یەكێتی تۆڵەی ئاڵا سوتانەكەی توركیا دەكاتەوە
Saturday, 17/11/2012, 12:00
هێزی دیجلە هاتووە بۆئەوەی لەكورد بگەیەنێ كەركوك لەسایەی یەكێتی و پارتی لەئەجێندای سەركردەكانی كوردا نەماوە و ئەوەی باسی مادەی 140 بێ بونی نیە، هەرچەند سەركردەكانی كورد دەمێكە لەزهنیاندا مادەی 140 نەماوە و بەنەفت گۆڕیانەوە، بەڵام تا 10رۆژ لەمەوبەر یەكێتی خۆی لەم هێزە بێدەنگ كردبو، چونكێ مالكی لەجوڵانی دا رۆڵێكی كاریگەری هەیە و بە ویستی ئەو دروستكراوە و نابێ هەڵوێست بەرامبەری هەبێ.
هاویەیمانی نێوان دەوڵەتی یاسا و یەكێتی گەیشتبوە رادەیەك كە هیچی بۆ پارتی تیا نەیەشتبوە وە، پارتی وا لێكرد ببێتە هاوپەیمانێكی وەهای توركیا كە داوای كۆتای بە مانگرتنی كوردانی باكور بكا ، شكاندنی كەسێتی مسعود بارزانی لەبەردەم خەڵكی عیراق و كورد لەكاتی لێسەنەوەی متمانە لە نوری مالكی بەدەستی جلال تاڵبانی زۆر خزمەتی بە مالكی كرد، لەبەرانبەردا بەرزكردنەوەی هەیمەنەی مالكی لای سونەكان بەهۆی قسەكردنی زۆری مسعود لەسەر مالكی خزمەتێكی تر بو بەسونە و بەعسیەكان، چونكە كەس ناتوانێ ئەوە لەبەرچاو نەگرێ كە تا ئەو ساتەش متمانە لەنوری مالكی دەسەندرایەوە خەڵكی سونە چاویان لەدەستی مالكی زیاتر بوو وەك لەعەلاوی چونكە ئەوان هەمیشە خۆیان بەدوژمنی كورد دەزانن و نایانەوێ كورد لەعیراقدا مافی هەبێ.
لەسایەی یەكێتی و پارتی نە سونە هاوپەیمانی كوردە و نەشیعە، هەردوكیان پێكەوە كەلەبەری گەورەیان كردۆتە نێو ماڵی كورد و هەر رۆژەی سیناریۆیەك بۆ خەڵك دروسدەكەن ، دەیانەوێ ئەمجارەش بەناوی شەڕی كورد و عەرەب لەرێگەی بیانوی بونی هێزی دیجلەوە كۆمەڵێك خەڵكی تری ئەم هەرێمە بەكوشت بدەن، كوان ئەو هەمو زێرەڤانی و هێزی ئامادە و دژە تیرۆرەی كە بەریاندابونە گیانی خۆپیشاندەران بۆ رو ناكەنە دوزخورماتو ، یان ئەمانە وەك مشكی لەسەرمادا هەڵڵەرزیو تەنیا بۆ گیانی گەنجەكانی كوردستان ئازان.
سێ رۆژە یەكێتی خۆی بیرچۆتەوە وا دەزانێ ساڵی هەشتاكانە هەر ئەوە ماوە دەست بەهاتو هاوار و سرودە سواوەكانی لەرادیۆ و تەلەفزیۆنەكەیەوە لێباتەوە و بڵێ كەس بۆی نیە خۆی لە من بەپاڵەوان تر و ئازا تر دابنێ ، نەك هێزی دیجلە بەڵكو مالكیش دەسوتێنم ، ئیستا خەڵك تێناگا ئەم وەرچەرخانە بە 360 پلە چۆن رویدا و بۆ دروست بوو.
ئێوارەی 16-11-2012 ئەندامێكی سەركردایەتی میوانداری كردم لەگەڕەكی.... ، بۆی گێڕامەوە كە بەبڕیاری مام جلال داوا كراوە سیناریۆیەك دروستكرێ بۆ ئەوەی یەكێتی و پێشمەرگەكانی بكەونە حاڵەتی ئامادەباشی یەوە دژی هێزی دیجلە و مالكی ، مام جلال لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی و بەتایبەتی لە مەلا بختیار توڕە بوە یەكەم لەسەر خوێندنەوەی وتارەكەی لە كۆنگرەی بەدەپە ، دوەمیان لەسەر سوتانی ئاڵای توركیا لە سلێمانی ، بۆ راستكردنەوەی ئەم بارە لارە مام جلال دەیەوێ بۆ ماوەیەكی كاتی یەكێیتی بكاتە هاوپەیمانێكی نوێ ی توركیا و بچێتە ئەو بەرەیەی دژی مالكی كە مەسعود و سونەی عیراق و توركیا و سعودیەی تیایە.
ئەندامەكەی سەركردایەتی گوتی : توركیا بە فەرمی بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەكێتی بانگ كردوە و تێگەیاندوە سوتانی ئاڵای توركیا مانای چیە ، پێی وتوە ئەوان نیگەران نین لە پشتگیری كوردەكانی باكور و خۆپیشاندانەكانی سلێمانی و ناوچەكانی ژێر دەستی یەكێتی بەڵكو دەیانەوێ ئەگەر لەمانای سوتانی ئاڵا تێنەگەیشتون تێیان بگەیەنن ، هەر بۆیە لەبەرامبەردا بەهرۆز گەڵاڵی كەوتە لێدوان دژی ئەندامانی بەدەپە كە بیانوو بە توركیا دەگرن ، بەدوایدا بەشێكی زۆری سەركردایەتی یەكێتی كەوتە لێدوان دژی كوردانی توركیا ، لەپاڵ ئەوەشدا مام جلال گەڕایەوە سلێمانی و لەرێگەی میدیاكانەوە وا نیشاندرا كە مام جلال لەمالكی توڕەیە ، كەواتە دور نیە بۆ راستكردنەوەی هەڵەی ئاڵا سوتانەكەی توركیا شەڕێك هەڵگیرسێنێ لە مابەینی پێشمەرگە و هێزی دیجلە ، ئەوكات مەسعود بارزانی بۆ یەكێتی دەبێتە فریادرەس لەتوركیا و رایەكی گشتی دروست دەكا كە قسەكانی ماوەی چەند مانگێكە دەیانكا راستن .
وەك ئەو سەركردایەتیە گوتی: هەر لە گوتەبێژەكی مام جلالەوە تا زۆرێ لەسەركردەكانی یەكێتی تەنیا قسەیەك دەجونەوە كە مالكی كۆمەڵێ هەڵەی كردوە دەبێ راستیان بكاتەوە ، ئێ خۆ برادەرینە مالكی لە2010 دا مسعود و مام جلال بەهەڵە هێنایانە سەر حوكم و گەورەیان كرد ئێستا بۆ بەتەنیا ئۆپەراسیۆنی دیجلە بو بەهەڵە ، ئەی مالكی لەساڵی 2010 ەوە یەك خاڵی پرۆژە 19 خاڵیەكەی جێبەجێ نەكردوە بۆ هەڵە نیە ، ئێستا بۆ ئەمە بو بە هەڵە ، هەر مالكی نەبو 2008 سوپای هێنایە دیالە و پێشمەرگەی پاشەكشە پێكرد ئەی ئەو رۆژانە بۆ مالكی هەڵە نەبو؟؟؟؟ مالكی لای یەكێتی و پارتی تەنیا یەك هەڵەی نەكردوە ئەویش لەرێگەی ئیرانەوە رێگەی داوە بەئارەزوی خۆیان نەوت ئاودیو بكەن ، چونكە هەر مالكی دەتوانێ ئیران هانبدا و حاجی ئۆمەران و باشماخ داخا و رێگە لەتانكەرە نەوتەكانیان بگرێ كە بەقاچاخ رۆژانە ریزیان بەستوە.
كەواتە هێزی پێشمەرگە و خەڵك دەبێ بگاتە ئەو بڕوایەی كە رژانی خوێنی پێشمەرگە ئۆباڵەكەی لەئەستۆی مەسعود بارزانی و مام جەلالە و ئەو شەڕە هەڵگیرسێ كوژانەوەی زەحمەتە و كاریگەری گەورەی بۆ سەر ئابوری كوردستان دەبێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست