سەرۆك قسە دەكات، تکایه بێدەنگ بن
Saturday, 13/03/2010, 12:00
ئەوەی كە خۆش بەختم دەكات ئەوەیە كە دەنگم نەدا بەم سەرۆكی هەرێمی كە ئێستا لەژیاندایە ئەویش مەسعود-ی كوڕی مەلا مستەفایە، لەبەرئەوە نا كە بەر لە25/7 و بەدرێژایی مێژوو لەناو رەوتی خیانەتدا سەرقافڵەی هەموو پارتییەكانی هاوڕێ-ی شكاندووە، بەڵكو لەبەرئەوەی كە هەستم دەكرد ئەوەی لای ئەم پیاوە گرنگە تەنیا ئەو كورسییەیە كە بچێتە سەری و بڕیار بدات، هەر لەو رۆژەی كە لەبەردەم ئەندام پەرلەمانەكانی كوردستاندا بەمنجە منجێكەوە وتی: ئەگەر بەرێگەی ئینتخابات بێت رازیم ببمەوە بەسەرۆك ئەگەر نا نایكەم، تێی گەیشتم كە ئەم پیاوە چەند كورسی خۆشەویستە.
ئەوەتانێ لەدوای 25/7ەوە جگە لەوەی بەتەزویر بوو بەسەرۆكی هەرێم، بەڕاست و بەچەپدا قسە دەكات، خۆزیا قسەكردنەكەشی لەجێگەی خۆیدا بوایەو جێی بگرتایە، سەرۆكی هەرێم كاتێك قسەكانی جێی خۆی دەگرێت كە هەمووان بەیەك چاو سەیر بكات، خۆ ئەگەر بەو عەقڵەوە بیڕوانیایەتە هەرێمی كوردستان بۆ تا ئێستا كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەندی بەو شێوە دەمایەوە، بۆ كێشەی نانبڕواوەكان دەگەیشتە ئێستا.
باسەیری ئەو هەڵوێستە ناشازانەی ئەو سەرۆكە بێ زانیارییە بكەین، لەرۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەناوی سەرۆكایەتی هەرێمەوە لەبەردەم بەچكە جوجەڵەكانی پارتی كە یەكێتی قوتابیانە، جاڕی ئیهانەكردنی پەرلەمانتارێكی كوردستان لێدەدات و دواش دەكات ئەوەی ملكەچی بڕیارەكانی ئەو نەبێت ئەوا لەكوردستاندا جێگەی نابێتەوە وەك كوردستان ماڵی بابی ئەو بێت و ئەوەی كە تێیدا دەژی خواسترابێت و لەوڵاتێكی دیكەوە هاتبێت و ئەم نانیان بداتێ.
ئەو سەرۆكی هەرێمە بەوەوە نەوەستاو لەرۆژی 11/3 وتەبێژەكەی رادەسپێرێت دەستكاتەوە بەهەڕەشەكردن دژی ئەو عەرەبانەی كە زوو بانگیان دەكردن بۆ كوردستان و لەسەڵاحەدین و دوكان چەندین قسەی ژێر بەژێریان دەكرد وخوانیان بۆ دەڕازاندنەوە و ئەوانیش لەگەڵ سنووری هەرێمیان جێهێشت قسەكانی مەسعود و جەلالیان دەكردە ناو دەنەكە خۆڵەوە، ئەو شینەی كە وتەبێژەی سەرۆكی هەرێم بۆ جەلال-ی شێخ حسامەدین ی دەكات تا ببێتەوە بەسەرۆك كۆماری عێراق بۆ كورد نییە ئەوەندەی بۆ ئەو هاوبەشەیەتی كە سەروەت و سامانیان بەش كردووە، ئەگەر وانییە، سەرۆكایەتی هەرێم بۆ لەبەرامبەر ئەو لێدوانانەی هاشمیدا كە دەڵێت با جەلال بچێتەوە بۆ ماڵەوە بیرەوەرییەكانی بنوسێتەوە و بەتەمای سەرۆكی عێراق نەبێت، خێراو كتوپڕ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆناكاتەوەو راسپاردەی ئەوانیش وەرناگرێت و ئەوكات بڕیار بدات.
ئەگەر ئەو سەرۆكەی كە تەنیا سەرۆكی شاری هەولێر و دهۆكە، كەمێك مێشكی بجولایەو خەمخۆری كورد بوایە ئەوا وەكو چۆن زوو زوو خۆی هەڵدەقوڵتێنێتە ناو بابەتێكەوە كە سەرئەنجام بەزیان بۆ سەر پێگەی خۆی و كورد دەشكێتەوە، ئاوا دەنگێكیشی لێوە دەهات دەربارەی1600نانبڕاو كە لەسەر دەنگدانیان بەگۆڕان، نانبڕاو كراون، خەڵك هێندە بێئومێد بووە لەو سەرۆكە كەباس دەكرێت تەنیا وەك سەرۆكی یەكێتی و پارتی دێتە پێش چاوی، ئەگەر وانییە هەفتەیەكە سەدان كەس بەهۆی دەنگدانیان بەگۆڕان لەناو هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە نەك نانبڕاو كراون، بەڵكو شەو لەماڵەوە ناخەون و سەردەمی بەعس ئاسا میلیشیاكانی جەلال هەڵەكوتنە سەریان و ڕەشبگیرییەكیان دەستپێكردووە، كەچی ئەمیش كڕكەوتووە چونكە چاك دەزانێت كە تەنیا لەسیاسەتی ئەم دوو حزبەدا جێی دەبێتەوە.
كەواتە ئەم سەرۆكی هەرێمە وادەزانێ ساڵێ لەمەوبەرە بەئارەزووی خۆی ئەوەی بەدڵی بێت بڕیاری لەسەر بدات و ئەوەشی بەدڵی نەبێت خۆی لێبێدەنگ بكات و كەسیش قسەی بەرامبەر نەكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست