کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كاتێ بزووتنەوەی گۆڕان هاواری دەكرد!!!

Tuesday, 20/11/2012, 12:00





*كاتێ بزووتنەوەی گۆڕان هاواری دەكرد پۆستی سەرۆك كۆمار تەشریفاتی یە و پێویستە كورد هەوڵ بۆ سەرۆكی پارلەمان یاخود پۆستە باڵاكانی وەزارەتەكان بدا كەس گوێی لێ ناگرت، دەیانگوت حزبی گۆڕان دژایەتی شەخسی لەگەڵ مام جەلال هەیە.
*كاتێ گۆڕان هاواری دەكرد مالكی جێگەی باوەڕ نییە و لەدوای جەعفەری یەوە كە پۆستی وەرگرت هیچی بۆ مادەی 140 نەكرد، دەیانگوت بەدیلمان نیە لەشیعە و پارتی و یەكێتی هێنایانە هەولێر و لەسەر سینییەكی چەوری پڕ خوان حكومەتیان پێشكەش كردەوە و مسعود بزووتنەوەی گۆڕانی لەحكومەتەكەی مالكی بێ بەشكرد و بەمالكی گوت : ئەگەر وەزیر بدرێ بە گۆڕان ئەوا ئێمە لەحكومەتەكە دەكشێینەوە.
*كاتێ بزووتنەوەی گۆڕان باوەڕی بەتەوافوقی نیشتمانی نەبوو بۆ دامەزراندنی حكومەت لە عیراق و داوای دەكرد پێویستە كورد فشاری هەبێت لەسەر مالكی بۆ جێبەجێ كردنی ماددەی 140 ئەوكات گاڵتەیان بە بزوتنەوەی گۆڕان دەهات كە ئەم هێزە چۆن كوردستانی تێكداوە دەیەوێ بەغدادیش تێكبدا.
*كاتێ بزووتنەوەی گۆڕان هاواری دەكرد پێویستە وەزیرە كوردەكان لەكابینەكەی مالكی بكشێنەوە ئەگەر 19خالییەكە جێبەجێ نەكرێ، پارتی و یەكێتی دەیانگوت ئێمە شەریكە بەشین لەعێراق، عێراق تەنیا هی مالكی نیە.
*كاتێ بزووتنەوەی گۆڕان هاواری دەكرد پێویستە پێگەی كورد لەسوپای عیراق دا لەلایەن سەركردەكانی كوردەوە قسەی لەسەر بكرێ ، بۆئەوەی لاسەنگی دروست نەبێ و رۆژانە كورد سوپای عیراق جێدێڵێ و نەوەك رۆژێ ئەو هێزە بۆ ناوخۆ بەكاربهێنرێ، ئەوكات پارتی و یەكێتی وایان دەخستەڕو كە دۆخی ئەمنی بەغداد خراپە و ئەگەر گۆڕان راستەكات سەركردەكانی خۆی بباتە بەغداد.
*كاتێ گۆڕان هاواری دەكرد ئەوەندە موجامەلەی سیاسی شیعە و سوننە و سەركردەكانیان مەكەن، ئەوكات پارتی بەتایبەتی دەیگوت گۆڕان خۆی هێزێكی بچوكە توانای ئەو پەیوەندییەی نییە ، بۆیە پێی ناخۆشە ئێمە ئەو پەیوەندییەمان هەبێ.
*كاتێ بزووتنەوەی گۆڕان هاواری دەكرد با گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێم شەفاف بێ بۆ ئەوەی نەبێتە چەكێكی بەهێز بەدەست مالكیەوە بۆ جێبەجێ نەكردنی داواكاریە نەتەوەیەكانمان ، ئەوكات پارتی و یەكێتی دەیانگوت سەركردەكانی گۆڕان نمونەی حسێن شەهرستانین نایانەوێ كورد لەرێی ئەم گرێبەستانەوە پێگەی لەجیهاندا بەهێز بێ.
*كاتێ بززوتنەوەی گۆڕان هاواری دەكرد تا پارتی و یەكێتی لەكەركوك دوو ئیدارەی بكەن و حزبایەتی بكەن نەك كوردایەتی ، ناوچە جێناكۆكی لەسەرەكان بارودۆخی خراپ تر دەبێ ، ئەوكاتە پارتی و یەكێتی دەیانگوت گۆڕان لەكەركوك دەنگی نەهێناوە دەیەوێ لەو رێگەیەوە شكستی خۆی پینە بكا.
*كاتێ گۆڕان هاواری دەكرد كێ بڕیاری جوڵەی هێزی پێشمەرگەی هەیە لە كوردستان و ئەوەندە باسی هێز مەجولێنن بەرامبەر بە سوپای عیراق بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی لەژێر چنگی كوردا لە دەست نەچن و پێشمەرگەی تیا بمێنێتەوە ، گاڵتەیان پێهات تا دواجار بەهێزی سوپای عیراق لەجەلەولا و قەرەتەپە هێزی پێشمەرگەیان دەركرد.
*كاتێ گۆڕان هاواری دەكرد لەسایەی شاردنەوەی داهاتی گومرگەكانی هەرێم و نەدانی زانیاری راست لەسەر ژمارەی پێشمەرگە و تا ئێستا وەك میلیشیا ماون و رزگاریان نەبوە لەژێر چنگی حزب و تكایە بیانكەنە هێزێكی نیشتمانی نەك ئاوا حزبی بێ، بۆئەوەی مالكی حساب بۆ پێشمەرگە بكا و داهات و موچەی پێشمەرگە لەبەغدادەوە بێ و موچەكانیان وەك سەربازێكی عیراق باش بێ، پارتی و یەكێتی دەیانگوت حزبی گۆڕان پێشمەرگە وەك میلیشیا ناو دەبات و 200 موچەخۆری زەلیلیان بەناوی پێشمەرگەی دێرینەوە هێنایە سەر جادە و كەوتنە هوتاف دژی گۆڕان.
*كاتێ گۆڕان هاواری دەكرد نێو ماڵی كورد بەبەڵێنی درۆینە رێكناخرێ و بەفیعلی پاكێجەكانی ئۆپۆزسیۆن جێبەجێ بكەن و واز لەو لوتبەرزیە بهێنن و وەرنە ناو خەڵك ، تەنیا وەڵامێكیان پێبو سەركردەكانی گۆڕان پێشتر بەشدار بوون لەگەندەلی و گەندەڵی بوە بەكلتور و با گردەكە چۆڵ كەن.
*كاتێ گۆڕان هاواری دەكرد عەدالەتی كۆمەڵایەتی لەكوردستان جێبەجێ نەكرێ ئەوە زەحمەتە خەڵك لەنەهامەتی و ناخۆشیەكان دا بۆ جارێكی تر لەگەڵ یەكێتی و پارتی بێ ، دەیانگوت حزبی گۆڕان دژی هەموو دەستكەوتە پیرۆزەكانی حكومەت و گەل و نیشتمانە.
*كاتێ گۆڕان هاواری دەكرد دەستور بگێڕنەوە بۆ پەرلەمان و دەستورێكی وامان هەبێ كە مافی كەمینە و زۆرینەی تیا پارێزراو بێ و لەگەڵ دەستوری عیراق پێچەوانە نەبێ، پارتی دەیگوت هەموو مەبەستەكەیان مەسعود بارزانیە كە سەرۆكی هەرێمە بۆیە نایانەوێ سیستمی حوكمڕانی سەرۆكایەتی بێ.
*ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان هاوار دەكا و دەڵێ:
-نیشاندانی هێزی پێشمەرگە باشە ، بەڵام ئیزتیفزازی سوپای عیراق باش نیە ، چونكە ئەو سوپایە تەنیا هی مالكی نیە ، چونكە ئەگەر وا بڕوا دور نیە شەڕ بقەومێ و ئەو ناوچانە لەئەنجامی شەڕی ناوخۆ بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئەمریكا و نەتەوەیەكگرتوەكان .
-ئەگەر سەركردایەتی كورد راست دەكا شەڕ بەرێتە بەغدا نەك ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان.
-پڕچەككردنی عیراق باشە بەڵام ئەو پڕ چەككردنە لەسەر حیسابی كورد نەبێ و كاتێ شانبەشانی مالكی هۆشیار زێباری و د. خەیروڵلا دادەنیشن گرێبەست بۆ كڕینی چەك لەئەمریكا و روسیا ئیمزا دەكەن لەمالكی بپرسن ئەمەت بۆچیە و كوا بەشی كورد و هێزی پێشمەرگە؟.
-حكومەتەكەی مالكی بەتەنیا بەموڵكی مالكی دامەنێن و سوپای عیراقیش تەنیا سوپای مالكی نیە، بەڵكو هەردوكیان سونە و كوردی تێدایە ، ئەگەر ئەو حكومەتە گەندەڵ و خراپە وەردەدەرەوە لێی ، ئەگەر ئەو سوپایە وەك سوپای بەعسە پلەدارەكانی كورد بۆ نایەنە دەرەوە لێی و بۆ قسە ناكەن و یاخی نابن لەو هاوڕێ بەعسیانەیان، لەكاتێكا بزوتنەوەی گۆڕان ئەمە دەڵێ كە بەڕێوەبەرێكی لەو حكومەتەدا نیە و پلەدارێكی لەسوپای عیراق دا نیە ، بەڵكو خەمی كوردستانیەتی.
-بنەماڵەی بارزانی ئەوەندە پەیوەندیە ئیستخباراتی و ئابوری یەكانی بەهێز كردوە لەگەڵ توركیا ، بە سونە و شیعەوە جگە لەسەركردە سونە نەیارەكانی مالكی نەبێ ، ترسیان لەوەیە كوردستان بە تەواوی لە لایەن توركیا وە بكرێتە مۆڵگەی میت و لایەك لە عیراق لە دەست بچێ، بۆیە گۆڕان ترسی لەوە هەیە ئۆپەراسیۆنی دیجلە درێژە بكێشێ بۆ ئۆپەراسیۆنی باكور و نەخشەی ناوچەكە بەهۆی سیاسەتی هەڵەی پارتی و یەكێتی یەوە بگۆڕێ.
-پارتی و یەكێتی رۆژ بەرۆژ كوردیان لە بەغداد لە پێناو نەوت و سامان و پۆست بچوك كردۆتەوە ، چ كوردێك هەیە دركی بەوە نەكردبێ ساڵی 2005 كورد وەزعی باشتر بو لەبەغداد وەك لە ساڵی 2012 .
-بۆ پارتی و یەكێتی و سەركردەكانی واز لە دروشمبازی ناهێنن ، واز لەخۆ دەوڵەمەندكردن و نەوت فرۆشتن ناهێنن ، واز لە باڵەخانە و كۆمپانیا دروست كردن ناهێنن و نێو ماڵی كورد باش ناكەن؟... بۆ دەستور ناگەڕێنەوە؟... بۆ ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتمانیان هەیە نایگەڕێنەوە پارلەمان و وای بگونجێنن كە خواستی هەموو لایەنەكانی تیا بێ؟؟ سەدان داوای تری خەڵك و پرسیاری تر كە لە دڵی خەڵكدایە و وەڵامەكەی تەنیا لای پارتی و یەكێتی یە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە