كاك نەوشیروان مستەفا، لێمان مەبن بەپارتی و یەكێتی
Saturday, 10/04/2010, 12:00
پارتی و یەكێتی خەڵك گەورە و پێگەی فراوانكردن، هەر خەڵكیش توانی ئەو دەسەڵاتەیان لێبستێنێتەوە و پێگەیان لاواز بكات، لەسەرەتای دروستبوونی حكومەتی هەرێم و بەتایبەتی لەیاد و بۆنەكاندا ئەوەیان دەدایەوە بەچاوماندا كە ئەوان خەباتیان كردووە، ئەگەر ئەوان نەبوونایە ئەوا ئەم رۆژەمان قەد نەدەبینی و ئێستا دنیا لەكورد كۆتایی هاتبوو، خەبات و تێكۆشان و پێشمەرگایەتیان هێندە دایەوە بەناوچەوانماندا تا وایلێهات لەكۆتایی نەوەدەكاندا خەڵك گاڵتەی بەپێشمەرگایەتی و خەباتی پارتی و یەكێتی دەهات.
یەكێتی و پارتی كاتێك بەم نەغمەیە دەیانخوێند تەنیا ئامانجێك لەپشت ئەوەوە بوو كە دەیانویست ئەو قسانە تەرجەمەكەنە سەر زمانێكی تر كە هەرچی سەروەت و سامان و پۆستی ئەم هەرێمە هەیە دابەشیكەن بەسەر خۆیاندا، هەر كوڕ و كچ و خزمە بەرپرسە بیكەنە كەڵەگا بەسەر خەڵكەوە، هەركەس پێشمەرگەی كۆن و دێرین و دانەبڕاو جۆرەها ناوی تر بوو دەبَیت ببونایە بەبەرپرس و بەڕێوەبەر و وەزیر و بریكاری وەزیر یان مووچەیەكی مۆڵیان بدرایەتێ، لەكاتێكدا زۆریش بوون لەو پێشمەرگە دێرینانە لەبن كەلاوەیەكی ئەم وڵاتەدا شوێنێك نەبوو تێیدا بحەوێنەوەو نەباسی قوربانیدان و نە باسی پێشمەرگایەتی خۆیان بۆ دەكردین، ئەم نەغمەیە وایلێكردین شۆڕشی كوردستان بەئەیلول و گۆڵان و نوێ-ەوە بەشۆڕشی بازرگانی بێتە بەرچاومان، ئەم نەغمەیە هێندە رەشبینی لادروستكردین ئەگەر كەسێك پێشمەرگەیەكی دێرینیش بوایە لەنەستماندا ئەو تارماییەیان دروستكرد كە ئەوان هاتوون قوتی ماڵ و منداڵمان دەبەن، بەرپرسەكانی ئەم وڵاتە ئەگەر نەكرانایە بەبەڕێوەبەر یان فەرمانبەرێك لەشوێنێكدا ئەوا ئەوەیان دەدایەوە بەچاوماندا كاتێك ئێمە خەباتمان كردووە تۆ لەناو پێخەفی گەرما بووی، ئیتر بێئەوەی بیر بكەنەوە كاتێك ئەوان پێشمەرگە بوون من هێشتا نەمزانیوە ستەم و قوربانی مانای چییە ئیتر بۆ من پاداشتەكەی بدەمەوە، كاتێك هەندێكیان روویان دەكردەوە بەر خوێندن دەبوو قبوڵ خاس بۆ ئەوان بوایە، ئەوەیان دەدایەوە بەچاوماندا كە ئەگەر كوردایەتی و پێشمەرگایەتی نەبوایە ئەوا ئەوانیش خوێندنیان تەواو دەكرد، ئەم نەغمە خراپە هێندە نیگەرانی كردین تا دەركەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان بیرمان دەكردەوە كەی بێت رزگارمان بێت و هێندەی نەڵێنەوە، وەكو خۆم ئەگەر بۆم بكرایە ئەو رۆژانەم بۆ دەگێڕانەوە بۆئەوەی هێندە نەیدەنەوە بەڕومدا.
بەداخەوە ئێستا هەستدەكەم جۆرێك لەنەغمەیەكی ناسازتر دەبیستم لەناو هەڵسوڕاوەكانی گۆڕاندا، كە گۆێم لێدەبێت هێندە نیگەرانم دەكات ئەگەر نەنگی نەبێت دەچمە ناو كۆمپانیای وشەوە و دەڵێم بەسە ئیتر ئەوەندە ئەم بەیت و باڵۆرەیەمان پێمەفرۆشنەوە و بڕۆنەوە بۆ شوێن و مەكانی خۆتان و نامانەێت.
هەر یەكێك لەو هەڵسوڕاوانەی كە پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یان سەركردایەتی بوون و ئێستا لەپاڵ بزوتنەوەی گۆڕاندان لەچاوپێكەوتن و دیدارەكانیاندا ئەوە دەڵێنەوە كە ئەمان پێشتر لەنازو نیعمەتا بوون و مووچەی باش و ئیمتیازی باشیان هەبووەو ئێستا لەبەرخاتری ئەو ناعەدالەتییەی هەیە بەرەی گەلیان هەڵبژاردووە، لەكاتێكدا ئەمانە نە بۆ ئێمە مەكتەبی سیاسی بوون و نە بۆ ئێمەش سەركردایەتی بوون تا لەبەر ئێمە وازیان هێنابێت، بەپێچەوانەوە ئێستا وەكو هاوڕێكانیان شەقامی كوردیان لەدەست نەداوەو گەڕاونەتەوە نێو بەرەی گەل، ئێستا لەگەڵ خەڵكداو هەست بەئازاری خەڵك دەكەن، بۆیە ئێوە ئەگەر ئەم نەغمەیەتان بۆ ئەوە بێت پاوانی بزوتنەوە بكەن ئەوا هەڵەیە لەو هەڵە كوشندەیەی پارتی و یەكێتی خراپتر، كە لە سەرتای نەوەدەكاندا پێیان دەفرۆشتینەوە و ئێمەش بەیەك پولی قەڵب لێمان نەكڕین و راستەو چەپێكمان هێنا بەسەر خۆیان و مێژوەكەشیاندا، بۆیە داوام لەكاك نەوشیروان مستەفا ئەوەیە با ئەو برادەرانەی كەپێشتر سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بوون ئەو ئاوازە ناسازە هێندە نەڵێنەوە و داواشت لێدەكەم لێمان مەبن بەپارتی و یەكێتی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست