خوایە نمونەی پارتیی و یەکێتی نەدەی بە هیچ میللەتێک
Tuesday, 19/06/2012, 12:00
وا 20 ساڵە گوێ لەسەركردایەتی یەكێتی و پارتی دەگرم، بەڵام ئەم سەركردایەتیە قسەی ئەمڕۆی لەقسەی دوێنێ ی ناچێ ، ئەوەندە دووفاقی لەقسەكانی ئەم دوو سەركردایەتیەدایە هەیە كە ئینسان گومان دەكا لەوەی كە ئایا ئەمە رەفتاری كەسێتی كوردە بەمشێوەیە یە یان نەخێر لەدنیای سیاسەت دا ئەمە گونجاوە.
تا رۆژی 18-6 ئەوەندەی مەسعود بارزانی و حزبەكەی پێداگریان لەلێسەندنەوە لەمالكی دەكرد سونە و عێراقیە ئەوەندە سور نەبوو لەسەر وەرگرتنەوە پۆستی سەرۆك وەزیران لەمالكی كەچی رۆژی 18-6، فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەردەم دەیان كەناڵی میدیایدا بێ هیچ بیركردنەوەیەك لەهەوڵەكانی پێشووی مەسعود بارزانی راگەیاند كە پارتی داوای لێسەندنەوەی متمانەی لەمالكی نەكردوە، بەڵكە داوای جێبەجێكردنی خاڵەكانی رێككەوتنامەی هەولێری كردووە.
فرۆشتنەوەی كوردایەتی و نیشاندانی ئەو هێڵانەی كوردایەتی و پێداگری لەمافی خەڵكی كوردستان، بۆتە سەیروسەمەرەیەكی سیاسەتی یەكێتی و پارتی، فازل میرانی بیرناكاتەوە كە ئەمە چەند خۆ بەهەڵەدا بردنە وا تێگەی كە خەڵكی ئاگای لێ نیە كە ماوەی دوو مانگە مەسعودی سەرۆكی حزبەكەی و ئەندامانی حزبەكەی چۆن قسە دەكەن لەراگەیاندنەكان و چۆن پێداگری لەسەر سەندنەوەی متمانە لەمالكی دەكەن و پێشبینی ئەوەشیان كرد كە ئەو وەرەقە سوتاوە لەگەڵ یەكێتی دا فڕێدەنە ناو مەیدانی سیاسی عێراقەوە و قسەكانی مەسعود بارزانی بچێتە سەر و ببێ بەپاڵەوانی مەیدانی عێراق بۆ لابردنی نوری مالكی.
ئەگەر ناوهێنانی 31ی ئاب نەبوایە لەلایەن سەركردەیەكی دەوڵەتی یاساوە هیچ بابەتێ لەئارا نەبوو كە متمانە لەمالكی بسەندرێتەوە، یاخود مالكی چی بۆ كورد دەكا لەرێكەوتنامەی هەولێر و جێبەجێكردنی خاڵەكانی، كەچی ئەوەتا میرانی بەبێ هیچ پاساوێ دەڵێ ئێمە داوای لێسەندنەوەی متمانەمان لەنوری مالكی نەكردوە.
ئەكرێ بیری میرانی و هاوڕێكانی بخەینەوە كە ئەی كێ بوو لەهەموو لێدوانەكانیاندا دەیانگوت ئەگەر پەرلەمانتارەكانی یەكێتی لەبەغداد ئیمزای لێسەندنەوە لەنوری مالكی نەكەن ئەوا رێكەوتنامەی یەكێتی و پارتی درزی تێدەكەوێ.
ئەو هەموو رونكردنەوەی نوسینگەی سەرۆك كۆمار لەكوێ وە هەڵقوڵا كە دەیوت ئەگەر فشاری زۆر بەسەرۆك كۆمار بێ ئەوا دەستلەكاردەكێشێتەوە، لەیەكێك لەرونكردنەوەكانی نوسینگەی سەرۆك كۆماردا هاتبوو كە تاڵەبانی دەڵێت، ئەو كۆمیتەیە كە راسپێردرا بۆ وردبینیی ئیمزای160پارلەمانتاری ئیتلافی عێراقیەو هاوپەیمانی كوردستان و كوتلەی ئەحرار، دواتر لیستی چەند پەرلەمانتارێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانشی خرایە سەر، پاشان11پارلەمانتار كە پێشتر ئیمزایان كرد بوو، بەنوسینگەی سەرۆك كۆماریان راگەیاند كە پاشەكشێ دەكەن بەئیمزاكانیان دوو پارلەمانتاری تریش ئیمزاكردنەكەیان هەڵپەسارد.
هەروەها پێدەچێت فازل میرانی ئاگای لە سەرۆكی حزبەكەی نەبێت كە 10ی ئەم مانگە بەسەرۆكایەتی سەرۆكی حزبەكەی و یاوەری هەریەك لەئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستی عێراقیە و ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و مستەفا یەعقوبی نوێنەری رەوتی سەدر، دوای كۆبونەوەیەك لەهەولێر، نامەیەكی گلەیی ئامێزیان ئاراستەی تاڵەبانی كرد و بەلایەنگری نوری مالكی تۆمەتباریان كرد.
ئەو نامەیەش دوای ئەوە هات كە رۆژێك پێشتر نوسینگەی سەرۆك كۆمار لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە بەهۆی تەواو نەبوونی ژمارەی پێویستی ئیمزای پەرلەمانتارەكانەوە، جەلال تاڵەبانی نامەو ئیمزای داوای سەندنەوەی متمانەی لە مالكی بۆ پەرلەمان نەناردووە.
لەبارەی ژمارەی ئەو ئیمزایانەی بۆ سەندنەوەی متمانە لەمالكی كۆكراوەتەوە، تاڵەبانی لەنامەكەدا دەڵێت، ئەو ئیمزایانە كە وتتان 170ن راست نەبوو، بەڵكو 160 بوون، كاتێكیش لیژنە دروستكرا بۆ لێكۆڵینەوە لەئیمزاكان، بروسكەو تەلەفون دابارینە سەرمان بۆ ئەوەی ناوەكانیان بسڕینەوە.
مام جەلال لەو رونكردنەوەیەدا داواشی لەبارزانی و عەلاوی و نوجێفی كرد وازبێنن لەهەراسانكردنی و تۆمەت بۆ دروستكردنی.
ئێستا پارتی یەك گێڕ بایدایەوە بەلای رێكەوتنامەی هەولێر و دانیشتن و قسەكردن لەسەر رێكەوتنامەی هەولێر و جێبەجێكردنی خاڵەكانی لەكاتێكدا ئەمە نە ئامانجی عێراقیەیە نە ئامانجی رەوتی سەدر.
باشە واماندانا مەسعود بارزانی و حزبەكەی داوای لێسەندنەوەی متمانەیان لەنوری مالكی نەكردووە و داوای رێكەوتنامەی هەولێریان كردووە، بەڵام رێكەوتنامەی هەولێر لە كوێ قازانجی رەوتی سەدر و ئەلعێراقیەدایە كە ببن بەهاوپەیمانی مەسعود بارزانی.
ئەم سیاسەت كردنە كوردستانی بەرەو لێواری مەرگ بردوە و هیچ قازانجێكی نیشتمانی و نەتەوەی بۆ ئەو هەموو خەباتەی كوردستان لێسەوز نەبوە، بەپێچەوانەوە یەكێتی و پارتی بەرژەوەندی ئیران و توركیا لەسەروو هەموو بەرژەوەندی كوردەوە دادەنێن ، مادام ئیران ناڕازیە مالكی لابرێ كەواتە یەكێتی نارازیە، مادام ئەمریكا پێی باش نیە دەستكاری مالكی بكرێت كەواتە پارتی پەشیمان دەبێتەوە دەڵێ: كوا ئێمە داوای لێسەندنەوەی متمانەمان لەمالكی كردوە؟؟؟؟.
لەوەش كۆمیدی تر هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەنوسیەدا مەلا بەختیار وتی: كە ئەوان چەند خاڵێكیان ئاراستەی مالكی كردوە بەمەبەستی وەڵامدانەوەیان، بەڵام بەپێی زانیاریەكانمان، لەئێستادا مالكی ئامادەی دانیشتن و كۆبونەوەیە.
كەواتە ئێستا لەمتمانە لێسەندنەوە لەمالكی هاتە سەر ئەوەی كە لەگەڵ مالكی دانیشن و قسە بكەن... بەڵام پرسیاری من ئەوەیە قسە لەسەر چی بكەن كێشەیەك دوای دوو ساڵ زیاتر لەدەستبەكابوونی حكومەتێ چارەسەر نەبوبێ ، ئەبێ قازانجەكەی لەكوێدا مابێ بۆ گەلی كورد، یاخود ئەو خاڵانەی كە ئاراستەی مالكی كراون كەی بوو؟ باسی چی دەكا و كێ ئاراستەی كرد؟.
جا بۆ ئەوەی خوێنەران بیریان بكەوێتەوە هاوپەیمانێتی كوردستانی، عێراقیە، رەوتی سەدر بۆ یەكەمجار لە18/4/2012 لەهەولێر بەنوێنەرایەتی پێنج لەسەركردە باڵاكانیان كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا بۆ گەیشتن بەمیكانیزمێكی گونجاو بۆ سەندنەوەی متمانە لەحكومەتەكەی مالكی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست