یەكێتی و پارتی تەنها بەرهەم و نێچیریان هەیە!
Tuesday, 29/11/2011, 12:00
ئێوارەی 11-29كاتێك لە مەكتەبی رێكخستنەوە بەرەو ماڵەوە بووەمەوە دوو رۆژنامەم لەبن هەنگڵدا بوو، یەكێكیان رۆژنامەی ئاوێنە و ئەوی تریان كوردستانی نوێ، بەر لەوەی بگەمە ژوورەوە لەبەردەرگای ماڵەوە سڵاوم لەدراوسێكەمان كرد، ئاماژەم بۆ كرد كە رۆژنامەی كوردستانی نوێ كە بەرێ بۆ خۆی، بەڵام نەویست و گوتی: كاكە ئەوی تریانم بەرێ، واتە رۆژنامەی ئاوێنەكە، پێم گوت لەبەرئەوەی كە هێشتا نەمخوێندۆتەوە ناتوانم، هەر دوای ئەو قسانە رێك بێ سێ و دوو كوردستانی نوێ كەم خستە ناو تەنەكە خۆڵەكەوە.
كاتێك چومە ژورەوە پاش نیو سەعات مانشێتی رۆژنامەی ئاوێنە و هەواڵەكەی سەرنجی راكێشام كە ئەویش دانەوەی پۆستی سەرۆكی حكومەت بوو بە پارتی و لەنێو هەواڵەكەشدا ئەوە نیشاندراوە تاكە كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت لای پارتی نێچیرڤان بارزانییە.
ئەمەی سەرەوە حیكایەت نەبوو بەڵكو چوونە ژورەوە بوو بۆ بابەتی پرسیارێ كە هەموو یەكێتی و پارتییەك لەخۆی دەكا، كاتێ یەكێتی پۆستی سەرۆكی حكومەت وەرگرێ لەهەر زەمەنێكدا بێ ئەوا تەنیا بەرهەم ساڵحی بەدەستەوەیە ، هەركات گێچی ئەو پۆستە لایدا بەلای پارتیدا ئەوا بێ سێ دوو دەچێتە سەر نێچیرڤان بارزانی...
ئەم پۆستە كە هێندەی ماڵوێرانییە بۆ خەڵكی كوردستان هێندە قازانج و سوودی گشتی تێدا نییە نزیكەی 11ساڵە لەنێوان ئەو دوو برادەرەدا دەسوڕێتەوە لەساڵی 2000 كاتێك یەكێتی و پارتی بەجیا حكومەتیان هەبوو نێچیر لە هەولێر ئیدارەیەكی پێكهێنا و لە سلێمانیش بەرهەم ساڵح ئیدارەیەكی حكومەتی پێكهێنا، دواتریش یەكی جارێكی تر بوونەوە بە سەرۆكی ئەو ئیدارەیەی كە هیچی نەخستۆتە سەر ژیانی خەڵكی كوردستان.
وا ئەم جارەش كە سەری ساڵ پارتی حكومەت وەردەگرێتەوە بەهەمان شێوە هەر ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئەو حزبە دەدوێندرێ یەكسەر قسەكە تەواو ناكرێ دەڵێن كاندیدی ئەوان نێچیرە.
شەرمی نێو كادرانی یەكێتی و پارتی ئەوەیە كە ئەم دوو حزبە كە هەر یەكەیان گوایە مێژوویەكی درێژی خەباتیان هەیە جگە لەم دوو پیاوە، بۆچی پیاوێكی تریان تیا نیە.... پارتیەك 60 ساڵ زیاتر تەمەنیەتی و یەكێتیەك 20 ساڵ زیاتر دەبێ كەسێكیان تێدا نەبێ جگە لەم دوو كەسە كە هەر ناوی حكومەت دەهێنرێ یەكسەر ئامادەن، كاتێ لەكابینەی پێنجەمدا نێچیر 2 ساڵی حوكمەكەی تەواو كرد، جەلال تاڵەبانی بۆ ئەوەی بەرهەم لەبەغدا نەهێنێـتەوە حكومەتی تەسلیم بەپارتی كردەوە ئیتر ئەم پیاوە بێ ئەوەی لەخۆی بپرسێ لەو ژمارەیەی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و ئەو هەموو كادرە كەسێك نیە بۆ ئەم شوێنە جوانە بشێت، ئەوەتا پارتیش تووشی هەمان پەتای یەكێتی بووە، دەستەوسان وەستاوە لەبەردەم قەدەری گۆڕانێكدا كە وەك خۆشیان پێشتر ئاماژەیان پێدا بوو كە خۆیان ئامادە نەكردووە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە لەمانگی 9ی ئەمساڵدا بۆیە خستویانەتە سەرەتای ساڵی2012 ، دیارە دەردی بەرهەم ساڵح دەڵێ حكومەتەكەی خۆمان عیدمیلادی بۆ دەكەن ئەگینا لەوڵاتان بەشەو و رۆژێك كابینەی حكومەتێك تەشكیل دەكرێ و هەڵدەوەشێتەوە ئیتر بۆ دەبێ یەكێتی و پارتی نەتوانن لەماوەی چوار ساڵدا دوو سەرۆكی حكومەتی گونجاو مەعقول و كارا پێشكەش بەخەڵك نەكەن تا كارەكانی خەڵك راپەڕێنێ.
ئەم بێ پیاوییەی یەكێتی و پارتی لەعەقڵێكی ژیرانەی نێرینەوە نەهاتووە ئەوەندەی لەعەقلێكی حزبی تەواوە هاتووە، چونكە هەم جەلال تاڵەبانی و هەم مەسعود بارزانی لەوە گەیشتوون كە دەبێ ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆكی حكومەت لەم دوو زاتەوە نزیك بن و ملكەچیان بن و لەناو بۆتەی حزبدا توابنەوە و بەرژەوەندی بنەماڵە و كۆمپانیاكانی حزب لەسەروو بەرژەوەندی خەڵكەوە دابنێن ، ئەگەر نا سەدان كادری بەتوانا لەناو ئەو دوو حزبەدا ماون ، بەڵام لەبەرئەوەی ملكەچی بنەماڵە نین ئەوە نەك نابینرێن ، بەڵكو پێیان گاڵتەجاریە ئەگەر بیاندرێتێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست