کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەكێتی لەهەڵبژاردندا، پەیمانی ئاكار-ی بێئاكام بوو

Sunday, 18/04/2010, 12:00


هەڵبژاردنی 7ئادار بۆ پارتی بەختەوەرترین سات و بۆ یەكێتیش نەگبەتترین رۆژ بوو، بەختەوەری پارتی لەو هەڵبژاردنەدا بۆ دەنگ ناگەڕێتەوە هێندەی بۆ سەلیقەو دنیابینی سەركردایەتی ئەو حزبە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردن، چونكە لەهەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان یەكێتی 640هەزار دەنگ بەرەو ژووری هێناوە لەبەرامبەردا پارتی هێندە زیاتری نییە لەو، كەچی ئەو بووە خاوەنی نزیكەی 30كورسی پەرلەمان، بەڵام یەكێتی ئەوپەری 13كورسی، ئەوەی زەبری كوشندەی لەیەكێتی سرەواند ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بوو لەهەولێر، ئێستا پرسیار لەسەر ئەوە نییە یەكێتی لەهەولێر بۆ كورسی پەرلەمانی بەدەستنەهێنا هێندەی ئەوەی كە چی وای لەیەكێتی كرد لەهەولێر وایلێبێت، چونكە بەڕای من هێندەی خوێندنەوە بۆ ئایندە گرنگە هێندە بۆ رابردوو گرنگ نییە، گەر رای هەر ئەندام و لایەنگرێكی ئاسایی یەكێتی وەربگرین یەكسەر پێت دەڵێت، بەهۆی تەكەتول و دەستەگریی و پیاو پیاوێنەوە بوو.
لێرەوە قسەكانم دەست پێدەكەم، چونكە ئەوانەی پێشەوە تەنیا زانیاری بوون و بەشێكی زۆری یەكێتییەكان دركیان پێكردووە، بەڵام ئەوەی دەمەێت راڤەی بكەم ئەوەیە كە ئەم هەڵبژاردنە دوای پلینیۆمێك كرا كە تەنیا كاتی نێوان پلینیۆم و پرۆسەی هەڵبژاردن 3مانگ بوو، لەو پلینیۆمەدا پەیمانێك لەلایەن ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەوە ئیمزا كرا پێیدەوترێت پەیمانی ئاكار، هەموو یەكێتییەكیش باش دەزانێت ئەنجامی ئیمزاكردنی پەیمانی ئاكار لەنێوان ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دەرئەنجامی چی بوون.
رۆژی31/10 تەواوی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبەردەم 600كادری ئەو حزبەدا ئەو پەیمانەیان ئیمزا كرد و واش بڵاوكرایەوە كە هەر ئەندامێك پێوەی پابەند نەبێت لەلایەن مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەوە دەكەوێتە ژێر بلاجێكتەری تەكەتول بازی، كەس نییە نەزانێت لەناو یەكێتیدا سێ باڵی سەرەكی هەبوون، ئەوانیش باڵی ریفۆرم و باڵی كۆسرەت رەسوڵ و باڵی گشتی، ململانێی توندی ئەم باڵانە لەهەڵبژاردنی مەڵبەندەكانی ساڵی 2006دا بەتەواوی دەركەوتن و كار گەیشتە خوێن ڕشتنیش، بەڵام ئەوكات بەشێك لەكادرانی ئەو حزبە بۆ شاردنەوەی ئەم لایەنەی ژیانی حزبیان نكۆڵییان لەوە دەكرد و دەیانوت یەكێتی یەك یەكێتییە و باڵ و لاقی تێدا نییە تا جیابوونەوەی تەواوی باڵی ریفۆرم، لەدوای ئەو كاتەوە بەشێك لەئەندامە باڵاكانی ئەو حزبە نكۆڵییان لەبوونی باڵی كۆسرەت دەكرد لەیەكێتیدا و باڵی ریفۆرمیش تا ئەوكاتەی بەشێكیان لەناو یەكێتیدا مابوون بەكەمینە وەسفیان دەكرد، بەڵام لە25تەمموزدا ئەو كەمینەیە بەشێكی گەورەی ئەو جەماوەرە توڕەیەی كوردستانی قۆزتەوە و لەتوانجی كەمینەی هەندێك سەركردەی ناسیاسی رزگار كرد، تا ئەوكاتەی لەپلینیۆمدا ئەوە بەئاشكرا دەركەوت و ئەو پەیمانەش دەرئەنجامی ئەو نەخۆشییەی ناو یەكێتی بوو.
لەمە سەختر بۆ یەكێتی ئەوە بوو یەكێتی هەر بەم تەكەتولاتەوە لەهەڵبژاردنی 7ی ئاداردا چووە ناو هاوپەیمانییەكەوە كە بەزیان شكایەوە و لەو هەڵبژاردنەدا بۆ ئەندامەكانی نەسەلماند كە ئەو دۆخەی پێشتر رووبەڕووی بۆتەوە خۆی لێ دەرباز دەكات، یەكێتی لەماوەی ئەو سێ مانگەی نێوان پلینیۆم و هەڵبژاردندا ئەوەندەی بەگرێی بزوتنەوەی گۆڕان-ەوە دەیناڵاند، ئەوەندە بیری لەوە نەدەكردەوە كە خۆی لە گرێی تەكەتول رزگار بكات و هەر ئەمەش بوو وایلێكرد نەك هەولێر بەڵكو موسڵ و دهۆك و دیالەش بكاتە قوربانی، بێئەوەی بیر لەوە بكاتەوە ئەم لەناو هاوپەیمانییەكدا كە ئەگەر بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەكات دەیهاڕن، تەنانەت لەكاتی كاندیدكردنی كەسەكانیشدا یەكێتی ئەو تەكەتولبازییەی وەك نەخۆشییەك سەیر كردوو و پشتی بەو پەیمانە بەستبوو كە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە ئیمزایان لەسەر كرد، ئیدی بێئەوەی بیر لەوە بكرێتەوە دەرهاویشتەی ئەو تەكەتولبازییە چی دەبێت ئەگەر لە7ی ئاداردا باڵی كێشا بەسەر كاندید و ئەندامانی خوارەوەی یەكێتیدا، مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئەو حزبە هێندەی خەیال و خولیای لای ئەو كادرانە بوو كە لەناو یەكێتیدا بوون و مەیلیان یان ئاراستەی بیركردنەوەیان لەلای گۆڕان بوو، هێندە بیری لەلەناوبردنی ئەو تەكەتولە نەدەكردەوە و لەخودی خۆیدا بنبڕی بكات، لەكاتێكدا بەلای مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەوە هێندە گرنگ بوو كەبەرژەوەندی تاكێتی خۆیان لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەكانەوە دابنێن.
كەس ناتوانێت نكۆڵی لەوە بكات كە قازانجی خۆی دەخاتە سەروو قازانجی ئەوی بەرامبەرەوە، بەڵام ناكرێت قازانجی تاك بەمانا نالیبرال و نایاساییەكەی بخرێتە سەروو بەرژەوەندی گشتییەوە كە بەرژەوەندییە گشتییەكە لێرەدا یەكێتییەو بەرژەوەندییە تاكێتییەكەش بەرژەوەندی هەر یەك لەجەلال شێخ حسامەدین و كۆسرەت رەسول عەلی-یە، ئەم قازانجە یان بەرژەوەندییە نامەشروعەی هەر یەك لەو دوو كەسە كە یەكێكیان سكرتێری حزبەكەو ئەوی تریان جێگرییەتی گرێیەكی كوشندەیە و جگە لەنارسیزم هیچی تر نییە و هەریەكێكیان جگە لەبەرژەوەندی خۆیان و گروپێك هیچ بەرژەوەندییەكی تر ناخەنە بەرچاویان، ئەگەر وانەبوایە یەكێتی بۆ لەهەولێر وایلێدەهات، لەسنووری پارێزگای هەولێر پارتی دیموكراتی كوردستان 306هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، 9كاندیدی بردووە، بەڵام یەكێتی 125هەزار تەیا 1كاندیدی بەهەزار ئەملاوئەولا چنگ كەوت، بەپێی دەنگ بواە دەبوو پارتی ئەوپەڕی 3كاندیدی هەبوایە، یاخود ئەگەر بەپێی بەراورد بوایە بەلیستی گۆڕان دەبوو 3كاندیدی هەبوایە، چونكە لیستی گۆڕان لەو پارێزگایە 103هەزار دەنگی بەدەستهێنا كە لەبەرامبەردا 2كاندیدیان دەرچوو، چونكە ئەو بزووتنەوە بەرۆحی تیم كاریان كردووە.
لەكاتێكدا باڵی كۆسرەت لەهەولێر پێداگری لەدەرچوونی هەریەك لەعوسمان شوانی و ملازم كەمال و ژین نوری نانەكەلی و جەمال حەلاق دەكرد و باڵی مام جەلال-یش دەنگی بۆ فواد مەعێوم و سەعدی پیرەو فریاد رەواندزی كۆدەكردەوە، هەر بۆیە ئەم بەرژەوەندییە تایبەتیانە وایكرد وایكرد كە یەكێتی تەنیا یەك كاندیدی دەرچێت.
ئەوەی كە جەماوەرەكەی یەكێتی هێندەی تر تووشی شوك كردووە ئەوەیە هەر كاركتەرێكی سەركردایەتی حزبەكە دەدوێنی بەناوی بەرژەوەندی گشتییەوە لێدوان دەدات و ئەو فەزای تەكەتولە لەخۆی دووردەخاتەوە و باسی رێزگرتن لەپرەنسیپەكانی ئەخلاقی كۆمەڵایەتی و ژیانی سیاسی دەكات، بەڵام لەناخەوە نەك بەرژەوەندی گشتی ناوێت، بەڵكو دەیەوێت تەكەتولەكان وردتریش بێتەوە و بەر هەموو ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی بكەوێت و ئەوەتا لەم هەڵبژاردنەدا ئەو تەكەتولاتە روونتر لەنێو مەكتەبی سیاسیدا رەنگیدایەوە هەر لەدانانی د.شوان لەلایەن ئەرسەلان بایز لەهەولێر و حەسەن جیهاد لەخانەقین و ئەمەل جەلال لەسلێمانی لەلایەن مەلا بەختیارەوە و كشانەوەی نەرمین عوسمان لەلایەن بەرهەم سالح لەلیستەكەدا بەر لەهەڵبژاردن لەسەرداوای مام جەلال و لەپێناو فواد مەعێوم و پشتگیری و سەرخستنیان بۆ پەرلەمان، لەكاتێكدا پارتی ركەبەری یەكێتی بەپێچەوانەوە هەموو ناوچەكانیان بەش كردبوو بۆ دەنگدەرەكانیان و بەو پەڕی شارەزاییەوە كاندیدەكانیان نەك لەهەولێر بەڵكو بە82هەزار دەنگەوە لەسلێمانی سێ كاندیدی سەرخست، لەكاتێكدا یەكێتی بە237هەزار دەنگەوە 5كاندید.
كەواتە قسەكردن بەناوی گشتییەوەو قسەكردنی بەردەوامی ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە بۆ پیرۆز ڕاگرتنی بەرژەوەندی و سەروەری یەكێتی جگە لەئیزدواجییەتێكی كەسایەتیان نەبێت هیچی تر نییەو ناشیانەوێت لەكرداردا واز لەتەكەتول بهێنن و لەكاتی هەر نسكۆیەكیشدا ئەو ئەوی دیكە تاوانبار دەكات و لەنێو راگەیاندنی ئەو حزبەشەوە هیچ ئاماژەیەك بەترسناكی ئەو دیاردەیە نادرێت و هەركەسێكیش قسەی لەسەر بكات لەراگەیاندنی یەكێتییەوە بەلێدان لەهێڵی سوور تۆمەتباری دەكەن.
هیچ كاتێك هێندەی هەڵبژاردنەكانی 7/3 ئەو تەكەتولاتەی نێو یەكێتی رەنگینەدایەوە، بەڵام وەكو وتم ئەمە لەچ كاتێكدا لەكاتێكدا سێ مانگ بەسەر پەیمانێكدا تێپەڕی، بۆیە یەكێتی تەنیا ماوەی سێ مانگ سڕكرابوو لەنەخۆشی تەكەتول، بۆیە نە دەرمانەكانی نێو ئەو پسوڵەیەی ئاكار توانی چارەسەری ئەو نەخۆشییەی یەكێتی بكات نە دكتۆرەكانی هێندە زیرەك بوون كە ببنە جێگەی دڵخۆشی ئەندامەكانی ئەو حزبە و پەیامی راستگۆیانەی سەركردەكانی نێو ئەو حزبە نەبوو، بەڵكو تەنیا بووە نووسینی سەركاغەز.
بالێرەوە خاڵ بەخاڵی پەیمانی ئاكار شرۆڤە بكەم و وەكو سەركردەكانی نەیانتوانی بیكەنە پسوڵەیەك بۆ دەردی كوشندەی ئەو حزبە.
لەپەیمانی ئاكاردا هاتووە: مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و ئۆرگانەكانی یەكێتی پەیمانی ئاكار دەدەن بە تەواوی ئەندامانی یەكێتی و كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگەو پشتیوانانی كە: یەكەم، لەدوای ئەم پلینیۆمەوە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی تێكڕا دوور لەهەموو چەشنە كێشەیەك دوور لەگیانی دەستەگەری لەمەودوا یەكهەڵوێست و یەك ئاراستە یەكێتی ناو یەكێتی دەپارێزن.
هەركەسێ بەوردییەوە لەم خاڵەی پەیمانی ئاكار بڕوانێ بۆی دەردەكەوێت كە لە7/3دا نە یەكێتی نێو ریزەكانی یەكێتی پارێزراو نە دوور لەگیانی دەستەگەری كار كرا و ئەنجامی هەڵبژاردنیش دەریخست كە وایە یان نا.
لەخاڵی پێنجەمدا ئەوە بەڕوونی باس دەكات كە پابەندبوون بەپەیامی ئاكار هەر لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتییەوە تا ئۆرگانەكان، مەحەكی دڵسۆزی راستەقینەیە بۆ یەكێتی پێچەوانەكەشی دژایەتی ئیرادەی دیموكراسی و هەڵوێستی پلینیۆم و یەكڕیزی یەكێتییە.
هەر ئەو كات كە پەیمانی ئاكار لەلایەن 12 ئەندامی مەكتەبی سیاسییەوە ئیمزا كرا تاكە لێكدانەوەم بۆی ئەوە بوو كە ئەم حزبە جێگەی باوەڕبەخۆبوونی تێدا نەماوە، هیچ یەكێك لەو 12كەسە باوەڕیان بەیەكدی نییە، ئەگەر وا نییە ئەوە نەك ئۆرگانەكان، بەڵكو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بەپێچەوانەوە لە7ی ئادار- دا جووڵانەوە و دژی ئیرادەی دیموكراسی و هەڵوێستی پلینیۆم و یەكڕیزی یەكێتی بوون، بەڵام ئێستا ئەو پاڵەوانە كێیە كە دەتوانێ دادگاییەكی ئەكاری ئەو كەسانە بكات كە لە7ی ئاداردا بەهۆی تەكەتولەوە یەكێتییان تووشی ئەو بارودۆخە كرد، بەڕای من پاڵەوان بەمانا فیزیكییەكەی نا، بەڵكو بەمانا فەلسەفییەكەی تەنیا ئەو ئەندامە دڵسۆزانەی یەكێتین كە تائێستا باوەڕیان بەو حزبە ماوە، دەبێت لەدوای 7ی ئادارەوە بكەونە دادگای ئەو سەركردایەتتیە نەك لەبەرئەوەی كە كەمتەرخەم بوون لەماوەی20 ساڵی ژیانی سیاسیان لەشاردا بەرامبەر بەو حزبە، بەڵكو بەرامبەر بەپێشێلكردنی پەیمانی ئاكار.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە