بەداخەوە كچى سەرۆك بى ئەوەى شوو بكات بێوەژن كەوت
Friday, 14/05/2010, 12:00
لە كاتێكدا من وەكو لاوێكى ئەم ووڵاتە كە نازانم سەرۆك كچى هەیە یان نا, بەڵام ئەوەى دەیزانم و دەیبینم ئەوەیە كە لەم ڕۆژانەى دوایدا لاوێكى دلأ گەرم و قەڵەمێكى ئازایان شكاند تەنها لەبەر ئەوەى باسى كچەكەى سەرۆكى كردبوو, ئەى قوڕ بەسەر ئەوەى كە سبەینێ باسى كورسیەكەى سەرۆك بكات و وەكو تایلاندیەكان داواى دەست لەكاركێشانەوەى بكات, ئەپرسم ئەو كاتە ئەبى چى ڕوو بدات, لەوانەیە هۆلۆكۆستێكى تر....نا... قڕكردنى سربیەكان... ئەوەشیان نا... بڕوا بكەن لەوانەیە ئەنفالێكى تر ڕوو بدات, بەڵام جیاواز تر لە ئەنفالەكانى تر ... ئاخر ناحەقمان مەگرن كە هەندێك جار تف لە بوونى خۆمان ئەكەین لەم ووڵاتەدا, بەڵام خەمە گەورەكە ئەوەیە كە ناهێڵن لە ووڵاتەكانى دەرەوەش تۆزێك ئیسراحەت بكەین ئەوەندەى بڵێن كوردستان ئازادە و ڕەوشێكى دیموكراسى لە ئارادایە و ئەكەونە پلان گێڕان و ڕێككەوتن لەگەلأ وڵاتە ئەوروپیەكاندا بۆ ئەوەى بەزۆر ئەوانەى دەرەوەى ووڵاتیش بنێرنەوە. دووبارە ئەڵێم : كامەیە دیموكراسیەكەتان؟
ئەوەیە كە سۆرانەكان و سەردەشتەكان لەناو ئەبەن؟
ئەوەیە كە تا ئێستا نازانین مووچەكەى سەرۆك و شەهیدانەكەى مەلا و ئیدریس چەندە؟
ئەوەیە كە نازانین ئەو سەرمایەى بنەماڵەتان لەكوێ هێناوەو چۆن دەست ئێوە كەوت لە كاتێكدا ماڵە شەهید و ئەنفال كراو پاشماوەى كیمیا باران هەن بە ساڵێك ئەوەندەى سەعاتێكى ئێوەى پێ پەیدا ناكرێت؟
وەڵامەكانم كەى دەست ئەكەوێت ئەوەشیان نازانم!
بۆیە ئەڵێم خاتوو ..........بارزانى . ببورن ناوەكەى نازانم !!!! سەرەخۆشى خۆمت پێ ڕائەگەیەنم كە بە نەبینراوى عەشقت لاوەكانمان لەناو ئەبات ئەى ئەگەر بتبینین و بە ڕاستى عاشقت بین, ئەى قوڕ بەسەرى ئەژدادمان!؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست