كۆسرەت رەسوڵ عەلی، ماڵەكەی جیادەكاتەوە
Sunday, 25/04/2010, 12:00
كادرێكی سادەی یەكێتی پێیوتم لەكۆبوونەوەكەی پێشنیوەڕۆی رۆژی 24/4 جەلال شێخ حسامەدین بەئاشكرا باسی لەوەكردووە كە كۆسرەت لەم كۆنگرەیەدا ماڵەكەی جیادەكاتەوە.
ئەو گفتووگۆیەم لەوەوە لەگەڵ ئەو كادرە دەستپێكرد كە چەند شەوێك لەمەوبەر كۆسرەت سەردانی جەلالی كردووەو داوای لەجەلال كردووە كە تەنیا ئەو (واتە جەلال) خۆی بۆ كۆنگرە تەرشیح كاتەوە و هەموو مەكتەبی سیاسی بەخۆشیەوە (واتا كۆسرەت) وازبێنن، بەڵام جەلال ئەو داوایەی كۆسرەتی رەتكردۆتەوەو پێیوتووە باكۆنگرە ئەوە یەكلایی بكاتەوە.
ئەم شینەی كۆسرەت بۆ خۆی نییە، بەڵكو كۆسرەت سوور دەزانێت كە ئەگەر جەلال تەرشیحی نەكاتەوە و داینەنێتەوە بەهەڵبژاردن دەرناچێت، بۆیە دەیەوێت لەبەرامبەر ئەو قسەیەدا، بەڵكو جەلال رەحمی بتلیسێتەوەو بڵێت: بەمسۆگەری دەردەچیت و سەردەكەویتەوە بۆ پلەی خۆت، بەڵام ئەمجارە كۆسرەت نەك جێگری سكرتێر، بەڵكو مەكتەبی سیاسی ئەگەر بەم سیستمە بمێنێتەوە، نابینێت، ئەوە جەلالە دەیەوێت كۆسرەت نقوم بكات و خۆی و تەكەتولەكەی لەم كۆنگرەیەدا نغرۆ بكات، چونكە جەلال تێگەیشت كە سەرە ڕمی تەكەتول لەناو یەكێتیدا كۆسرەت بووە، نەك نەوشیروان مستەفا.
ئەو كادرەی راگەیاندنی یەكێتی لەكاتی گفتوگۆكەماندا ئەوەی خستە پێش چاوم كە لەو كۆبوونەوە فراوانەدا جەلال لەبەردەم زیاتر لە200كارمەند و رۆژنامەنووسدا وتویەتی: یەكێتی دوو ماڵی تریشی لێجیادەبێتەوە كە مەبەستی سەرەكی كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح بووە.
ئەو وەڵامەی جەلال لەوەوە هاتووە كە كادرێكی راگەیاندن باسی پەیوەندی یەكێتی و گۆڕانی كردووەو جەلالیش بەتووڕەییەوە وتویەتی كاتی خۆی داوای لەكاك نەوشیروان كردووە كە ئەگەر حیزب دادەمەزرێنێ ئەوە هاوكاری دەكات و پارەشی دەداتێ، بەڵام لەوەڵامدا كاك نەوشیروان پێی وتووە كە نەخێر حیزب دروستناكات و كۆمپانیایەك دادەمەزرێنێت، بەڵام لەناكاو لیستەكەی ئاشكراكردووە، بۆیە ئەگەر ئەوان شەڕمان پێنەفرۆشن ئێمە شەڕیان پێنافرۆشین، وابزانم ئەو شەڕە ئیعلامییەش كۆتایی پێهات و ئەوانیش وازیان هێناوە.
یەكسەر جەلال دوای ئەو قسانە وتویەتی، كاتی خۆی كاكە حەمەی حاجی مەحموود یەكێك بووە لەپێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەكانی یەكێتی، بەڵام ئێستا هاوكاریشی دەكەین و یارمەتیشی دەدەین و دۆستایەتیشمان هەیە، یاخود كاك قادر عەزیز خۆ كاتی خۆی یەكێتی بوو، ئێستا حزبی خۆی هەیە و هاوكاری دەكەین، چەندین حزبی تریش، یەكێتی تا ئێستا ماڵی زۆر لێجیابۆتەوە، با گۆڕان-یشی لێجیابێتەوە، بەدڵنیایی لەكۆنگرەدا یەك تا دوو ماڵی تریشی لێجیادەبێتەوە.
ئەو قسانەی جەلال وەڵامدانەوەیەكی ئاشكرا بوو بۆ باڵەكەی كۆسرەت كە هەر لەئێستاوە خۆتان حازر بكەن ئێوەش چارەنووستان جیابوونەوەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست