جەلال تاڵەبانی لەئیعدامی لەتیفییەوە بۆ بۆردومانەكانی هەرێم
Wednesday, 29/12/2010, 12:00
لەگەڵ ئەو فشارە زۆر و بێوێنەیەیی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و نێودەوڵەتی، بەپێی راگەیاندنەكانی یەكێتی جەلال تاڵەبانی رۆڵی بینیوە لەراگرتنی حوكمی ئیعدامی حەبیبوڵڵای لەتیفی لەئێران، ئەم راگەیاندنە حزبییە ئیشكالییەتەكەی لەوەدایە هەوڵ و ماندووبونی ئەو هەموو رێكخراوە مەدەنییەی كردووە بەسفر، لێگەڕێن با ئەو بەسفر كردنەش وەك هەموو ئەو بەسفركردنانە بێت كە یەكێتی و پارتی لەژیانی خەڵكی ئەم هەرێمە دەڕوانن.
ئێستا باس دێتە سەر ئەو باسەی كە جەلال تاڵەبانی لەخەمی حەبیبوڵڵای لەتیفیدایە كە لەسێدارە نەدرێت یان لەهەوڵی خۆبردنە پێشەوەدایە لەدنیای رۆژئاواو بەتایبەتی ئەمریكا و دەیەوێت بەسیاسەتمەدارانی رۆژئاواو ئەمریكا بڵێت دەتوانم هەموو كارێك بەئێران راگرم، بەڵام بێئەوەی جەلال تاڵەبانی دركی بەوەكردبێت كە ماوەی شەش ساڵ زیاترە ئێران بەدەیان گوندی سنورەكانی ئەم هەرێمە تۆبباران دەكات دەنگی لێوە نایەت و تەنانەت كە باس دێتە سەر سەروەری خاكی هەرێم و عیراق یەكسەر پژاك و پەكەكە بەتاوانباری ئەو پێشێلكردنی سەروەرییە دادەنێن نەك ئێران یان توركیا.
تەدەخولكردنی جەلال تاڵەبانی راست بێت یان نا هەردووكیان كێشەی گەورەن بۆ خودی جەلال تاڵەبانی، چونكە ئەگەر جەلال تاڵەبانی بیەوێت وەرەقەیەك تێكەڵ بكات لەگەڵ وەرەقەیەكی دیكەی لەسێدارەدانی تاریق عەزیز جێگری سەرۆك كۆماری پێشووی رژێمی بەعس ئەوە هەڵەیەكی كوشندەیە، بەو شێوەیەی كە ئەم دژی لەسێدارەدانە لەهەموو دەوڵەت و سیستمێكدا، ئەم دوو وەرەقەیە دوو وەرەقەی جودان، كەسێكی ئازادیخوازی وەك لەتیفی هەرگیز ناتوانرێت بشوبهێنرێت بەتاریق عەزیز كە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عیراقەوە بڕیاری لێدراوە.
خۆ ئەگەر تاڵەبانی بیەوێت ئەوە بۆ هێزە ئازادیخوازەكانی ئیران و بەتایبەتی پژاك بسەلمێنێت كە وەك هاوكارییەكی مەعنەوی ئەمەیان بۆ دەكات ئەمەش كاریگەری خراپ لەسەر ئێستا و ئایندەی یەكێتی و جەلال تاڵەبانی جێدەهێڵێت كە ئێران دەتوانێت بیكات بەوەرەقەیەكی فشار لەدادگای تێودەوڵەتی كە جەلال تاڵەبانی دەستوەردەداتە كاروباری ناوخۆی ئیرانەوە، چونكە لەئێستادا ئەو سەرۆك كۆماری عێراقە.
ئەوەی تێبینی گەورە لەسەر ئەو هەوڵەی جەلال تاڵەبانی دروستدەكات ئەوەیە كە چەندین ساڵە ئیران بۆردومانی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و بەدەیان هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون رۆژێك لەرۆژان نەمانبیست كە تاڵەبانی داوا لەئیران بكات بۆردومان راگرێت، تۆ بڵێی تاڵەبانی لای ئیرانییەكان هێندە قسەی بخوات كەسێك كە بەتۆمەتی ئۆپۆزیسیۆن بوون لەهەمان حزبی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی كە پژاكەو بەبیانووی ئەوان سەدان تۆپ بەكوردستانەوە نراوە لەلایەن ئیرانەوە حوكمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، بەڵام قسەی لای هەمان بەرپرسە ئیرانییەكان نەخوات بۆ خەڵك و هاووڵاتی نیشتمان و نەتەوەكەی خۆی، خۆ ئەگەر ئەمە وابێت ئەوا بێ هیچ دوودڵییەك راگرتنی ئەو حوكمەی لەتیفی بەرامبەر ئەركێكی ترە كە تاڵەبانی لەهەرێمی كوردستان یان لەعیراق بۆ ئیرانی جێبەجێدەكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست