کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەرهەم ساڵح، باجی قسەكانی 22/4 دەدات؟

Saturday, 24/04/2010, 12:00


لەدوای ئەوەی بەشێك لەمەكتەبی سیاسی و بەتایبەتی جەلال شێخ حسامەددین توڕەن لەشێوازی كاركردنی بەرهەم ساڵح لەحكومەتدا لەماوەی تەنیا چەند رۆژێكدا بەرهەم ساڵح شێوازی قسەو هەڵسوكەوتەكانی خۆی دەگۆڕێت و دەیەوێت كار بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی رۆژنامەگەریی بكات و لەهەوڵی ئەوەدایە بۆ جەلال و حزبەكەی بسەلمێنێت كە ئیتر یەكێتی نابێت لەڕێگەی میدیاوە بكەوێتە بەر نەشتەری قەڵەمی نەیارەكانی.
ئەمە هەر ئەو رۆژەیە كە عیماد ئەحمەد خەڵاتی رێزلێنانی لەلایەن گۆڤاری لڤینەوە پێدەدرێت و هەر لەو رۆژەدا بەرهەم ساڵح دوا دەكات كە كاتی ئەوە هاتووە بەیاسای رۆژنامەگەریدا بچینەوە.
رۆژی 22/4 ئەو بەیانییەی كە گەیشتینە گوندی جاسەنە و لەو مەراسیمەدا بەشدار بووم وەكو هەموو جارەكانی تر پیرو پەككەوتەكانی سەندیكا دەستیان كردەوە بەپیاهەڵدان بەباڵای حزب و حكومەتدا، لەكاتێكدا پێش وتەی ئەم پیاوانەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی حزب، بەرهەم ساڵح لەبەردەمیاندا ئازادی رۆژنامەنووسی خستە ناو رەوشێكی خراپ و حاڵەتی تەشهیركردن و ناوزڕاندنی بەرپرسان و بەكورتی بەسەندیكای وت ئەو یاسایەی هەتانە بۆ ئێمە ناگونجێت، چونكە زیان بەبەرژەوەندییەكانی حزب دەدات، وتەكانی بەرهەم ساڵح ئەمەبوون: كاتی ئەوە هاتووە دیالۆگێكی راستەوخۆ و راشكاوانە لەنێوان رۆشنبیران و خەمخۆرانی گەلەكەمان و نووسەران و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بەرپابێت و قسە و دیالۆگ و باسێكی دۆست و برایانە بێتەكایەوە و پێداچوونەوەیەك بۆ ئەو پەیوەندییە بكەین بەشێوەیەكی وەها بنەماكانی حكومەت بپارێزین.
لەكۆتایشدا بەرهەم ساڵح ئەوەی وتەوە: یاسای رۆژنامەنووسان كە سەرەتا وەك پرۆژەیەك لەلایەن سەندیكای رۆژنامەنووسان ئامادەكرا دواتر لەلایەن پەرلەمانەوە بڕیاری لەسەردرا پێویستی بەهەمواركردنەو پێداچوونەوە هەیە، بەپێویستی دەزانم وەكو حكومەت لەگەڵ سەندیكای رۆژنامەنووسان دیالۆگێك ئەنجام بدەین بۆ ئەو هەمواركردن و پێداچوونەوەیە.
هەر كەسێك لەو وتانەی بەرهەم ساڵح بڕوانێت ئەوەی بۆ دەردەكەوێت كە میدیای ئەهلی تەواو سەرانی ئەو دوو حزبەی خستووەتە بەردەم بەرپرسیارێتی مێژووی و لەبری ئەوەی ئازادی رادەربڕین فراوانتر بكەن بەپێچەوانە ئەوەتا داوای هەمواركردنی بڕگەكانی ئەو یاسایە دەكات و دەیەوێت بەناوی تەشهیرەوە ئەو ئازادییە كەمتر بكاتەوە، هەموو كەسێكیش باش دەزانێت كاتێك ئەگەر رۆژنامەنووسانی میدیای ئەهلی و بەشێك لەدڵسۆزانی ئازادی رادەربڕین نەبوایە ئەو یاسایەی كە گفتوگۆی لەسەر كرا لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە تەسدیق دەكرا و بارودۆخی میدیا و ئازادی رادەربڕین بەتەواوی دەچوو بەقوڕدا، كەچی دوای سێ ساڵ لەدەرچوونی یاسای رۆژنامەنووسی كە هەرچەندە تائێستا لەهەندێك لەبنكەكانی پۆلیس و دادگاوە كاری پێناكرێت، ئەوەتا بەرهەم ساڵح داوا دەكات هەمواری تێدا بكرێت و پێداچوونەوەی پێدابكرێت، ئەگەر بەرهەم ساڵح لەخۆی و ئەدای كارەكانی حكومەت و كابینەكەیی و هەڵسوكەوتی ترسی نەبێت بۆ دوای هەمواركردنی یاسای رۆژنامەگەریی دەكات یان خۆشی باوەڕی پێی نییە، بەڵام دەیەوێت دڵی جەلال رازی بكات و ئەو هێرشانەی كە جەلال لەكۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ خەڵكدا كە دەیكاتە سەر بەرهەم رایگرێت.
لەكاتێكدا بەرهەم ئەم لێدوانە ترسناكە دەدات، ئازادی رادەڕبڕین نە بەرهەمی دەستی ئەوانەو نەئەوانیش هەوڵیان بۆ داوە، بەڵكو ئەگەر بەدەست ئەوان بوایە نەدەیانهێشت هیچ كەسێك لەم هەرێمە بەو گەندەڵی و تاڵانییەی موڵكی ئەوان بزانێت، نەدەشیانهێشت بزانرێت لەم هەرێمە چی دەگوزەرێت و چۆن خیانەت لەم نیشتمانە دەكرێت.
ئەم هەنگاوەی بەرهەم ساڵح گەورەترین پاشەكشەی كابینەكەی نیشاندەدات، لەكاتێكدا كردنەوەی دەرگای ئەم جۆرە شەڕە بەپاڵپشتی سەندیكایەك ناكرێت كە نیوەی ئەندامەكانی نەك رۆژنامەنووس نین، بەڵكو بوونەتە بار بەسەر میدیای كوردییەوە و تا ئەو كەسانە لەو سەندیكایەدا بن باری خواری سەندیكا حزبییەكەی رۆژنامەنووسانی كوردستان خراپتر دەبێت، بەرهەم ساڵح-یش باجی قورسی ئەو هەنگاوە دەدات لەمیدیای ئەهلیدا و چاوەڕوانی باجی ئەو قسانەش بكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە