کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


باڵیۆزی ئەمریكا بەجەلال-ی راگه‌یاندووه‌: یان ماددەی 140 یان سەرۆك كۆمار هەڵبژێرن

Saturday, 03/04/2010, 12:00


ئەمجارەش جەلال شێخ حسامەدین دەبێتەوە بەسەرۆك كۆماری عێراق، بەڵام چۆن لەسەر حسابێ كێ و چۆن؟ ئەوەی لەنزیكەوە ئاگای لەسەردانەكەی نەبێت بۆ ئێران و ئاگای لەدانیشتنەكانی نەبێت لەگەڵ دیڤێد هێڵ باڵیۆزی ئەمریكا لەبەغدا و دواتر سەردانەكەی بۆ لای ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستی ئەلعیراقیە نازانێت چۆن كورد ئەمجارەش لەپێناو پۆستی سەرۆك كۆماریدا هەموو دەستكەوتە نەتەوەییەكانی دۆڕاند.

شەوی 3/4 لەگەلأ دوو هاوڕێی ترمدا بەئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی گەیشتین، پێكگەیشتنێكی دوورو درێژ زیاتر لە2سەعات لەهاوینەهەواری سەرچناری سلێمانی ماینەوە، دوای ئەوەی باس هاتە سەر باسی سیاسەت هەموو ئەو سەردانانەی جەلالی بۆ باس كردین بەوردی و پێش وابوو ئەمجارە كورد لەچوار ساڵی ئایندە خراپتری لێبەسەردێت، باسی ئەوەی بۆ كردین جەلال لەسەر داوای ئەمریكا سەردانی ئیرانی كردووە، ئەو سەردانەی بۆ ئێران جگە لەوەی بەرگی جەژنی نەورۆزی پێبەخشرا، بەڵام جەلال مەبەستێكی تری هەبوو بەئێرانییەكان و پێیوتن كە ئەمریكا سوورە لەسەر دانانی ئەیاد عەلاوی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و ئەگەر هەر پێداگری لەسەر مالیكی بكەن ئەوا بەدڵنیای جگە لەجێگیركردنی عەلاوی، سەرۆك كۆماریش دەدرێت بەكەسێكی سوننە، ئەم حاڵەتە ئێرانییەكانی والێكردبوو كە بۆئەوەی جەلال-یشیان لەدەست دەرنەچێت، لەراگەیاندنەكانیان واگەیاند كە لیستی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا-ی نوری مالیكی و ئیئتیلافی نیشتمانی ی عەممار حەكیم نەگەیشتونەتە رێكەوتن و كۆبوونەوەكان شكستی هێناوە.

ئەوە بوو لەگەڵ گەڕانەوەی جەلال لەرۆژی 29/3، بەیانی رۆژی 30/3 دیڤێد هێڵ خۆی سەردانی جەلال-ی كردوو ئەمریكییەكانی دڵنیا كردەوە كە ئێران دەستبەرداری مالكی بووە، بەڵام حكومەتێكی دەوێت كە شیعە نیوە بەش كەمتر نەبێت، هەروەها هێڵ بەمام جەلال-ی وتووە كە سەردانی عەلاوی بكات تا پێی راگەیەنێت خۆی بۆ دروستردنی حكومەتێكی بنكە فراوان ئامادەبكات، لەو كۆبوونەوەیەدا هێڵ دوای ئەوەی كە پێشتر لەگەڵ مەسعود مەلا مستەفا كۆبووبۆوە، پێی راگەیاندبوو كە كورد یان سەرۆك كۆماری دەدرێتێ یان جێبەجێكردنی ماددەی 140 و چارەسەركردنی كێشەی پێشمەرگەو گرێبەستە نەوتیەكان، نابێت لەپێكهێنانی حكومەتیشدا و پشتگیریكردنی حكومەتەكەی عەلاوی باسی هیچ جۆرە پرۆتۆكۆلێك و نووسراوێكی سەر كاغەز بكرێت، چونكە جەنابتان دەبنەوە سەرەك كۆمار.

ئەم هەڵوێستەی جەلال و مەسعود جگە لەفرۆشتنی كورد بەولاوە هیچی تر نییەو ئەنجامەكەشی لەچەند مانگی تردا دەردەكەوێت.

رۆژی 1/4 جەلال شێخ حیسامەدین خۆی سەردانی ئەیاد عەلاوی كرد، لەهەموو دانیشتنەكانی جەلال لەگەلأ هێڵ و عەلاوی و مالكی تەنیا ئەو دانیشتنەی عەلاوی بوو كە كۆنگرەی رۆژنامەنووسی بۆ بەست، لەو كۆنگرە رۆژنامەنووسیەدا كە لەسەر داخوازی جەلال بووە تا نیشانی دەوڵەتانی دراوسێ بدات كە عەلاوی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی داهاتووە كورد پشتگیری دەكات و لەو كۆنگرەیەوە عەلاوی- ش ئەو توندییەی نەما بەرامبەر لیستی دەوڵەتی یاسا-ی نوری مالكی و زانیشانیشی دا كە ئەلعیراقیە پشتگیری جەلال دەكەننەوە بۆ سەرۆك كۆمار.

ئەم هەڵوێستەی جەلال هیچ بەرژەوەندییەكی نەتەوەیی بۆ كورد تێدا نییە تەنیا ئامانج بۆ ئەوە بوو كە خۆی ببێتەوە بەسەرۆك كۆمار و لەدیدێكی تریشەوە عەرەب بەسووننەو شیعەوە قازانج لەو بارودۆخەدا دەكەن و ماددەی 140 و كێشەكانی گرێبەستە نەوتییەكان و هێزی پێشمەرگەش دەبێتە قوربانی ئەو پۆستەو كۆمەڵێك پۆستی تر.

هەر لەدوای ئەو كۆبوونەوەیەو هەمان رۆژ دێڤێد هێڵ سەردانی جەلال-ی كردەوە و هەمان قسەی بەجەلال وتوەتەوە كە باسكردنی ماددەی 140 لەهاوپەیمانی لەگەڵ عەلاویدا بوونی نییە و ئێوە ئەگەر ئەتانەوێت پۆستی سەرۆك كۆمارتان لەكیس نەچێت ئەبێت واز لەو بەرژەوەندییانە بێنن و دێڤێد هێڵ جەلال-یشی راسپاردووە كە سەردانی نوری مالكی بكات و پێی راگەیەنێت كە بوون بەسەرۆك وەزیران لەمێشكی خۆی دەركات،

هەر دوای ئەو كۆبوونەوەی لەگەڵ هێڵ، جەلال شێخ حسامەدین لەگەڵ نوری مالیكی كۆبۆتەوە بەئاشكرا پێی راگەیاندووە كە بیر لەسەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران نەكاتەوە و نابێتەوە بەسەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و لەلیستەكەیاندا كەسێك بپاڵێون بۆ سەرۆكی پەرلەمان.

دەبێت خەڵكی كوردستان لەوە بگەن كە ئەم هاتووچۆیەی جەلال نەك بۆ كورد بەڵكو بۆ عیراقیش نییە، جگە لەوەی بۆ خۆیەتی تا پیشانی ئەمریكا و وڵاتانی دراوسێی عیراق بدات كە ئەم دڵسۆزی عیراقەو پشتگیری زیاتر بۆ بونەوە سەرۆك كۆماری مسۆگەر بكات، ئیتر دەستكەوتەكانی كورد لەپەرلەمانی عیراق چۆن باس دەكرێت گرنگ نییە چونكە پەرلەمانێك 325كورسی بێت، كورد بە57 ئەندام پەرلەمانەوە چی پێدەكرێت لەكاتێكدا 43ئەندام پەرلەمان پیاوی جەلال و مەسعود بن، توخوا خەڵكینە ئەم هەڵوێستەی جەلال لەخیانەتی 31ی ئاب، خیانەتتر نییە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە