کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كێ قارەمانە با پەیكەرێك لەهەولێر بۆ سەردەشت دروستبكات؟

Thursday, 27/05/2010, 12:00


كاتێك سەردەشتی رۆژنامەنووس شەهیدكرا ئەوەی كەمێك غیرەتی تێدا بوو هاتە سەر شەقام و داوای روونكردنەوەیان لەپارتی و مەسعود مەلا مستەفا كردو پێیان وتن بەسە تیرۆر و تۆقاندن، بەپاراستنیان وت كەمێك غیرەتتان بێت كەی وشە ئەوەیە كە بەگوللە وەڵام بدرێتەوە.

هەموو ناڕەزاییەكان لای پارتی قاڵبێكی سیاسی بۆ دروستكرا ئەویش ئەوە بوو وترا ئەوە (گۆڕانە) وا دەكات كە ئەو هەموو ناڕەزاییە بەرز بێتەوە، بەڵام وەڵامنەدانەوەی گۆڕان ئەو وانەی عەقڵە بوو كە هەموو حیزبەكانی فێركردو پێیوتن ئەوە ئێمەین كە نە چەكمان هەیەو نە چەكدار و هەر قسەیەكیش بیكەن گەڕانەوەیە بۆ مێژوو، ئەگەر دەتانەوێت ئەو زۆرانبازییە پاڵەوانی تێدا دەركەوێت ئەوە با خوێندنەوە بۆ ئەمڕۆ بكەین، چونكە ئێمە خاوەنی تەنیا ساڵێك تەمەنی ژیانی سیاسین و ئەو مێژووەش كە باسی دەكەن بەشێكی هەرە زۆری هی هاوپەیمانییە دڵسۆزەكەتانە كە ئەویش یەكێتییە، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان سەبرئاسا سەلماندی كە سەردەشت كوڕی منە، بەڵام تەنیا من خاوەنی نیم، بەڵكو بەشێكی زۆری خەڵك خاوەنیەتی.

ئێستا دوای زیاتر لە چوار هەفتە لەشەهیدكردنی رۆژنامەنووس و خوێندكاری شەهید، سەردەشت عوسمان، ئەوەی دەمێنێتەوە لای ئەوانەی كە قەڵەمی ئازادن ئەوەیە كە یەكەم رێبازەكەی بەرنەدەن، دووەم زوو زوو ئەو تانەیە بدەنەوە بەنێو چەوانی كوڕانی قوتابخانەكەی مەسعود و مەسروری كوڕیدا و نەهێڵن هیچ رۆژێك بیریان بچێتەوە كە ئەوان ئینسان كوژن و هیچ سیناریۆیەكیش ناتوانێت ئەوان دەرباز بكات لەوەی كە بكوژی سەردەشت، پاراستن و پارتین.

بۆ ئەوەی ئەم رەمزە شۆڕشگێر و چاونەترسە هەمیشە ترس بێت بۆ دڵی پارتی، ئەوا ئەو هێز و لایەنەش وەك سەردەشت، قارەمانە گەر بتوانێت پەیكەرێك بۆ سەردەشت دروست بكات و لەناوەڕاستی ئەو شارەدا دایبنێت كە هەموو ئازادییەكی لەلایەن پارتییەوە تێدا زەوت كراوە، بۆیە دەبێت ئەو پاڵەوانە كێ بێت كە بتوانێت پەیكەرێك بۆ سەردەشت دروست بكات و لەناوەڕاستی پایتەختدا دایبنێت و هەمیشە وەك رەمزی پاڵەوانی و شۆڕشگێری و قەڵەمی چاونەترس پارتی سڵی لێبكاتەوە، جار جارەش گەنجانی ئازاو بوێر و قەڵەم نەفرۆشەكانی هەولێر سەردانی بكەن و پێی بڵێن ئەم پەیكەرە تەنیا ئەوانە دەتوانن سەیری بكەن كە مانای ئازادی دەزانن و قەڵەمەكانیان بۆ پارە بەبنەماڵەی مەسعود و جەلال نەفرۆشتووە.

دەی بزانین ئەو قارەمانە كێ یە، ئەو هێزە بەغیرەتە كێ یە پەیكەرەكەی سەردەشت دەكاتە بەردێك بۆ سەر دڵی پارتی و پاراستن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە