی رژێمی بەعسم بیر دەكەوتەوە كە چۆن قوات خاسە بەردەم و سەرسوچی كۆڵانەكانی دەگرت لەترسی خۆپیشاندانی قوتابیان و خوێندكاران، ئەو ترسە تا ئێوارەی 19/4 بەردەوام بوو، ئیتر نازانم دوا ئەوە رژێمەكەی پارتی و یەكێتی بەردەم پەروەردە چۆڵ دەكات یان بەهەمان شێوە درێژە بەو رەفتارەیان دەدەنەوە دوور نییە هەریەك لەفەرماندەیی و ئاسایش یەكی بنكەیەك لەو بەڕێوەبەرێتییەدا بكەنەوە، هەرچەندە لەرووی سیاسییەوە خۆپیشاندانەكانی خوێندكاران بۆ گۆڕینی یەكێك لەبڕگەكانی سیستمی نوێی پەروەردە كە لەكۆنگرەدا بڕیاری لێدراوە گورزێكی كوشندەیە لەیەكێتی بەو پێیەی وەزیری پێشووی پەروەردە یەكێتی بووەو دەیەوێت لەو رێگەیەوە بەشێكی زۆر لەو سیستمەی كە لەلایەن وەزیری پێشووەوە بڕیاری لێدراوە لەم كابینەیەدا لەلایەن سەفین دزەیی كە پارتییە، هەڵبوەشێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست