کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئای ئەنفال چی به‌ ناوته‌وه‌ دەكرێت

Tuesday, 16/04/2013, 12:00


ئەوان دوژمن بون و ئەنفال و كیمیاباران و زیندەبەچاڵكردنمانیان بە رەواو و حەڵاڵ دەزانى، ئەوەى كە بۆیان لواو توانیان كردیان،گەنج و پیرو ژن ومناڵیان بەرەو بیابانى عەرعەر و سەماوە ناسریە راپێچكرد، بەبەرچاوى ئێمەوە، سوكایەتیان بەمامەىریش چەرمو دەكرد،تەعەداى ناموسیان لە ژن و كچە پاكیزەكانمان دەكرد،لاشەو جەستەى مردوى مناڵانیان دەرخواردى سەگە رەشەكان دەدا، بۆ نەگبەتىو چارە رەشى ئێمە لەو جەهەننەم و میحنەتە رزگارمان بوون خودا نەیكوشتین و گیانى لێ نەسەندنیەوە، بۆ نەهامەتى و قوڕبەسەرى هێشتینیەوە،بۆ كولانەوەى برینەكان و،هاتنەوە سۆى زامەكان زرت وزیندوماین..بەڵام خۆزگە ،سەد خۆزگە ئێمەش یەكێك بوینایە لەو سەدان هەزار گۆڕغەریبە،تا ئەم رۆژەمان بەچاوى خۆمان نەدیبایەو، و بەردەوام ئەسرین و خەم و گریان نەبوایەتە میرات وبەشمان.
راستە مەرگ وگیان كێشان قورس و گران وزەحمەتە،رۆح شیرین و ئازیزە، بەڵام سەد بریا،هەر ئەو ساتەى كە ئیفاكان هاتن، مولازم ئەسوەد و شیحان و عەسكەرەكانى بەزۆر خستیانینە ناو سەیارەكانەوە و بەرە وتۆبزاو و دوز براین، بمردینایەو رۆژمان بەم رۆژە نەگەیشتایە.. ئەوان زاڵم و دوژمن و عەرەب بوون، هەرچیەكیان دەكرد لامان ئاسایى بوون بەڵام ئەمرۆ دەستم بشكیت و بینایم لێڵ بێت، بەناوى كوردایەتى وەئازادى وسەربەستیەوە،هەر رۆژەى مردنێك بەچاوى خۆمان دەبینین،ئەوسا تەنها عەلى كیمیاوىو سوڵتان هاشم و ئەوان زاڵم وغەدار بوون،بەڵام ئەمرۆ بەهەزاران وسەدان بەچكە سەدام،گەرایان كردوە بونەتە ملۆزم و غەدار. تۆبڕوانە بەناوى ئێمەو یادى ساڵانەى ئەنفالەوە چ بێ رێزیەك بە قوربانى و ئەنفالەكانمان دەكرێت، ئێمە تا ئەلعان كسپە لەجەرگمان دێت، شین واوەیلاو رۆرۆمان نەبڕاوەتەوە، تەماشاى ماڵو حاڵو بارى بژێویمان بكە، سەگ بەحاڵمان نەبێت. ئەوەى پیێ ئەڵێى خۆشى وشادى ژیان ئێمە لێى بێ بەرین، نەك هەر ئەوەش ، بگرە وەكو مرۆڤى ئاسایش ناژین، ئەوەتا تۆ سەرێك بە لە موجەمەعى رزگارى و شۆڕش و دەوروبەرى ،بزانە چۆن تا ئێستاش بۆن وبەرامى ئەنفال یەخەى پێگرتون، مناڵ روت وبێ بەرگە، كەسو كارى ئەنفالكراوان بێ جێگە ورێگە و ماڵو حاڵن، لەداراى دونیا نێرینەیەكیان نەماوە كارو كاسپیان بۆبكات،هەریەك بەدەدرێكەوە ئەناڵێنێت،توشى دەیان وسەدان نەخۆشى دەرونى و تێكچون بوون، كەسێك نیە لەخەمیان بێت، ژیانیان پڕاوپرە لەخەم و تاریكى ونەهامەتى.گەر لەرۆژێكدا سەدانیان لێ بمرێت و توشى جۆرەها دەردوبەڵا وموسیبەت بن،تاكە یەك بەرپرس چیە پێى عەیبو عار و خۆبەكەم زانینە سەریان لىً بدات ولێیان بپرسێتەوە، بەڵام هەر كە یاد و بیروەرى نزیك دەبێتەوە و وادەى دێت ئیدى پۆل پۆل مەسئولى خاوەن دەیان ترومبیلى مۆدیل بەرز و پۆشتەوپەرداخ، بۆ خۆ شیرین كردن و خۆبردنە پێشەوە، بیریان دەكەوێتەوە، دین لاى سەرێ دەگرن.كەزۆریشیان هەیە بەشێوەیەك لەشێوەكان چ خۆى یان ناسیاوێكى لە وتاوانەدا بەشداربووە، بەڵام ئێستا زۆر بێ منەتانە دێت وبەشدارى ئەو ماتەمینى ویادە تاڵە دەكات
ئەوەى كە ئەمرۆ بینیم وبیستم لە یادى مەراسیمى ئەنفالدا، توشى شۆكى كردم،یادەكە یادى ئەنفالە و یادى ئەو پەپولە وپاكیزە جوانانەیە كە لەبیایانەكانى عەرعەر و نۆگرە سەرمان بەنەهامەتىو بەدڵێكى پر لەهیوا و ئاوات و ملیۆنان خۆزگەوە سەریان نایەو،چارەرەشى و بەدبەختى و دەردى سەریان بۆ كەسو كاریان بەجێ هێشت،كەچى كەسانێك كە بەقەدەر نوكە دەرزیەك ئێشیان نەچێشتوە ئازارو ژانى ئەنفال نازانن، ئەوان دێن ، لەو مەراسیمەدا بەجلى ئاڵاو واڵاو قاتى گران بەهاوە بەشدار دەبن، ئەوەشیان بەرهەر حاڵ ، بێزیان نایەت وەكو هەر كەس و خانوادەیەكى ئەنفال لەسەر كورسى ئاسایى لەنێوان كەسوكارى ئەنفالكراوەكاندا دابنیشن، دەبێت لەلایەن كەسانى ماستاو چى و خۆبەرەوە پێش قەنەفەى گران بەهاو نەرم شلیان بۆ دابنرێت. هەر بەوەش رازى نابن، بۆ ئەوەى پێلاوەكانیان خۆڵاوى نەبێت و جلەكانیان تۆز وگەردى لێ نەنیشێت ،وەكو بۆ یادو بۆنەى شیرین وئاهەنگ بچن دەبێت فەرشى سوریان بۆرابخرێت.
لەوەزیاتر هیچم نیە و ،هیچى دیكەم پێ ناوترێت، ئەوەتا تەماشاى وێنەكان بكەن،كەزۆر بەشانازیى و خۆشیەو لە پەیج وماڵپەڕەكانى خۆیاندا بڵاویانكردۆتەوە رەنگبێت منەت بارو قەرزاریشمان بكەن،كە گوایە ئەمانە هاوخەم وهاوبەشى ماتەمینی ژنانى ئەنفال و مناڵانى باوك شەهیدن،،باشترین بەڵگە و راستیە كە پێمان دەڵێتن ئەوانە چین وكێن وبۆچ مەبەست و مەرامێك بەشدارى ئەو بۆنە و ماتەمینیانەن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە