سەرۆك وەرە ڕانیە بەردى بناغەى ئەم نەخۆشخانەیە بدۆزەوە من خەڵاتت دەكەم !!
Tuesday, 10/04/2012, 12:00
ماوەیەك پێش ئێستا هەر كەسێك باسى خراپى ڕەوشى تەندروستى كوردستان و دامەزراوەو فەرمانگەكانى وەزارەتى تەندروستى و هێنانى دەرمانى ئێكسپایەر و نەبوونى كوالێتى كۆنترۆڵى باشى بكردایە یەكسەر زوڕناژەن و ماستاوچیەكانى ڕاگەیاندنى دەسەڵات بەتایبەتیش یەكێتى لێیى دەهاتنە دەنگ و دەیانووت ئەم قسانە دەستى لەپشتە ئەگینا بارودۆخى تەندروستى و حاڵى نەخۆشخانەكان زۆر باشەو هیچ گرفتێك نیە ئەمە ناحەزانن ئەم جۆرە لێدوانانە دەدەن بەڵام ڕاپۆرتە چاكسازیەكەى سەرۆكى هەرێم هەموو ئەو قسەو ستایشانەى ڕەتكردەوەو بەدەنگى بەرز هاوارى كرد بەڵێ گەندەڵى بەشێوەیەك وەزارەتى تەندروستى گرتۆتەوە وێنەى نیە هێشتا مەرەكەبى نووسینى ئەم پڕۆژە چاكسازیەیى سەرۆك ووشك نەبۆتەوە بەڕێزێك بەناوى كاك ڕێبوارمحەمەدئەمین ییتوێنى هاتووە داوا لەسەرۆكى هەرێم و حكومەت دەكات بێنە بەڕێوبەرایەتى تەندروستى ڕانیە خەڵات دابەش بكەن ؟ دیارە ئەم پەیامەى بەڕێزیان وەڵامێكە بۆ بەڕێزێكى تر بەناوى كاك هێرش شاورى كەگوایە ناحەقى زۆرى كردوە بەرامبەر بەڕێوبەرایەتى تەندروستى ڕانیەو خۆڵ دەكاتە چاوى خەڵك ، منیش دەڵێم كاكە ڕێبوار ئەگەر پێت وابێت ئەو برایە بەچنگ خۆڵ دەكاتە چاوى خەڵك ئەوە منیش دەڵێم تۆ بە پێمەڕەو خاكەناز خۆڵ دەكەیە چاوى خەڵك !! وادەزانى ئێمە لەڕانیە نین ؟ لەناو ئەو دامەزراوەیە نین ؟ بۆ خەڵك ڕاستیەكان نابینێت ؟ تۆ باسى چى دەكەى بەڕێزم یاساى چى و داواكارى گشتى چى ؟ كام یاساو كام داواكارى گشتى ؟هاتووى بەنوێژى نیوەڕۆ ماستاو ستایش دەكەى ؟ جەنابى بەڕێوبەر زوو دێت بۆ دەوام و پارە بەهەدەر نادات و لیژنەى دروستكردووە كەى ئەمانە بابەتن بەڕێز ؟ زوو دێت بۆ دەوام یانى چى ؟ دەوام سەعات هەشت و نیو دەست پێ دەكات خۆناڵێیى لەگەڵ بانگى بەیانى دێت ؟ وەرە باسى پڕۆژەى ستراتیژى و درێژخایەنم بۆ بكە چى كردووە ئەم بەڕێزە ؟ تامن لەجیاتى كاك هێرشیش هەزار جار دەستخۆشى لێ بكەم ؟ پیلان و پڕۆژە زوو دەوام و سەردانى نیە بەڕێز بۆ نەخۆشخانەو بنكە تەندروستیەكان ئەمە سەرەتایترین كارى ئیدارین كەتۆ باسى دەكەیى و هەناسە بڕكێت گرتووە سەدان بەیانى زوو بێت و بەدواچوون بۆ دەوامى كارمەندان بكات و دەرماڵەى پایەیى سەدان كارمەندى تر ببڕێت ناكاتە ڕووح و گیانى مام (ح . ك) كەبۆ پشكنینى شەكرەیەك هاتە چوارقوڕنەو سەیارە لێیى داو گیانى دەرچوو !! دەزانى هۆكارەكەى چى بوو بەڕێز كاكە ڕێبوار ؟ بەبنكەى تەندروستى قەمتەران و بنكەى تەندروستى كانى ماران و بنكەى تەندروستى قەرەنی ئاغا و بنكەى تەندروستى گردجان تاقیگەى پشكنینى خوێنى لێ نیە ؟ تائێستا كەسوكارەكەى ئەم ڕاستیە نازانن ئەوەندە قوڕبەسەرو نەگبەتن ؟ بەداواكارى گشتى و یاسا بڵێ بەدواداچوون بۆ ئەمە بكا ؟ ئەمانە كێشەو گرفتن ئەمانە نەهامەتین و یەخەى ئەو سیستەمە تەندروستیەیى گرتووە كەتۆ شانازى پێوە دەكەى ؟ من چى لەوە بكەم بەڕێزم داروبەردى كردۆتە جاسووس لەسەر یەكترى ؟ بڕۆ داواكارى گشتى بۆ ئەمە بجوڵێنە ئەمە بەسەر باوكى تۆ یان مامى تۆ بهاتایە چ هەڵوێستێكت دەبوو ئێستا بەڕێزم ؟ خەڵك ڕۆژانە ئەم كارەساتانە دەبیستێ و دەبینێ بۆیە حەز دەكا تاهێزى تێدایە جنێو و نەعلەت لەم دەسەڵاتە بكات كەتۆ بۆى بەپەرۆشى ؟ باجەنابى بەڕێوبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە نەخۆشخانەى شۆڕشى چوارقوڕنەو شوقەكان (كەبەبەلگەو وێنە كوردستانپۆست نیشانى هەموو لایەكیدا) كەموڵكى وەزارەتى تەندروستى و بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیەن لەیەكێتى وەربگرێتەوە ، ئەمانە دەسكەوت و چالاكین بەڕێزم ئەمانە پڕۆژەى ستراتیجین و خزمەت بەخەڵك دەكا ؟ ئەزانى ئەم نەخۆشخانەى شۆڕشە كاتى خۆى بۆچى و بەناوى چى كرا ؟ تائێستا تۆ پرسیارت كردووە لەپلاناندان ؟ لەجیاتى ئەوەى بابەتى حزبى و جەماوەرى و هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگا بێنە ناو دیوانى بەڕێوبەرایەتى و مەجلیس بەم بابەتە هیچ و پوچانەوە گەرم بكەن پرسیارى ئەم نەخۆشخانەیە بكە بەڕێزم بزانە كاتى خۆى بەناوى چى كرا ؟ ئەمە بەناوى نەخۆشخانەى منداڵان و منداڵبوون كرا بۆ سنوورى چوارقوڕنەو حاجیاوا بۆیەش لەنێوان هەردوو شارۆچكەكە كرا ؟ بێنە بەرچاوى خۆت ماڵت لەچوارقوڕنە یان حاجیاوا یان گردجان بێت و خێزانەكەشت سكى هەبێ دەیبەى بۆ كوێ بەڕێزم ؟ دەبێ بیهێنى بۆ ولادەى ڕانیە خۆشت دەزانى ولادە لەدەرەوەى ڕانیەیەو نزیك سەركەپكانە ؟ ئافرەتێك سكى هەبێت دەبێت هێواش هێواش مامەڵەى لەگەڵ بكرێت لەكاتى گواستنەوە ، وەرە خێزانت حاڵى خراپ بێت و لەحاجیاوا بیهێنە بۆ ڕانیە بەو جادە جوانانەدا بەناو ئەو هەموو تاسەو شەقامە پینەو پەڕۆ كراوانەدا بزانە چى دەقەومێ ؟ بەڕێزم تۆ لەناو ڕانیەیى ئەم گرفتانەت نیە خەڵكى حاجیاواو چوارقوڕنە ئەم گرفتەى هەیە ؟ خۆ هەموو خەڵم وەزعى باش نیە ؟ هەموو خەڵك پڕادۆى حكومەتى پێ نیە بەڕێزم ؟ چارەسەركردنى ئەمەو وەرگرتنەوەى ئەم نەخۆشخانە 50 قەرەوێڵەیە لەحزب چالاكى و دەسكەوتە ئەمە پڕۆژەى ستراتیجى و كاریگەرەو دەورى باشى دەبێت بۆ خزمەتكردنى خەڵكى سنوورەكە ؟ .
لەتۆ دەپرسم كاك ڕێبوار جەنابى بەڕێوبەرى گشتى دەتوانێت مامەڵەى ئەو خانووەى كارمەندان كەداویەتى بەكچى لێپسراوى مەڵبەند لەقەڵادزێ كەتەنها دوو ساڵ خزمەتى هەیە هەڵوەشێنێتەوە ؟ ئەمە حزبى نەبوونى دەسەلمێنێت كەئەمەى بۆ نەكرێت و نەتوانێت من لەجەنابت دەپرسم ئەى چ ڕەواى حەقە بەڕێوبەرێك لەپاسەوانێكى داماوى مەڵبەندى تەندروستى ڕاپەڕین (ئۆردوگا) بپرسێتەوەو بڵێ نابێ كوڕەكەت لەجیاتى خۆت شەوانە كارى پاسەوانى بكات (خۆى دووچارى نەخۆشی بووە دەڵێ تاچاك دەبم ئەو شەوانەى من خەفەرم كوڕەكەم واجبم بۆ دەگرێ لەكاتێكدا خۆشى لەوێیە جەنابى ووتوویوتى پێچەوانەى یاسایە من لەتۆ دەپرسم كاك لەخوا ترس كامەیان نایاسایى ترو نەشیاوترە ؟) تائێستا چەند دوایى نیوەڕۆ عیادەكەى خۆى داخستوەو سەردانى دوو بنكەى دوورە دەستى تەندروستى كردووە ؟ جەنابى بەڕێوبەرچەند شەو ئامادەیى ئەوەى تێدا بووە نەچێت بۆ نەخۆشخانەى كوردستانى تایبەت و لەفریاگوزارى ڕانیە دابنیشێت یان لەنەخۆشخانەى گشتى ڕانیە هەفتەى شەوێك نەشتەرگەرى خۆڕا بكات ؟ ئەمەى كردووە كاكە ڕێبوار ؟ ئەمانە دەسكەوت و چالاكین بەڕێزم تۆ كاتى دەوامى ڕەسمى كەواجبى ڕەسمى خۆیەتى بەمن و جەنابیشتەوە واجبە لەسەرمان خزمەت بكەین چ منەتێكى تێدایە بیدەینەوە بەچاوى خەڵكى خۆمانداو خەڵكى پێ چەواشەى بكەین ؟ ئەم بەڕێوبەرە گشتیە چەند ڕۆژانى (شەمەو هەینى) كەدەوامى نیە چوو لەبنكەى تەندروستى ناوچەكە دابنیشێت و لەنزیكەوە لەحاڵ و گوزەرانى تەندروستى خەڵك بپرسێ ؟ ئەمانە دەسكەوت و چالاكین بەڕێزم ؟ چى كردووە بۆ چارەسەرى پاشەڕۆى نەخۆشخانەكانى سنوورى ڕانیە ؟ چەند تەنسیقى هەیە لەگەڵ شارەوانى و لایەنى پەیوەندیدار ؟ چى كردووە بۆ ئاوى ڕانیە كەهۆكارێكى هەرە گرنگى بڵاوبوونەوەى نەخۆشیە لەم سنوورەو دەڵێن ئاوى ڕانیەلەهەندێك گەڕەك بۆ خواردنەوە ناشێ ؟ چى كردووە جەنابى بۆ ئەمە ؟ هاتن هاوار بكەن و بەدوو ڕێنمایش بێت خەڵك ئاگادار بكەنەوە ؟ ئەمانە دەسكەوتن ئەمانە پڕۆژەى ستراتیژین منى هاوڵاتى چ كارم بەوەیە لێپسراوى پلاندانان جەماوەرى زۆرە ؟ جەماوەرى زۆرە بۆ حزبەكەیەتى خۆ بۆ باشتركردنى ڕەوشى تەندروستى نیە ؟جەماوەرى زۆرە سەرئێشەشى زۆرە بەڕێزم بۆ ئەو خەڵكە؟ بەسەدان كێشەو گرفتى تەندروستى هەیە لەو سنوورە بەڕێز ؟لەجەنابت دەپرسم ئەو برا بەڕێزە كاك هێرش دەڵێ 40 دانە ڕۆژ دەرزى نەبووە ؟ بۆ نەبووە كاك ڕێبوار ؟ ئەوە پرسیارى منیشە بەڕێزم بۆ نەبووە ؟ بۆ دەبێ نەبێ بەڕێزم ؟ ئەى نابێت پیلان و ئامارى ووردیان لابێت ؟ بۆ نموونە مانیتۆڵ چۆن دەبێت لەفریاگوزارى نەبێت ؟ خراپە بەڕێزم ئەگەر بەردەوام سەد دانەى زیادە لەكۆگاى فریاگوزارى هەبێت ؟ نابێت ئەم پیلاندانان و ئیدارە بەڕێزانە فریاگوزارى ئاگادار بكەن بڵێن كەبوو بە نەوەدونۆ دانە ئاگادارمان بكەن تابۆتانى دابین بكەین ؟ ئەمانە پڕۆژەى ستراتیژین بەڕێزم ؟ كوا چى كراوە بۆ ئەمە ؟ بێگومان هیچ ؟ دەڵێن نابێ گلەیش بكەى ؟ نابێ بچى بۆ لاى ؟چونكە جەنابى بەڕێوبەرى گشتى كاتى نیە گوێ بگرێ ؟ لەگەڵ سەدان گرفتى تر بەڕێزم نازانم باسى كامەیانت بۆ بكەم ؟ .
لەكۆتایدا دەڵێم كاك ڕێبوارمحەمەدئەمین بیتوێنى ئەگەر سەرۆكى هەرێم هات بۆ ڕانیە بزانە دەتوانێت بەردى بناغەى پڕۆژەى نەخۆشخانە 300 قەرەوێڵەیەكەى ڕانیەم بۆ بدۆزێتەوە ؟ تۆش هاوكارى بكە لەدۆزینەوەى ئەگەر لەماوەى دوو ڕۆژ دۆزیتانەوە بەڵێن بێت لەسەر دەستى كوردستانپۆست كەبۆتە چقڵى چاوى كاربەدەستە دزو گەندەڵەكان سویچى ئۆتۆمبێلەكەى خۆمتان بەدیارى بدەمێ ؟ .
ئەمە پڕۆژەى ستراتیژى و گەورەیە كاكە ڕێبوار ؟ ئەمە خزمەتى ڕانیەیى دەروازەى ڕاپەڕین دەكات ؟ باجەنابى بەڕێوبەرى گشتى و لێپسراوى بەشى پیلاندانان بێن لەسەر ئەم سەكۆیە ڕوونكردنەوەو لێدوان بدەن ؟ بزانم ئامادەن بێن و بڵێن سەرۆكى هەرێم ؟ سەرۆكى حكومەت ؟ وەزیرى تەندروستى ؟ ئەگەر لەماوەى دوو مانگ چارەنووسى ئەم پڕۆژیەمان بۆ ڕوون نەكەنەوە یان بەپەلە بۆمان جێ بەجێ نەكەن دەست لەكار دەكێشینەوە ؟ بزانم ئامادەن ؟ ئەمە خزمەت دەكات ؟ وەرە داواكارى گشتى بۆ ئەمە بێنە كاكە ڕێبوار ؟ ئەگەر دەڵێن لەبودجەى 2012 جێ بەجێ دەكرێ ؟ ئەى بۆ دوو ساڵە بەردى بناغەى بۆ دانراوە ؟ بۆ خەڵك چەواشە دەكەن ؟ چەواشەكردنى كاك هێرش ترسناكترە یان ئەمەى بەڕێوبەرى گشتى كاكە ڕێبوار ؟ ئەى كەناڵى گەلى كوردستانى چەواشەكار چۆن دەڵێ ئەمە لەبودجەى 2010 و 2011 یانزە ملیارى پارە بۆ دانراوە ؟ كامەیان ترسناكترە كاكە ڕێبوار تەشهیرو تانەو بوختانى كاك هێرش (بەقەولى جەنابتان) یان دزین و بردنى یانزە ملیار دینار ؟.
.
ئەمەش یەكێكى ترە لەپڕۆژە جوانەكانى كردار شەرتە ئەمە نەخۆشخانەى 300 قەرەوێڵەیە لەڕانیە ،
خوا هەڵناگرێ پارەى بۆ دانراوە لە 2009 ەوە خەریكن بەڵام پڕۆژەكە خۆى مانى گرتووە دەڵێ تا نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەیەكەى سلێمانى تەواو نەبێت من ئیش ناكەم !!!! .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست