پەیامەكەى ئۆجەلان و خەیاڵ پڵاوى زۆر كەس
Tuesday, 26/03/2013, 12:00
هەمووان پێمان خۆشە كە كەش و هەواى ئاشتى و تەبایى و ئارامى وسەقامگیرى بەرجەستەبێت، تفەنگەكان بێدەنگ بكرێت و بخرێنە مۆزەخانەوە، ماف و داوا و خواستى رەواى میللەتمان بێتەدى، لە كوشتن و گرتن و راوەدونان و ماڵ خاپوركردن رزگارمان بێت، ئێمەش وەكو باقى گەلان بۆخۆمان وەكو مرۆڤ و ژیانێكى شایستە بەخۆمان هەبێت.
گەر بڕوانین بەدرێژایى مێژوو، هەر لەشاخ بوین، هەرخەریكى شۆڕش و بەرخودان بوین، دوژمنان و داگیركەران بەهەموو شێوەیەك، خواستویانە ئاسەوارمان نەهێڵن و لەسەر ئەرزى واقیع بمان سڕنەوە، بەڵام بەهۆى ئەو یەك دووتفەنگەو، ئەو چەند شەڕگەر و پێشمەرگە و گەریلایە، خەون و خەیاڵى دوژمنان مایە پووچ بوە. جێگەى خۆیەتى سڵاوو رێز دەست خۆشى بۆ سەرجەم گیانبازەكانى كورد بنێرین بە گەریلاو پێشمەرگەوە، كە ئەگەر ئەوان نەبونایە و زەبرى شۆڕشگێڕى ئەوان و سەنگەرگرتن و خوێن وئارەقیان نەبوایە، ئێستە شتێك نەدەما بەناوى كورد وكوردستان.
گەر لەو روانگەیەشەوە بڕوانینە پەیامەكەى ئۆجەلان و پرسى ئاشتى و كرانەوەى دەروازەیەكى نوێ، لەشۆڕشى باكوردا، ئەوا بۆخۆى مایەى نیگەرانى و دڵتەنگى و ئەسەفە، پارتێكى وەكو پەكەكە كە بەدرێژایى چەندین ساڵ لەململانێدابێت، لەگەڵ چوارەم هێزى میلیتارى جیهان، لەزۆر شوێن وجێگەدا لوتى بشكێنێت و سەرى پێ شۆڕبكات، كەچى لە هیچ و خۆڕایى بێ هیچ مەرج و گرنتیەك، لەلایەن سەركردەكەیانەوە جاڕى ئاشتەوایى و چەك دانان دەدرێت، داوا دەكات هەرچى چەكدارى ئەو پارتەیە لە سنورى توركیا بكشێنەوە، هەوڵى سەقامگیرى وئاشتى توركیا بدەن. تائێرە كارێكى رەوا و سروشتیە و دانوستاندن و ئاشتى و پێكهاتن بۆ هەموو پارت و بزوتنەو لایەنێك حەڵاڵ و رەوایە، بەڵام بەمەرجێك لایەنى دووەم كە دەكاتە پەكەكە، بە خواست و ئیرادەو كۆمەڵێك داواكارى و خاڵى بەهێزەو بڕواتە پێشەوە و، پێداگرى لەسەر سەرجەم داواكاریەكان بكات، بەتایبەت ئەو خاڵ و پڕۆژانەى كەلەبەرنامەو مانفیستى پارتەكەیدا گەڵاڵە كراوە و، ئەندامان و لایەنگرانى لەسەرى گۆشكردوە و ماوەیەكى زۆرە خەباتى بۆدەكەن، چەندین ساڵە بەهەزاران قوربانى بۆ دەدات، گەر وانەكات و سازش لەسەریان بكات، ئەواباوەڕ ومتمانەو رێزى خۆى لەدەست دەدات، دەكەوێتە بەر نەفرەتى مێژوو، كەسوكارى قوربانیان و شەهیدانیش هەرگیز لێیان خۆش نابن. كەمن بۆخۆم تا ئەم دەقەیەش هیچ بەرنامەو پڕۆژە و داواكاریەكى پەكەكەم بە ئاشكرا نەدیتوە، تا بزانین چەندێك ئەو پارتە هاوسۆز و هاوخەمى میللەتە، ئێمەش لەبرى رەخنەو گلەیى و گازندە بەشێوەیەكى دیكە لێكدانەوە هەڵسەنگاندنى بۆبكەین. پێَم وابێت هەر گروپ وپارت ولایەنێك كاتێك لەگەڵ دەسەڵات و نەیارەكەیدا پێكدێت، بۆ ئەوەى زیاتر، باشتر لاى میللەت و جەماوەر خۆشەویست و متمانە پێكراو بێت، سەرجەم داواكارى و خاڵەكانى كفتوگۆ بۆ لایەنگران و هەواداران تەنانەت تەواوى خەڵك ئاشكرا دەكات، بۆ ئەوەى ئەگەر سبەى رۆژ خاڵەكان جێ بەجێكران و بەدیهاتن، ئەوا بیكاتە دەستكەوت و سەروەریەك بۆخۆى، خۆ ئەگەریش پێك نەهات و لایەنى بەرامبەر رازى نەبوو و ئەوداوایانەى بەزۆرو ئەستەم زانى، دیسان هەربۆ ئەوان شكۆمەندیە، چونكە ناكەونە ژێر بەرپرسیاریەتى و مەسئولیاتى مێژویەوە، بە عالەمى ئاشكرا و سەر بەرزانە ئەوە بەیان دەكەن، كە ئەوان لەخەمى میللەت و لایەنگرانیاندان ئەوەتا ئەوە خاڵ و مەرجەكانى دانوستاندنەكەیە، بەڵام لایەنى بەرامبەر پێى رازى نیە و جێ بەجێى ناكات. ئەودەمە پلە وپایەو خۆشەویستى و گەورەیى پارتەكەش لە جاران زیاتر دەبێت.
كەچى مەعەل ئەسەف بۆ ئەو پەیام و ئاگر بڕەى نێوان توركیا و پەكەكە، كە هیچ رۆشنایى ودڵخۆشى نابەخشێت، هەرچى تایبەتە بەپەیامەكەى ئۆجەلان و بانگەوازى ئاگر بڕ، مایەى گومان و تێرامانە، لەبەر چەندین هۆ، یەكەم ئەو بەڕێزە ساڵانێكە لەلایەن دەوڵەتى توركیاوە دەست بەسەرە و لەهەمو شتێك مەحرومیان كردوە، بەجۆرێك نازانێت لەودیو زیندانەوە چى دەگوزەرێت، بێجگە لەوە ئۆجەلان بەپێى یاساو ریساى جەنگ و سیاسەت دیلە، مرۆڤیش كە دیل بوو، هیچ شتێكى لێ بەهەند وەرناگیرێت، و ئیعتیبار بۆ قسە و فەرمایشتەكانى ناكرێت، چونكە رون وئاشكرایە ئەوەى دەینوسێت ئەوەى دەیڵێت، بەخواست وئیرادەى خۆى نیە، بەڵكو دەبێت بەحوسن ورەزاى دوژمن بێت، كام دوژمنەش؟! دوژمنێكى وەكو توركیا، كەتائێستاكەش بەزاریدا نایەت بڵێت هەرێمى كوردستان، تا ئێستە بەكوردى باكورد دەڵێت، توركى چیایى. ئەرێ كێ ئەوە دەسەلمێنێت و بەڵگەتان چیە كە ئەو نامەیەى ئۆجەلان بەدەست و پەنجەى خۆى نوسرابێت؟ باشە چۆن وبۆچى سەبەبەكەى چى بوو ئەو بەڕێزە بەیەك وشەش ناوى كورد وكوردستانى نەهاورد؟ هەموو دەزانین میتى تورك ورژێمى عەسكەرتاریەتى توركیا چین وكێن، چۆن پارێزگارى لە یاسا ودەستورى كەمالیزم دەكەن، هەروابێتەوە چۆن پێویستە لەسەر گویل و ئەردۆغان، كە بەوریایەوە مامەڵە لەگەل سەرجەم خاڵ وبەندەكانى دەستوردا بكەن و، كارێك نەكەن ببێتە مایەى لێكترازان و ناسەقامگیرى دەوڵەتى توركیا، ئەگەرنا ئەوا چارەنوسیان باش نابێت.
شتێكى بەڵگە نەویستە لەدانوستاندن و گفتوگۆ دا هەردولا نیەت پاكى ونەرمى چاوپۆشى دەكەن، ئەوەتا هەموو بینیمان كە پەكەكە وەك دەست پێشخەریەك ژمارەیەك دیلى ئازادكرد. بەڵام توركیا تا ئێستا بەعەمەلى هیچ هەنگاوێكى نەناوە و لێرەو لەوێ بەڵێن دەشكێنێ، هەرلەئاهەنگەكەى ئامەد دا جەماوەریان تاوانبار كرد كە وێنەى ئۆجەلانیان وئاڵاى پەكەكەیان بەرزكردۆتەوە، تا ئێستاش وەزیرانى جەنگ وناوخۆ، هەردەڵێن بەردەوامین لەراماڵین نەهێشتنى تیرۆریستان لەهەركوێیەك بن.ئەمڕۆش بەپێى تازەترین هەوالێ ماڵپەرى قەندیل پۆستى نزیك لە پەكەكە دەڵێت لەئامەد نزیكەى 70 كەس دەستگیركراون كە لەناویاندا بەرپرسانى پارتى ئاشتى و دیموكراسى هەیە، هەر ئەمڕۆش موراد قەرەیڵان .بەپرسى یەكەمى ئێستاى كۆما جڤاكێن كوردستان، ئەوەى خستە روو كە ئەوان لەو ئاگربڕو رێكەوتنە بەگومانن . پێى گەشبین نین.
هیوادارم كە موراد قەریڵان و جەمیل بایەك كە بەرپرسى باڵاى پەكەكەن، كەسانێكى بیرمەندن و خوێندنەوە شرۆڤە و هەڵسەنگاندنى باش و مەعقول یان بۆ پرسە هەنوكەیەكان هەیە، زۆر بەوردى و ژیرى وریایەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكەدا بكەن، با بەرى رەنج وقوربانى چل دانە ساڵى پەكەكە، نەبێتە قوربانى ئازادى ئۆجەلان. راستە بون و مانەوەى ئاپۆبۆ پەكەكە گرنگ وزەرورە، بەڵام ئەوەش بزانن كە بۆ سەرخستنى كورد وكوردستان، ودۆزە رەواكەى پێویستیمان بە خوێن و قوربانى سەدانى وەكو ئاپۆیە، گەر بڕوانینە مێژوو دەبینین، بەدەیانى وەكو ئۆجەلان یش تیا چوون ومردون، بەڵام كورەى خەبات و هەستى نەتەوەیى و بەرخودان شۆرش سارد نەبۆتەوە . هێڤیدارم سیاسەت و هەڵسوكەوتى پەكەكە و كۆنسەى سەرۆكایەتیەكەى بە عەقڵ و مەنتیق بێت، نەك بەسۆز وعاتیفە.لەونێوەندەشدا لەسەر دركاندنى هەندێك راستى و شتى شاراوە، ئێمەش بە خائین و پیاوى تورك و دوژمنى كورد حساب نەكەن، . چونكە زۆرجاران هەڵوێستى وامان لە هەندێك بەرپرسیان دیتوە، لەبرى دەست خۆشى وبەهەند وەرگرتنى ئەو شیكارانە، هەڵوەستە كردن لەسەر ئەو نۆڕین و سەرنجانە، بەشمان جنێو تۆمەت و سیخور و ئەڵقە لەگوێ بووە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست