توخوا واز لەفایەق گوڵپی بێنن!
Thursday, 12/05/2011, 12:00
من نە ئەندامی ئەنجومەنی سەرای ئازادی بووم و نە ئەوەندە دەچووم بۆ خۆپیشاندانەكانی سەرای ئازادی...... زیاتر رۆژانی شەمموان و یەكشەمموان سەردانی ئەوێم دەكرد ، ئەوەندەم لەیادیشە رۆژانی 17و18/4 لەوێ بووم ، سەرباری ئەو تێبینی یانەی كەهەم بون بۆ خۆپیشاندانەكان ، بەڵام هەموو ئەندامانی ئەنجومەن و ئەوانەی دەچونە سەر مەنەسەی سەرا خەڵكی ئازا و دلێر و رۆشنبیر و بەجەرگ و لێهاتوو بوون، هەموویان خاوەنی هەڵوێستێكی بوێر و شۆڕشگێڕانەی ئەوكاتەو پێشتر بوون.
هەر لە د. فایەق گوڵپی یەوە تا ناسك قادر و فاروق رەفیق تا سۆران عومەر و كاروان كەمال و زۆر كەسی تر. كەواتە ئەو شەڕە دەنوكەی چەند رۆژێكە لەنێوان ئەو گروپەی كە چونەتە لای مەسعود مەلا مستەفای بارزان لەرۆژی 9-5-2011 و ئەوانەی كە نەچون زۆر خەڵكی نیگەران كردووە و بۆتە خۆشبەختی یەكێتی و پارتی و كەوتونەتە پروپاگەندەی ئەوەی كە ناكۆكی كەوتۆتە ناو ئەنجومەنی سەرای ئازادی. وای دەبەخشنەوە ئیسلامی و كۆمۆنیستەكانی ناو ئەنجومەن دژی گۆڕانەكانی ناو ئەنجومەن وەستاونەتەوە و ئیتر خۆپیشاندان بونی نامێنێ لە كوردستان دا... بۆیە تكایەكی برایانەو دۆستانەم بۆ هەموو ئەندامانی ئەنجومەن ئەوەیە كە ئەو ناكۆكی یە بچوكانە وەلا نێن و بەكۆبونەوەیەك واز لەو شەڕە دەنوكە بێنن.
لێرەدا دەمەوێ روو بكەمە هەر دوو لایەنەكە و رەخنەیەكی برایانە لە هەر دولا بگرم... من بە ناسك قادر و سۆران عومەر و فاروق رەفیق دەڵێم واز لەد. فایەق گوڵپی بێنن بەڵكە ئەو توانیبێتی قەناعەت بەمەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بكا بكوژان تەسلیم بكا ، بەڵكە ئەو توانیبێتی قەناعەت بە مەسعود بكا حكومەت لەدوای 10-5ەوە دەست بەچاكسازی بكا، ئێ بەڵكو سەرۆكی هەرێم گوێی لەد. فایەق گرتبێ و یاسای خۆپیشاندان هەڵپەسێرێ و قسەی ئەو ئەو 5كەسەی لەگەڵی بوون لەلای گرنگتر بێ لەو سەدان هەزار كەسەی كە لەدوای دەنگدان لەسەر یاسای خۆپیشاندان لەپەرلەمان و گەیشتنی بەمەسعود ناڕەزایان دەربڕی و خۆپیشاندانیان دژ كرد. ئێ كێ ئەڵێ د. فایەق قەناعەتی بە مەسعود نەكردوە و مەوعیدێكی لەگەڵ دانەناوە كە هەموو ئەو جەیشە بگێرێتەوە بۆ شوێنی خۆی. كێ ئەڵێ رۆژی 1-6 یادی دامەزراندنی یەكێتی نیە تا لەو رۆژەدا هەمویان كۆبكرێنەوە و بەجلی مەدەنی یەوە لەبەردەم مەڵبەندی سلێمانی و هەولێر شایی و ئاهەنگیان پێ بگێڕن.
دڵنیام كە د. فایەق توانیویەتی قەناعەت بەسەرۆكی هەرێم بكا كە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ یەك بخا و رێكخستنی حزبی لەناو ئەو دەزگایانەدا نەمێنێ و ئیتر ئۆپۆزیسیۆنیش لەو دەردە سەریە رزگاری دەبێ، نازانم بۆ ئەو برادەرانە لەسەرای ئازادی ئەوەندە رەشبینن لەمەسعود ، دڵنیا بن مەسعود بەڵێنی بەو 6 كەسە داوە كە لقی 4 و مەڵبەند و دەزگاكانی تر كە بكوژەكانیان حەشار داوە بكوژەكانی 17ی شوبات و دواتر تەسلیمی دادگا بكەن، دەبوو ئەوانە هاوكاری د.فایەق بونایە چونكە ئەو رێگەیەكی دووری هەولێری بڕیوە و كەم كەسیش هەیە بتوانێ ئەو زاتە گەورەیە (مەسعود) ببینێ، كەواتە برادەران واز لەخەڵكێ بێنن كە قەناعەتی بەشتێ هەبێ تا ئەو كاتەی خۆی بۆی رون دەبێتەوە چ هەڵەیەكی كوشندەی كردوە با ئازادانە رای خۆی دەربڕێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست