31 ئاب 28رۆژی ماوە و پارتی هەڕەشە لەگۆڕان دەكا
Thursday, 02/08/2012, 12:00
بەداخەوە نەوەی نوێ مێژووی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ناناسێ و بەناوی یەكڕیزی ماڵی كورد و كۆمەڵێك قسە كە لەكلتوری گەلانی رۆژهەڵاتدا باوی ماوە مێژووی ئەو حزبە ناگێڕدرێتەوە، هەربۆیە بەو هۆیەوە زۆر گەنجی تەمەن 20-25 ساڵە هەن پارتین و نازانن حزبەكەیان چ مێژویەكی هەیە.
پارتی دیموكراتی كوردستان و بەتایبەتی مەسعود بارزانی زۆر باسی كوردایەتی و نەزمی نوێ ی كوردایەتی بۆ ئەم قۆناغە دەكا ، لەكاتێكدا هەر كەسێ باسی ئەو چەمكە بكا نابێ پارتی و مەسعود بارزانی بیكا چونكە ئەمان دەمێكە كوردایەتیان لەمێژودا زیندەبەچاڵ كردووە.
با ئەو مێژووە هەڵگرین بۆ مێژوونوسان، چونكە ئەگەر كارەساتی هەكاری پەڵەیەكی رەش بێ لەلاپەڕەی پارتیدا دەیان كارەسات و تاوانی تر هەن كەس نەچون بەلایدا و نەنوسراونەتەوە ، بەڵام ئەوە كارەساتی هەكاری یە كە نەوشیروان مستەفا كردویەتیە نانێكی گەرم و نەوەی نوێ لێی دەخوا و تێدەگا تامی تاڵی ئەو كارەساتە چیەو كێن تاوانبارەكانی ، بەڵام ئەی نەوەی نوێ چۆن ئەو كوراسەیەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیان دەستكەوێ كە لە16سێبتێمبەری 1981 لەژێر ناوی خیانەتەكانی قیادە موەقەتە بەرانبەر نەتەوەی كورد ، بڵاویانكردەوە.
زۆر خیانەت هەن لەمێژوی پارتی دا كە تائێستا بەشاراوەی ماونەتەوە و گەنجێكی تەمەن 25 ساڵ تێی نەگەیشتوە ، وا دەزانێ ئەگەر مەسعود بارزانی وتی، مالكی دژی دەستور و هەرێمی كوردستانەو تایەرەی F16 دەكرێ بۆ لێدانی كورد و ئەمیش دژیەتی ئیتر تەواو ئەم پیاوە كوردێكی نمرە1ی نێو مێژوی كوردایەتی و كوردستان و ژیانی سیاسی كوردە و هەر كە بە بارزانی ناسرا ئیتر هەموو ژیانی بۆ كورد تەرخانكردوە نازانێ حزبەكەی سێ بەشی ئەو فیشەكانەی لەتفەنگەكانیان هاتۆتە دەرەوە داویانە بەسنگی كوردەوە ، نازانێ نیوەی ئەو خەباتەی پارتی هەیەتی لەسایەی مەسعود بارزانی و بنەماڵەكەی دا پەیوەندی بوە لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ ، لەهەر چەرخ و زەمانەیەكدا دۆستی دەوڵەتێ بوە، لەدوای 1974 دۆستی ئێران و لەدوای 1991 تا1996 دۆستی سەدام و توركیا بەردوامیدان بەدژایەتی پەكەكە و بەتایبەتی لەدوای 2003 بوە داینەمۆی كارەكانی توركیا لەعیراق و لەبەریەك هەڵوەشاندنی یەكڕیزی كورد لەكەركوك لەبەرخاتری توركیا، ئەوە 31ی ئابیش باسكردنی شەرمە و ئەوەی تەمەنی 25 ساڵ بێ ئەگەر بەتەواوی نەزانێ كارەساتەكە چیەو چۆنە؟!! ئەوەندە دەزانێ كارەكتەری ئەو روداوە ناخۆشە سەدام حسێن و مەسعود بازرانیە، فیلمەكەش تەراتێنی دەبابەی بەعسە بەهەولێردا بۆ راوەدونانی یەكێتی و حزبە كوردستانیەكان، دەبابەكان دوو شۆفێریان لەسەربوو یەكێكیان كلاوێكی پەڕۆینە و جلەكانیان عەسكەری و ئەوی تریان جلی كوردی لەبەردابووە و جامانەی بەسەرەوە بووە، هەموو دەبابەكانیش دوو ئاڵایان پێوە بووە، ئاڵایەكی زەرد و ئاڵایەكی عیراقی سەردەمی بەعس، ئەو ئاڵایەی كە لەدوای ساڵی 2000ەوە مەسعود بارزانی دەیوت من لەسەر باڵەخانەی فەرمانگەكانی هەولێر و پەرلەمان لەتەنیشت ئاڵای كوردستانەوە هەڵی ناكەم ، بەڵام سەیرەكە لەوەدا بوو دوا وێستەگەی هەموو دەبابەكانی رۆژی 31ی ئاب بەردەم ئەو پەرلەمانی كوردستانە بوو كە ئێستا پارتی كردویەتیە مەزادخانە.
كەواتە ئەگەر لایەنێ یان كەسێ رەخنە لەپارتی و بارزانی بگرێ تەنگەتاو دەبن وادەزانن ئیتر زەمەن كۆتای هاتوە و پارتی و بنەماڵەی بارزانیان لەكەشكەڵانی فەلەك هێناوەتە خوارەوە.
نەوشیروان مستەفا بە 29 دەقیقە قسەكردن لەKNN پارتی سەغلەت كرد، من وەك خۆم بەپێویستم نەزانی نەوشیروان مستەفا كاتی قسەكردنی بەپارتی یەوە بكوژێ ، چونكە ئەوەی كەمێك شارەزای مێژوی پارتی بێ لەو قسانەی نەوشیروان مستەفا زیاتر ئاگاداری ئەو حزبەیە ، كێشەی سەغلەتبونی پارتی پەیوەندی بەژیانی حزبایەتی ئەو پارتەوە هەیە كە لەگەڵ نەزمی نوێ ی سیاسەتی ناوچەكەو بەتایبەتی جیهاندا ناڕوا ، لەناوچەكە ژیانی بنەماڵەیی كۆتای دێ تازە پارتی لاسای دەكاتەوە ، پارتی هەقی خۆیەتی توڕە بێ، چونكە دەزانێ ئازاری ئەو قسانەی نەوشیروان مستەفا چەندن ، خۆی دەزانێ یەكڕیزی كورد بۆتە فیلمێكی كۆمیدی كە كارەكتەرەكانی تەنیا ئەو كەسانە دەتوانن رۆڵی تێا بگێڕن كە لە31ی تەمموز لەنێو دیوەخانەكەی مەسعود بارزانیدا كۆكرابونەوە ، پارتی و مەسعود پێی سەیرە چۆن دەبێ بزوتنەوەیەك لەم یاخی بێ و بەقسەی نەكات و نەچێتە دیوەخانەكەی كە ناونراوە سەرۆكایەتی هەرێم و بەچواردەوریا هەرچی موخابەراتی وڵاتان هەیە چاوشاركێی تیا دەكەن.
لەبەرامبەر قسەكانی نەوشیروان دا پارتی پەیامێكی نارد بۆ گۆڕان كە كەس نازانێ ئەو پەیامە كێ دەریكردوە و كێ نوسیویەتی و ئەو كەسە ئاقڵە كێ یە كە وشەكانی پێكەوە ناوە ، چونكە حزبەكەی خۆی چاك دەناسێ و بەپێی عەقڵی سەرۆكی حزبەكە و حزبەكەی دایڕشتوە.
تەنانەت لەپەیامەكەی پارتیدا ژیانی فرە حزبی بەمنەت بەسەر گۆڕانەوە حیساب دەكات و دەڵێت: پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر بەسینگ فراوانیەوە مامەڵەی لەگەڵ دیاردەی فرەلایەنی كردووەو دەیكات.
یەكێكی تر لەو سیفەتانەی بەیاننامە و پەیامی پارتی و یەكێتی پێ جیادەكرێتەوە و زۆربەی حزبە كوردستانیەكان دروستكردنی بوختان یان دروستكردنی وەهمە ، هۆكاری ئەمەش چونكە ئەم حزبانە لەوەهمدا دەژین ، وەهم دەبێتە سیاسەتی قسەكردنیان ، بەیانامەی پارتی و یەكێتی نیە وشەو رستەی (دەستی دەرەكی و پیلانگێڕی نهێنی و ئیقلیمی) تیا نەبێ لەكاتێكدا رۆژی 2ئاب كاتێك بەیاننامەكەی پارتی بۆ گۆڕان وا نیشاندەدا كە گۆڕان بەپلانێكی نهێنی ئەم كارە دەكا، سەرۆكی پارتی پێشوازی لەئۆغلۆ دەكا لەهەولێر و هەموو دنیاش دەزانێ ئۆغلۆ بۆ دێ بۆ لای مەسعود و چی لەمەسعود دەوێ و وەك ئۆغلۆ خۆیشی لەكۆنگرە رۆژنامەنوسیەكەدا وتی: بارزانی لەپەیامەكەمان گەیشت!!.
كەچی پەیامەكەی پارتی بۆ گۆڕان دەڵێت: (گەر گۆڕان ئەرك و ئامانجی خۆیان تەنیا بەدژایەتی پارتی و بارزانی پێناسەدەكەن و تا ئاستی تێكدان و پلانگێڕی نهێنی و ئاشكرا، ئامادەن بەرژەوەندییە گشتییەكانیش لەپێناو ئەم ئامانجەیان بخەنە مەترسییەوە، ئەوا لێیان قبوڵ ناكرێت و هەڵوێستمان دەبێت، ئێوە فریشتەنین و كارنامەكەتان ئاشكرایە و ناتوانن خەڵك چەواشە بكەن، هەورازێكی سەختتان گرتۆتەبەر و خەڵكانێكی زۆر خۆیان تاقیكردۆتەوە و سەرنەكەوتوون، ئێوەش سەرناكەون).
ئەم چەند دێڕەی بەیاننامەكەی پارتی دوو قسەی تیایە بۆ گۆڕان:
*یەكەمیان: وا نیشاندەدات كە گۆڕان هاندراوە دژی پارتی و ئەیەوێ شەڕ هەڵگیرسێنێ ، كە هەموو كەس دەزانێ شەڕ بەچەك و ئەو میلیشا زەبەلاحە دەكرێ كە پارتی هەیەتی نەك گۆڕان كە چەكداری نیە و بەدوو پۆلیسی بەردەم بارەگاكانیان شەڕ ناكرێ.
دووەمیان: هەموو تەمەنی ئەو بزوتنەوەیە دیارە كە پەیوەندی بەدەوڵەتانی ئیقلیمەوە نیە و باشترین نمونەش لەروداوەكانی 17ی شوباتدا كاتێ ویسترا هێرش بكرێتە سەر مەكۆی سەرەكی گۆڕان لەزەرگەتەی سلێمانی هیچ لایەن و وڵات و كەسایەتیەك دەنگیان لێ بەرزنەبوەوە كە تاكە مەئوای گۆڕان گردەكەی زەرگەتەیە.
كەواتە پارتی هەڕەشەی چی دەكا و چۆن قبوڵی ناكا ، لەسێ حاڵەت تێپەڕناكا: یان ئەوەتا هێرشێكی بەرفراوانی میدیای بەمیدیا زەبەلاحەكەی دەست پێدەكا كە سودی هەنگاوێكی نیە، یان ئەوەتا لەرێگەی رێكەوتنی ستراتیژیی نێوان یەكێتی و پارتیەوە یەكێتی دەكا بەگژ گۆڕاندا و بەو هێزی پێشمەرگەی كە تا ئێستا هەریەكەیان لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندا ماویانە هێرشی سەربازی دەكاتە سەر مەكۆی سەرەكی، كە ئەمە بەمەرگی یەكێتی كۆتایی دێت، یان ئەوەتا لەرێگەی ئەو ئەنجومەنە بنەماڵەیەی هەیانە بەناوی ئەنجومەنی ئاسایش دەست بەراوەدونانی كادرەكانی لەسنوری هەولێر و دهۆك دەیكا ، هەرچەندە درێغی نەكردوە.
كەواتە ئەگەر پارتی قبوڵیشی نەكا لەگۆڕان نابێ پەلە بكا، هێشتا 28 رۆژی ماوە بۆ 31ی ئاب تا بیەوێ 31ی ئابێكی تر بخولقێنێ، ئەگەر ئەشیەوێ هەموو ساڵێ رۆژێكی گەشداری لەو مێژووە خۆێناویەیدا هەبێ وەك 31 ئابی 1996 و 17ی شوباتی 2011 ، ئەوا لەم مانگەشدا رۆژێك دیاری بكات و خۆی تاقیكاتەوە ئەوكاتە دەڵێین پارتی و .... ی ئابی 2012.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست